رەزا شوان : سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( شەکسپیر ) دەڵێ : لە جیهاندا سەرینێک نییە ، کە لە باوەشی دایک نەرمتربێت .
باوەش لە زمانی کوردیدا ، سنگ و نیوان هەردوو باڵمان دەگرێتەوە ، دەوتـرێ : دایک منداڵەکەی لە باوەش كرد و ، وەکو گۆزارشتکردن لە سـۆز و خۆشەویستی خۆی بۆی ، بە توندی نووساندی بە سنگی خۆیەوە .
بەداخەوە ، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکـان و باوکـان ، گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵەکـانیان نـازانن چییە ، کە تا چ رادەیەک کاریگەرییان لەسەر بنیاتنانی کەسێتی و بیر و هۆش و ئەندێشە و تەندروستی و دەروون و ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکانیان هەیە و دەبێت .. هەندێ لە دایکان و باوکان، تا رادەیەک وشک و بێباکن و سۆزێکی پێویستی ئەوتۆیان بەرانبەر بە جگەرگۆشەکانیان نییە .. دەشێ هۆی ئەمەش ، نابەڵەدییان بێت ، لە بارەی گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداكەکانیان ، یان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆی نەریتی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و ، رانەهـاتنیان لەگەڵ ئەم سۆز و هەستە مرۆییەدا ، یان بۆ پەروەردەیەکی هەڵە و نادروست .
دەروونناسان وا دەبینن ، کە باوەش پیاکردن نەک تەنها بۆ منداڵان سوود و چێژێکی دەروونی و گرنگییەکی هەستی هەیە .. بەڵکو لە زۆر لایەنەکانی ژیانیشدا ، سوودی بۆ گەورەکانیش هەیە .. بۆ هاوڕێ لە گەڵ هاوڕێکانیدا ، بو هاوسەران لەگەڵ یەکتریدا .
( سوقـرات ) : دەڵـێ : من هیـچ کاتێک دڵنـیا نەبـوومە .. تەنها لەو کـاتەدا کە لە بـاوەشی دایکـمدا بـووم  .

منداڵ هەر لە یەکەمین چرکە ساتی لە دایک بوونییەوە ، پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە .. منداڵ هەر لەو کاتەوە کە لە دایک دەبێت ، بۆن و هەناسە و و خورپە و لێدانی دڵ و دەنگی دایکی خۆی دەناسێتەوە .. پزیشکە پسپۆرەکانی منداڵانیش ، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .. کە منداڵ لە کاتی بوونیدا ، تووشی جورێک لە زەحمەتی هەناسەدا دەبێت ، ئەگەر لەگەڵ بوونیدا دایکی لە باوەشی بکات و بەخۆیەوە بنووسێنێت و .. بە ناسکی و بە نەرم و نیانی دەست بە سەرو لەشیدا بهێنێت .. یەکسەر هەناسەدانەکەی ئاسایی دەبێتەوە و ، هەست بە دڵنیایی دەکات .. بێگومان بە پلەی یەکەم ، رۆڵێ سەرەکی گۆشکردن و گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایک دایە .. ئەو سۆز و خۆشەویستییەی کە لە دڵ و دەروونی دایکیشدا هەیە ، بێوێنەیە و بەو رادەیە لە باوکدا بەدی ناکرێت .. مەبەستیشمان ئەوە نییە کە لە سۆز و لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزی باوک بۆ منداڵەکەی کەمتر بکەینەوە .

منداڵ دەگری، گریان تەنها هۆی گوزارشکردنە لە هەست و لە پێویستی و لە داواكانی ، چونکە هێشتا ناتوانێت قسەبکات و بە زمان گۆزارشت بکات .. هۆکارەکانی گریانی منداڵێش یا :  برسییەتی داوای شیر و خواردن و تێرکردن دەکات .. یا تینوویەتی داوای ئاو و پاراوکردن دەکات .. یا  خۆێ پیسکردووە یا میزی بە خۆێدا کردووە و ، گۆڕینی و پاکی دەوێت .. یا ئێش ئازارێ هەیە و چارەسەرکردنی دەوێت .. یا هەست بە تەنهایی دەکات و ، باوەشکردنی دایک و باوکی و دڵنیای و ئارامی و ئاسوودەیی دەوێت .

لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن و ماچکردن و دەست بە سەروقژ هاوردن و دەست خستنە سەرشان و ختووکەدانی و بە نەرم و نیانی پێاکێشان بە پشتی منداڵدا .. لە لایەن دایک و باوکییەوە پێویستییەکی گرنگە .. چونکە بە خۆوەساندنی جەستەیی ، هۆیەکی راستەوخۆی پەیوەندیە و ، مایەی خۆشی و شادی بەخشینە بە منداڵ .. لە باوشکردن منداڵ دڵنیا دەکاتەوە ، کە ئەو خۆشەویست و پەسەند و رێـزدار و لەبـەردڵانە لە لای  خێزانەکەی .. منداڵ لە هەنـاوی دایکیدا و ، لە دنیای رۆشنیشدا .. مەستبوونی سۆز و خۆشەویستی دەوێت .. باوەشی گەرم و نەرم و سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوکی دەوێت .. گرنگی لە باوەش کردنی منداڵ .. لە گرنگی و لە پێویستی شیر و خواردن و ئاو و ئۆکسجین و لە شۆرین و نووستن و جلوبەرگی جوان و لە یاری کەمتر نییە .
هەموو ئەو توێژینەوانەی ، کە لە زۆر شوێنی جیهاندا ، تا ئێستا ئەنجام دراون .. جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .. ئەو منداڵانەی کە بە سۆز و خۆشەویستی باران دەکرێن و ، بە رادەی پێویست چاودێری دەکرێن و ، زیاتر لە باوەشن و ماچ دەکرێن .. بە تایبەتیش لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیاندا .. کەمتر دەگـرین و .. زیاتریش ئاسوودە و ئـارام دەبـن .. بە شێوەیەکی باشتریش گەشەی جەستەیی و دەروونی دەکەن  .. بەڵام ئەو منداڵانەی کە بێنازن و بێبەشن لە سۆز و لە خۆشەویستی و چاودێری .. لە گەشەکردندا دوادەکەون  .

بەیانیان کە منداڵ لە خەو هەڵدەستێت .. پێویستە دایک بە گەرمی و بە زەردەخەنەیەکی ناسک و بە خۆشییەوە باوەشی لێدا و ماچی بکات و بەیانیت باشی لێبکات .. دایک بەم گوزارشتەی .. وەکو ئەوە وایە کە چنگێکی گەورەی گوڕ و تین و چالاکی و خۆشی و خۆشەویستی و هیـوا بە منداڵەکەی ببەخشێت .. منداڵەکەی بە رووخۆشی و دڵخۆشی و گەشی و گەشبینییەوە پێشوازی لە رۆژێکی خۆش دەکات .. کە دەڕوات بۆ قوتابخانەش پێویستە دایکی بە زەدەخەنەیەکی ناسکەوە ماچێکی تری بکات و .. بە رێی بخات .. ئەو منداڵە لە قوتابخانەشدا ئاسوودە و مێشک ئارام دەبێت و .. بە خۆشی و شادییەوە ، بە هێمنییەوە ، پێشوازی لە هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و ، لە وانەکەکانی دەکات و .. هۆش و زەین و بیریشی باشتر ئامادەی وەرگرتن و فێربوونی زانست و زانیارین دەبن .

لە باوەشکردن ، ئەو هەستە دەروونییە لای منداڵ دروست دەکات ، کە دایکی نزیکترین و خۆشەویسترن کەسە بە لایەوە .. پەیوەندییەکی جەستەیی و رووحی زۆر بەهێز لە نێوانیادا دروست دەبێت .. بە ئاسانی و دڵفراوانیشەوە منداڵەکەی لە کەشوهەوایەکی خۆشەویستیدا ، زیاتر گوێدێری رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی دەبێت .. لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندنی جەستەیی ، پەیوەندییەکی رەگ قـووڵی ئەوتۆ لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا دروست دەکات .. کە هەرگیز ناتوانرێت لە رەگ و ریشەوە هەڵبکێشرێت .
ئەو لای لایە و لاواندنەوە و گۆرانییانەش کە دایکان لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکە و پاڵنانی جۆلانێدا ، بۆ کۆرپە شیرینەکانیان ، بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و لە خۆشەویستی و ناسکەوە دەیانڵێن .. شادێ و هێمنی و خاوبوونەوەی دەرونی و جەستەیی و دڵنیایی بە منداڵەکانیان دەبەخشن و ..  بە خۆشییەوە دەنـوون .. بە دەم خەویشەوە هەر وا هەست دەکەن کە دایکانیان لە لایانن و ئێشکیان دەگرن .
( لامارتین ) دەڵێ :  جوانترین هۆنراوە لە سەراسەری جیهاندا .. لای لایەی دایاکانە  .
ئەو بۆچوونەش وانییە کە هەندێ پێان وایە کە خۆشەویستییەکی زۆر منداڵ فێری ناز  و نووز دەکات بەڵکو بە پێچەوانەوە بێنازی و برسی بوونی خۆشەویستی و سـۆزداری ، هۆیەکە بۆ ئەوەی کە منداڵ ، بڕوای نە بە خۆی و نە بە کەسانی دەوروبەری هەبێت . زۆر جاريش دەبێتە هۆی دڵڕەقی و ئەنجامدانی تاوان و .. هەڵوەشاندنەوەی خێـزان .

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە زانکۆیەکی ( فەرەنسی ) رای گەیاندووە و .. بە پێی ئەو توێژینەوانەش کە پزیشکانی منداڵان و زانایانی دەرووناسی و پەروەردەیی جەختیان لەسەر کردوونەتەوە .. منداڵ رۆژانە پێوستی بە (٢٤) جار لە باوەشکردن هـەیە :
1 – رۆژی( ٤) جار پێویستی بە لە باوەشکرن هەیە ، بۆ ئەوەی دەروونی ئاسوودە بێت .
2 – رۆژی ( ٨) جار پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە ، بۆ ئەوەی بـڕوای بە خۆی بێت .
3 – رۆژی ( ١٢) جار پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە ، بۆ ئەوەی ببێت بە داهێـنەر .

گرنکترین سوودەکانی لە باوەشکردن :
1 – لە باوەشکردنی منداڵ بە بەردەوامی لە لایەن دایکییەوە ، زیاتر هەست بە دڵنیایی و رێز و خۆشەویستی دەکات ، بوارێکی باش و روونیش بۆ پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان دایک و منداڵدا دەرەخسێنێت .. گەر دایک و باوک منداڵەکەیان پشتگوێ بخەن و ، لە باوەشی نەکەن ، مەترسییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە .. چونکە ئەو منداڵەی لە باوەشی گەرمی دایکی بێبەش بێت .. گۆشەگیر دەبێت و ، بڕوای بە خۆی و دەوروبەرەکەی نامێنێت و ، بە گۆمان و ترسەوە دەژی .. دەبێتە منداڵێکی بیرکۆڵ و بە خاوی تێدەگات و فێردەبێت ، تووشی خەمۆکی دەروونی و مات و مەلوولی دەبێت بە هۆی نەبوونی سۆزی دایکایەتی و باوکایەتی .. کە باوەشی گەرمی بۆ بکەنەوە و بەخۆیانەوە بینووسێنن  .

2 – لە باوەشکردن ، رێژەی ئاستی ئۆکسجین لە لەشی منداڵدا بەرزتر دەکاتەوە ، ئەمەش چارەسەری هەستکردن بە تووڕەیی و بە تەنیایی یا هەست کردن بە لۆمەکردن دەکات .

3 – لە باوەشکردن بۆ ماوەیەکی زۆر .. ئاستی رێژەی ماددەی ( سیرتـۆنین ) لە لەشدا زیاتر دەکات .. بوونی ئەم ماددەیەش، هۆیەکە بۆ هەستکردن بە خۆشی و شادی و، بۆ رێکخستنی مەزاجی گشتی منداڵ .

4 –  لە باوەشکردن ، بۆ دڵ بە سوودە و کۆئەندامی بەرگری لە لەشدا زیاتر بەهێز دەکات لە میانەی پاڵپەستۆیەکی هیواش لەسەر چەند بنکەیەکی وزەی گرنگ لە لەشی منداڵدا .

5 – بە پێی هەندێ لێکۆڵێنەوەی زانستی و پراکتیکی مەیدانی ، لە بارەی کارتێکردنی لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن ، هاوسەنگییەک بە ( کۆئەنـدامی دەمـاری ) دەدات . 

6 – لە باوەشکردن ، منداڵ فێری وەرگرتن و بەخشین دەکات .. بەرانبەر بە رێـز و لە باوەشکردن و خۆشەویستی .. منداڵيش خۆشەویستی خۆی بەو کەسە دەبەخشێت .

7 – باوەش وامان لێدەکات کە دەست لە هەندێ هاندەری ئەقڵی و رێبازی بیرکردنەوەی لۆژێکی بهێنین ، کە هەندێ جار دەبنە بەربەستێکی نەرێنی .. با تەنها بیر لەم ساتەی ئێستا بکەینەوە .. ئەمە هەستی منداڵەکەت شیرینتر دەکات وای لێدەکات جەخت لەسەر دڵی و هەستی بکاتەوە .

8 –  گۆڕینەوەی وزە لە کاتی لەباوەشکردندا لە نێوان دایک منداڵەکەیدا دەگوێزرێنەوە بۆ یەکتری .. منداڵ هەست بە یەکێتی و بە بەشداری لە گەلێ شتەکان دەکات و ، لێگەیشتن زیاتر دەکات و ، پەیوەندی نێوان دایک و منداڵ قووڵتر و بەردوام و بەهێزتر دەکات .. چونکە لە باوەشکردن، لووتکەی بە خۆوەنووساندنی جەستەییە و ، پردێکی گەورەشە بۆ گواستنەوەی هەست و سۆزەکان ، لە نێوان دایک و منداڵدا .  

9 – لە باوەشکردن ، توورەیی و گـرژی و فشاری دەروونی و لە لەشدا ناهێڵێت و .. یارمەتی خاوبوونەوەی ماسوولکەکان دەدات .. ئەگەر منداڵەکەت دووچاری دڵتەنگی و پەستی و ئاڵۆزی بووە .. لە باوشکردن لەم ساتەدا ، زۆر شت چارەسەر دەکات .

10 – هەر لە رۆژەکانی یەکەمی لە دایکبوونی منداڵەوە ..  خێزان بناغەی پەیوەندییەکی هۆشی لەگەڵ منداڵەکەیدا دەست پێدەکات .. لە میانەی لە باوەشکردنی منداڵەکەیانەوە .. باوەش دەبێتە بەڵگەی رێز و بە گوزارشت لە سۆز و خۆشەویستی  . لێرەوە پەیوەندییە هۆشییەکانی لە باوەشکردن دەست پێدەکات .. هەرچەند منداڵەکەت لە باوەش بکەیت .. زیاتر دڵنیایی پێدەبەخشێت و ، هەست بەوە دەکات کە  خۆشەویست و رێزگیراوە .. ئەم هەستکردنەش بە پێویستییە سەرەکییەکانی منداڵ دەزانرێت .. یارمەتی ئەوەی دەدات کە گەورەبوو ، ببێت بەمنداڵێکی هاوسەنگ و دروست و دەروون ئاسایی .

11 – ئەو منداڵەی کە زیاتر لە باوەش دەکرێت .. تەندروستیی باشترە و بەرگری بۆ نەخۆشییەکان بەهێزترە ، لەو منداڵەی کە دایکی رۆژانە بە کەمی لە باوەشی دەکات و سۆزێکی کەمی بۆی هەیە .. لەوە دەترسێ کە لەسەر لە باوەشکردن رابێت هەر وەکو پزیشکی منداڵان ئامۆژگاریی کردووە ، کە تەنها بایەخ بە تەندروستی جەستەیی دەدەن و ، ئاوڕ لە پێویستییە دەروونییەکانی منداڵان نادەنەوە .

12 – ئەو منداڵەی لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیدا ، دەخرێتە دایانگاوە یا ، دەدرێتە دایەن یا پەروەردەکار بەخێوی بکات ، لەبەر ئەوەی کە دایکی کاردەکات . ئەو منداڵە دەمارگیر و شەڕخواز دەبێت .. چونکە وەک دایکی لە باوەشی ناکەن و ، هەست بە دڵنیایی ناکات لە باوەشی دایکی نەبێت .. تووشی گەلێ کێشە و گرێی دەروونی نەخوازراویش دەبێت .

13 – لێکۆڵینەوە دەروونییەکانی ئەم دواییە ، دەربارەی لە باوەشکردنی منداڵ و ، دەست هێنان بە سەر و قژیدا و ، دەست خستنە سەرشانی و ، ماچکردنی و یاریکردن لەگەڵیدا لە لایەن دایک و باوکییەوە .. ئەوە دەسەلمێنن کە ئاستی رێژەی ژیری و زیرەکی منداڵ بەرز دەکاتەوە و .. تێکڕای گەشەکردنی سروشتی منداڵیش بەرزتر دەکاتەوە .

14 – لە باوشکردن و بە خۆوەنووساندن و دەست لە ملکردنی منداڵ و ، بە نەرمی شێلانی و ، بە نیانی دەستهێنان بە سەر و قژ و روومەتەکانیدا .. یارمەتیدەرەن بۆ دەردانی ماددەی ( ئەنـدرۆفـین ) لە لەشیدا .. ئەم ماددەیەش گەیەنەرێکی دەمارییە و یارماتیی هێورکردنەوەی تووڕەیی و گرژی و هەڵچوون و ، دڵەڕاوکێی دەروونی و، کپکردنەوەی ئازار دەدات .

15 –  لە باوەشکردن منداڵان پەیوەندییەکی گرنگی ئەرێنی بە مۆرکئ کەسێتییەوە هەیە .. چونکە بە رادەیەی زۆر کاریگەریی لەسەر بنیاتنی کەسێتیدا هەیە و .. دەبێت .

16 – لە باوەشکردن ، هەستی هێز و، بڕوابەخۆبوونێکی بێوێنە بە منداڵان دەبەخشێت .

17 – لە باوەشکردن زمانێکە ، بەڵام زمانێکی جیاوزاە ، هەستەکانی بەزاندووە و ، بووە بە دەریایەکی بێسنووری سوودی رووحی و دەروونی و جەستەیی و ویژدانی و هۆشی .. گەرچی زمانێکی سادەیە ، بەڵام واتا و پەیامێکی راست و بەرز و پیرۆز دەگەیەنێت .

18 – باوەشی دایک گەورەترین قوتابخانەی منداڵە .. کە زۆر شتی لێوە فێردەبێت .
( کۆرنـای ) دەڵێت :  یەکەمـین قوتابخـانەم .. لەسەر سـنگی دایـکم بوو .

لە کۆتاییدا دەڵێین باوەشی گەرم و نەرمی دایکان .. خۆشترین و دڵنیاترین شوێنن بۆ منداڵان .. ئەو چێژ و خۆشییەی کە لەسەر سـنگی دایکیدا هەستی پێدەکرێت ، لە هیچ شوێنێکی تردا هەست بەو چێژە ناکرێت .. باوەشی دایک بەهەشتێکە .. چارەسەرێکی ئاسان و بە خۆڕاییشە .. بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی نەخۆشی و ناخۆشییەکان .

لە باوەشکردن و ، بەخۆوەنووساندنی جەستەیی منداڵان و خۆشەویستی هەموو رۆژێ .. بۆ ماوەی هەزاران رۆژ .. منـداڵان لە نەخـۆشیی و لە ناخـۆشی دوور دەخەنەوە .

دایکانی میهرەبان و دڵسۆز و بەسۆز .. کەس گومانی لە سۆزداری و لە خۆشەویستی بێسنووری ئێوەی پیرۆزترین گیانەوەر نییە .. تا دەتوانن جگەرگۆشەکانتان لە باوەشی گەرم و نەرمتان بکەن .. رەنگدانەوەی ئەم خۆشەویستییەتان لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا لە منداڵەککانتاندا بەدی دەکەن .. دایکانی دڵسۆز ، هیچ خەڵات و پاداشتێکیش نییە کە هاوتای خۆشەویستی و سۆزداری و میهرەبانی ئێوەی دایکان بێت .. ئێمە هەموومان شەرمەزاری ماندووبوون و شەونوخوونی ئێوەین .. چیتان بۆ بکەین .. چەند پێتاندا هەڵدەین .. ناگەنە تنۆکێکی دەریای بێسنووری سۆز و خۆشەویستیی ئێوەی دایکان .

سەرچاوەی وێنە  ـ gebrueder

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت