Anwar-Qadir

ئەنوەر قادر : کەمتیار و کەرامەت کوجا مەرحەبا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ رۆژە ئەم چەند دێڕەم نووسیوە و بەردەوام دودڵ بووم لە بڵاو کردنەوەی ، نەک لەبەر حەیا و حورمەتی ئێوە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەرگیز ئەمە میتۆدی نووسینی من نەبووە ، ئەو وشانە بەکار بهێنم کە ڕووی مەجلیسیان نیە ، بەڵام پڕ بە پێستی ئێوەن ( ئەگەر کەمیشم نەوتبێ ) ئاخر ئێوە ئەوەندە روو قایم و بێ هەستن ، بەردیش ئەهێننە قسە ، لەکاتێکدا پێشمەرگە بەرگری لە بوونمان ئەکەن قارەمانێکیان و لەسەرەمەرگی پێش شەهید بوونی بە هاوڕێکانی بڵێ : دەخیلەی مناڵەکەمم شکاندوە و دە هەزار دینارم لێ دەرهێناوە تا پێی بگەڕێمەوە بەرەکانی جەنگ ، ئێوەی گێل و نەزانیش لە شاشەی تەلەفزیۆنە بەدناوەکانتانەوە بزە لەسەر لێوتانە و کەڵبەکانتان دەر ئەخەن ، وەک ئەوەی ریکلام بۆ مەعجونی دان بکەن . چۆن ئەکرێ رێزتان لێ بگیرێ ؟

لەو رۆژەوەی ئێوەی مافیا بە کەڵەگایی حوکمی ئەم میللەتە خێر نەدیوە ئەکەن ، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر مێژوومان لەکەدار ئەکەن و تا سامانی نەتەوەییمان زیاتر بێ ئێوە زیاتر خەڵک برسی ئەکەن و زیاتر خەڵکی بێ کەرامەت لە خۆتان کۆ ئەکەنەوە ، جارێک نەمان بینین دەستان لە دەستی دۆستێکی نەتەوەکەماندا بێت، تەنیا بۆ یەکجاریش هەڵوێستێکی نەتەوەییتان نەبووە ، ئارامترین جێی خۆ پاراستنتان ئامێزی دوژمنانی نەتەوەکەمان بووە ، بێ مۆراڵترین حکومەتی دنیا بە ئەندازەی ئێوە سامانی نەتەوەیی نەدزیوە و ئاسایشی نەتەوەیی نەخستووەتە مەترسیەوە ، وەک مۆرانە کەوتوونەتە گیانی ئەم میللەتە ، مووچەتان بڕیوە ، کارەبا نیە ، ئاو نیە ، پەروەردەیەکی سەردەمیانە نابینرێ ، خەڵکتان برسی کرد ، گەنجانتان خڵتانی  خوێن کرد و بکوژەکانیانتان خەڵات کرد . هەرچی شوێنی گەشت و گوزارە پەرژینتان کرد و کردتانە بەنزڵگەی حەسانەوەی خۆتان و ئاژەڵەکانتان ، تەنیا تروسکاییەک ئەو پەرلەمانە بوو کە کودەتایەکی نامەردانەتان بەسەردا کرد و لەبارتان برد ، تەنیا لایەنێک کە بەردەوام دوژمنایەتیتان کردوە و ئەیکەن ، رۆڵە بەشەرەف و دڵسۆزەکانی نەتەوەکەمانن ، ئەگەر مسقاڵێک کەرامەتتان بۆ خۆتان بهێشتایەتەوە ، پێویستتان بە ئۆردویەک ئوتومبێلی گوللەنەبڕ نەئەبوو ، بەڵام کاتێ تەنیا لە سایەی دوژمنە سەرسەختە خوێنڕێژەکانی نەتەوەکەماندا هەست بە ئاسودەیی بکەن و کۆیلەیی دوژمنان بووبێتە نەریتتان ، هەقتانە لە رۆڵەکانی نەتەوەکەی خۆتان بترسن .

نەوت بۆ گیرفانی خۆتان ئەنێرنە دەرەوە و تەرمی مناڵە نازدارە نوقومبووەکانی دەریامان بۆ ئەهێننەوە ، سامانی ژێرزەمین و سەرزەمین ئەدزن و ئەیکەن بە دۆلار و رەوانەی دەرەوەی ئەکەن و برسێتی و نەهامەتیمان بۆ ئەهێننەوە ، کارێکتان کردووە گەنجانی نیشتمانە ئەتک کراوەکەم خۆیان ئەکەنە خۆراکی نەهەنگ و لە دەسەڵاتی بێ مروەتی ئێوەیان پێ باشترە .

ئێستاش ئێوە بۆ چارەسەری قەیرانەکان دەست ئەکەنەوە بە گیرفانی بەتاڵی خەڵکیا و ملیارەکانی خۆتانی پێ کەڵەکە ئەکەن ، چارەسەر هەیە و عەوداڵی مەبن ، ئەگەر لەچارەی رەشی خۆتان رزگارمان بکەن و چیتان دزیوە بیبەن و ئاوی ئاموون و توونی بابا چن ، کوردستانی بریندارمان بۆ بەجێهێڵن ، ئەوە نیوەی چارەسەرە و نیوەکەی تریشی ئەو رۆڵە دڵسۆزانەی ئێوە بێنازتان کردبوون نیوەکەی تری چارەسەر ئەکەن ، هەرچەندە ئێمە ئومێدەوارین هەر ئەو رۆڵانەی برسیتان کردوون ، شاربەدەرتان بکەن و دوا فلسی دزراوی پارووی دەمی مناڵانی برسی لە گەرووتان دەرهێننەوە ، خۆ ئەگەر ملتان شکان و لە شیرپەنجەی خۆتان رزگارتان کردین تەنیا مەرجمان ئەوەیە ، مەسینەهەڵگرەکانیشتان لەگەڵ خۆتان بەرن ، راستە لەو وڵاتانەی بۆیان هەڵدێن مەسینە بەکار ناهێنرێ ، بەڵام ئەتوانن بەوە خۆشحاڵیان بکەن بیانکەن بە دەسڕی تەوالێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت