هاوکار حسەین : پارە مەلاش دێنێتە جوڵە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئـەو دەمەی بەریتانیەکان ھاتنە ئـەم ناوچەیە ، کوردەوایی خۆمان لەکۆمەڵێک خێڵ و عەشیرەت و تیرە پێکھاتبو ، خەڵکێکی تا بڵێی نەخوێندەوارو دواکەوتوو . بەو پێیەی حوجرە تاکە شوێنی پێگەیاندن بوو ، چینە ھەرە خوێندەوارەکەش مەلاکان بون ، تەنانەت ئـەگەر گوندێک نامەیەکی بۆ بچوایە ، ئـەگەر مەلای دێ یان ئـاغا لەماڵ نەبوایە ، ھەر بەداخراوی ئـەمایەوە .
چەند ڕۆژھەڵاتناسێکی بەریتانی دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەباری کۆمەڵایەتی کوردەواریی بکەن ، مەلایەک دێنن و سەگێکیش لەبەرامبەریی ( چونکە زانیویانە سەگ لەروی دینیەوە ئـاژەڵێکی بێزراوە ) ، ھەرچی بەڵگەی زانستی و لۆژیکی ھەیە بۆ مەلای باس ئـەکەن ، ناتوانن قەناعەتی پێبکەن تەنانەت دەستێکیشی لێبدات . بەڵام کە پارەی بۆ ھەڵئـەڕێژن ، مەلا ئـینجا بۆخۆی ئـەکەوێتە داتاشینی حیلەشەرعی بۆ ئـەوەی دەستی لێبدات . بەریتانیەکان لەگەڵ قورسکردنی داواکارییەکانیان ، پارەو تەماحی زیاتر وەبەر مەلا دەنێن ، تا لەکۆتاییدا دوای بڕینی قۆناغەکانی سەربڕین و کەوڵکردن ، گۆشتەکەشی دەرخوارد ئـەدەن .
ئـیدی لێرەوە بۆشی کوردەکان دەدۆزنەوە ، ھەمو مەرامێکیان بەزەبری پارە جێبەجێ دەکەن ، تەنانەت دەوترێت دەیان سیخوڕو نۆکەری کوردیان لەناو بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکەی شێخ مەحمود دروستکردوەو ، پێ بەپێ شوێنی شێخیان زانیوە چی دەکات و خەریکی چیە . مەسەلەکەی ” کوردو پارەو خیانەت ” لەمەوە داکەوتووە .
خۆ لەخۆڕا نیە کۆنە شیوعیێکی ناو پارتی ، بەئـاشکرا ئـەڵێت :  میلەت سەگە ـ گەر نانی بدەیتێ ، پێت ناوەڕێت  . ئەمە ئـیشی قوڵی لەسەر کراوە ، ئـەی یەکێتی و پارتی مسابەقەیان نەبو لەسەر بڕینەوەی پارە بۆ لایەنگرانیان و دامەزراندنی کوێرانەی خەڵک لە دائـیرەکان ؟ ئـێستاش کە مانگا مردوەو شیرەکە وشکی کردوە ، چین و توێژی وا ماندەگرن و دێنە سەر جادە ، ٢٥ ساڵە ئـەڵێی زمانیان قوتداوە ، وەک زەمانی ھیتلەر ئـەگەر خەڵکیشیان بکردایە بە سابون ، ئـەمان نقەیان نەئـەھات .
ئـاخر بەدرێژایی مێژو مەلا لەگەڵ دەسەڵات خواردویەتی و لەگەڵ خەڵک شیوەنی کردوە ، ئـەمڕۆ کە تینی گەرماکە گەیشتە سەر پارەکەی ، ئـامادەیە تا باڕۆیی بەسنگە خشێ بڕوات و داوای ” حەق ” بکات . ئـاخر دادوەر لەسەر پارە نەبێت کێ بیستویەتی مانبگرن ؟ خەڵکی ھەولێر کە ئـەڵێن دارو دیواریش گوێی ھەیە ، ئـێوە پێمبڵێن جگە لە پارە ، چی تر ئـەیان جوڵێنێت ؟ کەواتە سوپاس بۆ تۆ حکومەتی ھەرێم ، کە بەنەزانی خۆت مانگاکەت تۆپاندو ئـەم خەڵکە سستەت کردە جوڵە .

بەکلیکیک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت