عیماد عەلی : پارتی بۆی بچێتەسەر هەرێمی کوردستان دابەش دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ دابونەریت و یاسا و رێسایەک و ، بە بێ ئەوەی هیچ بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە عەشایەریەکەی خۆشیەوە لەبەرچاو بگرێت ، مامەڵەی لەگەڵ شایستە یاساییەکاندا کرد ، تەنانەت پێش ئەوەی لەگەڵ هەڵوێستەکانی گۆڕان و ، بە شێوەیەکی عەسکەری دوور لە کاری مەدەنی سەردەمانە رەفتارێکی چاخەکانی کۆن بنوێنێت ، توڕی بەیاسا هەڵدا . لەم نێوەندەشدا ئەگەر وردەکاری پێشهاتەکان بخوێنینەوە کە لە چ وەزعێکداین ، بۆمان هەیە بپرسین کە گۆران لە ئاست پێشیلکاریەکانی پارتی چی بکات لە قازانجی خۆی و دوارۆژی گەلەکەماندایە ؟
بە پێی پێشبینیەکان بێت ، بریاری یەکلاکەروەی گرنگی ململانێی ناوچەکە بریشکێکی باشی بەر کورد دەکەوێت ، ئەگەر نەڵێیین ، کورد یاریکەرێکی سەرەکی هاوکێشەکان دەبێت . ئەگەر بەم دوو جەمسەرەی ئێستا کە لەگەڵ کورد دا کێشەیەکی ئەوتۆیان نیە ، هاوکێشەکان بخوێنینەوە ، بەڵام دابەشبونی کورد بەسەر هەردوویاندا بێ گومان زەرەر بە بەشێکی گرنگی دەرئەنجامی مامەڵەی زلهێزەکان لەگەڵ رەوتەکەدا دەدات ، دەبێت زۆر گەشبین نەبین لە مەرام و پلانەکانی جەمسەرەکان .
لە دوو ئەگەردا ، یەکەم : دروستبونی دەوڵەتی سونە و ، دەوڵەتی کوردستان بە هەر سنورێکە بێت . دووەم گۆرانکاری بێ دروستبونی دەوڵەت و دسەتکاریکردنی سنورەکان . کورد دەکەوێتە چەقی کردەوەکانەوە : واتە کورد گۆرانکاری بەسەر باری سیاسی و جوگرافیدا دێت ، ئەگەر بێ دەوڵەتیش لێی دەرچین . جا بە هەر لایەکدا بشکێتەوە قازانج و زەرەری خۆی هەیە . بەشێکی گەورەی کوردستانی باشور بە پێی سیاسەتی لایەنی زاڵی کوردی گیرۆدەی دەستی سەرجەمسەرەکەی ، خۆیەتی پێش ئەوەی دەردانەکانی رەفتاری جەمسەرەکەی تر زیانی پێ بگەیەنێت . واتە زەرەیەک متمانە بە تورکیا ناکرێت لە پاشقول نەدان لە پرسی کورد لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ، ئەگەر بۆی بکرێت و زۆریش رێی تێدەچێت ، ئەوەش روونە کە وا تازە تورکیا پاش شکستی لە بەدیهێنانی ئامانجی تایبەتی خۆی ، رووی لەو میحوەرە کردووە ، کە بتوانێت هەندێک مەرامی خۆی بێنێتە دی ، وەک ئەوەی لە هاوپەیمانیە ئیسلامیەکە لایەنەکان ملکەچی بوون ، مەرجەکانی خۆی سەپاند و پەکەکە و پەیەدە ی خستە لیستی تیرۆرەوە لە روانگەی ئەو هاوپەیمانیەوە . لە ئاست کوردستانی باشوور ئەردوگان هیچی لە شای ئیران زیاتری بۆ کورد پێ نیە و ، رۆژگار رۆژی لە دواوەیە .
ئەگەر کورد بۆ ئەمریکا کەرەستەیەکی باشی عەسکەری بێت و هێزێکی پیادەی بەتوان بێت و لە بەکراهێنانی هیچ زەررەێکی نێوخۆیی بۆ ئەمرکیا نەبێت ، کە لە مێژەوە لەئاسمانەوە بۆی دەگەرێت . بەڵگەشمان زۆرە لەوانە : ئەگەر پێکهێنانی رێکخراوی قاعیدەمان لەبەرچاو بێت بە پاڵپشتی و خەرجیەکی گەورەوە لە دژی یەکێتی سۆڤێت رۆڵی خۆی بینی و چۆن دروستی کرد . ئەمرۆش بۆ هەمان مەبەست بە گۆرانکاریەکی بچوکەوە، پێویستی بە پێکهاتەیەکی عەسکەری لەو جۆرە هەیە لە جموجوڵەکانی جەمسەرەکەی خۆیدا بەکاری بێنێت و ، لەوێشدا لە هێزی کوردی کوردستانی باشوری لایەنگری جەمسەرەکەی خۆی ئاسانتر وهەرزانتری دەستناکەوێت .
بۆیە ، ئەگەر باس لە وەزعی نێوخۆی کوردستان بکەین ، دەبێت بە راشکاوی باس لە دوو هۆکاری سەرەکی بکەین ، کە وای لە ئەمریکا کردووە لە ئاست پێشیلکاریەکانی پارتی ، ئەگەر بە نهێنی پشتگیریشی نەکات ، بێدەنگی بنوێنێت :
یەکەم : بۆ ماوەیەکی دورو درێژی تر لە شەرکردن دژ بە داعش و یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکانی ناوچەکە بۆ قازانجی خۆی ، هێزی کورد بە کاردێنیت .
دووەم : کە ئەو وەک یەکەیەکی عەسکەری مامەڵە لەگەڵ کورددا بکات ، پێویست بەوە ناکات کە لە نێوخۆدا دیموکراسی بێت ، بۆیە تا چەندین ساڵی تر ئەگەر تەنها پارتی و بەرزانی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت بەو مەرجەی فەرمانەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکەن لە ناوچەکەدا، هیچ خەمێکی نابێت .
بە پێی ئەو دیدە و لە روانگەی بارودۆخە بابەتیەکەی کوردستان و تایبەتیەکەی پارتی وەک حزب و بنەماڵە و هەڵوێست و روانین و بیرکردنەوە ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە تەسکەکانیان ، نەک بە تەنها ملکەچی ئەمریکا دەبن ، بەڵکو پاش جێ قایم بونی تورکیا لە ململانێی ناوچەکە زیاتر خۆی ملی بۆ ئەواندەنێت و ، پشت لە گەلی کوردستان و ئامانجە ستراتیجیەکەی دەکات و ، تەنانەت سەربەخۆییش دەکاتە قوربانی مانەوەی خۆی ، نەک وەک ئێستا بە راگەیاندن موزایەدەی پێوە دەکات . بۆ ئەو مەبەستەش بی دوودڵی هەر هەنگاوێکی پێویست دەهاوێژێت ، کە لە قازنجی مەرام و ئامانجەکانی تورکیا و ئەمریکادا بێت . لەم بارەشەوە بەشەکەی تری کوردستان کە پارتی بە زۆری زۆردارەکی خۆی پێوە هەڵواسیوە ، ئەگەر لە قازانجی پارتیدا نەکەوێتەوە ، بێشک لە دیگەڵەوە پشتی لێدەکات و تەنها ئەو ناوچانە بەرێوەدەبات و چاڵدێرانێکی تر توشی گەلی کوردستان دەکات . بۆیە ، دەشێت بڵێین کە ئەگەر پارتی بەو شێوەیە بۆی بچێتەسەر ، هەرێمی کوردستان دابەش دەکات .
بەڵام ئەم وەزعە عەقڵیکی وای دەوێت کە رەفتارێکی وا بنوێنیت ، لە ملهوریەکانی پارتی و دەرئەنجامی هاوکێشەکان قوتاربیت و دەردانەکانی لەسەر کوردستان نەکەوێـتەوە و بۆ سەدەیەکی تر ئەم میلەتە گیرۆدەی دەستی داگیرکەرانی نەبێت ، چۆن ؟ بۆ وەڵامی ئەمەش پێویستە خەمخۆرانی گەلی کوردستان رێگەیەک بە قوربانیدانی گەورەی لایەنەکانەوە بدۆزنەوە ، لەوەشدا دەبێت دەست لە پارتی و کردەوەی چاکی ئەو بشۆیت ، بۆ دەرچون لەم میحنەتەی کورد ، کە لەدەرئەنجامی کاردانەوەکان و کردەوەی پارتی و هاوکێشەکانی ناوچەکە وگۆرانکاریە گەورەکە چاورەوان کراوەکەدا توشی دەبێت . ئەمەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت