ھاوڕێ چۆمانی : کێ پیاوی چاکسازییە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاکسازی رووداوێکی کتوپڕ نیە بەڵکو بریتیە لەکۆمەلێک کۆشش و بەردەوامی  کەبەدرێژایی ( بوون ) مرۆڤ لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگای سیاسی وەک دەستەجەمعی  دووبارەی دەکەنەوە .

ئەو گۆرانکاریانەی لەشێوەی لەناکاوی دروست دەبن دەکرێـت بەرێگای شۆرش یاخود کودەتاوە لەقەڵەم بدرێن بەڵام چاکسازی پرسێکە ھەمیشە رژێمی سیاسی ئەنجامی دەدا و خۆی پێ نوێدەکاتەوە .

چاکسازی لە رژێمی سیاسی وەک چاکسازیکردن لە ( خودی تاک ) نیە بەڵکو بۆ سەرکەوتن و گەیشتنە ئەنجام پێویستە  کۆدەنگی گشت رەنگ ودەنگ و  رەگەز ەکانی کۆمەڵگا ھەبێـت  ئەگەرنا بە پێچەوانەوە ئەوچاکسازیە بەماڵویرانی و  دەردەسەری کۆتایی پێ دێ ، پیاوی چاکسازی ئەو پیاوەیە دەیەوێت ھەموو ھێزە سیاسیە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی خوانێکی سیاسی کۆبکاتەوە و رەزامەندیان بە دەست دێنێت بۆ گۆرین سیما و خەسڵەتە نادروستەکان بۆ دروستی ، مێژووی ئینسانیەت خاڵی نیە لە چاکسازیخوازان لەبەرانبەریش پرە لەو رێبەر و دەسەڵاتدارانەی بەناوی چاکسازی بۆ چەند ساتێکی تر لەسەر کورسی فەرمانرەوایی مانەوە بەلام دەرئەنجام کورسی و کۆشکەکانیان بە گردبوونەوەی نەدار و برسیەکان ئاوەژوو کران .

لەراستیدا لەنەبوونی چاکسازی ھەر فەرمانرەوا و حیزبی دەسەڵاتدار بەرپرس نین بەڵکو نەبوونی ھێزی سیاسی بەرھەڵستکار یاخود لاوازبوونی و نەجوڵانی رای گشتی ھۆیەکی سەرەکین لە نەکردنی چاکسازی چونکە سیستەمی سیاسی رەنگدانەوەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگا سیاسییە  .

چاکسازی لەبەر ئەوەی پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆیە زۆرترین لەمپەر و رێگری ھەیە ھەر ئەوەش وامان لێدەکات بلێن چاکسازی پیاوی خۆێی پێوستە و ئەرکیشە ئەو پیاوە ھەموو مەرجێکی چاکسازی تێدا بێتە دی لە سادەترین مەرج ئەوەیە ھەموو ئەو پلانەی بۆ چاکسازی ھەیەتی لەخۆی بێنەدی و خاوەن روئیایەکی دروستکەر بێت نەوەک ئاشکرا چونکە چاکسازی بەھەوڵی دروستکردن دێتەکایەوە نەوەک بە کۆمەلێک دروشمی ھەست بزێن و رستەی بریقەدار .

پیاوانی چاکسازیی خواز بیر لە چارەسەری ھەنوکەیی و کاتی ناکانەوە چونکە ئەو جۆرە کردارانە لەمێژووی سیاسیان وەک پەلەیەکی رەش وایە، بۆیە ھەمیشە چاکسازانی راستەقینە کار لەسەر میتۆدی چاکسازی ھەمیشیەیی و دوور مەودا دەکەنەوە لەبەرئەوەی خودی چاکسازی رزگاربوون لە قەیرانێکی مەترسیدارە وە مەترسیدارەکان وەک ژەھروان بۆیە بنبرکردنی یەکجارەکی ژەھر چارەسەرە نەوەک ھەڵبژاردەیەکی دیکە .

لەراستیدا رێبەری چاکسازیخواز وەک چۆن لەسەرکەوتنی ئەو رێبازە چاکسازیە شەرەفێکی مەزن بەدەست دێنێت بەھەمان شێوەش لەشکست و گاڵتەکردن بە ھزروھەستی نیشتیمانیان چارەنوسێکی دژوار ھەڵدەبژێری .

لە دونیای ئەمرۆ کەم نین ئەو رێبەرانەی بانگەشەی چاکسازی فەرمانرەوایی و بەرێوەبردن دەکەن بەھۆی ئەوەشەوە رۆژێک زیاتر  لاف و گەز بە پلە و پایەکانیانەوە لێ دەدەن  بەڵام ئەوە ھەرگیزمانای ئەوە نیە بە گەندەڵی و ستەمکاری خۆیان رەگ وریشە گەندەڵی دەربھێنن بەڵکو دواجار ھەر گەندەڵیە کۆتایی بە ژیانی گەندەڵکاران دێنێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت