عیماد عەلی : حزبە کوردستانیەکان لەمە زیاتریان پێناکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەقبەستنی حزبە کوردستانیەکان و بەردەوامبونیان لەسەر تاکە ریتمێک لە کاری حزبی و دوور کەوتنەوەیان لەوەی ناوی فکر و فەلسەفە و رێباز بێت لەسەر ئەرزی واقیع ، هەروا لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو لەمەدا بارودۆخی خودی و بابەتی رۆڵی خۆی هەبووە و ، لە سەرجەم لایەنەکانی حزبیەوە کەموکورتیەکی زۆر هەبووە و خۆی فەرز کردووە بۆ گەیشتن بەم حاڵەی تێیدان، بۆیە زۆر دوورن لەوەی پێی بڵێیت کاری حزبیی سروشتی و ، لە رەفتار و کاری رۆژانەیان جیاوازیەکی گەورەیان هەیە لە گەڵ سەرجەم حزبەکانی ناوچەکە و جیهاندا لە رۆژئاواوە بگرە تاوەکو رۆژ هەڵات .
لە رووی بابەتیەوە ، مامەڵەی زۆرینەی حزبەکان لەگەڵ واقعی کوردستاندا بە پێی پێویستی تایبەتی حزبی خۆیان بووە نەک هەڵگری ئامانجێکی ستراتیجی و ریبازێکی دیاریکراوی رێنیشاندەر و ئاراستەکەر ی حزب بوبن و بە پێی پیویستیەکانی ئەو ئامانجانە هەنگاویان نابێت، کەئەمە پێویست و سروشتیە لە کاوباری حزبیدا .
چەقبەستنی حزب و نەمانی جوڵە و بزاوت و ئەکتیف و لەخۆگرنەتنی ئامانجە گشتیەکانی خەڵک و نەجوڵانەوە لە مەیدانی پێکەوە بەستنی خود و خەڵک ، لە دەرئەنجامی لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیە باڵاکانیان و ، مانەوە لە بازنەیەکی بۆش و نەبونی هیچ پلانێکی سیاسی زانستیانەی راست و دروست ، لە رووی خود گونجاندن لەگەڵ هاتنە ئارای گۆرانکاریی پێویست لە رەوتی ژیانی خەڵک و ، بە پێی زەرورەتی مامەڵە کردن لەگەڵ سروشتی پەرەسەندنی رەوتی ژیانی خەڵک لەسەرجەم بوارە رۆشنبیری و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکاندا ، وای لە وەزعی حزبەکانی کوردستان کردووە کە ئاش لە دۆڵێک بێت و ئاشەوان لەدۆڵێکی تر .
پرسیارەکە لەوێدایە، بۆچی حزبەکان وایان لێهاتووە ، لە کاتێکدا لە سەردەمی شۆرش خەڵک گیانی خۆی دەکردە قوربانی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان .
دەلێین، وەزعی خودی حزبەکان لە شێوە و ناوەرۆک و کاری حزبیدا لە لایەک و، رودانی گۆرانکاری لە لایەن خودی خەڵکەکەوە پاش روخانی رژێمی تۆتالیتاری بەغدا، یان پێشتر و لە راپەرینەوە لە لایەکی ترەوە و ، لە بەرامبەردا نوقمبونی حزبەکان بە کاری لاوەکی و لەبەرچاونەگرتنی پێویستیی گۆرانی رۆژانەی خۆیان ، هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتەن کە تێی کەوتون .
ئاشکرابونی سەلبیاتی ئەم حزبانە بەروانینی پێکهاتەی حزبەکان و بەتایبەتی سەرکردایەتیەکانیانەوە و نەمانی ئەو پیرۆزی و شکۆ و باڵاییەی کە پێشتر لە دڵی خەڵکدا دروستیان کردبوو ، لەگەڵ نەمانی دوژمندا ، ئەوەمان بۆ درەدەخەن و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەوەی مانەوەی ئەو سیفەتانە بە مانەوەی دوژمن بەسترابونەوە و ، ناخی حزبەکان کەوتە سەر بەڕەکە و ، زۆر شتی چاوەروان نەکرا و بۆ خەڵک دەرکەوت . بۆیە دەکرێت لە رووی زانستی سیاسیەوە بڵێین ، وادەی ئیکسپایەربونی ئەمانە تەاو بوە و ، جگە لە گۆرانکاری ریشەیی یان خۆ هەڵوەشانەوە هیچ شتێک دادیان نادات ، ئەگەر لە نێوخۆی خۆیاندا بە ئیرادەیەکی راست گۆرانکاریەکی پێوستی ئەوتۆ نەکەن بە رادەو لە شێوەی دروستبونی حزبێکی نوێ بێت .
هاتنە ئارای ئیمتیازات و پارەو پۆڵ و خۆبەدەستەوەدانی سەرکردایەتی و بڵاوبونەوەی گەندەڵی بەو خێراییەی ، کە جارێک هیچ ئامانجێکی گشتیان نەپێکاوە ، وا لە هەر چاودێرێکی وەزعی کوردستان و رەفتاری ئەم حزبانە دەکات ، تا بێت رەشبین تر بێت و رۆژ لە دوای رۆژ متمانەی پێیان کەمتر بێتەوە و ، تا دواجار وای لێدێت لە حزبە کارتۆنیەکانی تری سەردەمی دکتاتۆریەت لەرووی جەماوەری و ژمارەی لایەنگرانیانەوە ، بە زیاتر نەبینرێن .
بۆیە، ئەوەی توانای چاکسازی لەماڵەکەی خۆیدا نەبێت چۆن لە ماڵی دراوسێو جادەدا چاکسازی دەکات ، ئەم حزبە کوردستانیانە گەیاندویانەتە رادەیەک کە لە قورێکی خەستدا چەقیون و وا پێویست دەکات :
1- چاکسازیەکی ریشەیی و گۆرانکاریەکی رەها لە ناخی خۆیاندا بکەن و بگەرێنەوە بۆ وەزعی ئاسایی کاری حزبی و دەرچون لە رەفتاری کۆمپانیا ئاسا بۆ ئەوەی بتوانن وەک حزب و سەرقاڵبو بە کاروباری حزبیەوە دەربکەون و کاربکەن .
2- گرنگیدان بە کادرە گەنجەکانیان کە بە عەقڵیەتێکی تا رادەیەک جیاواز لەمانەی ئێستا رەفتار دەکەن و، ئەگەری گۆرانکاری و ریفۆرم لە نێوخۆیاندا ، بەدەستی ئەمانەوە زیاتر چاوەروان دەکرێت .
3- خۆ جیاکردنەوەی هەر حزبێک لەوی تر لە سەرجەم رووەکانی؛ رێباز و فەلسەفە و بیروباوەر و ئامانجەکانیان کە تا ئێستا کتومت وەک یەکن و جیاوازیان ناکرێت .
4- خۆ دوور خستنەوە لە کاری کۆمپانیایی و مورکی کۆمپانیا لە خۆیان دوور بخەنەوە .
5- لەسەر رێرەوی کلاسیکیانەی کۆنی بەردەوام نەمێنن و حزب تا رادەیەک بگەرێننەوە بۆ ئامراز کە تا ئەمرۆ تەنها ئامانجە دوور لە هەر ئامانجێکی تری خەڵکی کوردستان هەوڵی بۆ دەدەن .
6- خۆدوورخستنەوەیان لە بەجێگەیاندنی کاری حکومەت بەناوی حزبەوە کە هیچ پەیوەندیەکی بەوانەوە نیە .
بۆیە پاش گەیشتن بەم حاڵەتە هەر چەند بە شێوەیەکی رێژەییش بێت ، ئەوسا دەتوانین بڵێین ؛ حزبە کوردستانیەکان زەمینەیەکی راستەقینەیان دروست کردوە کە متمانەی خەڵک دەگەرێننەوە بۆ خۆیان و توانای چاکسازیان لە نێوخۆی خۆیاندا هەیە . دواتریش دەتوانین بڵێین ئەوەی چاکسازی راستەقینە لە خودی خۆیدا کردبێت ، دەتوانێت لە کوردستانیش بە گشتی بیکات ، ئەگینا بەم پێکهاتانە و بەم سەرکردایەتی و بەم رەفتارانەوە چاوەرێی هیچ چاکسازیەک لە تاکە حزبێکیان ، نە لە نێوخۆی خۆیان و نەش لە کوردستان ناکرێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت