فەوزی ڕەمزی : شاییەکەی بناویلە ـی ئەو وەخت و سەرچۆپی کێشەکانی بەزموڕەزمی ئێمڕۆمان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە نێو کوردەواری خۆماندا ئەم شاییە هەر زۆر بەنێوبانگە و جێگەی خۆی لە نێو لاپەڕە زێڕینەکانی فۆڵکلۆری کوردەواریدا کردۆتەوە و هەر یەکە بە جۆرێك باسی لێوەدەکەن و تاموچەژێکی تایبەت بە خۆی دەدەنێ و ، جارجارەیش کەمێك ترش و خوێی پێوەدەکرێت و بۆ مەبەستێك دەهێنرێتەوە ” …. ” بناویله‌ ” دێیه‌كی‌ زۆر گچکە و دڵڕفێنە له‌ ناوچەی‌ شارباژێری سەر بە سلێمانی و تەواو دەکەوێتە پشت شاخی گۆیژەوە‌ ، له‌سه‌رده‌می‌ کۆندا هه‌ر چەند ماڵێك بوه‌ بەڵام لە تەك ئەوەشدا گرنگی خۆی هەبووە بەوەی سەرەڕێی کاروانچییان بووە و باروبنەیان تێداخستووە .
جاران لە نێو کوردەواری خۆماندا کە زەماوەند دەکرا دەبوو ( حەوت شەو و حەوت ڕۆژە ) بوایە و بەردەوام لە گەڕدابوایە ….. کاکی شایەر و دەهۆڵکوت و زوڕنا ژەن کە ئەو کات پێیان دەگوترا ” پۆست و ئیدارە “، بە تایبەت بانگهێشت دەکران لە شوێنە تایبەتەکانی کوردستانەوە تا گەرموگوڕییەك بدەنە زەماوەندەکە .
کاروانچییەکان هەر زۆر کەیفیان بەو ئاهەنگە دەهات و ماندووبوونیان بەو خۆشییە دەحەوایەوە …… سەرچۆپی کێش و جۆش و خرۆشی زەماوەندەکە ، تەنیا هەر دانیشتووی بناویلە خۆی بوون و جارجارەش ڕێیان بە کاروانچییەکانیش دەدا کە تێیداهاوبەش بن .
کاکەی شایەر و دەهۆڵکوت و زوڕناژەن ، ئەو بەرماڵەیان تەی دەکرد و خولیاندەدا و هەڵدەسووڕان و هەر جارە و لووتی زوڕنا بە نێویاندا بەرزدەکرایەوە بە ڕووی یەکێکیاندا بۆ شاباش و بەخشیش .
کاکی شایەر بە گۆرانی ئەو سەرودەمانە ئاهەنگەکەی دەخرۆشان ، بەڵام مام کوێخا پێیانی گوتبوو کە بۆ هەر بەزمێ دەبێت ئەم هەوا و نەزمەیشی تیدا بڵێنەوە :

وەی وەی لە شایی بناویلە …………….. خه‌جه‌ و مه‌جه‌ و فاتیله‌
خله‌، تەلە ، بله‌ و قه‌ویله ‌……………… سمە و ئەحە و جەمیلە
گه‌رمیان كردوە به‌ چۆپی …………….. قڕیوه‌ ئه‌گه‌یشته‌ پۆپی‌
بەڵام وا منیش بۆ خۆم ئەم بەیتانەی تری بۆ زیاد دەکەم و دەیبەستمەوە بە بارودۆخی ئێستامانەوە .
بووك و زاوا لە گەورانە …………….. پشت و پەنای خۆمانە
گوند گوندی خۆمانە …………………. هەرچی دەکەین حەقمانە
ئه‌یوت هه‌روا ئه‌م حاڵه ‌……………… یاخوا هەر بمێنێ‌ له‌م ماڵه‌
ئێمە خۆشی خۆمان دەوێ …………… ئیتر با دوژمنمان شەقبەرێ

ئا ئەمە بوو چیرۆکی شاییەکەی بناویلە … ئیتر نازانم ئێوە دەڵێن چی و چۆنی لێکدەدەنەوە ؟
ئەوانەی ئیمڕۆی لای خۆشمان لە مەسئوول و ( مەنسوولەکان ) …. کوشتە و گوێبیستی لەم جۆرە فۆڵکلۆرانەن و زۆر کەیفیان پێدێت و بەردەوام زەماوەندی خۆش خۆشمان بۆ دەگێڕن و هەر جارە و بەیتوبالۆرە و هەوا و نەزمێکی تازەمان بۆ سازدەکەن و بە گوێمانیدا دەدەن .
خۆ هەر مەپرسە لە جرتوفرت و قریوەقریو و باڵ ڕاوەشانی سەرچۆپیکێشەکانیان .
زرموهوڕی دەهۆڵکوتەکانیان …. فیقەفیقی زوڕناژەنەکانیان .
بڕوام نییە قەت بهێڵن جۆش و خرۆش و خۆشی و عارەقەی نێوچاوانی ئاهەنگێڕان وشکبێتەوە و هەر دەکوتن و دەژەنن و دەڵێن و دەڵێن ….. ئەی وا نەبێت ، چۆن شاباشی خۆیان حەڵال کەن .
هەزاران ڕەحمەت لە گۆڕت ” ڕەمزی ” کە فەرمووتە :
به‌ زه‌بری ” ئاڵه‌ت ” ئه‌و جاشولکه‌یه‌ی ئه‌خرێته‌ جرتوفرت
به‌ قیمه‌ت تر ئه‌بێ ، گه‌ر بێته‌ سه‌ر به‌یع و شیرا به‌سیه‌
ئیتر با خەڵکیش هەر خەفەت و پییش بخواتەوە و یەخەی خۆی دادڕێ و لە داخا شەق بەرێ .
+ داوای لێبوردن لە دانیشتوانی ئەو گوندە سەربەرزە دەکەم کە لانکەی پێشمەرگەکان بوون ـ بەندە بۆ مەبەستێك ئەم باسە فۆڵکلۆرییەم هێناوەتەوە ….. دوبارە داوای لێبوردن دەکەم .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت