عیماد عەلی : ئەگەر وابێت یەکێتی خۆی زەرەر دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ماوەیە باس و خواسی رێکەوتنی ژێربەژێری یەکێتی و پارتی گەرم بووە ، گوایە یەکێتی ئەوەی بە ئاشکرا باسی دەکات لە کۆبونەوەکان وانیە و ، زۆر موجامەلەی پارتی دەکات و ، بەم پێیە بێت دەیەوێت کات بەسەر بچێت و ، وا دەزانێت لەهەلێکدا خەڵک قەناعەت بە رەفتارەکانی دەکات ئەگەر هەڵەش بێت و ، گرنگ هەندێک لە داواکاریەکانیان بێتەدی ، خەڵک چاوپۆشیان لێدەکات با ئەم حزبانە چی ئەکەن با بیکەن ، ئەمیش لەم ناوە رۆڵی جارانی بگێرێت . لەم حاڵەتەشدا دوبارە سیاسەتەکانی زەمانی رێکەوتنە ستراتیجیەکە پیادە بکەن و دووبارەی بکەنەوە ، کە تەنها خۆیان زەرەریان کرد و پارتی بووە براگەورە .
وا دەزانن بەو شێوە خەڵک قەناعەت دەکات ، کە برابەشی یەکێتی و پارتی لەوەباشترە لەم وەزعە خراپتر بێت . لە لایەکی ترەوە قسەی زۆر لە سەر رێکەوتن لەسەر فرۆشتنی گازەکەش دەکرێت ، وەک پێشتر لەسەر نەوتەکە کراوە و زۆرینەی قازانجەکە بەرپارتی کەوت و ، جگە لە قازانجی حزبی کەس خێری لێ نەبینیوە .
دیارە پێشتر باسی ئەوەمان کردوە کە گۆران لە بەشداری کردن لە حکومەت لەگەڵ پارتی و هەوڵدان بۆ وەلا نانی یەکێتی و ، تارادیەک هەوڵدانی بۆ جێگرەوەی یەکێتی بۆ هاوپەیمانی کردن بۆ پارتی هەڵەیەکی گەورەی کردووە، بە تایبەتی لەو کاتەدا یەکێتی زۆر یئحراج بوو و بە هەموو شێوەیەک تەنازولی بۆ پارتی کرد ، لە پێناو بەشداریکردن لە حکومەت و ، تەنانەت جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکەشی لەدەست دەرچوو ، جگە لە وەزارەتی سیادی و شتی تریش .
ئەمرۆ ئەم بارودۆخە نوێیەی لە دەرئەنجامی ملهوری پارتیەوە هاتۆتە ئاراوە و لە رەفتارێکی کۆدەتا ئاسای سیاسی و لە قەیرانێکی ئابوری کوشندە و لە سەرکوتکردنی خەڵکی رەشوروت و دەمداخستنی خەڵکی نارازی ، وا دەکات بارودۆخی خراپتر بێنێتەکایەوە ، کە هیچ کەس لایەنەکان قبوڵ ناکات و ، تادێت جەماوەری ئەم حزبانە بەرەو ژێر سفر دەروات و چاوەرێی پریشکی ئاگرەکە دەکەن کە کەس نەتوانێت بیکوژێنێتەوە .
ئەمرۆش لە وردەکاری سیاسەتی یەکێتی لەم بارودۆخەدا بروانین ، دەزانین زۆر بێباکانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە دەکات و هیچ هەڵوێستێکی بوێرانەی دەرنەخستوە ، نازانم هۆکارەکەی چیە ، جگە لەوەی ترسی هەبێت بچێتە گیرفانی گۆرانەوە ، بەڵام ئەوەش نازانێت کە خەڵک ئەگەر لە پارتی تا سەر ئیسقان تورەیە ، ئەوە لە یەکێتی رازی نین و ، دەزانن کە یەکێتی ئەگەر هەندێک بەرژەوەندی حزبی بخاتە لاوە و هەڵوێستی میلەتخوازانە دەربرێت ، دەتوانێت فشار بخاتە سەر پارتی و هەنگاوی ئەرێنی لە بەرژەوەندی خەڵک دەنرێت ، بەڵام هاوهەڵوێستی لەگەڵ پارتی و دەوامی جێگری سەرۆک وەزیران و بێ هەڵوێستی وەزیرەکانی یەکێتی و هاوشان رێگری کردن بە شێوەیەکی دیار لە زیادبونی فشار لەسەر پارتی ، یەکێتی بە هۆکاری یەکەم دەزانێت ، بە تایبەتی لەم دەڤەرە دا . ئەگەر یەکێتی بەم سیاسەتەی بیەوێت لەگەڵ پارتیدا بە نرخی ئەمرۆ رێکەوتن بکات و چاوەرێی ساردبونەوەی خەڵک بکات کە رازیبن بە هەنگاوەکانیی ، ئەوە زۆر بەهەڵەدا چووە . چونکو خەڵک لەم وەزعە زۆر تورەیە و هیچ لایەک ناتوانێت بە جموجوڵێکی تەکتیکانەی سیاسی خەڵک رازیی بکات .
بۆیە ، ئەگەر لەم ماوەی پێشوودا خەڵک تەنها رووی دەمیان لە پارتی بو لە بەهۆکار زانینی ئەم تەنگژەیە، لەمەودا باش تێدەگەن کە یەکێتیش هاوبەشە لەمەدا ، بەتایبەتی کە نەهەڵوێستێکی مەردانەیان لە یەکێتی بینیوە بۆ پشتگیری داواکریەکانیان ، نەش پەرێز پاکیان لە دزین و بەهەدەر دانی نەوتەکە سەلماندووە و ئەوەش گازەکەی دێتەسەر .
بەڵام با یەکێتی باش بزانێت جگە لە خۆی هیچ لایەنێک باجی ئەم هەڵانەی نادات و خەڵکیش هیچ هەڵوێستێکی کاتی تەنگانەی لەبیر ناچێت و لە سەرجەم روەکانەوە هەر خۆی زەرەر دەکات، هەر بۆیە زۆر پێویستە کە یەکێتی لەم کاتەدا هاوهەڵوێستی لەگەڵ جەماوەری خەڵکدا بۆ هاوڵاتیان دەرخستایە تاوەکو کەس گومانی لەویش نەبێت لەم وەزعە خراپەدا پشتی لە جەماوەر نەکردووە ، ئەگینا قسەی رووت ناچێتە گیرفانی کەسەوە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت