مامۆستا شێرکۆ : گەندەڵی .

هەر وڵاتێکی بە تواناو پێشکەوتووی دنیا بە ماوەیەکی زۆر کەم بەچۆکدا دێت بە هۆی گەندەڵی لە جومگەکانی بەڕێوەبردندا بەتایبەتی لە سەرۆکایەتی وڵات ، دادگاو فەرامۆش کردنی دادوەری لە پەرتەوازەیی هێزی پاراستنی وڵات و کنە کردنی کەسانی مشەخۆروو بەدڕەوشت و پیلانگێڕی و لایەنگیریبوونی بۆ ئەم یا ئەو فەرامۆش کردنی ئەرکی سەرەکی کە نیشتمان پاراستنە ، کاتێ تاک هاونیشتمانی بوونی بەلاوە گرنگ نەبوو بەرژەوەندییە کەسییەکان جێگای گرتەوە، ئەی لە شوێنێکی وەک باشووری کوردستان هێشتا دەوڵەت نیە و سیستەمێکی تێکەڵی بێ ناو نیشان و بە ناو دیموکراسی و بەناو پەرلەمانێک و فرە لەشکروو فرە دەزگای هەواڵگری و ، هەرێمێک لە ڕووی هەڕەشەیەکی دەرەکیدا بە زوویی چۆکدا بدات و هاواری بەدەنگەوەهاتنی نێو دەوڵەتی لێ هەستێ و لە ڕووی نەتەوەییەوە کۆک و یەکگرتوو نەبێت لە دنیای دەرەوەدا وەک نەتەوەیەک ستەم لێکراو و نیشتمانێکی داگیرکراو ساخ نەبووبێتەوەو بە هۆی بەرژەوەندیەکانیانەوە ئاوڕی لێبدەنەوە ، هەرێمێک لە هەموو لایەکەوە هەوڵ دەدەن لەسەر پێی خۆی نەوەستێ ئەبێ گەندەڵی چی لێ بەسەر بهێنێ و بێگومان ئایندەیەکی شکستخواردووی وەک میرایەتیەکانی پێشوو باشتری لێ چاوەڕوان ناکرێت کەواتە با بزانین پایە گرنگەکانی گەندەڵی چیەو بەپێی توانا دەست بخەمە سەر ڕێگا چارەی :

1 – ناهوشیاری هاونیشتمانیان
کورد زۆرینەی دانیشتوانی باشوورو باکوورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو شوێنەیە کە ئێمە پێی دەڵێین کوردستان و هاونیشتمانیەکەیەتی کە زۆرینەی کوردە ، دانیشتوانی ئەم سنوورە جوگرافییە لە ڕووی فەرهەنگی نەتەوەییەوە پێگەیینی پێوە دیار نییە لە سادە ترین پێناسەدا بە زمانی سادەی خەڵک لە باشووردا دەڵێین : ئەو کەسە ئێرانییە یا تورکییە یا سوریاییە ئەوانیش دەڵێن عیراقییە ، ئەوە دەگەیەنێ ئێمە بە هۆی دواکەوتوویی فەرهەنگییەوە لە هەزارەی یەکەمەوە نەمانتوانیوە قۆناخەکانی گۆڕانی کۆمەڵ تێپەڕێنین کە ئەبوایە بکرایە هێشتا تورک لە ناوچەکەدا هەر نەبوو عەرەبی پێش ئیسلام دەسەڵاتیان لە عیراقدا نەبوو فارسیش بە شەڕوو شۆڕوو پەلامارەکانی گریک و بێزەنتیەکان نەیان دەتوانی بپەرژێنە سەر کورد ، دوا بەدوای هاتنی ئیسلام و داگیرکرانی ناوچەی جوگرافی کوردستان فارسەکان توانیان ئاینەکە بقۆزنەوەو دەسەڵاتی خۆیان لە عەرەب سەندەوەو نەتوانەوە لە ناو عەرەبدا و کوردستان بوو بە دووبەش و فەرهەنگی هەردوو نەتەوەی بەسەردا سەپێنرا بە یەک ئاینی دوو مەزەبی جیاواز جۆری ستەمەکان خۆیان خستە ڕوو لە تواندنەوەی کورد بە دوو ڕێگا نەتەوەیی ئاینی دوای هاتنی تورک و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی ئیمپراتۆری عوسمانی ستەمی تورکیش هاتە پاڵی بڕوانە لەو دۆخانەی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هاتووە کورد نەیتوانیوە نە فەرهەنگی هەبێت نە دەسەڵات ڕۆژ دوای ڕۆژ سەخت تر بووە بۆی ئەوە ئەگەیەنێ خۆی لە قەرەی شارستانیەت نەداوەو پتر وێڵی پووش و پاوان ئاژەڵداری بوە ئەگەر ئێستاش بڕوانیتە ئاژەڵدارییەکەی زۆر سەرەتایی و نادرووستەو نەیتوانیوە جۆرێک یەکگرتن لە نێو خێڵ و هۆزەکاندا درووست بکات و ناوەندێکی ىڕیاردان لە نێوانیاندا هەبێت کە دەبووە هۆی ناوکی یەکگرتنی نەتەوەیی ئەو پەرتەوازەییەش هۆیەکی کاریگەرە لە نەخەمڵینی فەرهەنگی نەتەوەیی نوسراو ئەمە وای کردووە وشەیەک دەستەواژەیەک نەیاتە ئاراوە بڵێن نەتەوە ، ئەو نوسراوەی هەشبێ دەربارەی خێڵ و هۆزەکان بە زمانەکانی فارسی یا ناوی کورد هاتبێ لە نوسراوە عەرەبیەکاندا ، لەم باسەدا کە لێدوانە لە گەندەڵی لە باشووری کوردستاندا دەسەڵاتدارانی ئیسڵام و زاڵ کردنی فەرهەنگی عەرەبی جگە لە کەمی یا هەر نەبوونی فەرهەنگ و ڕۆشنبیری نەتەوەیی کورد ، کورد ناچار بووە لە هەموو لایەکەوە زمانی عەرەبی بوێت و ژیانی خۆی پێ بەرێتە سەر ، ئەوەی گرنگە بڵێین بەو بارە ناهەموارەشەوە کورد خۆشەویستان لە حوجرەکانی مزگەوتەوە سەریان درهێناوەو ئاهێکیان بۆ زمان و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری کورد هێناوەتە بەرهەم و هۆنراوەو هەڵبەست و چیرۆکی هۆنراوەییان خستۆتە بەردەمی خوێنەران و بۆتە هۆی دیوەخان گەرم کردن و زمانەکەیان گەیاندە ئەمڕۆی ئێمە . لەو کەین بەینەی داگیرکەرانی کوردستان خۆیان سەقامگیر کردوو سنوورەکانی خۆیان لە جەرگی نیشتمانی ئێمەدا چەسپاندوو ئێمەیان کردە هاونیشتمانیەکی بێزراوی خۆیان و ساخ کردنەوەی هەموو داب و نەڕێت و زمانی خۆیان بەسەرماندا و لە ئێمەشەوە وەرگرتنی و ڕەتنەکردنەوەی و بوو بە بەشێک لە ژیان و ژینمان ئەمە وای کردووە زمانمان تەنها لە ماڵ و کۆڵانەکان تێپەڕ نەکات ئیتر ڕۆشنبیرییەکەمان بوو بە هی ئەوان زمانی عەرەبی جوگرافیا و میژوو تەنانەت زانستەکانی تریش بە زمانی ئەوان ئێمەش بووین بە هاو نیشتمانیەکی عەرەب بە کردەوە خۆمان لە خۆمان سەندراینەوە زۆریش هەوڵدراوە کە ناسنامەی نەتەوەیی بگۆڕین بە عەرەب دیارە ئەم هەوڵە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر کەم و زۆری هەبوە و خەڵکیش ئارەزووی نەبووە ناسنامە بگۆڕێ کە ئەوە نهێنی مانەوەی کورد بووە . ئەوان کاریگەریان لەسەر تاک و خێزان و خوێندنگاو مزگەتدا داناوەو خۆیان پێ سەقامگیر کردووە توانیویانە ئێمەش بکەن بەهاونیشتمانی و سەربازیمان پێ بکەن و لە شەڕدا بە کوشتمان بدەن و لەگەڵ ئەوەشدا بە ناشارستانی سەرچاوەی ئاژاوە دانراوین و زۆربەی خەڵک حوکمەتی عەرەبی بە پرد زانیوەو بە کوفری لە قەڵەمداوە بچی بەگژیدا بۆیە لەسەرکوت کردنی یاخی بوون شۆڕشەکاندا کوردیان بەکارهێناوە بەرامبەر چنگێک پارە و دایان ماڵێوە لە مۆرکە نەتەوەییەکەی و پاشان خەڵکە بەناو شۆڕشگێڕەکە باوەشیان بۆ کردوونەتەوەو ڕێزلێگیراو بوونە .
بۆ یەکەمجار بەدرخان توانی ببێتە ناوەندێکی نەتەوەیی فەرهەنگ و ڕۆشنبیری کورد داکۆکی کردنی بۆ گرنگی دان بە زمان و ڕۆژنامەو ئیزگەی کوردی ، دەنگ دانەوەیەکی باشی درووست کرد لە ناو ڕۆشنبیرانی کورد و دەرەوەی کوردو لەبەر ئەوەی پاڵپشتی نەتەوەیی نەبوو دای لە کزی ، یەک سەرنجی گرنگ هەیە تاکی کورد ئامادەیی پاڵپشتی کردنی کاری نەتەوەیی نیە ئەگەر بەرژەوەندی کەسی خۆی تێدا نەبێت ، پشتیوانی نەتەوەیی گرێ دەدات بەبەرژەوەندی بازرگانیەوە کە ئێستا لە باشووری کوردستاندا بۆتە مۆدێلی گەندەڵی .
لەسەدەی نۆزدەو بیستدا هەندێک سەرهەڵدان و شۆڕش جا خێڵەکی شێخایەتی و حیزبی سیاسی برەوێکیاندا بە فەرهەنگ و ڕۆشنبیری کوردی بەڵام نەگەیشتنە ئامادەکاری بۆ فەرهەنگ و ڕۆشنبیری نەتەوەیی هەمووی بە ئەندازەی پیرەمێردوو کاکەی فەلاح کۆرێ زانیاری کورد جێگیر نەبوون بۆ ڕەگ داکوتانی بیری نەتەوەیی ، بۆیە هوشیاری نەتەوەیی بە پچڕ پچڕی درێژەی بەخۆی داوەو زۆر جار لە دیدی سەرکردەکان و حیزبەکانیان تێپەڕ ناکات و بوونەتە مایەی یەکنەگرتنی ناوەندە فەرهەنگیەکان و شۆڕنەبوونەوەشیان بۆ ناو ناخی بیرکردنەوەی خەڵک و گرنگی نەدان بە کۆڕوو کۆمەڵی ڕۆشنبیری ئەگەر کەسی کارێزمای بێکەڵکی تێدا نەبێت و ئامادە بوونیشیان تاوێک نادات بە پێشکەوتنی بواری ڕۆشنبیری نەتەوەیی بۆیە دەبینی هەرە خوێندەوارو سیاسیە بەرزەکان زۆر کۆڵەوارن لە ڕووی زمانەوە لە بواری کارەکەی خۆێشی دا بە زۆریش ناچار دەبن ئەو چەند وشە عەرەبییەی لایان هەیە بەکاری ببەن ، لەوەیە بڵێن ئەم هەموو درێژ دادڕیە لە کێشیی گەندەڵیدا بۆچی ، نازانن بوونی هوشیاری نەتەوەیی چەند کاری گەری هەیە لەسەر درووست کردنی تاکی بەرپرسیار لە بچووک ترین دیاردە نامۆکانی ناو کۆمەڵ کە ئەمڕۆ گەندەڵی هەرە کوشندەکەیەتی بۆ تێگەیشتن لەو تاکە هوشیارەوە لە کووێوە پەیدا دەبێت و هەموو کێشەو پرسیارێک وەڵامی خۆی هەیە پرسیارمان ئەوەیە چۆن ناهوشیاری دەگۆڕێن بۆ هوشیاری باڵا کە هوشیاری نەتەوەییە :  

1 – 1 هوشیاری خێزان : خێزان حوکمەتە بچوکەکەی نەتەوە ، خوێندەواری هەنگاوی یەکەمە لە هوشیاری بۆ دنیا بینییەکی باش لە پەروەردەو فێرکردنی نەوەکان واتا مناڵان ، تا ئاستی هوشیاری خێزان واتە دایک و باوک باڵا تر بێت ڕۆشنبیری و ژیان و گوزەران باڵاتروو باشتر لە هۆش و بیری مناڵدا دەچەسپێ و کاردانەوەی دەبێت بۆیە داک و باب ئەبێ وریا بن و لە ئاستی خۆیان و نەتەوەکەیاندا مناڵ فێر بکەن و دوور بکەونەوە لە لاسایی کردنەوەیەک لە گەڵ سرووشتی نەتەوەییدا نەگونجێت و نامۆ بێت پاشان کاردانەوەی خراپی نەتەوەیی لەسەر مناڵ دابنێت ، بۆ نموونە ئێمە لە کوردستانین بۆ ئێمە پۆشاکی کوردی ڕەسەنایەتی خۆی هەیە و گرنگی پێ بدرێت نەک باڵا پۆشیەکی کەنداو کە مۆرکی نەتەوەیی عەرەبی پێوە دیارە لە وەڵامدا دەڵێن ئەمە ئاینی ترە جا کەیفی خۆیەتی ئەوەی باڵا پۆش تروو جوانترە ، بەو پێیە ئەو لاساییە جۆرێک لە هوشیاری نەتەوەیی لای تاک کەم دەکاتەوە بە قوربانی دانی بە پۆشاکی خۆیی و گۆڕینی بە بێگانە ، یا بەکار هێنانی وشەی بێگانە لە ناوەندی زماندا وەک خۆ نیشاندانێک بۆ زانین و  وردە وردە زیاد کردنی وشەی تر تا لەدەست دانی زمانی خۆت ئارەزوو لێ نەبوونی یا ئەوەتا بە بیانووی زمانەکە ئەو وشەیەی لە بەرامبەردا نییە کە ئەوە کاری ناوەندی زمانە وشەیەکی بۆ درووست بکات تا مۆرکی نەتەوەیی پێوە بێت و هوشیاری نەتەوەیی لای تاک درووست بکات ، هوشیاری خێزان دەبێت زۆر لەوە تێپەڕ کات کە هەیانە بتوانن بابەتەکان لێک جیابکەنەوەو تێکەڵیان نەکەن تا مناڵ هەست بکات هوشیاری دایک و بابی سەرچاوەیەکی گرنگی هەیە کە دوایی تێدەگات نەتەوەیە و هەستی نەتەوەیی لا درووست دەبێت خۆی دادەنێت بە ئەندامی کۆمەڵگاکەیی و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی دیاری دەکات چۆن بتوانێت نەتەوەکەی خۆی بگەیەنێتە ئاستی کۆمەڵگاکانی تری دنیا ئەوسا لە چاکی و خراپییەکانی ناو کۆمەڵگا تێدەگات و بۆ هەر یەکەیان پرس و دیدوو بۆچوونی خۆی دەبێت ئەو کاتەیە کە خێزانە توانیویەتی ئەرکی خێزانی و نەتەوەیی خۆی ئەنجام داوەو گومان ناکات لە هوشیاری شێوەی پەروەردە کردنەکەی ، ناتوانرێ بۆ هەموو خێزانەکان یەک جۆر شێوەی پەروەردەکراوی کوڵاوی بۆ ئامادە بکەی ، خێزانەکان و مناڵەکان بەپێی باری بایەلۆجی فسیۆلۆجی و دەروونی جیاوازیان هەیە جینەکان کاری گەری خۆیان هەیە خێرایی و لەسەرەخۆیی پەروەردەیی لە ناو خێزانێکدا جیاوازی تێدا بەدی دەکرێت ، کاری گەری پەروەردەی خێزانی باش لە پلە باڵاکانی خوێندندا دەردەکەوێ کە چۆن هاوکاری دایک باوک لە ڕینیشاندانیان بۆ خوێندنەوەی پەرتووک بە تایبەتی لە قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەیی دەربارەی بوارە جیاجیاکانی نەتەوەی کورد ، لە قۆناخی سەرەتاییدا مناڵ لە ماڵەوە فێری گیانی هاوکاری دایک و باوک و خوشک و برای فێر بکرێ ئەو گیانە هاوکاریە بەرێتە دەرەوەی ماڵ و ئاشنای بکات بەهاوەڵەکانی ، سەر ڕاستی نەرم و نیانی پتر لە پەروەردەی ماڵەوە جێگیر دەبێت بۆیە زۆر گرنگە دایک و باوک ڕاستگۆو نەرم و نیان زمان پاک بن یەکتریان خۆش بوێ لە دڵەوە تا مناڵەکانێش هەمان کردار بنوێنن و ئامادە بکرێن بۆ ناو کۆمەڵ ، بەو جۆرە خێزان هەر یەک بە پێی شێوازی پەروەردەیی خۆی نەوەکانی ئامادەی کۆمەڵ دەکات بەچەسپاندنی چووزەرەی هوشیاری تێیدا .

1 – 2  خوێندنگە : لە کۆندا حوجرەکانی مزگەوت زۆر ناوداری پێشکەش بە کورد کرد وەک مەولەوی ، قانع ، حەمدی ، مەحوی ، نالی ، حاجی قادر ، ئەحمەدی خانی … چەندانی تر زۆرینەیان بوونەتە سەرچاوەی هوشیاری نەتەوەیی ، شاعیری و فەلسەفەو ڕەگی هوشیاری نەتەوەیی بۆیە پێویست دەکات لای سەرەوەی ئاگایی پەروەردەیی بگرنەوە لە فێرگەو خوێندنگاکاندا ، لەمڕۆدا ئەرکی خوێندنگاکان کۆکەرەوەی خوێندکارو تەیارکردنیان بە بەرنامەو پەرتووکی خوێندن ئەرکە کرنگترەکەی پەیدا کردنی ئەو مامۆستایانەی بەڕاستی وەک ئەرک و پیشە ئامادەن پۆلەکانی خوێندن بکەنە گۆڕپانی بەدەست هێنانی زانست و ئاکاری بەرزی داهێنان مامۆستا ئەو بوونەوەرە گرنگەیە کە شایەستەیەتی لە پێشی پێشەوەبێ چونکە ڕابەری فێرکردنە ، مامۆستا ئەو کەسەی لەسەر دەستی ڕۆشنبیران و بیرمەندان و داهێنەران و زاناو دانایان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە ، لە بیرمە لە پۆلی یەک و دوو بووم لە قوتابخانەی گوندەکەمان مامۆستایەکمان هەبوو بە ناوی ئیبراهیم سابیر خەڵکی شاری کۆیە بوو هەموو ڕۆژێ بەدەستی خۆی نۆک و شیری دەرخواردی خوێندکارەکان دەداو هەموو ڕۆژی پێەجشەموان خوێندکارە هەژارەکانی دەشووشت و خۆی تەنها بوو بە چوار پۆل وانەی دەوتەوە هەفتەی جارێک خەڵکی گوندی کۆ دەکردەوە دەربارەی خوێندن و پەروەردەکردنی منداڵان بۆیان ئەدواو باسی نەتەوەی کوردی بۆیان دەکرد لە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانی گوند بەشدار دەبوو . گرنگی خوێندنگە بریتیە لەگوێزانەوەی ڕاستەوخۆی زانیاریەکان لە نێوان خوێندکارەکاندا ، لە مامۆستاوە بۆ خوێندکار . کەش و شوێنی گەورەو بچوکی و ئامادە کارییەکان کە بۆ خوێندکار پێویستە گرنگی زۆری هەیە ، ژمارەی خوێندنگاکان بە پێی سەرژمێری خوێندکارەکان و نزیکی لە ماڵ و پاک و خاوێنی و گەرمی ساردی و پۆلەکانی بەپێی پێویست و مامۆستای شارەزاو ئامادە کراو هەڵگری بڕوا نامەی بەکەلۆریۆس کە متر نەبێت لە سەرەتاییەوە بۆ قۆناخەکانی تریش هەڵگری ماستەر کەمتر نەبێت و بەرنامەکانی بە ڕاستی پەروەردەو فێرکردن بێت تا بتوانێ خوێندکارێک ئامادەبکات بتوانێ ڕابەرایەتی بکات پێویستی بە فرتوو فێڵی دەرچوون نەبێت لە هەندێ زانکۆی دنیادا هەیە پرسیار دەدرێتە خوێندکار ئازاد دەکرێت لە کوێ بۆی گونجاوە وەڵامەکەی بداتەوەو لە کاتی خۆیدا بیباتەوە بۆ شوێنی دیاری کراو کە مامۆستا دایناوە ئەوە ئەو ئاکارەیە کە تاکی ڕاست و درووستی پێ دابین دەکەی بۆ بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا . لەم سەردەمەدا پێم وایە بە ئەندازەی ژێرخانی ئابووری گرنگی بدرێت بە خوێندنگاو مامۆستا و بەشی شیریان بەر بکەوێ بۆ ئەوەی خوێندنگا لە پێداویستیەکانی کەم نەبێت و مامۆستاش کۆڵەکەی یەکەمی فێرکردنە ئاسانکاری ژیانی بۆ دابین بکرێت تا خەریکی کاری تر نەبێت بۆ ژیان و پێویستی بە وانە وتنەوەی لا کۆڵان و مەلزەمە فرۆشتن نەبێت ، بەرگوێمان دەکەوێ بەرنامە سوێدی ، من پێم وایە ئەو بەرنامەیە بەکەڵک دێت لە ناخی کۆمەڵگای خۆتەوە سەرچاوەی گرتبێت و بتوانی موتوربەی بکەیت بە بەرنامە سەرکەوتووەکانی دنیا  ، مەبەست لێرەدا ئەوەیە چۆن تاکی کورد ئامادەدەکەیت لە خزمەتی نەتەوەکەیدا بێت ببێتە کۆسپ لە بەردەم هەر دیاردەیەکی نامۆ بەو پێیە ئەو دیاردە نامۆیە ئەبێتە هۆی لێچوون و بەهەدەر دانی گەنجینەی نەتەوایەتی و هەرکەس بواری کاری هەبێ بە پێی یاساو پێی ئەستەم بێت دەست درێژ بکات بە هەر ڕێگایەکی نایاسایی پارەو سامانی وڵات بۆ خۆی بەرێت ، ناتوانین سەد لە سەد بەڵێنی بنە بڕ کردنی گەندەڵی دەدرێت بەڵام ئەتوانرێ ڕێژەکەی ئەوەندە کەم بکرێتەوە بە ئاسانی لێپێچانەوەی لەگەڵ بکرێت و سزای خۆی وەر بگرێت لە خوێندنگایەکی زۆرەملی تێ بگەیەنرێت ئەوەی کردووتە دوژمنایەتی نەتەوەوە بۆیە کۆمەڵگا وا پێویست دەکات دوای تێپەڕاندنی سزاکەی بخرێتە کارەوە بۆ بەسەر بردنی ژیان بە ئاسوودەیی .  

1 – 3  مزگەوت :   بەتایبەتی مزگەوت لە کوردستاندا ، پێشتر وتم حوجرەکان شاعیرانی زۆر ژیروو بەناو بانگیان پێشکەش کردووە ،ئەمڕۆ مزگەوتەکان ئەو ئەرکەیان نەماوە خوێندنگا جێگای گرتوونەتەوە بەفراوانیتر ، مزگەوتەکان وەک شوێنی پەرستن ئەتوانن بەهەمان شێوەی مزگەوتە عەرەب فارس و تورکەکە دەیکات بۆ شێواندنی ناسنامەی کورد مێشک شۆرینەوەی خەڵکی کورد کردنیان بە پاشکۆی نەتەوەی سەردەست بە هەمان شێوە مزگەوتەکان ئەتوانن ببنە پەناگای ڕۆڵەی کورد و بەرپەرچ دانەوەی ڕەگەزپەرستان کە کورد مرۆڤەو جنۆکە نیە نەتەوەیەو دەرکراو نیەو میوانی سەر ئەو زەوییە نییە مافی خۆیەتی فەرمان ڕەوایەتی خۆی وەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی دابمەزرێنێ و ناکۆک نییە لەگەڵ هیچ دەقێکی ئاینی دا جۆن مەلاو ئاخوندو ئیمامەکانیان ڕەوایەتیان داوە بە سەپاندنی ناباوەڕدارانەیان بەسەر نەتەوەیەی کورددا مەلاکانی کوردیش خۆیان داماڵن لەو بەرگە نامۆیە بە کوردو ئاینەکەش وەک کەسێکی ئاسایی خۆیان دەرکەون و بتوانن ماف و دادپەروەری و ڕاستگۆیی و گیانی بەتەنگەوەهاتنی خەڵک و هاندانی تاکی کورد بۆ بەرگری کردن لە خاک فێرکردنی دەست پاکی و قوربانی دان دژی چاوچنۆکی و دەست پیسی و دزی خواردنی ماڵی خەڵک بە ناڕەوایی داوێن پیسی بە گوفتاری جوان چاک بڵاو کردنەوەی کاری خۆبەخش ، هاندانی خەڵک بەرەو زانست و دوورخستنەوەیان لە قسەو چیرۆکی ئەفسانەو واز بێنن لە تۆقاندنی خەڵک بە سزای قەبر و دۆزەخ ژیان لە پێناو بەهەشدا هەوڵ بدەن خەڵک بەڕێگای درووست زانستیانە باوەڕیان هەبێت نەک بەزۆر بخرێتە مێشکیانەوە ، کەوا پەروەردە بوو باشتر بیری خاک و نەتەوەکەی لا دەچەسپێ و دۆست و دوژمنانی لێک جیادەکاتەوەو بەتەنگ هەردوو سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵەوە دەبێت و ئەتوانرێت پیاوێکی باوەڕداری تەندرووست بۆ کۆمەڵ ئامادەبکات بەرەنگاری هەر دیاردەیەکی نامۆ ببێتەوە لە ناو کۆمەڵدا بەپێی یاسا ، لەبەر ئەوەی ئایین گرنگی تایبەت دەدات بە ڕەواو ناڕەوا بە جۆرێک ئامادە بوانی مزگەوت وا لێبکات لەکردەوەکانیاندا ڕەواداری ڕەنگ بداتەوەو هەرگیز بەلای ناڕەوادا نەچن .

1 – 4 حیزب و لق و پۆپەکانی :  حیزبەکان بە هەموویانەوە هەرێمیان گەیاندۆتە ئەمڕۆ کە نەدەبوو وەک ئێستا بێت دیارە هەر ئەوەندەیان توانیەوەو وا خۆشیان چەسپاندووە تاڕادەیەکی زۆر ئازادیان بەر تەسک کردوە کەس ناتوانێ زۆر لەگەڵیان قووڵ بێتەوە . دوای ٢٣ ساڵ حوکمڕانی ئێستا کە مانگی ٢ ی ٢٠١٦ هەرێمێکی پڕ لە قەیران کە ٦ مانگە خەڵک مووچەی وەرنەگرتووە خەڵک خۆی دەخواتەوە بازاڕ نیمچە وەستاو بە وتەی حوکمەت خۆی سەدان پڕۆژە وەستاوەو زۆر لە بەڵێندەرەکان مایەپووچ بوونە ، مامۆستایان ناچنە قوتابخانە زانکۆکانیش هەڕەشەی وەستانی خوێندنی لێ دەکرێت ، کارەبا 10  سەعات هەیە ، گازی سروشتی هەیەو دەنێردرێتە دەرەوە خەڵک کەمی هەیە لە گاز ، وڵاتان هەیە لە خوارووی ئاسیا دانیشتوانەکەی لە 150  ملیۆن زیترە خاوەنی گازی سرووشتیە لادێکانیش بە بۆڕی گاز دەچێتە ماڵەکانیان ، نەوت مانگانە پتر لە 500  ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێ لە زستاندا ماڵی بەرمیلێک نەوتی دەدرێتێ ، کەرتی کشتووکاڵ لە هەرە خوارترین ڕێژەیەتی شتێکە لەولا نەبوو یەکێک لە سەرۆک وەزیرەکان باسی کشتووکاڵیان لەگەڵ کردبوو وتبووی ئێمە نەوتمان هەیە چ پێویستیمان بە کشتووکاڵە ، کەرتی پێشەسازی زۆر لەسەرەتاییدایەو قۆرخکراوی سەرانی حیزبەکانە ، لە سایەی حیزبدا هەستی هاونیشتمانی شێواو سەقەت کراو بەوەی زۆربەی خەڵک کراوە بە مووچەخۆری حیزب هەستی پتر حیزبیە لەوەی کوردانە بیربکاتەوە وای لێکراوە ئەوەی لەگەڵ حیزبی خۆی نەبێت نامۆو بە نەیار سەیری دەکات و نیستمان کراوەتە دوو زوونی گەورەی دوو حیزبی گەورەی دەسەڵاتدار هەموو شتێک لەسایەی ئەوان و بن دەستی ئەوانەوە بڕواو بێت لەبەر ئەوەی خاوەنی هێزی سەربازی و پۆلیس و ئاسایشی سەربەخۆیانن ، درووستە دەڵێن زوونی سەوز بڕێک ئازادی زیاترە تا سنوور نەبازاندنی هەڕشە کردن لە بەرژەوەندی تاک و حیزبەکەیان ، لە سنووری زەرددا ئەبێ دەست بە سنگ و مل کەچ و دەست بە ئەژنۆدا برسیش بی نابێ دەم بکەیتەوە دەسەڵاتێکی سەربازی ڕەها هەموو شتێک قۆرخ کراوە سەیروو سەمەرەکەش ئەوەیە دەسەڵاتێکی خێڵەکی لەسەروو هەموو شتێکەوەیە یاسا لە خوار بەر پێشەوەیە ، سەرۆکی پەر لەمان بەهۆی پێداگرتنی کە ماوەی سەرۆکی هەرێم تەواو بووە ڕێگای چوونەوەی پەرلەمانی لێگیرا کە هە ڵبژێردراوی خەڵکە بۆ پەرلەمان بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی بە ڕیکەوتن لە گەڵ گۆڕان سەرۆکی پەرلەمانی پێدراوە هەر لەبەر هۆی سەرۆکایەتی وەزیرەکانیشی دەرکران لە حوکمەت و ئیتر پارتی بە ئارەزووی خۆی کەوتە تێکدانی باری ئاسای کوردستان و ڕۆژ دوای ڕۆژ باری کۆمەڵایەتی خەڵک بەرەو تێکچوون ڕۆیشت بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە هیچ حیزبێک نین لە گەڵ گۆرانخوازیدان .
دەسەڵاتی زەرد و سەوز بەپێی ئەوەی دوو حیزبی کۆن و خاوەن هێزی چەکداروو ئاسایشی سەربەخۆیان و دەزگای هەواڵگری پاراستن زانیاری سەربەوانن دەستیان خستۆتە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک دەسەڵاتداری کردۆتە حزبی و دیموکراسی سندووقەکانی دەنگدان تێناپەڕێنێ لەوێوە هە موو دەسەڵاتەکانی دابەش دەکرێت و بە پێی سازانی نێوان خۆیان ئەمە بۆ من و ئەوە بۆتۆ ڕێکدەکەون ئەو کەسەی لە سایەو خزمەتی حیزبی ئەواندا نەبێت حیسابی هیچی بۆ ناکرێت ، ( بوودجەی ئەم وڵاتە هەردوو حیزبی زەرد  و سەوز یەکێ 35 ملیۆن دۆلاری دەبات بۆ یەک مانگ پاشان بە پێی کورسی پەرلەمان هەر حیزبێکی تر مانگانەی بۆ دیاری دەکرێت ئەمە گەورەترین دزیە لە بوودجەی خەڵک دەکرێت ، هەر حیزبەی خاوەنی چەندین بارەگای حیزبین و چەکداری خۆشیانی تێدایە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی ناشارستانیە ، ئەمە جگەلەوەی زۆربەی کارمەندان و کادیرانی حیزب مووچە لە بودجەی گشتیش وەردەگرن ، هەر حیزبێک خاوەنی ڕکخراوی مامۆستایان خوێندکاران لاوان و ژنان هەروەها دەزگای ڕاگەیاندنەکان لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆن و گۆڤاروو ڕۆژنامەی خۆیان و سێبەر دەزگای گەیاندنی وەک کۆڕەک و ئاسیاسێل چەندین ڕیکخراوەی پاراستنی هاونیشتمانی سەربە ئەوانن )  ئەوەی ناو کەوانە بە تەواوی لە بودجەی گشتی پارە وەردەگرێ بەوەش بەشێکی زۆری بودجەی گشتی بەهەدەر دەڕوات ئەوەیە لایەنی ناڕازی لەم کاتی بێ مووچەییەدا ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک دەردەکەوێ ، لە هەر خۆپیشاندانێکدا خەڵک ڕوو بەڕووی هەڕەشەو تەقە لێکردن دەبێتەوە لەلایەن کادیران و کارمەندانی ئەو بارەگایانەوە ، بە گشتی حیزبەکان بە تایبەتی زەرد و سەوز هەمێشە گیانی حیزبی لە ئەندام و کادیر و لایەنگرانی برەو پێدەداو بە گیانی پارتی پێشڕەو سەرکردەی کارێزما پەروەردەیان دەکەن لەم ساتەوەختەدا پایەو پلەو پارە بەشینەوە بووەتە ڕیگای ڕاکێشانی بەلای حیزبدا دیارە شێوازی لەو جۆرە حیزبایەتییە ڕێگا خۆشکەرە بۆ لەدەست دەرچوونی مرۆڤ لە خوو و رەوشتی ئاسایی کوردانە و ئەبێتە هۆی بەکار برانانیان لە لایەن کەسی دەسەڵاتدارەوە بۆ بەزاندنی کاری نایاسایی زۆر جاریش ئەو کەسانە دەبنە قوربانی شاردنەوەیکارەنایاساییەکە .
بەو جۆرە گەندەڵی سەرهەڵدەدات و ڕۆژ بەڕۆژ ئەو حیزبانە خزاون بەرەو قۆرخکاری و درووست کردنی دیوارێکی بەرین لە نێوان خویان و یاسا تا ناچار دەبن پەلاماری دادگاو یاسا بدەن بیانخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە بۆ شاردنەوەی ئەو کارە نایاساییانەی لێیان دەقەومێ و چۆن بخوازێ دادگا وا بەڕێوە دەبەن بەو جۆرە کاری پۆلیسی ڕیگای خراپ دەگرێتە بەروو لە پاڵیا دزو قاچاخچێتی و بڵاو بوونەوەی مادەی هۆشبەروو هێنان و بردن بۆ دەرەوەو ناوەوەی وڵات لە ڕێی نایاساییەوە تەشەنە دەکات هەندێک جار بۆ پاساودان خۆپاکردنەوە کۆمەڵێک خەڵکی بێتاوان یا سووکە تاوانبار ئەبنە قوربانی شاردنەوەی ڕاستییەکان .
بۆ ئەوباسانە ، کە یاسا کەوتە دەستی یاسا نەناس بارێکی شێواو ڕوو لە کۆمەڵگا دەکات و ئەبێت بە  خوو ئەبێتە ئازار و گرفت بۆ خەڵک و بڕواو متمانە نامێنێ کاروو بار گومانی تێدەکەوێت و وەرگرتن و دان لەڕێی یاساییەوە خێری زۆری نابێت و زوو نایاتە دەستەوە ئەوەش پێویست بە درووست بوونی پەیوەندی گوماناوی و بەتیل دان و وەرگرتن دەکات وردەوردە جیاوازیەک پەیدا دەبێت لە نێوان ژیانی خەڵکدا خەڵکی ئاسایی کاری یاسایی دەکات و ماندوو دەبێت بەڵام بەرهەمێکی باش یا مەزەندە کراوی خۆی پەیدا دەکات کەچی ئەبینێ کەسانێک ئەیان ناسێ و نەبووش بوونە لە پڕێکدا لە دەوڵەمەندیدا هەڵدەتۆقێن پرسیار لە خۆی دەکات بۆ .
کامە حیزب دەگریت بەتایبەتی پلە باڵاکانیان کادیرە ناوەندی و کۆنەکانیان ئەوەندە دەوڵەمەندن پێویست بە گومانیش ناکات بڵێی دزە نەک هەر خۆی کەس و کاروو زۆر لە نزیکەکانیان بەڕادەیەک دەوڵەمەند بوونە دیارە هی کاسبی نیە ، بۆیە  ئەبینی هەر چەند کەسێک بۆ مەرامی خۆی مانەوەی لەدەسەڵات خۆی بە یەکێکی دەسەڵاتداری لەخۆی گەورەتر هەڵواسیوەو لە زوونی سەوزدا و کە ئەشگەنە ئاست یەکتر برای گیانی بە گیانین لەگەڵ ئەوەشدا گیانی شۆڕشگێری بە دڵ و بەدەم جێی دڵ خۆشی نیە بەڵام ناتوانرێ لە جوخزی تێکۆشەرەکان دەریان بکەیتە دەرەوە گەر داوام لێ بکەن ببیتە پێشمەرگە هەرگیز بێ دوو دڵی لەوێ دەبم گەر بەرپرسەکەم لە هەرە هەڵتۆقیوە دەوڵەمەندەکان بێت لەسەر حیسابی پاشخانی شۆڕشگێڕی ، بەڵام لە زوونی زەرددا سەری خێڵ کە سەرۆکی پارتییە هەموو شتێکە و دەورەکانی دابەش کردووە بۆ دەست بەسەرا گرتنی هەموو جومگەکان و پاراستن بەسەروو گوێلاکی هەموانەوەیە و سەرکردەکانی تری پارتی لە جوخزی داواو پێداویستی و فراوانەکانی سەرووی خۆیان لە کۆیلەیەک بەولاوە هیچی تر نیەو ئەوەی لە فرمانی ئەمان دەرچێت ژیانی لەدەستداوەو کۆچی دوایی کردووە بە فەرمانی خوا ، خێڵ لەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا تەراتێن دەکات بە دنیادا چونکە ئاسانن لە بەکار هێناندا ، زەرد و سەوزە دەستیان بەسەر جومگەی ئابووری کوردستان دا گرتووە و بوونەتە خاوەنی سەدان ملیار دۆلار لە بژێوی خەڵک و داواش دەکەن خەڵک هێشتا خۆڕاگربێت و خەڵکیش بە حیزبی سەوزیشەوە دەست بەسنگەوە بۆی دەوەستن سکاڵاشیان بۆ دەکەن و ستایش ئەوە هەر باس ناکرێت ، هەرێمێک ئەو دەسەڵاتە بەڕێوەی ببرێت ئەبێت چی لە مێشکی جینگڵ بدات بەتایبەت ئەوانەی هیچ پەیوەندیان بەهیچ حیزبێکەوە نیە . ئەو حیزبانە ئامادەیی و زانکۆکانیان پاوان کردوە بە مامۆستاکانیشیانەوەو ، زانکۆی نا حوکوومیان قوت کردۆتەوە مناڵەکانی خۆیانیان و دەوڵەمەندەکان کە خاوەنی پلەی زۆر کەمن وەردەگیرێن مناڵی خەڵکە هەژارەکەش پلەی زۆر باشیشی هەبێ جێی لە زانکۆ حوکمەتییەکانیش دەست ناکەوێ ، ئەبێ خوێندکاری کورد هۆش و گۆشی بەرامبەر ئایندەی کورد چی بێت لە سایەی خوێندنی ئەو خوێندنگایانەوە .
بەدرێژایی ئەو ٢٣ ساڵ حوکمڕانییەی ئەو حیزبانە نەمان دیت دادگا هەڵوەستە لە سەر هیچ بابەتێکی ژیاری کۆمەڵگا هەبێت و بە دوادا چوون بکات و بڕیارێکی گرنگ دەربکات میللەت ئاهێک هەڵکێشێت بڵێت هێشتا خێر ماوە ، لە دوایین هەڵوێستی ئەنجوومەنی دادوەری نەک دادگاش پێیان خشاند بەسەر یاساداو ڕەوایەتیان دایەوە بە سەرۆکی بەسەرچوو ، دادگایەک نەیتوانیوە لە فرمانی خێڵ دەرچێت ئەبێت چ کاردانەوەیەکی لە سەر سەروەری یاسا هەبێ لە سایەیدا چ ڕێنمایی و پەندوو وانەی یاسایی پێشکەش بە تاکی ئەم هەرێمە کرابێ و خەڵک دڵی بسووتێ بە هەرێمێک پێی دەڵێن کوردستان و گیانی نەتەوەیی و هاونیشتمانی تێدا درووست بووبێ جگە لە بێزاری ، نامەوێ زۆر درێژەی بدەمێ ، بزانین چی بەو حیزبانە بڵێین تا بێنەوە سەر خۆیان و هەرێمەکەمان بەرەو لەنگەری ئارام بەریین :

یەکەم /  حیزب ئامرازی هوشیار کردنەوەو کۆکردنەوەی خەڵکە بۆ حوکمڕانی خەڵک و خزمەت گوزاری خەڵک ، حیزبەکان خۆیان بژێنن بە پارەی ئابوونەو هەر جۆرێک پارەی ڕەوا نەک لە بودجەی خەڵک .
دووهەم /  هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڕێکخراوە دیموکراتیەکانیان و بڕینی مووچەکانیان گەر لە بودجەی گشتییە .
سێهەم /  هەڵوەشاندنەوەی دەزگای پاراستن و زانیاری و بڕینی هەموو خەرجیەکانیان ، بەوەش هاونیشتمانیان سەریان سووک دەبێت لە نەمانی دەزگای چاوسورکردنەوەو کوشتنی خەڵک و پاکتاوی حیزبی .
چوارەم / هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە هێزێکی چەکداری حیزب ، قەدەخەکردنی حیزبایەتی لە سوپای کوردستاندا کە درووست کرا ، ئەو سوپایەی نانێتە چاوسوورکەرەوەی کەس ئەوسا  بزانیین کام سەرۆکی ماوە بەسەرچوو ئەتوانێ خۆی بە کورسییەوە بچەسپێنێ ، ئەوسا سەرۆک هی وڵات و نەتەوە دەبێت و ڕێزی لێدەگیرێ جا جەمەدانیەکەی هەر ڕەنگێک بێت ، ئەوەی تەمەنی تێپەڕاندووە خانەنشێن بکرێت بەپێی ساڵ و بەڕێوەبردنی خێزانەکەی ئەوانی تر بچنە سوپای کوردستانەوەو بەڵێن بدەن پێشمەرگەی حیزب نابن چیتر .
پێنجەم / دەزگا ڕاگەیاندنەکانتان تەلفزیۆن ڕادیۆ گۆڤار ڕۆژنامە کانتان خەرجی خۆتان بیدەن گەر لە بوودجەی گشتی هەیەتی ببڕدرێت . 
ئەو پێنج خاڵە گەر جێ بەجێ بکرێت حیزب وەک مێردەزمەیەک بەسەر کۆڵییەوە نامێنێت و ئاهێک بەبەر خەڵکا دێت جیوازی نێوان خەڵک کەم دەبێتەوەو ئەوسا کەس بە گومانەوە ناڕوانێتە ئەوی ترو متمانە لە نێو خەڵکدا درووست دەبێت ڕێزوو خۆشەویستی باڵ بەسەر خەڵکدا دەکێشێتەوەو پارەو خەرجیەکی زۆر پاشەکەوت دەکرێت و چیتر لەپەناوە حەپەلووش ناکرێت و گیانی کوردایەتی جێگای گیانی حیزبایەتی دەگرێتەوە و سەرۆک سەرۆکی هەموان دەبێت و بۆ کورد دەپەرژێتە سەرکارەکانی . 

2 –  نەبوونی دەستوور
ماڵی بێ دەرگا ئاوەڵایە بۆ ئەوەی هەموو شتێک خۆی پیا بکات ، وەک ئێستای کوردستان هەر حیزبە بە پێی تواناو دەسەڵاتی خۆی دێو دەچێ بە ئارەزووی خۆی یاری بە جومگەکانی دەسەڵات دەکات ، حەزیش دەکەن هەر وا بمێنێتەوە چونکە بچووکترین گۆڕان کاری ئەبێتە هۆی لەق بوونی دەسەڵاتیان وەک خوا ئەو دەسەڵات و خاک و خەڵکەی بەوان داوە نابێ بگۆڕێت ، ئێستاش ئەوەندە لاریان نواندووە لە کوردستاندا و لە ئاستی ئەو ئەرکەدا نەبوونە تاڵان کردنی وڵات خۆ سەپاندن بە زۆری زۆردارەکی بەڕەوا دەزانن ، کورد دەڵێ : هەموو شتێک لە باریکیدا دەپسێ تەنها ستەم و زۆرداری لە ئەستووریدا دەپسێت ، دەسەڵاتێک ئەو هەموو نەهامەتیەیەیان لە بەرچاو نیە بەسەر کورد دا هاتووە و هەر ڕۆڵەی کوردە خوێنی گیان دەبەخشێ بۆپاراستنی دەسەڵات و خاک و نەتەوەکەی بەڵام بە چاوی کەم ئەیڕواننێ ئەوەی لەکیس دەسەڵات دەچێت گیانی شاد شەهید نەمرەو لە بیرتان دەچێتەوە بۆ شەهید بوو ، بەلاتانەوە گرنگ نییە لە  1961  وە خەڵک شەهید دەبێت لە  1964  وە تا ئێستاش هەڕەشەن  ، کوڕی خەڵک بەدەستی یەکتر شەهید دەکەن ،بەلای منەوە هەر کەسێ شەهید بوو لە شەڕی برا کوژیدا شەهیدە نەک وەک ئێوە خوێنی ئاژەڵ و مرۆڤی کوردتان لا وەک یەکبووە ، بۆیە هەرگیز مل نادەن بۆ کورد بۆ دەستوورێک بۆ کورد بنووسرێتەوە ، وڵاتێکی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیمچە کیشوەرێکە دانیشوانەکەی 375  ملیۆن خەڵکە دەسوورێکیان هەیە  7 مادەیە لە گەڵ 27  مادەی هەموار کراو کە هوشیارترین کەسەکانی نوسیویانەتەوە بۆ دانیشتوانی ئەمریکا تا دیموکراتی تێدا لە سەرۆکەوە تا دواکەسی وڵاتەکە لە سایەیدا بەختەوەر بێت و بژێت و لەوساوە یاسا دوای یاسا لەسەری کەڵەکە دەکەن بۆخۆش گوزەرانی خەڵک ، کەچی میللەتی کورد تا ئێستاش هەرێمی باشووری بەلەتوو پەتی ماوەتەوەو دەیان هەلی بۆ هەڵکەوتووە درووست ببێ و ڕووەو وڵات هەنگاو بنێت کەچی چەند حیزبێک بە سەرۆکایەتی چەند کەسێک کە بەخت یاریان بووە بە شێوازە نادرووستەکان بەدەستیان هێناوە بوونەتە مایەی نەهامەتی بۆی . ئەبوایە لە بەر چارەنووسی کورد بۆ سەربەرزی خۆشتان کۆمەڵێک خەڵکی شارەزای یاسایی و ڕۆشنبیری دڵسۆز بۆ کورد نەک لە حیزبەوە لە ناو کۆمەڵەوە دەست بژێرتان بکردنایە دەستوورەکەیان بنوسیبایەتەوەو بیاندایەتە  پەرلەمان پەرلەمانتارەکانیش سوێندی یاساییان بخواردایە  کە ئەو دەستوورە بۆ کورد نوسراوەتەوە گەر بینیتان خاڵێکی فاریزەیەکی نوقتەیەکی ئەبێتە هۆی داشکانەوە بەلای حیزب یا هەر حیزبێکدا هەڵوەستەی لەسەر بکن و بیگەڕێننەوە بۆ دەستەی نووسەروو پیابچنەوە ئەوجا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات بخرێتە دەنگدانەوە لای خەڵک و بە ئاو نەخێر دەنگی پێ بدەن ، بزانن چ تینێنێک ئەدات بە نەتەوەکەمان هەنگاوی قەڵەمبازانە دەهاوێت لە پێشکەوتندا .
دەستوورێک سیستەمێکی حوکمڕانی تۆکمەو یەکگرتوو بتوانێ بپەڕژێتەسەر هەموو گرفت و بەسەرهاتەکان و ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵک . 
سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی بێت ، پێک بێت لە سەرۆک و وەزیرەکانی ، دادگای بەرزی باڵا ، پەرلەمانی کوردستان ، وەزارەتەکانی حوکمەت لە 15  وەزیر تێپەڕ نەکات ، دوای هەڵبژاردن حیزب کاری بەسەر حوکمەتەوە نەبێت لە هیچ بڕیارێکدا بەشدار نابێت بەچاک و خراپ بەتەواوی دوور بکەوێتەوە ، لە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ هەر هێزێکی دەرەکی سەرۆک و وەزیری پێشمەرگەو دەستەی ئەرکان بەر پرسن و سەرکردەی حزبەکان بە کاری حیزبی خۆیانەوە سەرقاڵ دەبن ، لێرەدا بەپێویست دەزانرێ کە موچەی مانگانە دیاری بکرێت بە پێی پێداویستییەکانی نەتەوەیەکی ڕزگار نەبوو لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بتوانێ دەست بە پارەو سامانەوە بگرێت و هاونیشتمانیان ڕابێنێ ، ئەو پایەو پلانەش بۆ پێشکەش کردنی خزمەتە نەک بۆ دەوڵەمەندبوون ، 23  ساڵە دەستوورتان بەهەند وەرنەگرتووە بۆ پاساوی تاڵان و حەپەلووش کردن و نەبوونی هەل و مەرجی نەشیاو نەخۆتان نە ئەندامانی حیزبەکانتان و کۆمەڵانی خەڵکیشتان بە کێشی دوای حیزبایەتی خۆتان کردو گیانی نەتەوەییتان خستە بەر بەرژەوەندی تاکە کەسی و سەرکردەی کارێزمایی خۆتان ، تا ئەمڕۆ یاریان پێ بکەن بە نیو مووچە بیان خەڵەتێنن . 
بوونی دەستووری نەتەوەیی زەنگی نەتەوەییە بۆ هەموو کورد لە سەر قاچ وەستانی ، زەنگیشە بۆ داگیرکەران کە ئێمە چیتر پەرتەوازە نین و ناتوانن بخزێنە نێوانمانەوە بە پێی دەستوور هەموو پیلانە ناوەکی و دەرەکیەکان لە گۆڕ دەنێین ئەوە نیشانەی یەکێتی نەتەوەیی و یەکپارچەییمانە . 
دەستوور هەموو ڕێگاکان لە پەلاماری دەرەکی دادەخات و ڕێگا خۆشدەکات چۆن بەرەو دۆستایەتی لە نەتەوەکانی سەردەست گفتووگۆی هاوسێیانە بکەین کە هیچمان دوژمنی یەکتر نین ئەوە ڕژێمەکانە ئەو ناکۆکیانەیان لە نێوانمان درووست کردووە خەڵکە نەخۆشەکانی عەقڵن تۆوی دوژمنکارانەیان لە نێوانمان چاندووە . 
ئێستای بێ دەستوور یا دەستوورە حیزبییەکەی ئێوە ئەو نەخۆشە دوژمنکارانەی نەتەوەی سەرد دەست لێکتان دادەبڕێ و خوێنی یەکترتان پێ دەڕێژێ و سامانی وڵاتتان بە تاڵان دەبات و لە ناو خۆتانا دەیان قوتابخانەی هەڵخەڵەتاندن دەکاتەوە بۆ لە خشتە بردنی نەوەکانمان ، گەر وەک ئێستا بمێننەوە دواڕۆژی نەفرەتی زەمین و ئاسمانتان لێدەکرێت .
بۆ لە گۆڕنانی گەندەڵی دەستوورمان دەوێت بۆ : 

1 –  بەرابەر کردنی مافی هاونیشتمانی بوون و یەکسان بوونمان لە بەردەم یاسادا .  
2 –  یاسا لە هەموو شوێنێک هەبێت و حیزبی لێ نەبێت .
3 – حوکمڕانیەکی دیموکراتی مافی دەنگدان و خۆ هەڵبژاردن و نە‌هێشتنی بەش بەشێنە سندووقەکانی هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە بێت .
4 – حیزبێک کە زۆرینەی دەنگی هێنا نەبێتە دیکتاتۆروو فەرمانڕەوایەتی بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە . 
5 –  دادگای ئازاد سەر بە حیزب نەبێت ، دەسەڵاتی دادگایی کردنی گەورەترین بەرپرسی هەبێت بە پێی یاسا . 
6 –  ئازادی ڕادەربڕین و نەهێشتنی سانسۆر لەسەر ڕۆژنامەوانی .
7 – سامانی نەوت و گاز و هەر چی ژێر زەمینییە موڵکی خەڵکی کوردستانە بەپێی یاسا بەکار ببرێت و داهاتەکەی لە خزمەتی وڵاتدا بەڕوونی خەرج دەکرێت و لە بانکی کوردستاندا کە پارێزەرێکی دەسپاک وریاداری دەکات . 
8 – هێزی پارێزەری وڵات لەدەستی حوکمەتدا بێت و چیتر  ڕێگا بە حیزب نەدرێت چەکداری هەبێت . 
9 – وڵات پاشەکەوتی دارایی هەبێت و کەرتی کشتووکاڵ ببووژێنێتەوەو پێشەسازی بخاتە گەڕوو پەرەی پێ بدات . 
10 –  پرسی نەتەوەیی سەودای لەسەر ناکرێت و هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات باکوور و ڕۆژ ئاوا بەشێکن لە سوپای ئایندەی کوردستان . 
11 –  هەموو ئاینەکان ئازادن و ئاین لە حوکمڕانیدا نەبێت .
12 – بە پێی یاسا هەر ڕێگایەک وڵات بەرەو گەندەڵی بەرێت ببڕدرێت حوکمی تاوانی دژی نەتەوەی بەسەردا بسەپێندێت .  
13 – دەستەی ئەستۆ پاکی کەسانی ئازادو یاسا ناس و  ڕابووردووی پاکیان هەبێت و پشتی یاسا بەرنەدەن . 
14 – بودجەی وڵات بۆ پەرەپێدانی وڵات و مووچە خۆرانە ئەوانەی بە فەرمی دامەزراون ڕۆژانە کاری خۆیان بە پێی کاتی دیاری کراو کاردەکەن . 
15 – جۆری پەیوەندی هەرێم بە عیراقەوە دیاری بکرێت ، دیاری کردنی حوکمی کۆنفدرالی باشترینەو هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەربەخۆبوون . 
16 –  هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ببن و دەستی حیزبی پێ نەگات ، پەروەردەی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی تەواو کرابن کە بە کار هێنانی چەک و توندوو تیژی بەرامبەر هاونیشتمانی کاری قێزەون و شەرم هێنەرە .  
17 – ئەمخاڵە کە سەرچاوەی دادپەروەری و سەروەری یاسایە ئەویش سەرۆکی هەرێم لە دوو خۆل هەر یەکەی ٤ ساڵ تێنەپەڕێ .
18 – زمان پاراوی پێویستە بۆ تاکی کورد بۆیە دەبێ گرنگی سەدا سەدی پێ بدرێ لە باخچەی منداڵانەوە تا پۆلی دووی زانکۆش بخوێندرێ و کۆڕی زانیاری کوردی بۆ زیندوو بکرێتەوەو هەوڵ بدرێت لە ئایندەدا زمانی یەکگرتووی کورد لەسەرجەم پارچەکانی کوردستان قسەی پێ بکرێت .
باوەڕم وایە گەر هەموومان بکەوینە خۆ مەرج نیە حیزب کۆمان بکاتەوە ، بانگەوازێکی کوردانە ئەتوانێ کۆمان بکاتەوە لە گۆڕەپانێکدا یا لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە بۆ دەنگەوەهاتن و دەربازکردنی نەتەوەکەمان لەباشووری کوردستان لە گەندەڵییەک دەستی لە بینەقاقامان گیر کردووە ڕۆچۆتە گشت جومگەکانی ژیانمانەوە ، ئەم باوەڕە بەدەنگەوە هاتنێکی سپێ دژە خوێن ڕشتنە مرۆڤی کورد دەبێ شەرم بکات دەست لەسەر هاو نەتەوەی خۆی بەرز بکات گوێگرتن لە یەک باشترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئەنجام ، لە پێشی هەموو شتێکەوە پێویستە مل کەچی یاسای مرۆڤایەتی و بەرژەوەندی نەتەوەیین .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت