Ali-bapir-u-saedi-pira

نەبەز گۆران : رێگای یاسا و رێگای تاكە كەسێك .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

هەرحیزبەو مافی خۆیەتی بە چ جۆرێك سیاسەت دەكات . هیچ حیزبێك ، ناتوانێت بەو جۆرە سیاسەت بكات ، حیزبێكی دیكە داوای لێبكات . ئەو مۆدێلەش مۆدێلێكی نەفرەتییە ، گەر حیزبێك پێی وابێت : ئەوەی لەگەڵی بێت حیزبی گەلە و ، ئەوەی لەگەڵی نەبێت حیزبی دژە گەلە . حیزب ، هەرحیزبە ، چاوەرێی پەرجو لە حیزب ناكرێت ، تەنها چاوەرێی بەرژەوەندی كاتی لێدەكرێت . ئەو مرۆڤە بەدبەختە جگە لەبەرژەوەندی كاتی چاوەرێی شتی گەورە لە حیزب بكات . حیزب پەیژەیەك نیە بۆ گەیشت بە خەونی گشتی ، حیزب پەیژەیەكە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی تاییبەتی .
لە دەرەوەی تێگەیشتنە تایبەتیەكە بۆ حیزب ، كێشەی گەوەری ئەم حیزبە كوردیانە ئەوەیە ، بەشێوەیەكی زۆر خراپ لەژێر كاریگەری ئەو تەوژمە كاتیانەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانن ! گەر لە دونیادا بگەرێیت ، حیزبێك نادۆزیتەوە چەشنی ئەم حیزبە كوردییانە ، بەو شێوە خراپە بكەوێتە ژێركاریگەری تەوژمی كاتی . كەچی لێرە هێندە تەوژمین ، لە یەك چركەساتدا پێچەوانەی ویستوو بۆچوونەكانی خۆیان دەجوڵێنەوە .
ئەو رێگایەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان لەبەردەم (5) حیزبەكەدایە ، دوو رێگای روونە .
– رێگای بەرگریكردن لە یاسا
– رێگای بەرگریكردن لە كەسێك لە دژی یاسا .
گەورەترین دەزگای یاسا دانان لە هەرێمدا ، لە پێناو كەسێكدا پەكخراوە . بیانووی پەكخستنەكەش تەنها لەو گۆشەیەوە دێت ، هەمان ئەو كەسە دەیەوێت جارێكی كە دەستكاری یاساكانی بۆ بكرێت و لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە ، وەك رابردوو .
لەگەڵ پەكخستنی ئەو دەزگایەش، كۆی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم ، پەرلەمان ، حوكومەت ، تووشی شكست بوون . شكستەكان تەنها لە بێ‌ متمانەییدا نا ، شكستەكان لە هەموو رووەكانەوە ، تەنانەت لە رووی نەتوانینی بەرێوەبردنەوە .
لە دیدگای سیاسیدا رادەیەك روونە ، دوو لەو حیزبانە ( كۆمەڵ و گۆران ) لەسەر پرنیسپ و دونیابینەكەی خۆیان ، بۆ گۆرینی سیستەم ، بۆ دەزگای پەرلەمانی پەكخراو ، بۆ كورسی سەرۆكایەتی هەرێم، دەرخستووە .
یانی باشترە بڵێم : لە دوای هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەوە ، هیچ حیزبێك لە حیزبە كوردییەكان ، هێندەی كۆمەڵی ئیسلامی سیاسەتەكانی روون نەبووە . ئەم حیزبە لەم قۆناغەدا زۆر بەپتەوی سیاسەت دەكات ، راستەوخۆ دیدی خۆی هەیە لەسەر سیستەم ، پەرلەمان ، سەرۆكایەتی و جۆری پەیوەندییەكانی . پتەویەكەشی لەو ئاستەدایە ، وەك حیزبەكانی كە چاوەرێی لێ‌ ناكرێت ، پێچەوانەی سیاسەتەكانی خۆی بجوڵێتەوە . حیزبێكە كەمێك سەیرە ، سەیرە بەو ماناییەی ، سیاسەتەكانی ئاسنین و نەگۆڕن و دەزانی لە كوێوە دێن و بەرەو كوێ‌ دەرۆن . حیزبێكی فەوزەویش نیە ، وەك حیزبەكانی دیكە ، یەك لەشكر قسەكەری بێ‌ بنەمای هەبێت و هەریەكەیان شتێك بڵێت . بەڵكو حیزبێكە ئەگەر بتەوێت دیدیان بزانی لەسەر كێشەیەك ، راستەوخۆ لە رێگەی كەسێكەوە دیدی خۆیان دەڵێن و روونی دەكنەوە .
پێچەوانەی ئەم حیزبە ، باقی حیزبەكانی تر ، دەبێت وەك زنجیرەی ناو تەلەفزیۆن سەیریان بكەیت ، واتە ، دەبێت رۆژانە مامەڵەیان لەگەڵ بكەیت ، چونكە هەر رۆژەی رەنگێك و جۆرێك و بۆچونێكن . هێندە قسەكەریی بێ‌ ئیش و بێ‌ ماناشیان هەیە ، ناتوانی بۆچونە راستەقینەكانیان ببینی . هێندە جوڵەی پێچەوانەش دەكەن ، ناتوانی بروا بە هیچ جوڵەیەكیشان بكەیت !
مەبەستەكە لەوەیە ، دۆخی هەرێم لە رووی ئابووری ، لەرووی سایكۆلۆژی كۆمەڵایەتیەوە ، لە دۆخێكی ناجێگردا دەژیت . لە كاتی لەم شێوەیەدا دەبێت لێگەرێیت هەر حیزبە و وێنە راستەقینەكەی خۆی پیشانبدات و ، هەر حیزبە و سیاسەتی خۆی بكات .
لە نێوان ئەو دوو رێگایەدا ، ( بەرگیكردن لە سەروەری یاسا ، بەرگریكردن لە كەسێك دژی یاسا ) دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرن .
هەڵبژاردنی ئەو دوو رێگایەش ، نە هیچ حیزبێك دەكاتە دوژمنی گەل ، نە هیچ حیزبێكیش دەكاتە بەرگریكەری گەڵ . چونكە حیزب هەمیشە بەرژوەنییە تایبەتیەكانی خۆی پێش گەلە . ئەوان بە پێی بەرژەوەندییە كاتیەكان سیاسەت دەكەن ، نەك بە پێی بەرژەوەندییە گشتییەكان . لەوەتەی بە بیرمانبێت، وتارێكی ناراستر لە وتاری : لەپێناو بەرژەوەندی گەل ـ نەبینراوە .
كەوایە با هەر حیزبە و بەشێوەیەكی روون سیاسەتەكانی خۆی دەرخات و ، یاری بە هیچ گوتارێك نەكات . لانیكەم هیچ نەبێت با حیزبەكان هێندەی ( كۆمەڵی ئیسلامی ) روونبن لە سیاسەتكردن و ، روونبن لە دیدگاكانی خۆیان بۆ كێشە گەورەكانی هەرێم . گەر ئەمەشیان پێناكرێت ، لەو دۆخە ناجێگریەی خەڵك و ، حیزبدا ، تادێت بۆشاییەكان گەورەتردەبن و چاوەرێی خراپتر دەكرێت .
با هەر حیزبەی لەو دوو رێگایە ، رێگاكەی خۆی هەڵبژێریت ، هەڵبژاردنی هەریەك لەو دوو رێگایەش باجی ئێستایی و مێژووی خۆی هەیە .

س ـ ف > نوسەر

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت