yusf

یوسف عزەدین : پاساژێک بۆ تێڕامان لەهەندێک شت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەنێو زۆرێک لەحیکایەت و ئەفسانەکاندا ئاوێنەیەک هەیە دنیات پیشان دەدات ، نەزانراوەکانت پێدەڵێت : ئامۆژگاریت دەکات ، سەربارى زۆر شتى تر . ئەمە شتێکى خەیاڵییە ، بەڵام ئاخۆ سەیر نییە تەکنەلۆژیا لەمڕۆدا ئەم خەیاڵەى بەچەشن و شێوەیەک کردبێتە واقیع . یان کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ زۆرێک لەتێورییەکان ، دەبینین چۆن پێشوەخت لەمنداڵدانى یۆتۆپیادا دروست بوون ، ئەگەر بمانەوێت لەچەمکى هیترۆتۆپیاکەى ” میشێل فۆکۆ ” تێبگەین ، دەبینین بەتێڕوانینى نێو ئاوێنەیەک دەچێت کەکەسێک بەتێڕوانینى دەگاتە حەقیقەتى بوونى شتەکان و بەڵام لەهەمان کاتیشدا نەبوونیان چونکە ناتوانێت تەجاوزى ئەو خاڵە بکات کە شتەکانى لەوێدا پیشان دەدەن .

شێوان و شپرزەییەک هەیە لەزەینى مرۆڤدا ، سڕینەوە هەیە ، قەناعەتى نامۆ و سەیر هەیە ، نازانم ئێمە چەند دەتوانین قەناعەت بەمەسیحییەکى باوەڕدار بکەین کەمەسیح زیندوو نابێتەوە ، یان ئەوەى کەلەبارەى قدیسە ” ڤیرۆنیکا ” ەوە باسدەکرێت راستى نییەو تەنها چیرۆکێکى خەیاڵییە ، دیارە ناتوانین چونکە باوەڕیان وایە ” ڤیرۆنیکا ” ئەو ئافرەتەیە کەبەدەستەسڕەکەى دەمووچاوى مەسیحى سڕیوەو وێنەى دەمووچاوى مەسیح لەسەر دەستەسڕەکەى ماوەتەوە . ئاخۆ ئەمانەو چەندین نموونەى تر ، راستین ، خەیاڵن ، وەهمن ، خورافەن ، فێڵن .
باشە خۆ ئەمانە لەلایەن ئایینەکانەوە بەناوى راستى و حەقیقەتەوە پێشکەشى خەڵکى کراون و خەیاڵێکى ئەدەبى نین ، بەڵام لەروویەکەوە خەیاڵێکى ئێستەتیکین بۆ جوانکردنى ئەو جۆرە باوەڕانە و شاردنەوەى ناشرینییەکانیان ، ئەمە جگە لەوەى رەنگدانەوەى ئەو جۆرە خەیاڵاتە لەئایینەکاندا بۆ بەرگرتنە لەبیرکردنەوەو پرسیارکردنى لۆژیکى ، چونکە باوەڕە ئایینى و خورافییەکان لەدنیاى لۆژیکیدا ناتوانن بمێننەوەو تێک دەشکێن ، دەبێت لەپشت ئەفسانەو خەیاڵات و خورافاتدا خۆیان بشارنەوە . بەڵام رۆژ بەرۆژ ژمارەى باوەڕدارانى هەموو ئەم شتانە لەزۆر بووندایە ، لێرەدا نامەوێت باس لەوحیکمەتە بکەم کەلەپشت ئەم بەرەوپێش چوونەیاندا هەیە ، ئەمە شتێکیش نییە تایبەت بێت بەکۆمەڵگە دواکەوتووەکان ، بڕوانە گروپى ” داودییەکان ” ى ئەمریکا ، کۆمۆنیتییەکى سەر بەخۆیان هەیە بانگەشە بۆ فرەژنى دەکەن ، منداڵانیان بەچەشنێک پەروەردە دەکەن کەهەمیشە بەڕک و کینەوە بڕوانێتە دنیاى دەرەوە و ئامادە بێت لەداهاتوودا بەرپەرچى سوپاى بابل بداتەوە کە بەتەسەوورى ئەوان لەهەر ئان و ساتێکدا بۆیان هەیە هێرش بکەنە سەریان ، ئەمە جگە لەخۆشەکردنى منداڵان بۆ بەرگەگرتنى لێدان و ئەشکەنجە کەهەر لەمنداڵییەوە لەلایەن باوان و مامۆستا ئایینییەکانەى خۆیانەوە رووبەڕووى دەبنەوە ، ئەمەو زۆر شتى تریش سیماى هەوڵدانى ئەو گروپەیە بۆ دووبارەکردنەوەى مێژوو و دروستکردنەوەى توندڕەویى و دەمارگیرییەک بۆ بەگژداچوونى هەموو ئەوەى کە لەدنیادا هەیە ، سەربارى خۆچەکدارکردن و مەشقکردن . لەکۆتاییەکانى سەدەى پێشوودا پاش پەنجاویەک رۆژ لەبەرگرى باڵێکى سەر بەو گروپە ، هێزە حکومییەکانى ئەمریکا توانیان بەرگرییەکەیان دابمرکێننەوە ئەویش پاش سوتاندنى ئەو کڵێسایەى کەلەنێویدا بوون و کوژرانى زۆربەیان .
باشە ئەگەر دنیاى راستەقینە پڕبێت لەدەیان نموونەى لەو چەشنە ، پڕ بێت لەوێنەو پەیکەرى سەرکردەو سەرۆکە خوێناوییەکان ، پڕ بێت لەو هێمایانەى مرۆڤ زەلیل دەکەن ، پڕ بێت لەو گوتار و وەعزانەى رۆح ژەهراوى دەکەن ، پڕ بێت لەسەماى سیاسییەکان ، وەک ” میلان کۆندێرا ” لەرۆمانێکیدا لە زمانى ” بۆنتۆڤین ” ـەوە ئاماژەى پێدەدات و باس لەوە دەکات کە سیاسەتچییەکانیش لەپێناو گەیشتنە دەسەڵات سەما دەکەن ، ئاشکراشە هەلوەسە و هستیریاى دەسەڵات گرتنە دەست ، دنیا وێران دەکات ، دەنگ و رەنگى تاکەکانى کۆمەڵ دەگۆڕێت ، چەندین داستان و ئەفسانە و حیکایەتى بوونى خۆیمان پێئەزبەرە دەکات ، سەدان جار لەناوەوە تێکمان دەشکێنێت . بۆیە ئاخۆ سەبارەت بە خەیاڵى ” بۆرخیس ” لەچیرۆکى ” یۆتۆپیاى پیاوێکى ماندوو ” دا ، دەتوانین بڵێین فێڵە لەواقیع ، کاتێک سەبارەت بەنەمانى دەسەڵات و حکومەتەکان لەزەمەنێکى یۆتۆپیایدا لەزمانى کەسایەتییەکى چیرۆکەکەیەوە ، بەرانبەر بەپرسیارى ” حکومەتەکان چییان لێبەسەر هات ؟ “، دەڵێت : بەرەبەرە پشتگوێخران ، حکومەتەکان داواى هەڵبژاردنیان دەکرد ، باجیان کۆدەکردەوە ، دەستیان بەسەر سامانەکاندا دەگرت ، فەرمانى گرتنى خەڵکیان دەردەکرد ، سانسۆریان دەسەپاند ، ئیدى لەسەر زەوى کەسێک نەما گوێڕایەڵیان بێت ، رۆژنامەکان دەستبەردارى بڵاوکردنەوەى هەواڵى کاربەدەستانى حکومەتەکان و وێنەکانیان بوون ، هەر بۆیە دەبوو سیاسییەکان ئیشێکى شەریفانە بدۆزنەوە ، هەندێکیان بوونە کەسى کۆمیدى و هەندێکى تریشیان بوونە بانگەشەخوازى ئیمانى باش .
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هەموو ئەو ناوهێنان و چەمک و زاراوە و ناوانەى کەلەگڤتوگۆکەماندا بەکارمانهێنا ، پێش ئەوەى هەر شتێک بن ناون ، جا دەبێت پرسیار لەوە بکەین ئاخۆ ناو چەند لەنێو واقیعدایە یان لەدەرەوەى واقیع و دەبێت واقیعیش بۆ خۆى چیبێت . ” هانیباڵ ” و ” کارتاجە ” دوو ناون کەلەدووتوێى کتێبەکانى مێژوودا تێکەڵ بە کۆمەڵێک رووداو تائێستا ماونەتەوە . بەڵام چۆن ناوێک ، ناوێک بەخۆکوشتن و ونبوونى هانیباڵ لەچیاکانى ئاڵپ _ دا و رووخاندن و وێرانکردن و سڕینەوەى هەموو سیمایەکى ژیارى و کولتووریى ” کارتاجە ” بەدەستى رۆمانییەکان هەیەو ماوە . نەمانى هانیباڵ و سڕینەوەى تەواوى سیماى شارێکى وەک ” کارتاجە ” بەچەشنێک کەسەربازە رۆمانییەکان یەک ساڵى رەبەق خەریکى دەرهێنانى هەر بەرد و دارێک بوون کەپێشتر لەو شارەدا هەبوو ، هۆکارى مانەوەى ئەفسووناوییانەى ئەو دوو ناوەن جیاواز لەهەر ناوێکى تر . بەڵام ئەمە تێڕوانینێکى سەرپێییانەو رووکەشیانەیە ، کاتێک بتەوێت بیانهێنیتە نێو دنیاى ئەدەبەوەو تەوزیفیان بکەیت .
بەبێ تەجاوزکردنى تەلیسمى ئەو دوو ناوە وەک ئەوەى هەن ، ناکرێت کار بۆ بینینى دیوێکى دیکەى شتەکان بکەیت . هەروەک چۆن بەبێ تەجاوزکردنى ناوى ژانرە ئەدەبییەکان ، ناتوانین لەماهیەت و خەسڵەتەکانى تێبگەین ، خۆزگە هەموو ئەوەى لەدنیاى ئەدەبیاتدا دەگوزەرێ بێناو بووایە . کاتێک لەمابەینى دوو ناوى وەک چیرۆک و واقیعدا قەتیس دەبین ، ناکرێت نەشڵەژێین ، بەتایبەت کەپرسیارێکمان رووبەڕِوودەکرێتەوە ، چونکە هەر یەک لەئێمە وەک خۆى دەیان پرسیارى هەیە ، نووسینى ئەدەبى هێندەى تێڕامان و بیرکردنەوەیە ، زۆر لەوە زیاتریش بینینە ، روانینە ، کەشفکردن و گەڕانە . تەنانەت ئەمە نەک هەر لەئەدەبیاتدا بەڵکو لە هەندێ لەبوارەکانى ترى نووسینیشدا هەر وایە ، بەتایبەت بوارى سایکۆلۆژى ، بۆنموونە ئەوداڵبوونى هەندێک لە سایکۆلۆژیستە غەیرە رۆژهەڵاتییەکان بۆ دۆزینەوەى هێزو سیحرى ئەو دێڕەى ” تاریقى کوڕى زیاد ” کەتوانى لەمیانەى گوتنییەوە ئیسپانیا داگیربکات سەرسامى کردم ، ئەمە گەڕانەوەیەکى جوانە بۆ دۆزینەوەى پەنهان و نهێییەکانى شکستى خۆرئاوا لەزەمەنێکدا ، جا ئەم پیاوە پێش گوتنى ئەو دێڕە سیحرییەى گرەوى جەنگى پێبردەوە ، شتێکى ترى کرد ، شتێکى بێوێنە ئەویش سووتاندنى هەموو کەشتییەکان بوو ، هەر ئەمەش بوو چەکدارەکانى تاریقى کوڕى زیاد ى سەرەتا شڵەژاند و دواتر پاش زانینى ئەو راستیەى کەلەیەک رێگاچارە زیاتریان لەبەردەستدا نییە ئەویش سەرکەوتنە ، سەرکەوتن .
دەبینین چۆن ئەو جۆرە ئەقڵیەتانە دەیانەوێت ، سەرەداوى بێهێزى و تێکشکانى خۆیان لەزەمەنێکدا لەکاریگەرى دێڕێکەوە یان کردارێکەوە بەدەست بهێنن و زۆر بەجدییەتەوە کار بۆ کەشفکردنى ئەو هێزە شاراوەیە دەکەن ، کە زۆر لەژمارەى چەکدارەکانى تاریقى کوڕى زیاد زیاتر و لەباڵایان بەرزتر و لەقەڵافەتیشیان گەورەتر بووە .
ئەدەب بەبێ خوڵقاندنى فانتازیاو ئەتمۆسفێرێکى تایبەت ئاستەمە جوان بێت و تواناى راکێشانى خوێنەرى هەبێت ، گرنگى فانتازیاش لەوەدایە ئەو جیهانەى کەدەیخووڵقێنێت وەک دنیایەکى راستەقینە و هەبوو دەیهێنێتە پێشچاومان ، لەگەڵ ئەوەى جودایە لەلۆژیک و یاسا سروشتییەکان ، چونکە فانتازیا وەک رەگەزێکى گرنگى ژانرە ئەدەبییەکان لۆژیک و یاساى خۆى هەیە . ” ئەپتەر ” دەڵێت : لەقوڵایى فانتازیاى گێڕانەوەى نوێدا ، گومانێک لە شوێنى ئەو دنیایە هەیە کەحیکایەت بەرجەستەى دەکات ، ئاخۆ ئەم دنیایەیە یان دنیایەکى تر ، هەر ئەم پرسیارەشە وا لەهاملێت دەکات سەبارەت بەتارمایییەکە نەزانێت ، ئاخۆ وەهمە یان شەیتانە یاخود فریشتە ، یان باوکە مردووەکەیەتى .
خوێندنەوەى ئەدەبیاتى فانتازى موجازەفەى خوێنەرى دەوێت ، بۆ خۆدان لە پاساژ و میتافۆرەکان و گریمانە سەیر وسەمەرەکان و وەدووکەوتنى ئەوەى کەلەپانتایى پەرەگراف و دێڕەکاندا ئەندێشەکراوە و هاتۆتە بوون . دیارە دەبێت ئەندێشەکردن و وەهمیش جیا بکەینەوە ، ” کۆلردج ” یەکێکە لەوانەى وەهماندن و ئەندێشەکردنى جیاکردۆتەوە ، چونکە تۆ تەنها لەرێى ئەندێشەکردنەوە دەتوانیت دەقێکى ئەدەبى بخوڵقێنیت .” دانتى ” فانتازیاى بەخەونى ئەقڵ شوبهاندووە ، خەون سەرچاوەیەکى بێکۆتایە ، لەخەوندا تەجاوزى سیستەم و یاسا و رێساکان دەکرێت ، هەروەک چۆن لەئەدەبیاتى جوان و جدیدا تەجاوزکردن تەوەرەى سەرەکییە . لەخەوندا ناشوێن و نازەمەن هەیە ، بێباوەڕى هەیە ، ترسان هەیە ، دەنگ و سەداو دەنگدانەوە هەیە ، سەفەرى بێکۆتاو رکى بێسنوور و خۆشەویستى سەیر و سەمەرەى تارادەى تواندنەوە و سووتان و فەنابوون هەیە ، خەونە کەئێمە دەباتە نێو وێڵگەکانەوە و ونمان دەکات .
بۆرخیس دەڵێت : خەون داهێنانە ، هەروەک چۆن بێداریش داهێنانە ، بەڵام خەون هەمووى لەخودەوە دێت ، لەکاتێکدا بێدارى زۆرى لەدەرەوە دێت و سەرچاوەکەى خود نییە ، هەربۆیە جیاوازى جەوهەریى خەون و بێدارى لەوەدایە ، ئەزموونى خەون دەتوانیت خۆت بیخووڵقێنیت و دایبهێنیت چونکە لەخودەوە دروست دەبێت . کاریگەرى واقیع لەسەر ئەدەب ، تەنانەت ئەگەر جۆرە ئەدەبێک هەوڵیش بدات واقیع وەک خۆى بخاتە روو ، بەڵام دواجار واقیعێکى گریمانکراوە ، مەگەر لەهەندێ قوتابخانەى ئەدەبیدا کتوومت خۆى بێت .
کاتێک گریگۆر سامسا دەبێتە قالۆنچە بۆ ئەوە نییە خوێنەر باوەڕبکات کە بەڕاستى ئەو بۆتە قالۆنچە . کافکا ئەم بنەما ناماقوڵە لۆژیکییەى بۆ کەشفکردنى دنیاى ناوەوەى پاڵەوانەکە خستۆتە گەڕ ، ئەگینا بوونى گریگۆر سامسا بە قالۆنچە بەبێ خستنە رووى ئەوەى پێشتر بەسەریدا هاتووەو ئەوەى دواتر بەسەریدا دێت هیچ مانایەکى نییە ، لەکاتێکدا لەگۆڕانیدا هەموو یاسا سروشتییەکان پشت گوێدەخرێت کەچى ناتباتە نێو دنیایەکى ئەفسانەیى یان سیحریى بەڵکو لەم دنیایەدا دەتهێڵێتەوە ، خۆى گرنگى ئەو دەقەش لەوەدایە .
ژاک دریدا گوتەیەکى جوانى هەیە سەبارەت بەنووسین کە دەڵێت : دواجار هەموو ئەوەى کەنووسیوومانە ئیدى هى ئێمە نییەو لەئێمە بەدەرەو بەدەر لەویست و خواستى ئێمە دەکەوێتە جووڵەو دەبزوێ … پاش نووسینى کتێبێک دەبمە تارمایى و هەروەک ئەوەى کەوون بوووبێتم ، چونکە شوێنەوارێکم بۆ داهاتوو جێهێشتووە کەمن تێیدا مردووم . هەر لەم بۆچوونەى دریدا – وە دەگەینە ئەو راستییەى کەنووسەر پاش نووسین ، بۆ خۆى بوونەوەرێکى ونبووە ، تارماییە و چەشنى پێوەندى لەگەڵ تێکستدا دەگۆڕێت . پێم سەیرە هەن دەتوانن بەدوورودرێژى باس لەکەسایەتى و رووداوەکانى نێو دەقەکانیان بکەن و تەنانەت بەرگریش لەکەسایەتى و رووداوەکانى نێو نووسینەکانیان بکەن و رەتى ئەوانە بدەنەوە کەبەپێچەوانەى تێڕوانینى ئەوان لەدەقەکانیان حاڵى بوون .
من ناڵێم نووسەر بۆى نییە هیچ لەبارەى دەقێکى خۆیەوە بڵێ ، بەڵام نەک ئەو چەشنە گوتنەى کەتارادەیەک لەئەدەبیاتى کوردیدا باوە ، لەنووکەوە هەموو ئەوەى کەنووسیوویەتى وەک خۆى بۆت دەگێڕێتەوە ، ئیدى شتێک لەباس و خواس و حیکایەتى چۆنیەتى نووسین و گینگڵدان و بگرەو بەرە رۆحییەکانى خۆشى تێکەڵ دەکات ، شێلگیرانە داکۆکى لەهەموو ئەوە دەکات کەنووسیوویەتى ، بەچەشنێک هەست ناکەیت باس لەدەقێکى ئەدەبى دەکات، دەقێک کەهەرچییەکى لەسەر بگوترێت ئاساییە ، چۆن بخوێنرێتەوە رەوایە . هەندێ لەوچەشنە بەرگریانە بەرگرى خاوەن موڵکێکت بیر دەخاتەوە لەموڵکەکەى ، بەرگرى بازرگانێکت بیر دەخاتەوە لە بارەکەى ، بەرگرى سیاسییەکەت بیردەخاتەوە لەحیزبەکەى .
من خۆم وەک خوێنەرێک ئازادم لەوەى دەقێک چۆن دەبینم ، ئەگەر گیرۆدەى خوێندنەوەیم نەکات ، کێشم نەکات ، چێژم پێنەبەخشێت ، وەک سەرەتایەک بۆ بەدواداچوونى مەگەر بەناچارى و بەزۆر بیخوێنمەوە ، ئەگینا هیچ وام لێناکات خۆم نغرۆى خوێندنەوەى بکەم .
من وەک خوێنەرێک سەربەستم بۆ نموونە چۆن دیوانەکەى مەحوى دەخوێنمەوە ، یان بۆ هەموو شیعرەکانى بەهى ئەو نازانم ، بۆ نموونە ناکرێت باوەڕ بکەم ، شیعرى ستایشى خودا و پاڕانەوە لەخودا یەک شاعیر نووسیبێتى ، یان بۆ گاڵتەجاڕییە بەلامەوە کەسێک بەناوى حاجى میرزا عەبدوڵڵا کۆیى لە جێى مەحوى وەک ئەوەى شتێکى گرنگى کردبێت هەڵسابێت و پاش مەرگى پاڕانەوە لەخودا نیوە ناچڵەکەى ئەوى تەواو کردبێت ، ئەو کەسە بەخۆى بزانێت و نەزانێت بۆ هەتا هەتایە ئەو شیعرەى مراند ، کێدەزانێ مەحوى بۆ تەواوى نەکردووە یان رەنگە تەواوى کردبێت و ونبووبێت ، یان رەنگە پەشیمان بووبێتەوە لەنووسینى ، چەندین گریمان و ئەگەر لەو شیعرە نیوەناچڵەدا پەنهانە ، دەیان پرسیار هەن کە بەتەوانەبوونى ئەو شیعرە دەورووژان ، کەچى وەرە تۆ هەموو ئەمانە بکوژە و لەجێى ئەو تەواوى بکە . هەروەک ئەوەى مەحوى پێش مردنى ناوبراوى کردبێتە وەکیلى خۆى و وەسیەتى بۆکردبێت و گوتبێتى توخوا ئەگەر مردم ئەم شیعرەم بۆ تەواو بکە ، دیارە شتى واش لەئەدەبدا نەبووە و نابێت .
دیارە ئەو کەسە پێى وابووە چاکەیەکى زۆر گەورە لەگەڵ مەحوى دەکات ، هەروەک چۆن پاش مردنى کەسێکى ناسیاو هەن ئەگەر ئەو زاتە قەرزێکى هەبێت بۆى دەدەنەوە ، یان کارێکى بەنیوەناچڵى بەجێهێشتبێت بۆى تەواو دەکەن و زۆر نموونەى دیکەى لەو چەشنە، ئیدى نامەوێت لێرەدا لەوە زیاتر لەسەر ئەو جۆرە ئەقڵیەتانە قسە بکەم ، کەهەر شتێک بن ئەقڵیەتى ئەدەبى نین و ئەو جۆرە کەسانەش ئەدیب نین و ئەدەبیاتى کوردیش تابینە قاقاى پڕە لەوجۆرە ناوانە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، دەتوانیت ئەم بابەتە بنێریت بۆ هاڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت