کەمال چۆمانی : پارتی و تورکیا خەریکی چین ؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دو هەفتە لەمەوبەر (2015.10.12) مەسعود بارزانی , سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان , لە لایەن سەرۆکی تورکیا و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی تورکیا پێشوازیی لێ کرا . ئەمڕۆش (26/12/2015) نێچیرڤان بارزانی لە تورکیایە . هاوبەشەکانی لە حکومەتدا , ئاگاداری سەردانەکە نین , بۆیە پێدەچێت دیسان رێککەوتنی ژێر – بە – ژێر هەبن کە نایەوێت کەس ئاگادار بێت . عەلی سندی و سەفین دزەیی , ​​وەک تودەیسزەمانی تورکیی بڵاویکردۆتەوە , هاوسەفەری بارزانیین . سەردانەکە لە کاتێک دایە کە دەوڵەتەکەی ئەردۆغان قەتڵوعامی کوردانی باکوری کوردستان دەکات .

ئەوەی لە میدیاکان باسدەکرێت لەمەڕ پێکهێنانی هەرێمێکی سونە و کورد و تورکمان وازلێدەهێنم و هەندێک مەسەلەی دی باسدەکەم .
ئەو سەفەرە لەبەر چەند هۆکارێک دەتواندرێت گرنگ بێت , بەڵام مەترسیدارە .
دەتواندرێت گرنگ بێت ; چونکە لە دۆخێک دایە کە دەکرێت بقۆزرێتەوە بۆئەوەی باشوری کوردستانی لێڤرجی سیاسیی خۆی بەکاربێنێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی باکوری کوردستان چونکە ئەگەر دۆخی باکوری کوردستان ئاسایینەکرێتەوە و گفتوگۆکانی ئاشتیی دەستپێنەکەنەوە , ئەوا هەرچی رێککەوتنی نێوان هەرێم و ئەنقەرە هەیە هەمیشە لە کەناری روخان دەبن . نە تورکیا متمانەی بە رێککەوتنەکان دەبێت و نە بۆڕیی نەوت و غازیش سەلامەت دەبن . تا پرسی کورد لە تورکیا بونی هەبێت , هەرگیز تورکیا نابێتە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی باشوری کوردستان .
بەداخەوە هەرێمی کوردستان نازانێت چۆن هێزی سیاسیی خۆی لە بەرانبەر تورکیا بەکاربهێنێت , هەر بەکاردەهێندرێت .
نە پەکەکە , نە هەدەپە و نە هیچ لایەنێکی دیکەی کوردیی , شەڕی سەرتاسەریی و راپەڕینی سەرتاسەرییان لە باکور رانەگەیاندوە و دەستیان بە شەڕ نەکردوە . تەنها داوای بەرگریکردن و خۆپاراستنی رەوایان کردووە لەناو خودی شار و شارۆچکەکاندا . هێشتا گەریلاکانی پەکەکە لە چیاکان دانەبەزیونەتە ناو شارەکان و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بکەن , گەل بەتەنها توانیویەتی هەم خاوەندارێتیی لە خۆی بکات , هەمیش بتوانێت روبەڕوی دەوڵەتی تورکیا و سوڵتان ئەردۆغان ببێتەوە . لە سێ دەیەی رابردودا , خەباتی پەکەکە , بۆ گەیشتن بوە بە رۆژێکی وا کە گەل خۆی بەرگریی لە خۆی بکات و خۆی بتوانێت خاوەندارێتیی شۆڕش بکات . هەر بۆیە ئەوەی ئێستا رودەدات , سەرەتای قۆناغێکی نوێی زۆر کاریگەرتر و گەورەتر و فراوانترە لە خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان .
ئێستا بۆ پەکەکە رونبۆتەوە کە ئەمجارە ئەگەر شەڕ بباتە ناو کۆڵانەکان و گەریلا دابەزێتە ناو شار , راپەڕینی رزگاریی و ئازادیی رودەدات و گەریلا بەتەنها نابێت .
ئەگەر تورکیا مامەڵەیەکی دیموکراسییانە لەگەڵ پرسی کورد و پڕۆسەی ئاشتیی نەکات , دۆخی باکوری کوردستان ئاسایی نەکاتەوە , ئاوا تورکیا بەدڵنیایی بەرەو سوریابون دەچێت .
ئەو سەردانە دیسان لە کاتێک دایە کە دۆخی ناوچەکە لە کوڵان دایە . ئەنجومەنی ئاساییش پڕۆژەیەکی ئامادەکردوە بۆ گواستنەوەی دۆخی سوریا لە قۆناغی شەڕەوە بۆ قۆناغی ئاشتیی و گواستنەوەی دەستەڵاتدارێتیی و کۆتاییهێنان بە تێرۆر و شەڕ لە سوریادا .
روسیا لە ناوچەکەدا هاوتەریب لەگەڵ ئەمریکا خەریکی پێشخستنی هەژمونی خۆیەتی .
لە 24 ی نۆڤەمبەرەوە پەیوەندییەکانی روسیا و تورکیا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە بە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی روسییەوە کە بۆمبارانی گروپە تێرۆریستییەکانی سوریای دەکرد .
تورکیا دەزانێت لەمەودوا ناتوانێت لەڕێی هێزە پڕۆکسییە [ دەسکەلا] تێرۆریستییەکانی ناو سوریا لە وێنەی بەرەی نوسڕەدا هیچ دەستکەوتێکی هەبێت . هاوکارییەکانی بۆ داعش هیچیان ئەنجامێکیان نەبو . ویستی تورکیا بۆ دروستکردنی هەرێمی دژە – فڕین یان هەرێمێکی پاراستن لەناو خاکی سوریا بۆ رێگرتن لە کشانی کوردان نەک هەر بو بە سەڕاب , بەڵکو ئێستا کوردانی رۆژئاڤای کوردستان لە پێشڕەویی دان بۆ گرێدانەوەی عەفرین و کۆبانێ کە ئەمە جیۆپۆلەتیکی تورکیا و سیاسەتی ناوچەیی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە .
سیاسەتی تورکیای سوریا بەتەواوی شکستیخواردوە . تورکیا ترسی هەیە لە داهاتوی سوریادا پەراوێزبخرێت چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە تورکیا نیگەرانە بە هۆی پشتیوانییەکانی بۆ داعش . هەروەها روسیا و ئێران لە سوریادا بەتەواوی دژ بە تورکیان .
تورکیا دەیەوێت لەڕێی بەکارهێنانی باشوری کوردستان و سونەی عێڕاقەوە بێتەوە ناو ململانێکان تا لە داهاتوی سوریادا , لای کەم هێزە پڕۆکسییەکانی تورکیا حیسابێکیان بۆ بکرێت .
تورکیا لە ئێستادا پێویستییەکی زۆری بە باشوری کوردستان هەیە کە باشور دەتوانێت ئەو سیاسەتە بخاتە خزمەتی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و باکوری کوردستانیش . بەڵام چونکە نیەتی تورکیا پاک نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی سیاسەتێکی تەندروست و نیشتیمانیی و نەتەوەیی و دیموکراتیک نییە , بۆیە تەنها پارتیی دیموکراتیی کوردستان سەرپەرشتی ئەو پەیوەندییانە دەکات . پارتییش , وەک دەردەکەوێت , پەیوەندییەکان دەخاتە خزمەتی خۆیەوە و دژی نەیارانی خۆی بەکاردێنێت ,, لە باکور و لە باشور .
ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی نابێت وەک سەردانێکی حکومەتی هەرێم تەماشابکرێت هەر بۆیە سەردانەکە مەترسیدارە .
مەترسیدارە چونکە ;
تورکیا تا ئێستا نەیتوانیووە بەرانبەر بزوتنەوەی راگەیاندنی خۆسەریی دیموکراتیک هەنگاوێک بچێتە پێش . باکور لەسەر پێیە و ئامادەی شۆڕشێکی جەماوەریی سەرتاسەرییە , بە روبەڕونەوەی چەکدارییش ,
ئەردۆغان و ئاکپارتیی باش دەزانن ئەگەر ئەو بزوتنەوەیە سەرکەوتو بێت , ئەوا خۆسەری دیموکراتیک دەبێتە ئەمری واقیع .
ئەوەش دەزانن رێگرتن لەو بزوتنەوەیە زەحمەتە چونکە هەم داوایەکی سەرتاسەرییە , هەمیشە نەوەی نوێی کوردان لە باکور ئەوەندە رێکخراون توانای بەرگریکردنیان هەبێت . چەند ساڵێک لەمەوبەر ئۆجەلان رایگەیاند کە نەوەی نوێی کوردان لە تورکیا بە رادەیەک رادیکاڵن کە ئەگەر لە زودا پرسی کورد چارەسەرنەکرێت بە ئەویش کۆنترۆڵناکرێت . ساڵی رابردو توندوتیژییەکان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی گرتەوە . ئەوکات بە هۆی پەیمانی دوبارەی ئەردۆغان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیی ئۆجەلان تەداخولی کرد و داوایکرد گەنجان بوەستن . بەڵام ئەمساڵ پێناچێت ئۆجەلان داوایەکی وا بکات بێ دڵنیا بون لەوەی کە پرسی کورد بە ویستی ئەو دەبێت .
کاتێک لە دۆخێکی وادا نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیا دەکات و کۆبونەوەی نهێنیی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دەبەستێت , دەبێت بەوردتر لە دۆخەکە بڕوانین .
دوژمنە سەرسەختەکەی ئەکەپە , پەکەکەیە کە ئێستا لەگەڵ پارتییدا جیاوازیی زۆریان هەن . پارتی لە ناوخۆی هەرێمدا لەگەڵ هێزە سەرەکییەکان کێشەی هەیە . پارتی دەیەوێت هاتنی تورکیا بۆ باشور و عێڕاق بەکاربێنێت دژ بە نەیارەکانی لە قەندیل و شنگال , هەروەها وەک خۆنیشاندانێکی بەهێزیش بەرانبەر یەکێتیی و گۆڕان .
لەو دۆخە ناهەموارەدا , تورکیا سود لە لاوازیی پارتیی وەردەگرێت . لە لایەکەوە دژ بە پەکەکەی بەکاردەهێنێت , لە لایەکی تریشەوە گرێبەستی ناهاوسەنگ لە بەرژەوەندیی تورکیای پێ ئیمزا دەکات چونکە ئیستا تورکیا بە دوای سەرچاوەی دیکەی وزەدا دەگەڕێتەوە .
روسیا و ئێران , هاوکات لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی یەکترن , ئامادەکارانی زۆربەی زۆری غازی سروشتیی و وزەن بۆ تورکیا . ئێستا تورکیا لەگەڵ هەردو وڵاتدا جیاوازیی قوڵی لەسەر داهاتوی سوریا هەیە و لە عێڕاقیش دژ بە تەداخولی تورکیان . هەر بۆیە تورکیا بە دوای دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەیە کە هەرێمی کوردستان باشترین سەرچاوەیە . حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی لە هەمو روێکەوە شکستیهێناوە . وا بەرەو 2016 دەڕۆین و موچەی چوار مانگ نەدراوە . پێدەچێت بارزانی داوای قەرزێکی گەورە لە تورکیا بکات و نەوت و غازی کوردستان بخاتە مامەڵەکەوە کە ئەمە زەنگی هەرە مەترسیدارە بۆ ئەوەی باشور بەناڕاستەوخۆیی ببێتە کۆڵۆنیاڵێکی نوێی تورکیا .
ئەرکی یەکێتیی و گۆڕان و هێزەکانی دیکەیە کە رێنەدەن نێچیرڤان بارزانیی و پارتیی بەتەنها و بێئاگاداریی هیچ دەزگایەکی باشوری کوردستان رێککەوتن بکات و بچێتە ناو ململانێ ئیقلیمیی و ناوخۆییەکانەوە چونکە ;
باشوری کوردستان نایەوێت ببیتە هۆکارێک بۆ لاوازکردن و لێدان لە پەکەکە و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان .
( هەرچەندە گومانم هەیە یەکێتی بەو هەمو باڵە شکاوەیەوە بتوانێت شتێک بکات بەتایبەت کە نوێنەری یەکێتیی لەناو حکومەت و ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی کوردستان , قوباد تاڵەبانییە کە هەم لە بەرانبەر نێچیرڤان بارزانییدا زۆر لاوازە و هەمیش لە کولێرەکە پارچەیەکی بەرکەوتوە ) .
هەروەها هەرێم ئەو توانایەی نییە لە ململانێ ئیقلیمییەکاندا ببێتە هاوپەیمانی بەرەی تورکیا لەناو عێڕاقێکدا کە شیعەی هاوپەیمانی تێیدا باڵادەستن .
جگە لەوانەش , باشوری کوردستان پێویستی بە چارەسەرکردنی پرسی بودجە , پێشمەرگە , نەوت و ناوچە جێناکۆکەکانە لەگەڵ بەغداد کە نزیکتربونەوە لە تورکیا وا دەکات نە پرسەکان لەگەڵ بەغداد چارەسەر ببن , نە تورکیاش لە داهاتودا وەک هێزێکی پاڵپشت بۆ هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە . تورکیا گەر لە شەڕی داعش پشتیوانیی هەرێمی نەکرد , کە هەمو دونیا دژی داعش بو , هەرگیز لە قوڵتربونەوەی ململانێکان لەگەڵ بەغداد وەک هاوپەیمانی هەرێم نامێنێتەوە .
یەک خاڵ جێگەی دڵخۆشییە ; گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان زۆربەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نەیارەکانی پارتیی دیموکراتییە لە باشوری کوردستان کە دەبێت ئەوە بقۆزرێتەوە تا هەر رێککەوتنێک هەبێت لەسەر گازی سروشتیی کوردستان , لەڕێی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پارلەمانی هەرێمی کوردستان بێت بە ئاگاداریی سەرجەم هێزەکان و میدیا و خەڵکی باشوری کوردستان .

لە ماڵپەڕی پاسەوانەوە وەرگیراوە

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت