Anwar-Qadir

ئەنوەر ‌قادر ڕەشید : ئێوە نەورۆزتان پیرۆز کرد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە رۆژگارێکدا رۆژانە تەرمی پۆلێک پێشمەرگەی شەهیدی برسی کراوی بێ مووچە بە گیرفانی بەتاڵ و جەستەی خوێناویەوە ئەهێنرێنەوە باشووری نوقمی قەیران . لە رۆژگارێکدا پەتی سێدارەی رژێمی ئاخوندەکانی ئێران لە گەردنی گەنجانی کوردایە . لە رۆژگارێدا باکوری کوردستان بەدەست سوڵتانی داعشانەوە خڵتانی خوێنە ، لە رۆژگارێکی وا تاریک و نوتەکدا چۆن ئەکرا پیرۆزبایی نەورۆزمان لە یەکتر بکردایە ، ئەگەر ئەو پێچەوانیەی سروشت نەبوایە کە خۆر لە خۆرئاوای کوردستانەوە هەڵبێ و رۆشنایی بکاتە دیاری بۆ دڵی هەموو کوردانی دڵسۆز و دۆستانی کورد .

راگەیاندنی فیدرالیزم لەو خۆرئاوایەی خۆری لێ هەڵهات ، چەندین دیاردەی دژواری تێکشکاند و مۆدێلێکی نوێی دیموکراتیی هێنایە کایەوە کە نامۆ بوو بە ناوچەکە  و بێجگە لە ئیسرائیل، لە هیچ وڵاتێکی تری رۆژهەڵاتی ناوین وێنەی نەبووە و نیە .

ساڵح موسلیمی باوکی شەڕەڤانی شەهید و سەرۆکی یەپەدە و سیاسی و دیبلۆماتکاری ناسراوی جیهانی ، نەک هەر خۆی نەسەپاند بەسەر بڕیارەکانی کۆنگرەدا و خۆی نەپاڵاوت بۆ هیچ پۆستێکی سەرکردایەتی و ئیداری ، بەڵکو لە دورو نزیکەوە دەستی وەر نەدا لە بڕیارە چارەنووسسازەکان و وەک باوکی شەهید و سەرۆکی یەپەدە و سەرکردەیەکی مەزن بەردەوام مێژووی سەروەری خۆی ئەنوسێتەوە و خەمی زۆر لە خەمی تایبەتی خێزان و مناڵ و بنەماڵەکەی مەزنترە ، خەمی ئەو ، خەمی کوردایەتی و خەمی مرۆڤایەتیە، ئەوان لە خەمی ئەوەدان سیستمێکی دیموکراتی نمونەیی بهێننە کایەوە کە کەرامەتی تاکی تیا پارێزراو بێت ، نەک چاویان لە بەتاڵان بردنی سامانی نەتەوەیی بێت ، لەخۆڕا نیە کە شێرەژنێک بکرێتە سەرۆک، ژن لە رۆژئاوا خوێنکار و شەرەڤان و دایک و عاشق و بەرگریکارن لە گەل و نەتەوە. ئەوان مێژوویەکی پڕ لە شانازیان هەیە لە بەرگری لە وڵات و کتێب لە کۆڵیان و چەک لە شانیاندایە ، کێ هەیە لە سەرانسەری مرۆڤایەتیدا کچان و ژنانی بەرخودانی رۆژئاوا نەناسێ ، کێ هەیە شانازیان پێوە نەکا، بێجگە لەوانەی پەیمانیان لەگەڵ شەیتان بەستووە و نوقمی خیانەتن ؟

ئێوەی رۆژئاوا ئومێدێکی گەورەی نەتەوەکەمانن و شانازیتان پێوە ئەکەین ، هەنگاوەکانتان زۆر لەوە مەزنترن ، بودەڵەپیاو و ئەوانەی شانازی بە کۆلەیی و خیانەتکاری خۆیانەوە ئەکەن ، ببنە کۆسپ لەڕێی ئازادیتان ، لێگەڕێن با ئەوان پاسەوانی سوڵتانی خوێنخۆر بن و ئێوەش رۆشنایی ببەخشنەوە و ببنە نموونەی بنیادنانەوەی مرۆڤی خۆرهەڵاتی .

بە دڵ و بە گیان لەگەڵتانین و لە ناخەوە سوپاستان ئەکەین کە لەم رۆژگارە دژوارەدا نەورۆزی خۆتان و ئێمەشتان پیرۆز کرد ، سەرکەوتنتان پیرۆز و سەرفرازیتان پیرۆز .    

بە کلیکێک لەسەر سموبلەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت