شێرزاد شێخانی : شکستە حەیاچووەکانی پارتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژ لەدوای رۆژ هەڵویست و روداوەکانی ناوچەکەو جیهان دژ بەسیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەشکێنەوە .. هەرچی هەنگاوێکی ئەم حزبە بە تایبەتیش لەم دواییانەدا هەڵیناوە بەنەرینی وەڵامی دراوەتەوە ، ئەمەش چانسی ئەو میللەتەی ئێمەیە کە بەدەست رەفتارو سیاسەتەکانی ئەم حزبەوە ناوبانگی ناشرین بووە ، کارێکی باشە هەرچی سیاسەتێکی ئەم حزبە لەسەر ئاستی نێوخۆو دەرەوەش بەپێچەوانەی حەزو خواستەکانی ئەکەوێتەوە ، ئەگینا بەم سیاسەتانەوە پارتی بێگومان هەرێمەکەی ئێمەی بەرەو هەڵدێری دیکتاتۆریەت ئەبردو ئەزمونەکەشمانی لەبار ئەبرد .

سەرۆک و سەرکردەی ئەم حیزبە بۆ شاردنەوەی شکستی سیاسەتەکانیان لەسەر ئاستی ناوەوەو داپۆشینی عەیبەی کودەتاکەیان بەسەر شەرعیەتی پەرلمان و ئیفلیجکردنی حکومەتەکەیان ، بەیتو بالۆرەی سەربەخۆییان بۆ دوبارەو دەبارە ئەکردەوە ، بەڵام دەرکەوت نەوەکا ئیعلانی سەربەخۆیی لەسەر دەستی سەرۆکی ئەم حیزبە ، بەڵکو ریفراندۆمەکەش لەلایەن زۆربەی وڵاتانی دونیا رەتکرایەوە ، ئەوەتا ئەمریکاش لەسەر زاری جێگری وتەبیژی وەزارەتی دەرەوە لەوەڵامی پرسیاری پەیامنیری ” روداو ” ەکەی نێچیرڤاندا وتویەتی ” ئێمە هەمیشە روون و ئاشکرابوین و ئەو سیاسەتەمان نەگۆڕاوە کە پاڵپشتی لەعیراقێکی یەکگرتوو فیدرال و فرەلایەن و دیموکراسی ئەکەین . ئەمەش رێک پێچەوانەی حەزی سەرانی پارتی و سەرۆکەکەیانە کە ئەیویست لەعیراق جیابێتەوەو حوکمی دیکتاتۆری لەجیاتی فرەلایەنی لەهەرێمدا جێگیر بکات و خۆیشی وەکو دیکتاتۆرێک نمایش بکات لەبری حوکمێکی دیموکراسی “. سەربەخۆیی و ریفراندۆمەکشمان فت بەهۆی سیاسەتە بێسەروبەرەکەی سەرانی پارتیەوە .
با بێینەوە سەر حکومەتە ناسک و نازدارەکەی پارتییەوە کە بەدرێژایی شەش ساڵی رەبەق هەوڵی مانونەمانیان ئەدا بۆ سەربەخۆیی ئابوری ، دکتۆرێکی فاشیلی چڵکاوخۆریان لە ئەوروپاوە هێناو وتیان وەزیرێکە لەهەمو شەرقولئەوستەدا هاوتای نیە ، ئەم وەزیرە زۆر بێباکانە بەرامبەر بەغدا فەرموی ئێمە نەوتفرۆشتن و خەیار فرۆشتنمان لا وەکو یەکە ، دەرکەوت نەشارەزایی لەنەوتفرۆشتنەکەدا هەبوە نەوەک عارەبانچییەکیش توانی خەیاریش بفرۆشێت ، دەرکەوت هەمو خەبیری ئەم پیاوە تەنها لەدزی وفزی و بەتالانبردنی سامانی میللەت و شاردنەوەی لە بانکەکانی دەرەوەدا ، بەمەش هەرێمی نوقمی زەلکاوی قەرزی تا بیینەقاقا کردو ، دوملیاری پێ ژماردین لەبری کێشەی داناغازو 18 ملیاری تریشی قەرزوقۆلی ئەملاو ئەولاو ، تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیشی بڕی بۆ دانەوەی موستەحقاتی کۆمپانیا نەوتییەکان ، لە کۆتایشدا حکومەت بایدایەوە لای بەغداو بەچاوشۆڕییەوە رازی بو بەوەی عەبادی موچەکەمان بۆ بنێرێت و ئەوانیش نەوتەکەی رادەست بکەن ، نازانم بۆچی هەر لەسەرتاوە ئەو غرورەیان گرت و هەر پێش چوار پێنج ساڵ نەوتەکەیان نەئەدایەو ” کفى الله المۆمنین شر قتال “؟ . ئەمەش شکستێکی تر .
کاتێک پارتی بەبریارێکی مەکتەبی سیاسییەکەی رێگری لە هاتنی سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ هەولێر ، سەرکردەکانی رۆژانەو هەمو سەرەسەعاتێک بە لێدوانێکی تازەوە دوپاتیان ئەکردەوە کەوا گۆڕان کۆتایی هاتو قۆناغی یوسف محمەد بەسەرچو جارێکیتر ناگەرێتەوە پەرلەمان ، ئێستا بەکۆمەڵ لەبەر دەرگای بزوتنەوی گۆڕاندا ئەپاڕێنەوە بەڵکو سەرۆکی پەرلەمان بگەرێننەوە و “عفا الله عما سلف “. ئەمەش شکستێکی تری ئەم حزبە .
سەرباری ئەو ملیار دۆلارانەی پارتی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی حزبەکەی ئەردۆگان سەرفکردو ، سەرەرای ئەو گرێبەستە پەنجا ساڵیانەی حزبەکەی لەگەل تورکیاو حزبەکەی ئەردۆگاندا ، کەچی دوای بردنەوەی حزبەکەش بەپارەی پارتی و بەپشتیوانیەکانیشی لەهەلمەتی هەلبژاردنەکاندا ، سەرۆکی حکومەتەکەی پارتی و جێگری سەرۆکەکەشی زۆر بەئاشکراو غەمگیینیەوە رایگەیاند کەوا ئێمە زۆر تەنیاین ؟!.. ئەمەش شکستێکی تری پارتی .
دوای هەوڵێکی زۆرو دروستکردنی دەیان قەیرانی سیاسی و دارایی و فشارێکی زۆری سەرانی پارتی و سەرفکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کڕینی هەڵوێستی هەندێ حزبی بچوکی کوردستان بۆ هێشتنەوەی مەسعود بارزانی لەسەر کورسی دەسەڵات وەک سەرۆکی هەرێم ، ئەوەتا جارێکیتر هەر چوار حزبەکە پابەندبونیان بەپرۆژە چوار قۆڵییەکەوە دوپاتکردەوەو داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی هەرێمو بەدیموکراسیکردنی کردەوە ، ئەمەش وای لەسەرۆکی هەرێم کرد دواجار ئیعتراف بەبەسەرچونی ویلایەتەکەی بکات و داوای چارەسەر لەو حزبانە بکاتەوە .. ئەمەش شکستێکی تری پارتی .
پارتی هەمو هەوڵێکی خۆی خستەگەر بۆ ئەوەی گۆڕان لەپرۆسەی سیاسی بکاتە دەرەوە ، فشارێکی زۆریشی خستە سەر حزبە گەورەکان بەتایبەتیش یەکێتی و یەکگرتو بۆ ئەوەی بەیەکەوە حکومەتێکی تازە دامەزرێنن گۆران و کۆمەڵیش بکەنە دەرەوە ، بەڵام یەکێتی جارێکی تر دوپاتی کردەوە کەوا ئامادە نیە لەسەر حیسابی گۆڕان و هیچ حزبێکی تر رێکەوتن لەگەڵ پارتیدا بکات ، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی یەکگرتووش لەلێژنەی ئاساییکردنەوە بکشێتەوە ئەمەش پارتی توشی شۆک کرد کە ئەم حزبە جورئەتی ئەوەی هەبێت لەم زروفەدا پشت لەپارتی بکات .. ئەمەش شکستێکی تری پارتی .
لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا پارتی دروشمی ئەوەی هەڵکرد کەوا بەشی هەر هاوڵاتییەک لەنەوتی هەرێم لەناو زەرفێکدا بنێرێتە ماڵەکانیانەوە ، بەڵام ئێستا نەک هەر بەشە نەوتەکەی پێنەدرا بەڵکو لەموچەکەشیانی بڕی بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان .. ئەمەش شکستێکی تری پارتی .
بەدرێژایی تەمەنی ئەم حکومەتانەی پارتی قەڵەمە بەکرێگیراوەکانی هەمیشە وەسفی نێچیرڤانیان ئەکرد بە ئەندازیاری ئاوەدانی و بوژانەوە ، ئێستا دەرکەوت کەوا ئەم ئەندازیارە نەیتوانی بۆری ئاوەڕۆکانی گەڕەکە هەژارەکانیش بکاتەوە کاتێک باران و لافاو هەلئەسێت و سەدان ماڵ ئەکەونە ژێر ئاو و ئاوەرۆری پیسی گەرەکەکانەوە .. ئەمەش شکستێکی تری پارتی .
زۆر دەمێکە وتومە ئەم حزبەی پارتی حزبێکی بێ مۆراڵە ، حزبێکی عەقلیەت دواکەوتووە ، حزبێکی هەرزەکاری سیاسییە ، حزبێکە هیچ شەرم دایناگرێت لەبەرامبەر هەر خیانەتێک و شکستێکی سیاسی و ئابوری و خزمەتگوزاری ، ئەگینا ئەم شکستانەی ئێستا هەر حزبێک یا کەسێک توشی هاتبایە دەم و دەست دەستی لەکار ئەکێشایەوە ، ئەگەر زۆر ئازاش بوایە و جورئەتی ئەوەی هەبوایە تەحەمولی بەرپرسیارەتی ئەو هەمو شکستەی بکردایە ئەوا ئەبو وەکو سامۆراکانی ژاپۆن شیرێکیان بکردایە بەسکی خۆیان و شەرەفمەندانە خۆیان بکوشتایە نەوەک کوشتنی میللەتێک بەم سیاسەت و هەڵوێستە نەشازانەی خۆیانەوە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت