Newshirwan-Nechirvan

کامەران وریا قانع : چاكسازى یان زبڵدانى مێژوو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا كێشه‌كان له‌ كوردستان ته‌نها له‌سه‌ر نرخى نه‌وت به‌نده ‌؟ ئایا قه‌یرانى دارایی كوردستان به‌ هۆى نرخى نه‌وت تۆختر بوه‌ته‌وه‌ ؟
راستیه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاره‌كانى جیهان زۆر دابه‌زیوه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى راسته‌وخۆیی له‌سه‌ر ئه‌و ولاتانه‌ هه‌یه‌ كه‌ داهاتى سه‌ره‌كیان له‌سه‌ر پاره‌ى نه‌وته‌ , به‌ڵام به‌ بۆچونى من به‌شێكى قه‌یرانى دارایی كوردستان په‌یوه‌ندى به‌ نرخى نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌ , به‌شێكى زۆرى زیاتر په‌یوه‌نده‌ى به‌و شته‌ عه‌جیبه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ناوى حكومرانى كوردیه ‌.
له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكى گۆرانى وت بوو : ئه‌وه‌ى ئێمه‌و یه‌كیه‌تى كردومان له‌م وڵاته‌ له‌ پێشلكارى و دزى و گزى , گۆران به‌ بیست ساڵى تر له‌ چاكسازى بۆى راست ناكرێته‌وه ‌. ئه‌مه‌ راسترین قسه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمه‌ له‌ ته‌مه‌نى وه‌زیفی خۆیی كه‌ كردبێتى .
ئایا چاكسازى چیه ‌؟
چاكسازى پرۆسه‌یه‌كى كاتى نیه‌ هه‌ر كاتێك ته‌نگت پێ هه‌ڵچنرا بیكه‌یت و دواتر پشتگوێ بخرێت , به‌ڵكو چاكسازى بریتیه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامى باشتر كردنى سیسته‌مێك له‌ دنیا بینى بۆ كۆمه‌ڵگا و رێكخستنى په‌یوه‌ندى نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان , دابه‌ش كردنى دادپه‌روه‌رتر بۆ سامانى گشتى , یاخود چاكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى سیسته‌مێك‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مى تازه‌ نه‌گونجێت ( وه‌ك چاكسازى له‌ ئاین , چاكسازى له‌ سیسته‌مى په‌روه‌رده‌و یان چاكسازى له‌ بوارى كشتوكاڵ و … هتد) , به‌ڵام ئه‌مه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت باسى ده‌كات هه‌ڵه‌ نیه‌ به‌ڵكو تاوانى گه‌وره‌ گه‌وره‌ن , كه‌ بوارى چاكسازى تیا نه‌ماوه‌ به‌ڵكو ئه‌بێت ئه‌نجامده‌رانى سزا بده‌رێن .
له‌م ماوه‌یه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت بریارى كۆمه‌ڵه‌ چاكسازیه‌كى راگه‌یاند كه‌ به‌شێكى بریتیه‌ له‌ : برینى كاره‌بایی زێد ره‌وی!! برینى دوو مووچه‌یی !! نه‌هێشتنى فه‌رمانبه‌رى بن دیوار !! كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى خه‌یاڵى پۆسته‌ باڵاكان !! به‌ تاپۆ كردنى خانوه‌ ته‌جاوزه‌كان !! ئه‌م كارانه‌ خۆیی شاهیدى ئه‌دات كه‌ چه‌ند وێرانه‌ ئه‌م حكومه‌ته ‌, چونكه‌‌ له‌ بنچینه‌دا ئه‌گه‌ر چاكسازیش نه‌كرێت نابێت ئه‌م دزى و یاسا شكاندنه‌ له‌ حكومه‌تدا هه‌بێت . هه‌روه‌ها مه‌گه‌ر ته‌نها له‌حكومه‌ته‌ بێ سه‌روبه‌ره‌كى كورد, موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رده‌و توره‌كه‌ دابه‌ش بكرێت له‌ جیاتى لیستى ناو و ژماره‌ , هه‌روه‌كو به‌رپرسێكى گه‌وره‌ باسى مووچه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى ئه‌كرد .
ئه‌م دۆخه‌ ئه‌وه‌نده‌ چه‌قیوه‌ به‌ چاكسازى چاك ناكرێت , چونكه‌ له‌ و رۆژه‌‌ى شه‌ڕى گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل‌ ده‌ستى پێكرد , ئه‌م حكمورانیه‌ كه‌ڵكى چاكسازى نه‌ماوه ‌, ‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كوردى خۆیی گه‌وره‌ترین رێگر و گه‌وره‌ترین عه‌یب و عاره‌ بۆ كورد‌ , ئه‌م حكومرانیه‌‌ پێویسته‌ له‌ بنچینه‌وه‌ بروخێنرێت و سه‌ر له‌نوێ دروست بكرێته‌وه‌ و دوور له‌م ده‌مو چاوه‌ ئێكسپایه‌رانه ‌. ڕه‌نگه‌ زۆر كه‌س بڵێت ئه‌مه‌ خه‌ونه‌ و روو نادات , به‌ڵام دۆخى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا چاوه‌روانى گۆرانى رادیكالین كه‌ به‌ خه‌یاڵى زۆربه‌مان نایه‌ت . هه‌ر بۆ نموونه‌ شۆرشى كورد له‌ 1988 نزیك بوه‌وه‌ له‌ ئاش به‌تاڵێكى تر , به‌ڵام 1991 كورد به‌ شێوه‌یه‌كى چاوه‌روانكراو هاته‌وه‌ ناو گۆره‌پانه‌كه‌ !.
زۆر له‌ فه‌رمانره‌وا گه‌نده‌ڵه‌كانى مێژوو گاڵته‌یان به‌ توانى خه‌ڵك ده‌هات , هه‌ر له‌ شاوشیسكۆى رۆمانى و بۆ قه‌زافى و بۆ حوسنى مبارك و شاى ئێران و … هتد . هه‌موو جار به‌و شێوه‌یه‌ له‌ كاتى قه‌یرانه‌كان قسه‌یان ئه‌كرد , كه‌ میلله‌تى خۆیان باش ده‌ناسن و هه‌رگیز ناتوانن له‌ دژیان راپه‌رن , دڵیان به‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ خۆش بوو كه‌ له‌ ده‌ورى خۆیان كۆیان كردبوه‌وه‌ , به‌ڵام دواى كه‌مترین ماوه‌ له‌ هه‌ستانه‌وه‌ى میلله‌ت هه‌موویان ره‌وانه‌ى ئاوده‌ستخانه‌ى مێژوو كران ! .
له‌ كۆتایدا ئه‌وه‌ى ئاشكرایه‌ ئه‌م سیاسیانه‌ بریارى خۆیان داوه‌ , كه‌ ناتوانن باش بن , هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان لێ سه‌وز ئه‌بێت كه‌ له‌ غه‌مى منداڵ و ئاموزاو خالوزایی خۆیان بن , ئه‌وان وه‌كو ئه‌و دایناسۆره‌ جه‌سته‌ گه‌وره‌یان لێهاتوه‌ كه‌ چیتر سه‌رێكى بچوك ناتوانێت به‌رگه‌ى ئه‌و جه‌سته‌ گه‌وره‌یه‌ بگرێت , كه‌ دواجار مانه‌وه‌یان له‌ ژیان ئه‌بێته‌ موسته‌حیل و بۆ یه‌كجارى ده‌سرێنه‌وه‌ له‌سه‌ر ژبان .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت