عیماد عەلی : هەموو پلەو پایەکان بۆ خۆتان و هەرێمی کوردسان بۆ ئێمە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردستانیان کردە قوربانی پلە و پایەیەکی دەسەڵات و ، بە چەواشەکاری و بێخزمەتکردنی راستەقینەی گەل ، وەک هەمووان دەیبینین، گەیشتین بەو حاڵەی کە چۆن هەموو دەستکەوتە بچوکەکانیشیان بە فیرۆ دا . دیارە ئەم قەیرانانە و ئەوەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە ، لە دەرئەنجامی ململانێ و شەرکردنە لەسەر کورسیەکەی پاشا ، هەر ئەو عەقڵیەت و چاوچنۆکیە بوو کە هەرێمی کوردستانی بەم دەردە برد .

بالەوە گەرێین ، پێش هەموو شتێک ، ئەوەی بۆ خەڵکە دڵسۆز و ساکار و قوربانی دەرەکە گرنگە و ئەولەویاتە بۆیان :
یەکەم : بە فیرۆنەدانی یەکجارەکی و بە تەواوەتی ئەوەی بە خوێنی شەهیدان و رەنجدەران و هەژاران تا ئێستا هاتۆتە دی ، هەرچەند ئەم دەسەڵاتە پاشەکشەی بەوەش کردووە .
دووەم : ژیانێکی ساکاری دوور لە داگیرکاری و تا رادەیەک ئارام کە ئامانجی گەلی کوردستانە بە گشتی .
کەچی بە پێچەوانەوە ئەوەی بۆ ئەم جۆرە دەسەڵاتە لەخەڵک دابراوە گرنگە و لە ئەولەویاتە گرنگەکانە لای ئەو و هەموو شتێک دەکاتە قوربانی بە خوێنی شەهیدانیشەوە و، بۆ ئەو مەبەستە :
یەکەم : مانەوەی بنەماڵە و کەس و کارە نزیکەکان و حزبەکەیان ، هەرچەند لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی بکەوێتەوە .
دووەم : پلەو پایەکان لەدەستیاندا بمێنێتەوە ، بۆ دابینکردنی مانەوە و پاراستنی ئەو تاکە ئامانجەی سەرەوەیان ، ئەمیش هەر لەسەر حیسابی بەرژەوەندی خەڵکە رەشو روتەکە بێت .
لەنێوان ئەم دوو ئامانجە گشتیە جیاوازانەی نێوان خەڵک و دەسەلاتی هەرێمدا ، یەکتربر و دابرانێکی گەورە هەیە ، کە لەهیچ شوێنیکدا یەکناگرێتەوە و ، تەنانەت دەسەڵات هەنگاوێکی بجوک لە سازانێک لە نێوان ئەم ئامانجە جیاوازانەی نێوان خەڵک و خۆیدا نزیک نابێتەوە .
گەر حاڵەتەکە بگاتە ئەم رادەیە و دابران بگاتە ئەم پلەیە ، چارەسەر چی دەبێت ؟
لە بارودۆخێکی گشتی وەک هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و ، ئەو کێشە و گرفتانەی هاتونەتە ئاراوە ، کورد و کوردستان یەکێکن لەو توخمانەی لە نێو هاوکێشە گرنگە ناوچەییەکەدا جێگەی خۆیان هەیە و ، هیچ پێویستیان بە عەقڵی ئەم دەسەڵاتە نیە ( ئەگەر ئەم گرنگێتیە لەسەر ئەم دەسەڵاتە بوەستایە ئەمیشیان تێک دەدا ) ، واتە خاڵە گرنگەکانی کورد لە رووداوەکانی ناوچەکەدا :
یەکەم : ئەم قەیرانە نێوخۆییە هەمەلایەنە سیاسی و ئابوری و ، بێدەرفەتیەی لە بەرامبەر دەسەڵاتی هەرێمدا راوەستاوە ، وای لە پێگەی هەرێمی کوردستان دابەزاندووە ، کە ئەگەر گرنگیە جیۆپوڵەتیکیەکەی کوردستانی گەورە نەبێت ، هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت ، هەرچەند لەم کاتەدا زۆر بە لاوازی پێگەی هەرێمی کوردستان لە چاو لایەنە کوردستانیەکانی ناوچەکە دەخوێنرێتەوە و ، گرنگی پێدانەکەی زۆر لاواز بۆتەوە و وباش دەبینرێت کە کاتیە و تا رادیەەکی زۆر پشت گوێ خراوە و گیرۆدەی دەستی نەزانیەکەی خۆیەتی و ، هیچ جموجوڵێکیشی نیە بۆ دەربازبون لەم بلۆک بوونە .
دووەم : ئەڵتەرناتیڤێکی گرنگ و بەهێز و رێکخراوتر بوونی هەیە و ، عەقڵێکی پێشکەوتوتر لەئارادایە ، کە جێگەی رێگە و پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکەی لە هاوکێشە سیاسی و عەسکەریە ناوچەییەکەی گرتۆتەوە ، بۆیە دەسەڵاتی هەرێم لە هەوڵی گرفت دروست کردنە بۆ ئەو رێکخراوە پر توانا و عەقڵمەندە و لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی جێگەی نەگرێتەوە لای هێزە گەورەکان ، بەڵام تا ئێستا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە .
سێیەم : پاش تاقیکردنەوەیەکی زیاتر لە دەیەو نێوێک لەگەڵ دەسەڵاتی باشوردا ، بۆ هەموو لایەکی دەرەکی دەرکەوت ، کە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا لەو ئاستەدا نیە کە پشتی پێ ببەستن و ، تەنها لە بازنەیەکی تەسکی بەرژەوەندی خودی بنەماڵە و ئەڵقە و حزبدا دەخولێنەوە و ، هەموو شتێک دەکەنە قوربانی بەرژەوەندیەکی تەسکی منداڵێکیان ، بۆیە ئێستا هەروا بەمتبون و فەرامۆشکراوی ماونەتەوە و بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بدەن بۆ راستەرێ کردنی دەسەڵاتی هەرێم و ، لەم دوورکەوتنەوەیە لە ئامانجە گشتیەکانی کوردستان خۆیان رزگار کەن ، بەڵام وەک خۆیان ماونەتەوە و بەجێیان هێشتوون و کەم نرخ بوون .
چوارەم : زۆر لایەنی گەورەی جیهانی یەکلابونەتەوە کە ئەو لایەنە کوردستانیەی لە هەمووان رێکخراوتر و سەردەمانە ترە و ، دەتوانێت لەگەڵ گۆرانکاریەکان و وەزعی ناوچەکەدا بە زانستیانە مامەڵە بکات ، لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عیراقە ، بۆیە ئێستا بە شێوەیەکی تر مامەڵە دەکەن و گرنگی و ئەولەویاتیان بە شێوە و رێگەیەکی ترە و ، لەوبارەوە بێگومان بەرژەوەندیەکانی خۆیانیان پاراستووەو ، لە شوێنێکی دیکەدا دۆزیویانەتەوە ، وەک سیاسەت لە هەموو شوێن و کاتێکدا فەرزی دەکات .
بۆیە ، هەموو خەڵک گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە تەواوەی ، کە دەسەڵاتی هەرێم لەم کاتەدا توشی شکستی یەکجارەکی بووە و هیچ کون و کلۆجێک نەماوە کە تێدا تێپەرێت و قوتاری بێت ، تاوەکو بەم عەقڵیەت و سەرکردانەوە بچێت بەرێوە . هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بەیەکجاری نائومێد بووە لەم تاقمانە ، هەموو هیوایەکیان ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەیەکجاری لەدەست نەچێت و ، پێیان دەڵێت هەموو پێگە و پایە و پارەو پوڵ و دەسکەوتە مادیەکان بۆ خۆتان و تەنها هەرێمی کوردستان و کوردستان بە گشتی بۆ ئێمە بێت ، بۆیە سەبریان گرتووە تاوەکو هاوکێشە ناوچەییەکە یەکلایی دەبێتەوە .
بۆ لەدەستنەچونی هەرێمی کوردستانیش لەم کاتەدا ، دەکرێت هەنگاوی جدی لە لایەن گەلەوە بنرێت ، بەڵام سەبر گرتن بۆ ماوەیەک تاوەکو هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە زیاتر روونتر دەبێتەوە و ، ئاراستەی جموجوڵەکان زۆرتر دەردەکەوێت ، لەو کاتەدا بێگومان بارودۆخە گشتیەکە وا فەرز دەکات کە خەڵکانێک بتوانن جڵەو بگرنە دەست و ، ئەم سەرانەش دەچنە زبڵدانی مێژووەوە و ، ناوچەکە بە لایەکدا دەکەوێتەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە چارەسەرەکان ، ئەمەش لە دەرئەنجامی ئەوەی کە دواکەوتوویی دەسەڵاتی هەرێم وای کرد چارەسەری سەرەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دوابکەوێت و ، بە پلەیەکی نزمتر لەوەی چاورەوان دەکرا لە کۆتایەکەیەوە و لە چوارچێوەی نەخشە و پلانی ئامادەکراوی گشتی ناوچەکە دەربچێت ، بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ تایبەتمەندیەکی هەرێمی کوردستان ، سەرەرای ئەوەی خەڵک بە هەموو قوربانیدانێکەوە بۆ دوو دەیەو نیوە لە ژێر سایەی حوکمی شڵەژاوی خودیدا دەژی .
بۆیە ، ئەوەی لە پێناویدا دەستتان گرتووە بەسەر کوردستاندا ، چیتان دەوێت بیبەن و هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکە دلسۆز و خۆبەختکەرەکە بهێڵنەوە ، ئەگینا کاتێک دێت دەکەونە وەزعێکەوە هیچ پەشیمان بونەوەیەک دادتان نادات .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت