رێبوار حەمەوەیس : بەرەو چاکسازى راستەقینە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند مانگێکە هەرێمى کوردستان کەوتۆتە ناو قەیرانێکى قوڵى دارایى و جگ لەوەى موچەى فەرمانبەران چەند مانگێکە نەدراوە ، سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و کەرتەکانى وەک کشوکاڵ پیشەسازى و بازرگانى و بەڵێندەرایەتى بەتەواوەتى راوەستاون و گەر چارەسەرێکى ریشەیى نەدۆزرێتەوەو ریفۆرم و چاکسازى ریشەیى نەکرێت رۆژ بەرۆژ قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوەو دوور نیە بگاتە ئاستى تەقینەوەى توڕەیى خەڵک و سەرهەڵدانى راپەڕینى جەماوەرى .

ئەگەرچى بە دێژایى حکومڕانى کوردى بەردەوام قەیرانەکان بونیان هەبوەو زۆربەى کاتیش قەیرانێک بە قەیرانێکى ترى چارەسەرکراوە ، بەڵام سەرەتاى دەرکەوتنى قەیرانەکان بەو ئاستەى ئێستا هەیە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاى ساڵى 2014 ئەو کاتەى حکومەتى عێراق بەهۆى پابەندنەبونى بەرپرسانى هەرێم بە هەناردەکردنى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە، بڕیاریدا پشکى لەسەدا 17ى هەرێمى کوردستان ببڕێت ،
بێ پلانى و تەشەنەسەندنى گەندەڵى لەسەرجەم جومگەکانى حکومڕانى و نەبونى ژێرخانێکى ئابورى پتەو ، هۆکار گەلێک بوون بۆ ئەوەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان نەک هەر نەیتوانى چەند مانگێک موچەى فەرمانبەران دابین بکات ، بەڵکو ئەو پارانەشى لە بانکەکاندا هەبوو لە کون فەیەکونێکدا نەمان و بانکەکان بەتاڵ بوو . واتە دەسەڵاتداران لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى 23 ساڵى رابروودا بە شێوەیەکى گشتى و لە دواى 2003 ەوە بەتایبەت لەبرى بە دامەزراوەیى کردنى دامودەزگاکان و بنیاتنانەوەى کەرتەکانى کشتوکاڵ و پیشەسازى و گەشتوگوزار و زۆرکردنى سەرچاوەکانى داهات ، بەو داهاتەى بە فرۆشتنى نەوت بەتانکەرو خاڵە سنورییەکان دەستیان دەکەوت و بەو بودجە زەبەلاحەشى لە بەغدادوە هات کە بەوتەى ( نورى مالکى نزیکەى 120 ملیار دۆلار ) بووە ، تەنها لە خەمى پڕکردنى گیرفانەکانى حزبدا بون .
ئەو قەیرانانەى بەرۆکى خەڵکى کوردستانیان گرتوە ، ئەزمونى حکومڕانى هەرێمى خستۆتە بەردەم دوڕیانێک و گەر چاکسازى راستەقینەو ریشەیى لە کۆى کەرت و جومگەکانى وڵاتدا نەکرێت دەربازبون لە قەیرانەکان ئەستەمە . بۆ ئەمەش پێویستە پەرلەمان و حکومەت و کۆى لایەنە سیاسیەکان پێکەوە بەرپرسیارێتى دۆخەکە هەڵبگرن و رێگە چارەى گونجاو بدۆزنەوە .
چەند مانگێکە قسەو گفتوگۆى زۆر لەبارەى قەیرانەکان و هۆکارى سەرهەڵدانیان و چۆنیەتى چارەسەرکردنیان دەکرێت بەڵام تا ئێستا بەهۆى نەبونى نیەتێکى راستەقینە بەتایبەت لەلای یەکێتى و پارتى کە بەرپرسیارى سەرەکى قەیرانەکانن، کەمترین هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە نەنراوە ، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەو دوو حزبە دەیانەوێت بە چاکسازى روکەشانەو کەمکردنەوەى موچەو قوتى فەرمانبەران دۆخەکە تێپەڕێنن و نایانەوێت چاکسازى راستەقینە بکرێت چونکە باش دەزانن هەر چاکسازییەکى راستەقینە بەرژەوەندییە ئابورى و داراییەکانیان دەخاتە مەترسیەوە .
چەندین ساڵە پارتى و یەکێتى لە رێگەى هەزاران کۆمپانیاى جۆراو جۆرەوە قۆرخى سەرجەم کەرتەکانى نەوت و بازرگانى و بازاڕیان کردوەو هیچ دەرفەتێک بۆ کێبڕکێ و بەشدارى کەسانى دیکە نەماوەو گەر کەسێک یاخود کۆمپانیایەک هەوڵى دابێت بێتە مەیدانەکە یان بەهۆى هەڕەشەو چاوسورکردنەوەى بەرپرسانى حزبیەوە کشاوەتەوە یاخود ئەوەندە ئاستەنگى بۆ دروستکراوە کە خۆى وازى هێناوە، واتە هیچ دەرفەتێکى کارکردن لە دەرەوەى کۆمپانیاکانى حزب بۆ سەرمایەداران و خاوەن پرۆژەکانى دەرەوەى حزب نەماوە .
بۆیە هەر هەوڵ و تەقەلایەک بە بێ دورخستنەوەى دەستى حزب لە گیرفانى حزب ، بێ ئاکام دەبێت . لەبەر ئەوە ئێستا کاتى ئەوە هاتوە خەڵک و حزبەکانى دەرەوەى دەسەڵات و رێکخراوەکان و شارەزایان ، رایەکى گشتى دروستبکەن و دەسەڵات ناچاربکەن بە دەستپێکردنى چاکسازییەکى راستەقینە ، بۆ ئەوەش دەبێت سەرەتا چەند هەنگاوێک بنێرێت وەک :
1 – کاراکردنى رۆڵى پەرلەمانى کوردستان بە بەرزترین دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێریکردنەو بە بێ پەرلەمان ناتوانرێت هەموو ئەو یاسایانەى لە رابردوودا دەرکراون و رێگە بۆ گەندەڵى خۆشکردوە هەمواربکرێنەوە .
2 – دروستکردنى سندوقى داهاتە نەوتیەکان و ئاشکراکردنى داهاتى نەوت بۆ راى گشتى وەک چۆن حکومەتى عێراق مانگانەو ساڵانە بڕى نەوتى فرۆشراو و داهاتەکەى بە راپۆرت بڵاودەکاتەوە ، ئەمەش دەبێتە مایەى گێرانەوەى متمانەى خەڵک بۆ حکومەت .
3 – تێکەڵکردن و هەڵوەشاندنەوەى چەند وەزارەت و دەستەیەک کەلە یەکترەوە نزیکن .
4 – رێکخستنەوەى داهاتى خاڵە گومرگیەکان و دروخستنەوەى هەموو ئەو کۆمپانیا حزبیەکانى کە بەناوى جۆراو جۆرەوە پارە بۆ حزبەکانیان کۆدەکەنەوە .
5 – رێکخستنەوەى میلاکى فەرمانبەران و کەمکردنەوەى موچەى پلە تایبەت و بالاکان هەڵوەشاندنەوەى ئەو هەزاران خانەنشینە نایاساییەى لەلایەن حزبەکانەوە کراوە .
6 – رێکخستنەوەى بازاڕو رێگەخۆشکردن بۆ رکابەرى لە پێناو دابەزاندنى نرخى کاڵاو شتومەکەکان .
7 – دابەزاندنى کرێى خانو ، نرخى عەیادەو نەخۆشخانەکان و کاڵاو پێداویستیەکانى رۆژانە .
گەر ئەم هەنگاوانە کە سەرەتایى و خێران دەستپێبکرێت دەتوانرێت لانى کەم بەشێک لەو کێشەو گرفتە داراییە چارەسەر بکرێت کە دروستبوەو دواتریش دەستببرێت بۆ زۆر جومگەى ترى هەستیار بەتایبەت لێپرسینەوەو دادگایکردنى ئەو کەس و بەرپرسانەى بە ناشەرعى دەستیان گرتوە بەسەر موڵک و ماڵى گشتیدا و پارەو قوتى خەڵکیان بردۆتە بانکەکانى دەرەوە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت