Qasimlo

شەریف هەژاریی : بۆ قاسملوو  ـ وێنات ناێتەوە !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەوی یەڵدای ساڵیادی قاسملوو

هەرکاتێ ، ڕێبەرێکی کورد یا بیانیی ، دوازدە زمانی زیندووی جیهانیی زانی ! ڕەنگە تۆ وێنا بکرێیتەوە !

هەرکاتێ ، ڕێبەرێکی کورد پەنجا ساڵ خەباتی پڕ – هەورازی دی و ، بە هیچ خیانەتێکی نەتەوەییەوە نەگلا ، پێ دەچێ تۆ وێنا بکرێیتەوە !

هەرکاتێ ، ڕێبەرێکی کورد لە نیو سەدە تێکۆشانی پڕ بەریەککەوتن دا ، ووشەی نەشیاوی کۆمەڵایەتی بەکارنەهێنا ، وێنات بەرچاو دەکەوێتەوە !

هەرکاتێ ، ڕێبەرێکی کورد تێزێکی وەک  ‘ سۆسیالیزمی دیموکراتیک ‘ ی بۆ سیستمی دەوڵەتداری لە جیهان دا داهێنا ، لەوانەیە وێنای تۆ بەدی بێتەوە !

هەرکاتێ ، ڕێبەرێکی کورد لەو پەڕی دەسەڵاتی تاقانەیدا ، هەڵواسینی وێنەکانیی و دروشمی بژی سەرۆک  ‘ قاسملوو ‘ ی یاساغ کرد ، لە وێنای تۆ دەبینینەوە !

هەر کاتێ ڕێبەرێکی کورد لە زانابوونیەوە هاتە ناو کۆڕی خەبات و ، توانا مەعریفییەکانی شکۆی بە پۆست و حیزبەکەی و بە جیهانیکردنی نەتەوەکەی بەخشی ، ڕەنگە تۆ وێنا بکرێیتەوە !

هەرکاتێ ، جوانیی و جوامێریی لە کوردستانی ڕەنگین دا بوونی نەما – تۆش بیر دەچیەوە !!

تۆ بێ   هاوتاترین و پاکژترین حەقیقەتی ناو مێژووی کوردیت !

تۆ ! کانییەکی پاکژیت ، کە لە بیابانیی کوردە خۆخۆرەکاندا هەڵقووڵاویت !! ئەندێشەکانت تا  ئەبەد نەمامی شۆڕشی یەکسانیی ، ئاو دەدا .

کردەوەکانی تۆ و سەرکردەکانی کورد دوو دونیای زۆر جیاوازن . دونیای تۆ : هەرگیز خیانەت نەکردن لە نەتەوەکەت – هەرگیز جنێو نەدان – یاساغ کردنی شاباش هەڵدان بەسەر سەرکردەدا و – خولقاندنی گوتاری بە کۆمەڵ !! دونیای سەرکردەکانی کورد : بەئاسانیی تێوەگلان بە خیانەتی نەتەوەیی لە پێناو پۆستا ، جنێوفرۆشیی ، ناوچەخوازی ، خودپەرستیی و کەیف و سەفا کردن بە شاباش هەڵدان بەسەریاندا !

تا ژیان بەردەوام بێ ، ئەندێشەکانت : شۆڕشێکی یەکسانین . شۆڕشن دژ بە : هزری تەنگەتلیەی بە خێڵەکی کردنی ئۆرگان و حیزب – بە ناوچەییکردنی حیزب – بە خوداکردنی مرۆڤی سەرکردە و ، هێنانەدی دادوەریی کۆمەڵایەتیی و شکۆ گەڕاندنەوە بۆ تاکەکانی نەتەوەکەت !

تۆ ! کانییەکی پاکژیت ، کە لە دەیمترین بیابانا هەڵقوڵاویت !! ئەندێشەکانت تا ئەبەد نەمامی شۆڕشی یەکسانیی ، ئاو دەدا .

هەژاریی ئێستا بە ڕامان لە هزر و ئەندێشەکانت ، بە ڕۆچوون لە ناو کردارەکانت ! سەرم لەوە سوڕماوە : کە تۆ کورد بوویت ! کورد گەلێکی خێڵەکیی خۆخۆری بێگانەپەرست ! کورد تۆ ناناسن تا ئەو دەمەی هوشیار ئەبنەوە – بێ گومان سەدەیەکی تر نەوەکانی داهاتوو ئەزانن تۆ کێ بوویت !!

ئەزانی دایکی نیشتیمان لەگەڵ هەر گەلاوێژێکی خۆرهەڵاتن دا بۆت ئەگری  ؟ چوون ئێستاش جەستەی پڕ شکۆت بە باوەشی دایکی نیشتیمان غەریبە ! لە غەریبیش جەستەت هەر سیمبوولی مەزنترینە – چوون مەنزڵگای مرۆڤە مەزنەکانی جیهان تۆی لە باوەش گرتووە !  بەڵام دایکی نیشتیمان تاڕۆژی ئازادی دەگری و داخ ئەخوا ، تا ئەوکاتەی بە ئامێزی شاد ئەبییەوە و لە باوەشی خۆیدا دەتلاوێنێتەوە .

هەژاریی : هەر ئەوەنەی هەبوو بۆ قاسملوو .

 

 بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت