لاوک کونجرینی : سەرکردایەتی هەرێم ـ هاکا کلکە چەکوشەکەی لیبیا دووبارە بووەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕاوێژکارێکی سەربازیی موعەمەر قەزافی لە وڵاتی سویسرا پەناهەندەیە ، بەڕێکەوت لەشوێنێک بەیەک گەییشتین ، زۆر لەمێژ بوو ـ ببوو بە مەراقم ، لەچۆنێتی بەرپابوونی ڕاپەڕینەکەی لیبیا بگەم لەدەمی یەکێک لە کەسە باڵاکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە . پرسیارم لێکرد و وتم : دەتوانم بزانم ئەو ڕاپەڕینە چۆن و بەچ شێوەیەک بوو ، ئایا قەزافی و حوکمەت هێندە بێئاگابوون بگاتە ئەو ئاستەی خەڵک هێندە بیزار بن و بە کلکە چەکوش سوکایەتیان بە زەعیمەکەتان بکەن ؟ . قەزافی لەهەر شوێنێک دەردەکەوت ، خەڵکی لیبیا دەست و چاویان بۆ ڕادەخست تا بەسەریدا بڕوات . ئەوە چی بوو ـ زەمەنەکە بۆ وا بەو شێوەیە گۆڕا ؟ .
بەدەم خەندەوە ، پێش ئەوەی بگات بە دەستپێکی وەڵامدانەوەی پرسیارەکەم وتی ، خۆ سەدامەکەی لای ئێوەش ، کە دەر دەکەوت وەک خودا دەیان پەرست ، ئەی کوا بەندەو دارودەستەکەی بۆ هەموویان پشتیان لێکرد . ئیتر کەوتە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەم و وتی ، من پێش مانگێک لە ڕاپەڕین لەگەڵ چەند کەسێک لای زەعیم بووم ، ڕاپۆرتی هەواڵگریی قسەی لەسەر جموجۆڵی سیاسی و هەموو ئەو ناڕازییانە دەکرد ، کە لەدەرەوەو ناوەوەی وڵات هەبوون ، بەڵام ڕەوشەکە هێندە لەڕاپۆرتی و هەوڵاگیرییەکاندا نەگەیشتبووە ئەوەی پیلانی ئەمنی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت . منیش وتم : چۆن چۆنی ؟ ، پیلانە وردەکانی ئەمنی لەسەر سێرەی خۆیان دەڕۆیشتن و ترسی زیاتر نەبوو ، بگاتە ئەو حاڵەی کەڕوویدا ، بەڕاستی لامان سەیر بوو ، هەموومان ڕامابوین ، تا ئەم ساتە بیری لێدەکەینەوەو بۆ وا لەپرتاو خەڵک وەک ئەوەی لەزەوییەکی ترەوە بێنە دەرەوەو بەو هەموو قین و توڕەییەوە بگەنە ئەو ئاستەی تەنها بیرکردنەوەیان لەتۆڵە هەبێت و کێ دڵسۆزو نزیکی زەعیم بێت بە ناشرینترین شێوە تۆڵەی لێبکەنەوە . سەیرەکە لەوەدایە ، کۆی سەنتراڵە ئەمنییەکانی لیبیا کە ڕاستەوخۆ بە مەکتەبی زەعیمەوە بەسترابوون ، تەنها چاودێری ئەو حیزب و لایەنانەیان دەکرد ، کە دەرکەوتوو بون لە ئۆپۆزیسوێن ، بەڵام ئەوانەی زیاتر سەرپەرشتی ڕاپەڕینەکەیان دەکرد خەڵکانی نوێ و گروپی نوێ بوون ، ئەوەی لای ئێمە سەیرتر بوو لە پڕ ئەو گروپ و لایەنانە بە کەسە باڵاکانی دەسەڵات و تەنانەت بەهێزە تایبەتەکانی سەرکردایەتی وڵات گەورە بوون ، هەر ئەوەش بوو زۆر بەئاسانی دەستیان بەکۆی وڵات گەیشت و هەموو لایەکیان کۆنترۆڵ کرد .
من بەردەوام بووم لەسەر پرسیار و پێم وت : لای جەنابت دوو هۆکار بەدی ناکەیت ، بنەماڵەی قەزافی دەسەڵات و کۆی سامانی وڵاتیان کۆنتڕۆلکردبوو بیریان لەهیچ شتێکی تر نەدەکردەوەو ، هەروەها ئەوانەی کە کۆکەرەوەی هەواڵ و سەرچاوە ئەمنییەکان بوون ، تەنها وشەی جوان و بەڵێ و وتەی ڕازیی بوونیان کۆ دەکردەوە ، کە ئەمەش بنەمای ترسو تۆقاندن ـ بنیادی نابوو ؟ . لیبییەکە وتی : من پێم وایە ئەو قسەیەی تۆ زۆر ڕاستە ، ئێمە هەمان بۆچوونمان هەیەو دەکرێت دەسەڵاتەکانی ناوچەکە هەر هەموویان بەهەمان شێوە لە ڕابردو داهاتوودا بەو شێوە ڕاپۆرتانە لەخشتە ببرێن و بە شێوەی دەسەڵاتی لیبیاش کۆتاییان پێبێت ، ئەمەش دەگرێتەوە بۆ ئیغرا بوون لەدەسەڵات و حەزکردن لە مۆنۆپۆلی سەرمایەی وڵات و بێ ئاگا بوون لە خەڵک و ئیدارەکردنی .
دواتر بەهۆی کارەوە هەردووکمان لێک ترازاین ، ئەوەی لام بووە مەراق ، بەتەواویی ناو و ناونیشانیم وەر نەگرت ، تاجارێکی تر پێی بگەم .
یەکێتی و پارتیش بەو هەموو ناڕازییبوونەوە لە عەوامی قەزافی دەچێت ، ئەوان گوێ لەئێمەو هەمووان ناگرن ، گوێ لەوانە دەگرن تەنها وشەی جوانیان بۆ دەگوێزنەوە . چۆن 180 ملیار دۆلارە کەڵەکە بووەکەی قەزافی فریای خۆی و خێزانەکەی نەکەوت و نەیتوانی چەکوش بەدەستێک لە سوکایەتی پێکردنی بپارێزێت .
چۆن مێژوویەکی جوانی بە کورسییەک و سەروەت و سامانی نایاساییەوە بەستەوەو هەمووی کردە زبڵ و ، گەلیش بۆیان هەڵدایە زبڵدانی مێژووەوە .
زەمەنەکە بەرگەی ئەم هەموو زوڵم و ناعەدالەتییەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ناگرێت ، ئەوەی لە لیبیا ڕوویدا ، دەکرێت لە کوردستانیش دووبارە ببێتەوەو ، کلکە چەکوشەکەش لێرە ـ دەبێت سوکایەتی بەچ سەرکردەیەکی ئەم هەرێمەی ئێمەش بکات .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت