عەتا قەرەداخی : نامەیەکی کراوە بۆ هەردوو بەڕێزان کاک نێچیرڤان و کاک قوباد تاڵەبانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە پیتان ناکرێت دەست لەکار بکێشنەوە !
لە سادەترین پێناسەیدا حکومەت دامەزراوەى بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە . هەر لەسەر ئەم بنەمایە یەکەمین ئەرکی حکومەت دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی دانیشتوانی قەڵەمڕەوەکەیەتی ، لەموچە و کارو کۆى خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەباو پەروەردەو تەندروستی و رێگاوبان و ئاسایش . بێگومان لەبەرامبەریشدا ئەرکی سەرشانی هاووڵاتیە کە کە کارەکانی بە دڵسۆزى و وەکو پێویست جێبەجێ بکات کەواتە پەیوەندی نێوان حکومەت و هاووڵاتی وەکو رێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت کە هەردوو لا ئەرک و مافیان تێدا هەیە . ئەرک و مافی هاووڵاتی دیارە کارکردنە لەو بوارەى کە تیایدا دامەزراوە بەدڵسۆزى لەبەرامبەردا وەرگرتنی مافی خۆى کە دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە رێزو کەرامەتی ئەوتۆیە کە شایانی مرۆڤ بێت . مافی حکومەتە کە هەموو هاووڵاتیان بە دڵسۆزى ئەرکەکانیانی بۆ جێبەجێ بکەن ، لەبەرامبەردا ئەرکی حکومەتە کە بە هەر شێوەیەک بووە ژیانی هاووڵاتیانی لە هەموو روویەکەوە بە باشترین شێوە دابین بکات بە تایبەتی بۆ ئەو حکومەتانەى کە بە دەنگی جەماوەر پێکهاتوون .
ئێستا قسەمان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەماوەرکەیەتی. هەڵبەت من لەو کەسانەش نیم کە لە واقیع تێنەگەم و کوێرانە قسە بکەم . بەڵێ من دەزانم کە شەڕى نەگریسی داعش کە داگیرکەرە جۆراوجۆرەکانی کورستان ئاراستەى کوردستانیان کردووە، هەروا ئاسان نیەو بێجگە لە ئیرادەى پۆڵاینی هێزى پێشمەرگە ، پێویستی بە پارە هەیەو پارەى زۆریش. ئەمە لە کاتێکدا کە چەپ و گوپ و دزیشی لێنەکرێت. من دەزانم بەرمیلی نەوت نرخەکەى بۆ نزیکەى چارەکی پێشتر دابەزیووە. بەڵام ئەمانە هەرگیز نابنە پاساو بۆ ئەو شێوە مامەڵەکردنەى ئێستاى ئێوە لەگەڵ بارودۆخەکە . بێ شاردنەوەو بێ هیچ رتووشێک من هیچ ئومێدێکم بە شێوەى چاکسازییەکەى ئێوە نیە . براینە وەکو خۆتان دەیڵێن کۆى موچەخۆرانی فیعلی نیوەى ئەو ژمارەیە کە ئێستا لە کوردستان موچە وەردەگرن . خۆیشتان زۆر باش دەزانن بەشە قورسەکەى موچە هی ئەوانەیە کە بە فیعلی کارناکەن .
با لێتان بپرسین ژمارەى ئەو کەسانەى کە رۆژێک وەزیرى و وەکیل وەزیرى و راوێژکارى و بەڕێوەبەرێتی گشتییان نەکردووەو حیزبەکانی هەردوو بەڕێزتان بەو پلە بەرزانە خانەنشینتان کردوون چەندن ؟
ژمارەى ئەو کەسانەى کە بە پلەى تایبەت خانەنشینتان کردوون چەندن ؟
ژمارەى ئەو موستەشارو خائین و خۆفرۆشانەى کە کوردیان ئەنفال کردووەو راوى پێشمەرگەو خەباتگێڕانیان کردووەو ئێوە هەردوولاتان بە پلەى فەریق و لیواو عەمیدو عەقیدو…. خانەنشینتان کردوون چەندە؟
ژمارەى ئەو هونەرمەندو ئەدیب و نووسەر رۆژنامەنووسانە چەندن کە هەموویانتان بە ئیمتیازی جۆراوجۆر کڕیوەو چەندیانتان بە پلەى باڵاى سەربازى خانەنشینکردووە؟
جگە لەمە دەتوانن بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەن چەند عەرەبی عێراقیتان لەسەر قوتی مناڵی شەهیدانی کوردستان بەو پلە بەرزانە خانەنشین کردووە؟
ئەى دەتوانن بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەن چەند کەس لەوانەى کە بە پلەى بەرز هەردوو حیزبەکەتان خانەنشینی کردوون چەند ساڵێک پێش لەدایکبوونی هەردووکتان مردوون و چەندیان بە سیل و چەندیان لە پیریدا مردوون ؟
دیسان برا ئازیزەکانم ، ئایا دەتوانن ژمارەى ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەى کوردستان و ناوەکانیان بەخەڵک بڵێن کە ساڵانە بە ملیاران دۆلار لەم وڵاتە قازانج دەکەن و تاکس -باج نادەن؟
ئەى بێ زەحمەت کێ هاوبەشیانە کە نایەڵێت ئێوە باجیان بەسەردا بسەپێنن ؟
بێگومان هەتا نەتوانن خانەنشینکردنی هەموو ئەو خانەنشینکراوانە بە بڕیارى ئازایانە هەڵوەشێننەوە ، هەتا نەتوانن باج بەشێوەى وڵاتان لەو کۆمپانیایانە وەربگرن ، هەتا نەتوانن حکومەت بچووک بکەنەوە بۆ کەمترین ژمارەى وەزارەت و کەمترین دەستەو بەڕِێوەبەرایەتی ، هەتا نەتوانن ئەو هەموو پارە مشەیەى لە چەندین کەناڵی لاوازو هەزیل و بێسووددا سەرف دەکرێت نەبڕن ، هەتا نەتوانن مەنسووبیەت و مەحسووبیەت لەرەگەوە هەڵکێشن ، ناتوانن بەردێ بخەنە سەربەردێ .
هەتا یەکێتی نیشتیمانی خاوەنی کۆمپانیاکانی نۆکان بێت و سەید ئەکرەمی سەید مەجید کە لە هیچ کاتێکدا جل و بەرگەکانی بایی 200 دۆلار نابێت ، بە قسەى زۆرێک لە یەکێتیەکان خاوەنی کلیلی هەموو قاسەکانی یەکێتیەو بڕواناکەم براى بەڕێزم کاک قوباد هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئەو ئەمین قاسەیەدا بشکێت ، ئەوا کاک قوباد هیچ بەشدارییەکی چاکسازى دارایی پێناکرێت .
من نازانم کە کۆمپانیاکانی پارتی ناویان چیەو کام وێنەى کاک ئەکرەمی سەید مەجید کلیل بەدەستە ، بەڵام گومانم نیە کە قاسەکانی پارتی بە هەموو لێکدانەوەیەک لەهی یەکێتی پڕترن ، کە پێموانیە کاک نێچیرڤان بارزانیش دەسەڵاتێکی ئەوتۆى بەسەر ئەو ئەمین سندوقەدا بشکێت . کەواتە بەم پێیە کاک نێچیرڤانیش بەم شێوەیە هیچ چاکسازییەکی دارایی پێناکرێت. بەڕێزان ئەوەى ئێوە ئێستا پێوەى خەریکن پینەوپەڕۆ یان خۆڵکردنە چاوى خەڵکە .
برایانی بەڕێزم ئێستا ئەگەر ئێوە دەتانەوێت چاکسازى بکەن و بەلایەنی کەمەوە چارەسەرى بەشێک لە کێشە داراییەکانی ئەم قۆناغە بکەن ( کە من هەرگیز گومان لە نیەت پاکی هیچ کامتان ناکەم ) . یەکەم هەڵوەشاندنەوەى لە سەدا سەدى هەموو ئەو کەسانەى بە نامەشروع خانەنشینکراون بەهەر پلەیەک و لەهەر ئاستێک و لەهەر خێزان و بنەماڵەیەک بن بە بنەماڵەى بارزانی و تاڵەبانیشەوە . وەرگرتنەوەى قەرزەکانتان لە کۆمپانیاکان و وەرگرتنی باجی یاسایی لە کۆمپانیاکان و بڕینی دەستی حیزب و بەرپرسیاران لە بازاڕو کۆپانیاکان و بە تایبەتی کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتی .. هەروەها هەردوو بەڕێزیشتان کاک نیچیر داوا لە مامی بەڕێزى بکات ئەگەر قاسەکانی پارتی بە رووى حکومەتدا نەکاتەوە ، کاک قوباد تاڵەبانی داوا لە دایکی بکات ئەگەر قاسەکانی حیزب بە رووى حکومەتدا نەکاتەوە .. ئەوا حەقە هەردوو بەڕێزتان ئەو بەرپرسیارێتیە مێژوویە لە ئەستۆی خۆتان لاببەن و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانەیدا دەست لە کارکێشانەوەى خۆتان رابگەیەنن و ئەو بەرپرسیارێتیە بدەنەوە دەستی کاک مەسعود و هێرۆخان هەردووکیان ئەگەر ئەوان رێگرن لەبەردەمتاندا . ئەگەر ئەوان رێگرنین و ئەوە مەکتەبی سیاسی حیزبەکانتانە رێگرن لەبەردەم چاکسازی ریشەییدا ، ئەوا بۆ جەماوەرى ئاشکرا بکەن کە ئەوە حیزبەکانن کە حکومەتیان دووچارى ئەم قەیرانە کردووە . دیارە ئەوەش ئاشکراى دەکات ئەوەى کە هاووڵاتیان و پێشمەرگە بە هەموو دڵسۆزیەکیانەوە رەنجیان بۆ داوەو رەنجی بۆ دەدەن و هەموو ناخۆشیەکیان لە پێناویدا قبوڵکردووە کە ئازادی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە ، دیارە بەلاى ئەم حیزبانەوە زۆر لە بەرژەوەندییەکانی ئەوان کەمبەهاترە .

بەکلیكێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕیکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت