جیهاد موحەمەد : باشترین میکانیزم ، رێکخراوبوون و بە ئۆرگانیکردنی ناڕەزایەتیەکانە !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌په‌یوه‌ند به ناره‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا و بارودۆخی کوردستان و قەیرانەکان ، بەپێویستمان زانی تەوەری باسێکی تایبەت بکەینەوە ، بۆ شرۆڤەکردن و ڕۆشنایی خستنە سەر سێبەرەکان .

بۆ ئەم مەبەستە کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانی مەدەنی ، هەڵسوڕاوی سیاسی ، ڕۆشنبیر و خاوەن ڕاو و تێڕوانینی تایبەتدا . ئێمە سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ئامادەیی ئەو دڵسۆزانە هەیە ، لە پەرۆشیان بۆ چارەنووسی خەڵک ، بە خێرایی وەڵامی تەوەرەکەیان دایەوە وەک هەوڵێک بۆ پشتیوانی لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان . هاوپشتی .

دەقی دیمانەی بەڕێز جیهاد موحەمەد سەبارەت بە ناره‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا ، بارودۆخی کوردستان و قەیرانەکان .

پ : سەرەتا لە بارودۆخی کوردستانەوە دەچینە نێو باسەکەوە . ئەو هۆکارانە چین کەدۆخی ئێستایان بەرهەمهێناوە ؟

جیهاد : لە راستیدا ئەگەر بمانەوێت لە چوارچێوەی حوکمڕانیی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەرنەچین و لەو چواچێوەیەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە ، ئەوە بە دڵنیاییەوە وەڵامەکەمان هەر هەمان وەڵامی حیزبە ئۆپۆزسوێنەکان و خەڵکی ناڕەزایە بەم بارودۆخە، واتە وەڵامێکی سەرپێیانە و رووکەش زیاتر هیچی تر نییە . وەڵامێک کە خۆی لە نارەزایی بە پێنەدانی موچە ، نیوە موچە و چارەکە موچە ، بێ کارەبایی ، نەبوونی ئاوی خاوێنی خواردنەوە ، خراپی دامودەزگا تەندروستییەکان و داودەرمانی بەسەرچوو ، خراپی و دواکەوتوویی سیستمی پەروەردە ، قەیرانی دارایی ، قەیرانی ئابووریی ، کێشەی جێندەر ، قەیرانی منداڵ ، قەیرانی مێردمنداڵ و گەنجان ، قەیرانی ژینگە و دەیان قەیرانی دیکە ، بە جۆرێک ، کە خەڵکی کوردستان هەر ئەوەندە هەستی پێدەکەن ، کە ئەم قەیرانانە هەن و سەرپێیانە  ناڕازیی دەردەبڕن و دەردەڵی خۆیان دەکەن.  هەندێک جاریش پەرلەمانتارەکان و ئەندامانی حیزبەکان خۆیان ، لە تیڤیەکان و  دەزگاکانی راگەیاندنەوە لایەنداریی ئەم دەردەدڵەی خەڵکی دەکەن . ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی ، ئەوەیە ، کە هەموو ئەم قەیرانانە دەگێڕنەوە بۆ  دزی و تاڵانکردن و بە هەدەردانی سەروەت و سامانی خەلکی کوردستان . ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتیی بە دیوێکیدا هەر ئەوەندە باشە ، کە بوترێت خەڵک ناڕازییە بەم بارودۆخە ! دەنا وەک تر و بە دیوەکەی تریدا ، چەند بە خراپ دەشکێتەوە بۆ هەندێک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ، هێندەش و زیاتریش بە باش دەشکێتەوە بۆ درێژە دان بەم بارودۆخە ، چونکە هەموو داواکارییەکان خۆی لە چاکسازییەکی رووکەشدا دەبینێتەوە ، یان خۆی لە پێدانی موچە و کارەبا و فەراهەمکردنی ئەو مافە سەرەتاییانەدا دەبینێتەوە ، کە لە خراپترین سیستمی حوکمڕانی وڵاتانی دنیادا ئەم مافە سەرەتاییانە هەن و فەراهەمکراون ، بۆ نموونە بە درێژایی جەنگە ناڕەواکەی ئێران / عێراق و لە ماوەی پێنج ساڵی جەنگی سوریادا ئەم مافە سەرەتاییانە وەک خۆیان ماونتەوە و  هەبوون .

ئەگەر بشمانەوێت هەندێک بە قوڵیی بیر لەم بارودۆخە چەقبەستووە بکەینەوە ، ئەوە بە دڵنییایەوە دەگەینە ئەو راستییەی ، کە ئەم قەیرانانە قەیرانی بونیادین ، قەیرانگەلێکی دروستکراوی حکومڕانییەکی ناداپەروەر و نا دیموکرات و نا مرۆیین . ئەم قەیرانانە دێرین و مێژوویین ، بەو واتایەیی ، کە بونیادی حوکمڕانیی لە کۆمەڵگاکانی جیهانی ئیسلامیی و جیهانی سێیەمدا حوکمڕانییەکی هاوبەشن لەگەڵ کۆمپانیا چاوچنۆکە سەرمایەدارەکانی جیهاندا ، حوکمڕانییەک ، کە جێگرەوەی حوکمی راستەوخۆی کۆلۆنیالیزمی جارانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمن ، کە هەموو ئەم وڵاتانەیان داگیرکردبوو . ئەو سەردەمانەش خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو هەر وەک ئێستا تەنها هەستیان بە داگیرکاریی و ستەم و چەوساندوە دەکرد ، بۆیە حیزبگەلێکی بۆرجوازی بە بوونیاد دواکەوتو توانی ئەم هەستکردنەی خەڵک بە ستەم و چەوساندنەوە قۆرخبکات و خەڵک بکات بە سوتەمەنی (شۆڕش و بزووتنەوە نیشتیمانییەکانی )، بەم میکانیزمەش بێنە سەر حوکم و  بە ناڕاستەوخۆ درێژە بە حوکمی کۆلۆنیالیزمەکان بدەن و ببن بە شەریکی دزین و تاڵان و بڕۆی سەروەت و سامانی خەڵک . کەواتە کێشەی خەڵکی کوردستان ئەوەیە ، کە تەنها هەست دەکەن بە ستەم و چەوساندنەوە ، هەتا ئەم هەستکردنە نەگۆڕدرێت بۆ شۆڕشێکی راستەقینەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دامەزراندنی حوکمی راستەقینەی خەڵک خۆی بەردەوام ناڕەزایەتییەکان دەپوکێنەوە و لەبار دەبرێن بە هەندێک چاکسازی رووکەش . کەواتە هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانی ئەم بارودۆخەی ئێستای خەڵکی کوردستان ، ئەو متمانەکردنە بوو بە” کوردایەتی ” حیزبە ناسیۆنالستیەکان ، کە هەموو خەڵکی کوردستان ، تەنانەت حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان ـ هەردوو حیزبی ئەوسای قیادەی مەرکەزی و لیژنەی مەرکەزی ـ چەندین گروپ و کەسایەتی چەپ و رادیکالیزم ، تووشی نەخۆشی هەمان ” کوردایەتی”  بوون و خۆیان رادەستی ئەم  ( شۆڕش و بزووتنەوەیە ) کرد تا ئەم حیزبە ستەمکارانە هاتنە سەر حوکم و خەڵکیش لە هەمان بازنەدا خول دەخوات و داد و هاواریانە . ئەوسا و ئێستاش هەمان ئەم حیزبانە ستەمکار و چەوسێنەرن ، حوکمڕان و نادادپەروەن ، نایەکسان و بەدڕەفتارن ، دز و جەردە و نامرۆیین ، خیانەتکار و بێ ئابڕوو کەم ئەخلاقن . هەستکردنەکەی ئەوسا و ئێستای خەڵک بە گشتی و چەپ و کۆمۆنیستەکانیش نەگۆردراوە بۆ بیرکردنەوەیەکی رادیکالیزمانە ، کە هەڵگری گۆڕینی بارودۆخە ستەمگەرییەکە بێت بۆ بارودۆخێکی ناستەمگەر و فەراهەمکردنی ئازادییەکان .

پ :   ئەمرۆ لە کوردستاندا باس لەچەندین قەیران دەکرێت ، قەیرانی دارایی ، قەیرانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان ، قەیرانی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا ، قەیرانی کارەباو خزمەتگوزاری و موچە … بەڕای ئێوە  چ قەیارانێک بە سەرچاوەی سەرەکی ئەم هەموو قەیرانانە دەزانن ؟

جیهاد : لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا سەرچاوەی هەموو قەیرانەکانم گێڕایەوە بۆ کیشە بوونیادییەکانی سیستمی حوکمڕانیی بۆرجوازی دواکەوتوو ، سیستمی ئابووریی و سیستمی پەروەردە و سیستمی تەندروستی دواکەوتوو ، واتە کێشەکان کێشەی بونیادین ، نەک کێشەیەکی سیاسیی رووتی نێوان چەند حیزبێک لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم ، سەرۆکایەتی پەرلەمان ، سەرۆکایەتی حکومەت ، یان لەسەر کێشەی دارایی و ئابووریی . بەڵام  بەو واتایە نا، کە ئەم کیشانە بوونیان نییە، بەڵکو مەبستمان ئەوەیە، کە بوونی ئەم کێشانە لە بنەڕەتدا نەبوونی دیموکراتیی و کولتووری دیمکراتییە ، جگە لەوەش کێشەی دەسەڵاتگەرییە ، کێشەی شەڕی سیکتاریزمەکانە ، چ سیکتاریزمە راستڕەوەکانی وەک پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان و سیکتاریزمی شیعەگەرایی و سونیگەرایی.  هەروەها ئەو سیکتاریزمە چەپڕەوانەی ، کە خۆیان بە چەپ دەزانن و بەڵام دەستوەرنادەن بارودۆخەکە ، چونکە بە خەیاڵی خۆیان پاشەڕۆیان مسۆگەرکردووە و پاشەرۆژ هی ئەوانە . سیکتاریزمە راسترەوەکانیش لە کوردستاندا وەک چۆن ئەمرۆیان مسۆگەرکردووە و خەڵکی کوردستانیان داگیرکردوە ، دەیانەوێت لەسەر هەمان داروپەردووە کۆنەکە دوارۆژیش مسۆگەر بکەن ، بۆیە ئەمانیش بە هیچ جۆرێک دەستوەرنادەنە بارودۆخەکە ، بەڵکو دەیانوێت ئەم بارودۆخە وەک خۆی بمێنێتەوە .  هەر یەکێک لەم هێزە سیاسیە سیکتاریزمە راستڕەوانەی کوردستان، خۆیان بە میراتگری ” کوردایەتی ” دەزانن . ئەوەتا هەر کە کەوتنە قسەکردن باسی “ کوردایەتی ” دەکەن ، باسی ( شۆرشەکانیان ) دەکەن ، باسی خەبات و تیکۆشانەکانیان دەکەن ، باسی دامەزراندنی ( دەوڵەتی کوردیی ) دەکەن . هەر لایەنێک لەم لایەنانە بە دوای دەسەڵاتەوەیە . دەسەڵاتگەریی ئەم حیزبە ستەکارانە لەگەڵ حکومرانییەکی دیموکرات ، کە لەسەر بنەمای ئازادییەکان ، مافی مرۆڤ ، یەکسانی ژن و پیاو ، مافی منداڵان و گەورە ساڵان و سیستمێکی پەروەردەیی فەلسەفیانە وا ئابوورییەکی یەکسانیانە بونیادنرابێت جیاوازییەکی زۆری هەیە . کێشەی ئەم حیزبانە درۆیەکی گەورەیە ، کە دەڵێن لەسەر مەسەلەی کێشەی خەڵکە و بۆ چاکردنی گوزەران و بارودۆخی خەڵکە ، کێشەکانی خەڵک کراوە بە میکانیزمێکی سیاسییانە و بەکاری دەهێنن و دەنگی پێ کۆدەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنە ساختەکارییەکانیان ، واتە موزایەدەی سیاسییانە دەکەن ، نەک بیانەوێت باردۆخەکە بگۆڕن ، چونکە وەک ئاماژەم پێدا گۆڕینی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی حیزبە سیکتاریزمەکان نییە .

قەیرانی سەرکەی و بنەڕەتی خەڵکی کوردستان ، قەیرانی بارودۆخێکی چەقبەستووی ژەنگرتووی دێرینە . تا ئەم بارودۆخە چەقبەستووەی خەڵکی کوردستان تێییدا دەژی هەڵنەتەکێنرێت ئازادی و رزگاری مەحاڵە .

هاوپشتی :  حکومەت دەڵێ بەهۆی قەیرانی دارایی موچەکان بڕاون و لەکاتی خۆی نادرێ . هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە لێدوان و  دانپێدانانی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبیستین ، هۆی سەرەکی ئەم قەیرانە داراییە بەتاڵانبرنی ملیارەها دۆلاری ئەم کۆمەڵگایەیە لەلایەن بەرپرسان و کۆمپانیا تاڵانچیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان . خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئێوە بۆ قەیرانی دارایی بە دیاریکراوی چییە ؟

جیهاد : بە دیارییکراوی خوێندنەوەی من بۆ قەیرانی دارای و ئابووری ، جگە لەوەی قەیرانێکی بونیادیی بەرهەمهاتووی بۆرجوازیی دواکەوتووە ، کە تا هەنووکە چینی بۆرجوازیی لە جیهانی سێهەمدا ، چینێکە بە عەقڵ و بیرکردنەوە خێڵەکیی و دەرەبەگییە ، تەنها بە پارە پارەدارە ، نەک بۆرجوازییەکی بەرهەمهاتووی پیشەسازیی و خاوەنی عەقڵیەتێکی بەرهەمێنەر و وەبەرهێنەر . ئەم  چینە ستەمکار و نادیمکورات و بزنسکار و بازرگانە و هیچی تر . ئەم چینە بە سروشتی خۆی هێندەی کار لەسەر خۆ دەوڵمەندکردن دەکات ، ناتوانێت کار لەسەر بە مەدەنیکردن و مۆدێرنیزمەی کۆمەڵگا بکات بەو واتاییەی  زەویەنەی پەروەردەیەک فەراهەم بکات ، کە مرۆڤەکان مرۆڤبوون لە گیانی خۆیاندا بچێنن . ئەم چینە ناتوانێت دەستکاری دۆخەکە بکات و بیگۆڕێت بۆ دۆخێک، کە مرۆڤەکان خۆیان خۆیان بژییەنن و خۆیان ژیانی خۆیان بەرن بەڕێوە ، خۆیان پشت بە خۆیان ببەستن. لە ساییەی ئەم چینە دەسەڵاتدارە سیاسییە بۆرجوازییە دواکەوتووەوە کۆمەڵگا بووە بە کۆمەڵگایەکی مشەخۆر . کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکی وەبەرهێنەرەوە بووە بە کۆمەڵگایەکی وەبەرخۆر . تاک لە تاكێکی چوست و چالاکەوە بووە بە تاکێکی تەمەڵ و تەوەزل . ژێرخانی ئابووری کشتوکاڵی داتەپیوە ، خەڵکی لادێکان و جوتیارەکان بە زۆری بوون بە موچەخۆری حکومەت یان موچەخۆری حیزبەکان.  خێزانەکانی کۆمەڵگای کوردی وەک زەڕەنەقوتە چۆن دەمدەکاتەوە بۆ دایکانەکەی خواردن بکات بە دەمیەوە ، ئاوا هەموو سەری مانگانێک دەمدەکەنەوە بۆ حکومەت موچەیان پێبدات . وەک خۆیان دەڵێن نزیکەی نیوەی کۆمەڵگا بووە بە موچەخۆری حکومیی ، لە کاتێکدا هەر خۆیان دەلێن ، حکومەت رەنگە پێویستی بە چواریەکێکی ئەو ژمارە زۆر و زوەەندە نەبێت بۆ هەڵسوڕانی کاروبارە حکومەییکان . ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی قەیرانی ئابووریی و دارایی .

کێشەی دووەمی قەیرانی ئابووریی و دارایی / دزینی ملیارەها دۆلاری کۆمەڵگای کوردستانە ، هەروەها خۆ فشکردنەوەی حیزبە حکومڕانەکانە ، بە کردنەوەی دەیان کەناڵی تەلەفزوێن ، بە کردنەوەی دیان بارەگای حیزبیی ، بە کردنەوەی دەیان دامودەزگاری ( ڕۆشنبیریی ) حیزبیی ، بە پێکهێنانی دەیان رادوێ و گۆڤار و رۆژنامەی حیزبیی ، بە پێکهێنانی سەدان رێکخراوی ( مەدەنی ) حیزبیی ، کە وەک دەوترێت نزیکەی ٢٦٠٠  رێکخراوی حیزبیی هەیە بە ناوی رێکخراوی جەماوەریی و مەدەنییەوە . ئەمانە هەموویان ساڵانە بە سەدان ملوێن دۆلاریان پێ دەدرێت ، هەموو ئەم پارەو پولەش هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی نییە بۆ بە مەدەنیکردن و بە مۆدێرنەکردن و بەرەوپیشەوەچوونی عەقڵ و بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی .
کێشەی سێیەمی قەیرانی ئابووری و دارایی / ئەو کێشە سیاسیی و کەسییە بوو ، کە لە نێوان مەسعود بارزانی و نوری مالکیدا دروست بوو ، ئەم کێشەیە درێژەی کێشا بۆ کێشەیەکی سیاسیی بنبەست و کێشەی بڕینی بودجەی لە سەدا ١٧ی بودجەی کوردستان لە لایەن عێراقەوە . ئەمەش یەکێ بوو لەو موزایەدە سیاسیانەی کە پارتی و سەرۆکەکەی کردیان بە ناوی ( سەربەخۆیی ئابووریی ) و هەڕەشەکردن و موزایەدەکردن بە ناوی دامەزراندنی ( دەوڵەتی کوردییەوە ) .

کێشەی  چوارەمی قەیرانی ئابووری و دارایی / کێشەی نزمبوونەوەی نرخی نەوت بوو لە جیهان . ئەم کێشەیە زیاتر بۆیە کاریگەری هەبوو لەسەر کۆمەڵگای کوردی ، چونکە وەک ئامژەمان پێدا کۆمەڵگای کوردی کە ببوو بە کۆمەڵگایەکی موچەخۆر ، بە کەمکردنەوەی موچە ، یان بڕین موچە لە سەدا 70 ی بازار و قوتی خەڵکی پێکەوەتە قەیرانێکی قوڵەوە .

پ :  خویندنەوەتان چییە بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و ئەوخالانەی کەحزبەکان لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسعود بەرزانی رایانگەیاند و ئەوانەشی کەخودی بەرزانی بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا خستویەتیەڕوو ؟

جیهاد : بە خوێندنەوە و تێگەیشتنی من هەموو پڕۆژەکانی پێشکەشکراو لە لایەن حیزبەکانەوە ، لە لایەن هەندێک لە سەرکردەکانەوە ، لە لایەن هەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارەکانەوە ، لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییەوە ، لە لایەن نێچیرڤان و قوبادەوە وەک سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت ، هەموویان دەچنە خانەی موزایەدەی سیاسییەوە . لەبەرئەوەی وەک ئاماژەمان پێدا لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ، کێشەکان کێشەی بونیادین و بەم جۆرە پرۆژانە چارەسەر ناکرێن . بەڵام دیسان دەڵێم بەو واتایە نا ، هەنگاونان بۆ هەندێک چاکسازی لە بارودۆخی خراپی خەڵکی کوردستاندا ، یان هەندێک هەنگاوی  چاکسازی لە سیستم و حوکمڕانییدا کارێکی باش نییە ، بە پێچەوانەوە ئەم کارانە باشن، ئەگەر هانگاوی جددیان بۆ بنرێت رەنگە خەڵک هەندێک ماندووی بحەسێتەوە ، هەندێک خۆشگوزەرانی بۆ بگەڕێتەوە ، وەلێ ئەم ماندووحەسانەوە و خۆشگوزەرانییانە هەموویان کاتیی دەبن و کێشەکان بنەبڕ ناکەن .

بە بڕوای من چارەسەری کێشەکان هەروەک خۆیان دەیبەستنەوە بە کۆمەڵێک کێشەی لابەلای ململانێیی حیزبایەتەوە ، وەک کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم ، وەک کێشەی بژاردەی سیستمی حوکمڕانی لە نێوان پەرلەمانی و سەرۆکایەتییدا ، وەک کێشەی نووسینەوەی دەستور ، وەک کێشەی شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوت و غازدا ، ئەم چارەسەرییانە زۆر ئاسەنە دەستی بۆ ببرێت و ئەم حیزبانە لە نێو خۆیاندا رێک بکەون . وەک وتم لەم چارەسەرییە کاتییانەدا ، کە رەنگە خەڵکیش هەندێک سودی لێ وەربگرێت . بەڵام بۆیە بۆیان ناکرێت ، چونکە ململانێکانیان لەسەر دەسەڵاتگەرێتی هێندە بەهێزە ، کە هیچ متمانەیەکی نەهێشتووە لە نێوانیاندا . متمانە نە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا ماوە ، نە لە نێوان حیزبەکاندا ماوە ، بێ متمانەییەکان ئەوەندە قوڵ بۆتەوە گەیشتۆتە ئەوەی لە نێوان سەرانی تاکە حیزبێکیشا نەمێنێت .

پ :  ئێستا هەموولایەنەکان باس لەچاکسازی دەکەن ، هاوکات باس لەکاراکردنەوەی پەرلەمان وگێڕانەوەی وەزیرەکان و حکومەت دەکەن بۆ سەردەمی پێشوو .. پێتان وایە بەم هەنگاوانە قەیرانی دەسەڵات چارەسەر ده‌بێت ؟ بەواتایەکیتر تاچەند پێتان وایە کەئەم حکومەت و دەسەڵاتە دەتوانێ چاکسازی بکات ؟

جیهاد : ئەم چارەسەرییانە تەنها لە ڕووی دەروونییەوە ، چارەسەری ئەوە دەکات کە لای بزووتنەوەی گۆران بڵێن ئەوە قسەی خۆمان بردە سەر ، ئەوە توانیمان شکست بە بڕیارەکەی پارتی و نێچیرڤان بارزانی بهێنین . دیسان چارەسەری ئەو کێشەیەش بۆ پارتی دەکات ، کە بوون بە ژێر رێژنەی رەخنەگرتنێکی زۆرەوە لەسەر ئەوەی ، کە بڕیاری تاکڕەوانە دەدەن . بێگومان لە حاڵەتی گەڕانەوەی دکتۆر یوسف بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەکان بۆ ناو حکومەت وەک چۆن چارەسەری گڕێ دەروونییەکەی گۆران دەکات ، بە هەمان شێوەش پارتی دەیکات بە هەڵا بەوەی کە سەرۆکەکەیان دڵی فراوانە و لێزانە و حەکیمانە بڕیار دەدات و چارەسەرییەکان هەمووی لە دەستی ئەو دایە و هەر تەنها ئەوە دەستی ئەمینە بۆ ئەزمونەکەی کوردستان. ئەم چارەسەریانە جگە لە لابردنی کێشە دەرونییەکانی خۆیان ، کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە شتێکی ئەوتۆ لە کێشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر ناکات . وەک لە وەڵامی پرسیارەکانی تردا ئاماژەم پێدا ، ئەم حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییەی کوردستان هەر هێندە دەتوانێت چارەسەری کێشەی قەیرانەکان بکات ، کە بەرژەوەندییەکی کاتیی خەڵکی کوردستانی تێدا دەبێت و درێژە پێدانی بەرژەوەندییە دەسەڵاتگیرییەکەی خۆشیانی تێدا دەبێت، واتە چارەسەرییەکی کاتیی بۆ کێشەکانی خەڵک ، بەڵام مانەوەیان لە ژێر سیستمێکی حکومڕانیی سەمکار و چەوسێنەر و داپلۆسێنەردا .

پ  : یەكێتی لە کاتێکدا خۆی لایەنێکی سەرەکی حکومەتە و  خاوەن پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانە . لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی ، داوا لەحکومەت دەکا پیاچوونەوە بە پرۆژەی پاشەکەوتی فەرمانبەرو موچەخۆران بکات و  پیاچونەوەی پێویستە . چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو هەڵوێستەی یەکێتی دەکەن ؟

جیهاد : یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، تاکە حیزبی بەهێز و جەربەزە بوو لە چوارچێوەی سیاسەتکردن و دەسەڵاتی سیاسیی کوردستاندا ، کە بتوانێت ململانێ بکات لەگەڵ پارتیدا ، ئەم هێزە بە هۆکاری گەورەیی خۆیی و پشتیوانی دەوڵەتێکی وەک ئێران کێشەکانی لە دەمێک ساڵەوە لەگەڵ پارتی ‌ـدا درێژە پێدا ، تا گەیشتە ئەوەی ، کە بە ئاشکرا لە شەڕە نەگەریس و نەخوازراوەکانی نێوانیاندا هەردوو ئەم هێزە هەر جارە و پەنایان بۆ دەوڵەتێک دەبرد ، جارێک پاسداری ئێرانیان دەهێنا و جارێک حکومەتی سوپای عێراقی بەعسیان دەهێنا و جارێک تورکیا لە رێگەی پارتییەوە لەشکرکێشی دەکردە سەر کوردستان . بەڵام دوای ئەوەی ، کە زانیان ئەم شەڕ و پێکدانانە چیتر لە بەرژەوەندییان نییە بە تایبەتی دوای روخانی رژێمە فاشیەکەی سەدام لەسەر دەستی هاوپەیمانان و ئەمەریکادا، کەوتنە رێکەوتنێکی وەها ، کە هەموو خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی گشتیی و ئەو “ کوردایەتییە ” ی ، کە دەیان ساڵ بوو خەڵکیان پێ دەخەڵەتاند و خەڵکیان لە پێناویدا بەکوشتدەدا و ئەنفال و کیمیاران و جینۆسایدیان بەم هۆکارە بەسەر خەڵک هێنا، لە بیرچووەوە . بە مەبەستی دەسەڵاتگیرێتی خۆیان و هاوبەشیکردنیان لە دروستکردنەوەی حکومەتی عێراقیدا و خۆ سەپاندنیان بەسەر خەڵکی رەشورووتی کوردستاندا رێکەوتنی ستراتیژییان واژۆکرد . هەر ئەمەش بوو ، کە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمیان لە نێو خۆیاندا دابەشکرد و بوون بە شەریک لە هەموو دەسەڵاتەکاندا . بەڵام لە دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی یەکێتی لە ناوخۆیدا  بوو بە چەند جەمسەر و باڵێکەوە ، کە کەسیان متمانەیان بەویتریان نەماوە . لە راستیشدا ئەم باڵ باڵێنە هۆکارەکەی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونێکی زۆری ئەم باڵانەیە ، کە ناتوانن واز لە دەسەڵاتەکانی خۆیان بهێنن ، چونکە بە هۆکاری وازهێنانیان لە دەسەڵاتەکانیان رەنگە لاوازبن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت یان چیتر نەتوانن بە گەندەڵی و لەسەر حسابی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان خۆیان دەوڵەمەندتر بکەن .  ئەم حیزبە رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ بەرەو لاوازبوون دەچێت و دەپوکێتەوە ، بۆیە قسەکانیان، لێدوانەکانیان ، بڕیارەکانیان ناکۆکن لەگەڵ یەکتریدا ، هەر باڵە و هەر سەرکردەیەو لە ئاشێک لێدەکات و بە بەرژەوەندی خۆی و باڵەکەی خۆی رەفتار دەکات . بۆیە بە بڕوای من هەر لایەنێک شتێکی پێبکرێت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەم بارودۆخیەوە هیچ شتێکی باشی پێ ناکرێت  .

پ :  راتان لەسەر ناوەرۆک ولایەنەکانی پرۆژەی چاکسازیەکەی بزوتنەوەی گۆران چییە ؟

جیهاد : پرۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ، هەروەک پرۆژەکانی حیزبەکانی دیکە ، پڕۆژەیەکی سیاسییانەیە ، نەک پڕۆژەیەک ، کە چارەسەرییە بنەڕەتیەکانی دیاریکردبێت . ئەم پڕۆژەیە هەم موزایەدەی سیاسییە ، هەم پرۆژەیەکە بە خەیاڵی خۆیان بۆ ئیحراجکردنی حکومەت و پارتی و یەکێتی . ئەگەر بە وردی و بە قوڵی پرۆژەکە لێکبدەینەوە و بیخوێنینەوە شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە جیاواز لە پرۆژەکانی دیکە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستی خستۆتە سەر ئەو مەسەلانەی ، کە کێشەکانی قوڵکردۆتەوە . پرۆژەکە چارەسەری کێشەکان ناکات و کێشەکانی پێ بنەبڕ نابێت ، لەبەرئەوەی خۆی لە چارەسەرییەکی کاتیدا دەبینێتەوە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا . بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسوێنی چوار ساڵی رابردوو هەروەها وەک هەڵگری کۆمەڵێک دروشم و پەیامی رادیکاڵانە بەڵام بە چونە ناو حکومەت و هاوبەشیکردنیان لە حکومەتێکی گەندەڵ و دزدا ئیتر ئەو رادیکالێزمێتییەیان لە دەستدا و پەیامەکانیان کاڵ بوونەوە . بەم پرۆژەیەی دوییاندا ، دوای دوورخستەنەوەی وەزیرەکانیان و وەدەرنانی سەرۆکی پەرلەمان لە هەولێر ، ‌هێندەی تر دەرکەوت ، کە ئەم بزووتنەوەیە ناتوانێت لە فەزا کۆمەڵایەتیی و سیاسیە چەقبەستووەکەی پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان دەربچێت ، لە هەمان بازنەدا خولدەخوات بە کۆمەڵێک پرۆژە و پەیام و رەخنەگرتنەوە و هیچی دیکە .

پ :  بنەمای ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێسی کوردستان بۆچی دەگەڕێننەوە وتاچەند لایەنی هاوبەشو جیاوازی لەگەڵ جوڵانەوەی 17 شوباتدا بەدیدەکەن ؟

جیهاد : ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی خەڵکی کرێکار  و زەحمەتکێشی کوردستان ، لە بێ کاریی و بێ موچەیی و چەوساندنەوە و ستەمکارییەوە سەرچاوەی گرتووە . ئەوەی تێبینی دەکرێت چەپەکان لەم دەورەیەدا باشتر و یەکگرتووتر لە جاران لە هەوڵی ئەوەدان درێژە بە ناڕەزایتیەکان بدرێت ، چەپەکان لەگەڵ ئەوەی ، کە دروشمەکانیان هەمان دروشمی جەماوەرییە ، بەڵام  لە ناوەڕۆکدا جیاوازیان هەیە لە گەڵ حیزبە ئۆپۆزسوێنە راستروە موحافزکارەکاندا . هەرچی چەپەکانە وەک وتم لەگەڵ ئەوەی دروشم و لێدوان و رەخنەکانیان لەگەڵ داواکارییە جەماوەرییە گشتییە ناڕەزاکاندا یەکدگرێتەوە ، هەمان داواکارییان هەیە ، وەلێ ئەمان ئەوە باش دەزانن ، کە پێدانی موچە ، یان باشکردنی کارەبا ، یان چاکسازی لە رەوشە ناهەموارەکەدا دادی کەس نادات و چارەسەرییەکی کاتییە ، بۆیە زیاتر پێ لەسەر چارەسەری بنەڕەتی دادەگرن . بەڵام حیزبە ئۆپۆزسوێنەکانی جاران و هاوبەش لە حکومەتی ئێستادا تەنها بە پێشکەشکردنی چەن پرۆژەیەک ، کە خۆی لە موزایەدەی سیاسیدا دەبینێتەوە و هیچی تر ناکەن .

جیاوازی نێوان ناڕەزایەتیەکانی ئێستای خەڵکی کوردستان لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوباتدا ، ئەوەیە ، کە ئێستا حوکمڕانانی کوردستان بە تەواوەتی تەکیان بە ژیانی هەموو خەڵکی کوردستان هەڵچنیەوە و ئەگەر ئەم بارودۆخە درێژەی هەبێت کارەساتی مرۆیی و تاوانی گەورەی لێدەکەوێتەوە . ئێستا چەپەکان و خەڵکانێکی ناڕازی زۆر ، کە دژی ئەم بارودۆخەن هەروا بە ئاسانی ناکەونە سەر شەقام و تەقینەوەی جەماوەری گەورە دروست نابێت . لە لایەکەوە هۆکارەکەی بێمتمانەییە بە خۆپیشاندان و تەقینەوە جەماورەیەکان ، لە لایەکی دیکەوە خەڵکی بە ئاگا و چەپەکان و دەتوانم بڵێم زۆربەی خەڵک لەوە تێگەیشتون کە پێویستە خۆپیشاندانەکان و راپەرین سەرتاسەری بێت دەنا سودێکی ئەوتۆی نابێت . ئەمەش بە بڕوای من بیرکردنەوەیەکی باشە و عەقلانیانەیە . خۆپیشاندان نەکرێت باشترە لەوەی خۆپیشاندان بکرێت و بپوکێتەوە بە کاریگەریی هەندێک چاکسازی روکەش و کاتیی.

پ : لە چەند رۆژی ڕابردوو یەکێک لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی بایکۆت ببوە ، ئەو شێوازە لە ناڕەزایەتی چەندە بە کارساز دەبین ؟ لە بایکۆت کارسازتر چییە ؟

جیهاد : من لەگەڵ بایکۆتی قوتابخانەکان و دامودەزگاکانی پەروەدە و تەندروستیدا نیم ، بە بڕوای من ئەمە زیاتر کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی رەشوڕووت هەیە ، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەڵکی دەوڵەمەند و حیزبەکان نییە ، بە تایبەتی لە حاڵەتێکدا بایکۆتکردن دەبوایە سەرتاسەری بێت ، بەڵام ئەوەی دەبینرێت تەنها زیاتر شاری سلێمانی گرتۆتەوە ، ئەمەش لای دەسەڵاتی سیاسی و بە تایبەتی لای پارتی ئەو خوێندنەوەیەی بۆ دەکرێت ، کە بە دنەدانی گۆران و چەپەکان ئەم کارە دەکرێت . لە راستیدا لە بایکۆتکردن باشتر مانگرتنێکی سەرتاسەرییە ، مانگرتنێک لە دەسەڵاتی سیاسییە ، کە هەموو جومگەکانی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتی بگرێتەوە ، وەک داخستنی هەموو قوتابخانە و زانکۆ و دامودەزگا حکومیەکان و بازار لە یەک کاتدا و بە یەک دەنگ بۆ ماوەی یەک حەفتە یان دە رۆژ تا پانزە رۆژ ، بە دڵنیاییەوە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەم مانگرتن و بایکۆتکردنە ئەژۆنیان دەکەوێتە لەرزە و سەر بۆ هەموو داواکارییەکانی خەڵکی شۆڕشگێر دادنەوێنن . رەنگە لەمەش باشتر خۆپیشاندان بێت بە شێویەک ، کە هەیبەتی خەڵک بنوێنێت و دووربێت لە هەموو توندووتیژییەک ، هەڵبەت مەبەست ئەوە نییە ، کە خۆپیشاندانەکان توندوتیژی نابێت بە خۆیەوە ببینێت ، بەڵام لە سەرەتادا پێویست وایە ، کە هیچ تتوندوتیژییەک بە خۆیەوە نەبینێت .

پ :  ناڕەزایەتیەکانی ئێستا چ ئاسۆیەکیان لەبەردەمە ، ئەو ئاستەنگ و ئەگەرانە چین کەلەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەدان ؟ لەئێستادا هەڵسوڕاوان و رابەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە دەبێ چی بکەن و چ ئاستێک لەتوانایی وپێشرەوی بەدەستەوەبگرن ؟

جیهاد : هەمیشە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ستەمدیدە و ستەملێکراو و چەوساوە ئەگەر بە شێوازیکی بەردەوامی شۆڕشگێرانە و رادیکلایزمانە نەبێت ، سەرناگرێت و لە لایەن دەسەڵاتی سەتمکار و داپلۆسێنەرەوە دەپوکێنرێتەوە . بۆیە باشترین میکانیزم بە بڕوای من رێکخراوبوون و بە ئۆرگانیکردنی ناڕەزایەتیەکانە . هەتا ناڕەزایەتیەکانی خەڵک رێکنەخرێن و یەکنەگرن و لە ناو خەڵکەوە دەستە و کۆمەڵی سەرپرشتیاری رێکخراویی بۆ دروست نەبێت زەحمەتە بگاتە ئەنجام. ئەم خاڵانە بۆ خۆپیشاندان گرنگن :

1 – خەڵکی ناڕازی حەق وایە ، نەیەڵن هیچ حیزبێک پێشیان کەوێت و خۆی بە پێشەنگ بزانێت بۆ نارەزایەتیەکان ، تەنانەت چەپەکان و مارکسیەکان رێگەیان پێنەدرێت ببن بە پێشەنگ و رابەری خەڵک .

2 – هەوڵبدرێت ناڕەزایەتییەکان لە ماڵەکان و گەڕەکەکان و قوتابخانەکان و زانکۆکان و مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و پۆلیسی هاتوچۆوە خۆیان رێکبخەن و خۆیان خاوەنی دروشم و داواکارییەکانی خۆیان بن .

3 – گرنگە لە دەستپێکدا دروشمەکان گوزارشت لەو داواکاریانە بکەن ، کە هەنوکەیین و بریتین لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵک. نەک داواکاری قورس ، کە لە توانادا نەبێت ئەمرۆ جێبەجێبکرێت ، بۆ نموونە وەک داواکاردنی راپەڕین بۆ روخاندنی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی ، کە جێگرەوەکەی ئەلتەرناتیڤێکی جیاواز بێت لەم دەسەڵاتە سیاسییەی ئێستا . داواکارییەکان پێویستە پلە بە پلە بێت ، نەخشەڕێژییەکی شۆرشگێرانە و واقیعبینانە و عەقلانی لە پشتەوە بێت ، نەک وروژاندنی هەست و سۆزێک ، ملی جەماوەری نارەزا بشکێنێت .

4 – رێخرانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان پێویستە موزایەدەی سیاسیی هیچ کام لە حیزبەکان قبوڵ نەکەن .

5 – بۆ دەمەدەمێ و شەڕە قسە چاوپێکەوتن و بەرەوڕووبوونەوە لە تیڤیەکانەوە قبوڵ نەکەن . بەڵکو ئەگەر ئەمە کرا بە جۆرێک بکرێت ، کە بەرچاوڕوونی بدات بە جەماوەر و خەڵکی ستەمدیدە و مەبەست و ئامانجی ناڕەزیەتیەکان بە شێوەیەکی واقیعبینانە و بە ئاشکرا و روونی بدرێت بە خەڵک .

6 – هیچ جۆرە سوکایەتی و دژایەتیەکی دینی و مەزهەبی لە ناو ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا خۆی زەق نەکاتەوە ، تا نەبێت بە هۆکارێک ، کە لە میبنەری مزگەوتەکانەوە دژایەتی خەڵکی ناڕازی دروستبێت . پێویستە ئەوە بزانرێت ، کە خەڵکی ستەمدیدە و ستەملێکراو و چەوساوە هەموو توێژ و چینێکی گرتۆتەوە بە دینیی و نادینن و بڕوادار و بێ بڕواوە ، بە ئیسلامیی و مەسیحیی و کورد و عەرەب و تورکمانەوە  .
7 – پەیوەندیکردن بە هەندێک لەو ریکخراوە جەماوەریی و مەدەنیانەوە ، کە سەربەخۆن و سەربە حیزبەکانی دەسەڵاتدار نین بۆ ئەوەیە بێنە پشتی جەماوەری نارازی .

 8 – گروپ و رێکخراوەکانی ئەوروپا ، کە دروستبوون یان دروستدەبن بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی نارازی کوردستان ، هەوڵی ئەوە بدەن دەنگی خەڵکی ناڕازی بگەیەنن بە ناوەندە سیاسیی و یاساییەکانی ئەورپا .
 9 – لێدوان و بەیاندەرکردن بە شێوازێکی مەدەنیانە و لە کاتە پێیوستەکاندا زیاتر نەبێت . هیچ کەسێک بە بێ پرسکردن بە رێخەرانی خەڵکی ناڕازی لێدوان نەدات بە کەناڵەکانی راگەیاندن ، لە کاتێکدا ئەمە بوو دەستبەجێ بە درۆ بخرێتەوە ، کە ئەوە نوێنەری ئەم خەڵکی ناڕازیانە نییە .
10 – بە گوێرەی سەرکەوتن پێشکەوتن و گەورەبوونی ناڕەزایەتییەکان پێویستە داواکارییەکان  بگۆڕدرێن و داواکاری نوێ بێتە ئاراوە و گەشە بە دروشمەکان بدرێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت