PUK-1

کاوسێن بابەکر : یەکێتی ، کۆتایی بەم دۆخە بێنە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرجارو لەگەلێک قۆناخدا وتومانە دۆخەکە هەستیار و ناسکە ! بەڵام بەبەراورد بەو قۆناخانە ئەم دۆخەی ئێستا زۆر هەستیارەو  لەناسک ناسکترە ! لەکاتێکدا دڕەندەترین هێز کە داعشە لە هەموو لایەکەوە شەڕی لەدژمان بەرپاکردووە ، ناوچەکە سەرجەم بووە بەشەڕگەو جگە لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە و تێوەگلاو لەشەڕ چەندین ووڵاتی دیکەی دونیاش ئەم جەنگەیان قۆستۆتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان و پچڕینی بەشی خۆیان لە کێکی دوای جەنگ و گۆڕینی نەخشەی سیاسیش بەشێوەیەک لەشێوەکان بووەتە ئەگەرێکی زۆر بەهێز ، کە کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت بۆتە دیفاکتۆ لە هاوکێشەکانداو دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هاتۆتە پێش ، کە زوڵمی سایکس بیکۆ و و داگیرکاری سەدان ساڵەی مێژوو ، بەدەوڵەتی سەربەخۆی خۆی قەرەبوو بکاتەوە .

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستیانەدا ، سەرکردایەتی سیاسی کورد نەیتوانیوە دۆخەکەو ئەگەرەکان باش هەڵسەنگێنێ و یان توانیویەتی و لەبەر بەرژەوەندی حزبی و کەسی خستوویەتە پشتگوێ ! چونکە  کورد خۆی دەبێ ئامادەییەکی باشی هەبێ و یاریکەریکی ئازاو پتەوی گۆڕەپانەکەبێ ، دەنا کەس نایەت خێری پێبکات ، یاریکەرە زلهێزەکانیش ئەگەر چی سۆزێکیان بۆکورد هەیە ، لەکۆتاییدا بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن ، کەواتە دەبێ کوردخۆی ستراتیژی خۆی هەبێ وبە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ، کاری بۆ بکات . بەڵام بەداخەوە هەموومان شاهیدی  سەرکردایەتی سیاسی کوردین ، ئەوەندەی بەدوای بەرژەوەندی کەسی و حزبیەوەن هێندە کار بۆ دواڕۆژی ئامانجە نیشتمانیەکان ناکەن ، ئەوەتا پەرلەمان ئیفلیجکراوەو حکومەت لەوپەڕی لاوازیدایەو بەدەست دەیان قەیرانەوە دەناڵێنێ ، کەچی تائێستا ئامادەنین تایبەت پارتی و گۆڕان کە کێشەکانیان کۆتایی پێبهێنن و لەبەرژەوەندی خۆیان داشکێنن و ماڵی کورد یەکخەنەوەو بەهێزوو گوڕو تینێکی دیکەوە بەرەو ڕووی مەترسی و ئەگەرەکان بوەستنەوە . یەکێتی کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێ و دەیانجار بە پرەژەی باش و بەسەردان و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان هەوڵی بەرپرسانەو خەمخۆرانەی داوە ، بەڵام بەداخەوە هیچیان لەپارتی و گۆڕان لە بەرژەوەندیەکانیان نەهاتنە خوارەوە و لەعینادی و غرووری خۆیان بەردەوام بوون . پارتی پێی وایە نابێ پەشیمان بێتەوە لەلابردنی دکتۆر یوسف و لەشان و شەوکەتی کەم دەکاتەوە ، گۆڕانیش پێیوایە داشکاندنێکی گەورەیە ئەگەر یوسف نەبێتەوە بەسەرۆکی پەرلەمان ! بەم شێوەیە چەندین مانگە گەلەکەمان باجی ئەم غرووری و عینادیانە دەدات . بەڵام بەرژەوەندی گەلەکەمان زۆر لەوە گەورەترە کەحزبێک سیاسەتێکی شکست دێنێ یان سەرکەووتوودەبێ ، ئێستا نۆرەی یەکێتیە هیچکە گوێ لە قسەی بەرژەوەندیانەی ئەو حزب و ئەوم حزب نەگرێ و دۆخەکە کۆتایی پێبهێنێ و پەرلەمان کارا بکاتەوە بە سەرۆکایەتیەکی نوێوە و حکومەتێکی نوێی فریاکەوتنی نیشتمانی پێکبهێنن لەگەڵ پارتی و ئەوانی تریش بەشداربن باشە بەشدار نابن ، زۆر ئاسایی وەریبگرن تا هەڵبژاردنی داهاتووکە کەمتر لەدووساڵی ماوە . ئەم حکومەتە و ئەم پەرلەمانە کاری سەرەکیان پێداچوونەوەبێ بەسەرجەم کایەکانی حکومەتداو ؛ کەیسی نەوت ، گومرگەکان ، پەیوەندی هەرێم – بەغدا ، ببنبڕکردنی گەندەڵی ، بەهێزکردن و چەکدارکردن و پۆشتەکردنی پێشمەرگە ، مەسەلەی ڕیفڕاندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ ، کەیسی سەرۆکایەتی هەرێم و هەموارکردنی یاساکان بەپێی پێداویستیەکانی سەردەمەکەو … هتد ، هیچکە جەماوەرو مووچەخۆران بەرگەی ئەم دۆخە ناگرن ، ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی تێدەپەڕن ، دەبێ کورد ئامادەی هەرئەگەرێک و پێشهاتێک بێت . بەڵێ یەکێتی بەمەرجی ئەو ئەرکانەی سەرەوە لەگەل پارتی ، دەتوانێ وابکات و سەردەمێکی نوێ چاوەڕوانی حکومەت و سەرکردایتیەکی نوێیە کە دەرەقەت ڕووداوو پێشهاتە چاورونکراوو نەکراوەکان بێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت