111.2899 Barzani 7

شێرزاد شێخانی : ئاخیرە باخ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەتەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی پارتی لەئاست روداوە دراماتیکیەکان لەکوردستاندا ئەو پەندە کوردییەی سەلماند کە ئەڵێ : عەقل بەگەورەیی و بچوکی نیە . ئەم حیزبە کەتەمەنی دای لەحەفتاساڵ ئێستاش بەعەقلییەتێکی دواکەوتوی خێڵەکیەوە سیاسەت ئەکات . خۆ گییفکردنی مناڵانەو درۆودەڵەسە لەگەل میللەت و هاوپەیمانە سیاسیەکانی ، زەوتکردنی مافە سەرتاییەکان ئینسانی کورد هەر لەموچەوە تا دەگاتە کارەباو خزمکەتگوزاریی مرۆییانەو ، دزینی سامانی نەوتوگاز ، ئەمانە هەموی رەفتارو سیاستە دیکتاتۆرییەکەی پارتیە کە زۆر بێشەرمانە سیاسەت ئەکات ، بەمەش ناوەستێت ئەزمونی میللەتەکەمانی لەبەرچاوی دۆستو دوژمن ناشرین کردوە ، بەڵکو ئەیەوی حزبەسیاسییەکانی تریش دەمکوت بکات و بیانکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی و خۆیشی وەکو حیزبی قائید نمایش بکات .
هەولێرییەکان قسەیەکی جوانییان هەیە ، کاتیک ئەکەونە ناو کێشەو گرفتێکەوە ئەڵێن : ئاخیرە باخ ” واتە چاوببڕە کۆتایی کیشەکان . عەرەبیش ئەڵێ : الامور بخواتیمها ” واتە هەمو شتێک لەکۆتادا دەرئەکەوێت .
بابێینەوە سەر کۆتای ئەو هەمو قەیرانو کێشانەی لەم چەند ساڵەدا هاتنە ئاراوەو هەڵویست و سیاسەتەکانی پارتی لەبەرامبەریدا ..
– سەرکردەو سکرتێرو پەرلەمانتارەکانی پارتی دوای دەسنوێژ هەڵگرتن سوێندو تەڵاقییان خوارد کەوا جارێکیتر رێگا نادەن بەگەرانەوەی دکتۆر یوسف محمدی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر ، وتیان قۆناغی ئەو کۆتاییهات ، تۆمەتباریشیان کرد بە خوڵقاندنی تەنگژەی سیاسی لەسەر پۆستی ئێکسپایەری سەرۆکەکەیان ، بەڵام ئێستا بەدەست ماچکردنی بزوتنەوکەیەوە فەرموی لێئەکەن ، وەک ئەوەی نەبایان دیبێ نەباران ؟
– وتیان نوری مالیکی گەورەترین دوژمنی سەرسەختی میللەتی کوردەو ، سەرۆکی پارتی بەدوربین سەیری سەنگەرەکانی سوپای عیراق ئەکرد بۆ نەخشەدانان لەسەر شەڕێکی سەرتاسەری لەگەڵ دەسەڵاتەکەی مالیکیدا ، هەر بە فەرمانی جەنابی سەرۆکی پارتیش جێگرەکەی و سەرۆکی حکومەتەکەیان بۆ سواڵی چەند ملیۆن دۆلارێک ناردە لای دوژمنی گەورەی کورد ، ئەویش پشکە پشیلانەشی پێیان رەوا نەبینی ؟
– رێکەوتنی سیاسی لەگەل گۆڕاندا هەڵوەشاندو وەزیرەکانیان بەبریاری مەکتەبی سیاسی پارتی دەرکران ، ئێستا بەمەمنونیەتەوە باس لەرێکەوتنێکی ستراتیژی ئەکەن و داوای لێبوردنیشی لێئەکەنو ئەڵێن ئێمە دەرماننەکردبون بەڵکو پێمان وتن ” ئیسراحەتێ بکەن ؟
– لەهەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیدا وەزعەکەیان گەیاندە مریشکەرەشە ، ئێستا سەرۆک ئەفەرموێ ئەگەر کەسێک هەبێ با بێت لەسەر کورسییەکەم دانیشێت ، پێویست بەهەمواری یاساو هەڵبژاردنیش ناکات ، کورسی خۆمەو کێ بیەوێت پێیئەبەخشم ؟
– دونیایان پڕکرد لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و وتیان هەمو دونیا لەگەڵمانەو ، ها ئەمڕۆ ها سبەی هەر ئەوەندەتان زانی ئیعلانمان کردو ئاڵای کوردستانمان لەتەک ئاڵای دەوڵەتانیتر لە نیویۆرک بەرز کردەوە ، زۆری پێنەچو جێگری سەرۆکەکەیان فەرموی ” ئێمە زۆر تەنیاین ؟
– وەفدی یەکێتی ئەوروپا بەراشکاوی پێی راگەیاندون کەوا لەگەل ریفراندۆم نین نەوەک ئیعلانکردنی دەوڵەت ، کەچی نوێنەرەکەیان لەیەکێتی ئەوروپا ئەفەرموی ” ئێستا باشترین کاتە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان و ناوەندە ستراتیژییە ئەوروپاییەکانیش لەو باوەرەدان کەبەپشتبەستن بەچەند هۆکارێک ، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا پێیانوایە کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان هاتوە ؟
زۆرجار بیستومانە کەوا سیاسەت واتە درۆکردن ، تەنانەت بەکەسی درۆزنیش ئەوترێ ” سیاسەتباز ” بەڵام ئەگەر ئەمەشی لێدەربکەین ، ئەمێنێتەوە راستگۆیی سەرکردەو رەمزەکان لەگەل میللەتەکەی خۆیان . بەچی چاووڕوویەکەوە ئەتوانن جارێکیتر بێنەوە سەر شاشەکانو خۆیان گییف بکەنەوە لەکاتێکدا ئەو هەمو درۆو فشەفشانەیان کردو خەڵکیان چەواشەکرد .. مەسەلەیەک هەیە ئەڵێ : تۆ ئەتوانی هەندێ کات هەندێ کەس چەواشە بکەیت ، بەڵام ناتوانیت هەمو کات هەمو کەس چەواشە بکەیت .
جا ئێستا کاتی ئەوەیە سەیری کۆتای مەسەلەکان بکەین و لەو میللەتە ستەمدیدەمان بپرسین : ئایا ئێستا ئێوە ئامادەن جارێکیتر ئەم حیزبە درۆوزنو فشەکەرە بکەن بەسەرکردەی خۆتان ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا ئێوە بریاری خۆتان بدەن و بۆ یەکجاریش بێت بڵێن : ئیتر بەسە .
دە جاریک بیڵێن خۆ دڵم شەقی برد .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت