دڵشـاد شـێخان : ئیجە ، گۆڕستانێ بۆ تەرمى ئەم حکومەتە .

ئەم نووسینە ڕەخنەئامێزە ، لە دژى بێ هەڵوێستى نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)ە لە هەمبەر کارەساتە مرۆییەکان لە کوردستان بە گشتى و هەرێمى باشوورى کوردستان بە تایبەتى .
پێناسەیەک بۆ ئەو هەرێمەى کە پێى دەڵێن ئارام .
مەترسیدارترین شوێن بۆ ژیان ، “هەرێمى باشوورى کوردستان ” ـە کە گرووکارەکانى دەمڕاستى ناوەوە و دەرەوەن ، ئیلهامى خۆتان لەوان وەردەگرن ، بە پاساوى ” هەرێمێکى ئارام ” خێر لەخۆنەدیوەکانمان لە مافى پەنابەرێتى بێ بەش دەکەن ، چونکە گوێتان قوڵاخ کردووە بۆ قسەکانى دەسەڵاتێ کە بووەتە بازرگان و خوێنى گەل دەمژێ . لە ڕاستیدا دەبێ شۆڕببنەوە بۆ ناو واقیعى ژیانى کەس وکارى ئەنفالکراوان و بەرکەوتوانى کیمیاباران و دایکى شەهیدان و کەس و کارى بێ سەروشوێن کراوەکانى سەردەمى ڕژێمى بەعس و حوکمڕانى کوردى .
ئاگر شتێکە و سوتان شتێکى دیکە ، زۆر بە ئاسانى دەتوانین لە گۆشەنیگاى جیاوازەوە بەپێى کولتوورە جیاوازەکان لە ماناى ئاگر تێ بگەین ، بەڵام ناتوانین لە چییەتى سوتان تێ بگەین تا نەسوتێین . کێ لە سوتانى باوکى ” ئایلان ” تێدەگات ؟
ئەرێ گەلۆ کە ئێوە لە ماناى سوتانى تاکە مرۆڤێ تێ ناگەن ! ئەى چۆن دەتوانن لە جینۆساید کردنى نەتەوەیەک تێ بگەن ؟ مرۆڤایەتى ئەوندە کاڵفامە کە لە بەها مرۆییەکان تێ نەگات ! هەرگیز باوەڕ بەم بارودۆخە ناکەم کە ، مرۆڤ لەسەر مرۆڤایەتى نایەتە دەنگ ، لەگەڵ ڕەگەزى مرۆیى خۆى بێگانەیە ! کەسێ مافى ئەوەى نەبێ لە ڕووبەرێکى دیکەى ئەم گێتییە بژى ، واتە : بەندەکانى جاڕنامەى گەردونى مافەکانى مرۆڤ لە دەرەوەى پیت و وشە و قسەى بریسکەدار درۆیەکى گەورەیە . ئاگرى کوردستان پیشەسازییەکانى ئێوە بەگەڕدەخات ، هێشتا منەتمان لەسەر دەکەن ! تا کەى تەماشا دەکەن ؟ ئەوە کورد و کوردستانە ، نەتەوە و خاکێکە ، ڕەگەزێکە لە ئێوە ، ڕووبەرێکە لە زەوى ، دەسوتێ . یان ڕەنگە ئێمەتان بە مشک و کوردستانیشتان بە تاقیگە هەژمار کردبێ ، باشە ئەنجامەکانى ئەو تاقیکردنەوەیەمان پێ بڵێن ، چونکە دەست و پەنجەتان لەگەڵ زانست و لێکۆڵینەوە هاوچەرخەکان نەرم کردووە و بەڵکو سەرەداوێکى ڕەگەزى ئێمەتان بۆ ئاشکرا بوو بێت .
دەزانن چیتان لێ کردوین ؟ دەزانم کە نازانن ، بۆیە من وەڵامتنا دەدەمەوە : لە ترسى ئێوە بە شوێن گۆڕە وونبووەکانى دیکاتۆرەکاندا دەگەڕێین بەڵکو مانایەک بە بوونمان ببەخشن ! ئەگەر قسەکانى خۆتان لە بیر کردووە بە بیرتان دێنمەوە کە ، ( جاڕنامەى گەردونى مافەکانى مرۆڤ ) ە . دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانى مرۆڤ لە کوردستان ، لە درۆیەکى گەورە بەولاوە شتێکى تر نەبوون و نین . ئەگەر وانییە ، ئەى بۆچى نەیانتوانیوە ” ڕاى گشتى ” بەلاى خۆیاندا ڕابکێشن و بیکەنە دادوەر بۆ دادپەروەرى کردن لە نێوان بەرگرى مەدەنى ناتوندوتیژى و دژبەرەکەى ( دەسەڵات ) ڕوونتر بڵێم نان بە گێلى ئێمەوە دەخۆن ؟ پێویستە خەبات بکەین لە دژى ئەو هێزانەى کە لە ناوەوە مۆرانەئاسا خەریکى داڕزاندنى ئەم کۆمەڵگایەن و ئەو هێز ولایەنانەش کە لە دەرەوەى نیشتمان هێز و بازوون بۆ دوژمنانى ناوەوەى کوردستان ، بەڵام چۆن ؟ وەڵاممان بدەنەوە ، چونکە ئێوە خاوەنى قسە جوانەکانن . سەراسیمە تیاماوم شەمەندەفەرەکەتان کە لێوان لێوە لە مافەکانى مرۆڤ بۆ مرۆڤایەتى لە ساڵى (1948)ەوە لە کۆمەڵەى کشتى نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێکەوتووە کەچى ئەوە ساڵى (2016)ەیە و هێشتا نەگەیشتووەتە وێستگەى کوردستان کە “میزۆپۆتامیا لانکەى مرۆڤایەتییە “.
ئەڵبەتە باوەڕم بە ” خەباتى بەرەنگاریکردنى ناتوندوتیژى ” هەیە لە ڕێگەى زەمینە سازى و ئامادە کردنى ژمارەیەکى زۆرى خەڵک بۆ مەیلى ئەنجامدانى کردارگەلێک لە پێناو چاکەى گشتى و بنبڕ کردنى بەرژەوەندییە تایبەتییەکان . بە بۆچوونى من ، پەنا بردن بۆ جەنگ لە دژى هەر دەسەڵاتێکى ستەمکار بونیاد ( ستراکچەر )ى کۆمەڵگا وێران دەکات ، هیچ پاساوێکى لۆژیکى و ئەخلاقى نییە کە ڕەوایەتى بە جەنگ بدات ، چونکە ئەوپەڕى توندوتیژییە ، ئەگەرچى پەینى خاکى توندوتیژى بریتییە لە نەبوونى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى ( چەوساندنەوە ) ، هەرچەندە گومانم هەیە لەوەى کە ئێوە باوەڕتان بە خەباتى بەرەنگاریکردنى ناتوندوتیژى هەبێت . ئێوە ، باسى جاڕنامەى گەردونى مافەکانى مرۆڤ دەکەن لە کاتێکدا لە ڕێگەى زومى کامێراکانتان فۆکۆس دەخەنە سەر ئازارەکانمان بۆ پێشانگا فۆتۆگرافییەکان و فیلمە سینەماییەکانتان کە دەشێ ببنە پاڵێوراوى باشترین فۆتۆگراف و فیلمى ساڵ و خەڵات وەربگرن لەسەر حسابى (ئایلان) ـەکان . ئەگەر مافەکانى مرۆڤ گەردونى بێت ئەوا نیشتمان واتە هەموو جیهان ، کەچى بە قسەش بەو ڕووبەرەى ژێر پێتان بڵێم نیشتمانى من ، تاوانە . ئاوڕدانەوەیەک لە گریکى کۆن بە پێویست دەزانم کە ، ئەرستۆ دەڵێ : ( هاوڵاتى ئەو کەسەیە چاکەکار بێت ) ، بەڵام بە تێگەیشتنى ئێوە هاوڵاتى ئەو کەسەیە کە چاوى شین و قژى زەرد و باڵا بەرز بێت! ئەگەر وانییە ئەى بۆچى گیرفانى قاچاخچییەکان بە خوێنى ئێمە گەرم دەکەن؟ بە واتایەکى دیکە ئێوە ، دەمانکەن بە پاروویەکى ئاسان بۆ مافیاکان . ئێمە لە بارودۆخێکى بێ سنوورى خراپیدا دەژین ، بۆیە کۆچکردن بۆ هەناوى دەریا مێهرەبانەکان زۆر شەرەفمەندانەترە لە مردنێک بە بەرچاوى دایک و باوک و خوشک و برا لە نیشتیمانى خۆت . ” جیاوازیمان لەگەڵ ئێوە ئەوەیە کە، نیشتیمانێکتان هەیە بۆ ژیان ، بەڵام ئێمە نیشتیمانێکمان هەیە بۆ ژان .
من ، ژیانێکى شەرەفمەندانەم دەوێ کە ، هیچى لە ژیانى ئەوانى دیکە کەمتر نەبێ . ئێوە ، بە تاوانى دەزانن ، بەڵام من بە مافى خۆمى دەزانم . سیستەمى دیموکراسى ڕاستەقینە بریتى نییە لە ئازادى دەنگدان و قسە کردن کە لێى بێ بەشین ، بەڵکو بریتییە لە چۆنایەتى ژیان کە شایانى مرۆڤ بێت . ئیتر بە فیزەوە تەماشامان مەکەن ، ئەو زیادانەى هەتانە ئەو کەموکوڕیانەیە کە هەمانە ، واتە : مرۆڤایەتى بە هۆى بێ دادى باڵانسى تێکچووە ، لە ڕاستیدا ژیان پارسەنگە . ئەگەر دەستبەردارى خودسەنتەریتان نەبن ، ئەوا ناچار دەبم بڵێم مۆدێرن و بێ ئەخلاقى دوانەن کە ئێوە دایکیانن .
کورد ، بووەتە هاڕاوەى بەرداشى بەرژەوەندییەکانتان، خۆشگوزەرانیەکانتان لەسەر حسابى مردنى ئێمەیە ، تەنها بیرتان لەلاى ئەوەیە ژمارەیەک بچێتە سەر ژمارە حیسابیەکەتان . پیشەسازى و تەکنەلۆژیاکانتان ئارامى لە مرۆڤایەتى هەڵگرت ، مرۆڤى پارچەپارچە کرد ، شێوە و ڕەنگ و پێکهاتەى زەوى گۆڕى ، ئاو و هەواى پیس کرد ، کۆیلایەتى لە نێو جل و بەرگى ئەفەندیەک بە یاسایى کرد ، لەوەش واوەتر دەڕۆم و دەڵێم دەوڵەتە مۆدێرنەکانتان چەند کەسێکى کردووە بە دەمڕاستى کۆمەڵگا بە ناوى سیاسەتمەدار لە کاتێکدا لە نێوان ئەوان و خەڵک دیوارى کۆنکرێت و زرێپۆش هەیە . بۆیە وا خەریکە خەون بە نەمانى دەوڵەتەوە دەبینم ، چونکە لە سەردەمى بێ دەوڵەتیدا زەوى و مرۆڤ لەگەڵ یەکترى زۆر مێهرەبان بوون .
ئەگەر ئێوە لە خەمى ئەم هەسارەیەن ئەوا چۆن بەکوڵتان هێناوە ئارامیشى بکەنەوە ، وەک دەڵێن : ( زەرەر و زیان لە نیوە بگەڕێتەوە قازانجە ) ، چونکە شێرپەنجە کە تەشەنەى سەند ، جەستەى مرۆڤ دادەڕزێنێ . ئیتر بەسە با پێکەوە بژین و لێبووردەیى بکەینە دایک بۆ لە دایک بوونى جیهانێکى ناتوندوتیژ .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت