شێرزاد شێخانی : فەرمون ئەمەش چارەسەری قەیرانی سیاسی کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبەر رۆشنایی تازەترین لێدوانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەپەیامەکەی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزدا رایگەیاند کەوا ” باشترین چارەسەر بۆ قەیرانی سیاسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی دەستەیەکی نوێی پەرلەمان و حکومەتێکی تازەیە “. ئەمەش هەڵوێستێکی تازەیە لەلایەن بارزانییەوەو ، پێدەچێت ئێستا لەژێر فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکاندا بارزانی هەستی بە مەترسییەکانی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم کردبێت ، بۆیە لەسەر زاری خۆی نەوەک کەسێکیتر ئەم هەڵِوێستەی راگەیاند کە ئەوەش شتێکی تازەیە .
ماوەیەک پێش ئێستاش دکتۆر شۆرش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆران پێشنیاری ئەوەی دایە لایەنەکان بەتایبەتیش پارتی ویەکێتی کە ئەمرۆ حوکمداری کوردستان ئەکەن ، کەوا دەسەڵات تەسلیم بەبزوتنەوەکەی بکەن و ئەوان بۆ ماوەیەک ببنە ئۆپۆسزیۆن ، با گۆڕان تواناکانی خۆی تاقیبکاتەوە لەئیدارەدانی دەوڵەتدا ..
من لەم وتارەدا پێشنیارێک ئەخەمە روی گشت لایەنەکان بەتایبەتیش لایەنە سەرەکییەکانی قەیرانی سیاسی هەرێم بەو هیوایەی کەوا ببێتە پرۆژەیەک بۆ رێککەوتنی سیاسی هەمو لایەنەکان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانەو کۆتاییهێنان بە نەهاماتییەکانی خەلک و چڕکردنەوەی هەوڵو تواناکان بە ئاراستەی چارەسەری قەیرانی دارایی بەشێوەیەک لەبەرژەوەندی میللەتەکەمان تەواو بێت .
بەحوکمی ئەوەی هەردو لایەنی سەرەکی قەیرانەکە کە پارتی دیموکراتو بزوتنەوەی گۆڕانن تا ئێستاش ناتەبا لەگەل یەکتردا ئیدارەی قەیرانەکە ئەدەن ، بەتایبەتیش ئێستا پارتی لەلای خۆیەوە کێشەکەی لەگەڵ دکتۆر یوسف محمدی سەرۆکی پەرلەمان کردوە بەکێشەیەکی شەخسی و بەبێ لادانی ئەو لەسەرۆکایەتی پەرلەمان بەهیچ شتێکی تر رازی نابێت و ، کێشەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بوەتە گرێکوێرەی قەیرانەکە ، من پێشنیار ئەکەم بزوتنەوەی گۆڕان تەنازولێک بدات سەبارەت بەم کێشەیەو رازی بێت بە تەسلیمکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە یەکێتی نیشتمانی ، لەبری ئەو پۆستە باڵایەی هەرێم ، پۆستی سەرۆکی حکومەت وەربگرێت تا کۆتایی تەمەنی ئەم کایبنەیەو گەشتن بە کاتی هەڵبژاردنە گشتیەکان بەمەرجێک گۆران بەوەش رازی بێت کەوا ماوەکەی سەرۆکی هەرێم وەکو ئەمری واقیع تا هەڵبژاردنەکە بەردەوام بێت . بەمەش دابەشبونێکی گونجاوتر بۆ پۆستە باڵاکانی هەرێم دێتە کایەوە ، کە پارتی سەرۆکایەتی هەرێمی بەربکەوێ بەو ئیعتبارەی براوەی یەکەمە لەهەڵبژاردنەکاندا ، گۆڕانیش بە حوکمی ئەوەی هێزی دوەمە لەڕوی کورسیەکانی پەرلەماندا ئەویش سەرۆکایەتی حکومەت وەربگرێت، یەکێتیش کە هیزی سێیەمە لەپەرلەماندا سەرۆکایەتی پەرلەمانی بەربکەوێ .
بەم پێشنیارە گرێکوێرەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەکرێتەوەو پارتی ئەو بیانوویەی نامێنێت کە کێشەکە بکاتە کێشەیەکی کەسێتی ، گۆڕانیش کە دەمێکە دروشمی بەرەو دەسەڵاتی بەرزکردبوەوە ئەتوانێت لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەی ماوە تا هەڵبژاردن بەشێک لەبەڵێنەکانی جێبەجێ بکات بەتایبەتیش لەم ماوەیەدا کاربکات بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بەپێی ئەو پرۆژانەی مەسعود بارزانی تەرحی کردوە ، لەولاشەوە یەکێتی وەکو تا ئێستا تەرەفیکی نێوانگییر بووە لەنێوان پارتی و گۆڕاندا وبەتوانەیەکی باشەوە سەرکەوتو بوە لەراگرتنی باڵانسەکان ، ئەویش ئەتوانێ رۆڵی چاودێریکەرو ناوبژیوان لەنێوان پارتی وگۆڕان لەلایەک و ، زامنکردنی رێککەوتنە تازەکەی نێوانیان بگێڕێت .
ئەم پێشنیارە قازانجی هەمو لایەکی تیدایە ، چونکە پارتی بەم رێگەیەوە رزگاری ئەبێت لەقەیرانێک کە خۆی دروستی کردوەو رێگای چارەسەری لێبراوەو زۆربەی رەخنەو ناڕەزایەتیەکانیش روبەروی ئەو ئەبنەوە ، لەلایەکی تریشەوە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانیش مسۆگەر ئەکات کە ئێستا بەناشەرعی ماوەتەوە ئەوسا بەرێککەوتنێکی سیاسی وەکو خودی بارزانی وحزبەکەی داوای ئەکەن ئەتوانێت تا هەڵبژاردنی داهاتو لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە . ئەگەر بەمەش رازی نەبو ئەوسا بۆ هەمو میللەت ئەسەلمێنێ کە ئەو سەبەبکاری قەیرانو کێشەکانە ، بەتایبەتیش زۆرجار ئەبیستین کەوا باس لەحکومەتی رزگاری نیشتمانی یا حکومەتی کاتی ئەکرێت ، با ئەو حکومەتە پێشنیارکراوە بەسەرۆکایەتی گۆڕِان ببێتە ئەو حکومەتە چاوەروانکراوەو تا هەڵبژاردن وەکو حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کاری خۆی بکات .
سەبارەت بە گۆران ئەویش قازانجەکەی لەوەدایە کەوا جانسێکی بەرئەکەوێ لەبەرێوەبردنی هەرێم بەو بەرنامەیەی کەوا هەڵبژاردنەکانی پێ بردۆتەوە ، ئەو کە خۆی بەلایەنگری دەسەڵاتێکی مۆدێرنو لەخزمەت بەرژەوەندی خەلک ئەزانێت ، ئەتوانێ توانای خۆی بۆ میللتەکەی و حزبەکانیش بسەلمێنێت لەئیدارەدانی دەسەڵات لەکوردستاندا .
بەنیسبەت یەکێتیشەوە گومانی تێدا نیە کەوا لەکاتی دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرێم لەکاتی دامەزراندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانو حکومەتدا غەدریکی زۆری لێکرا ، راستە لەهەڵبژاردنەکاندا شکستێکی کاتی توشی بو، هەڵبەت ئەویش لەئەنجامی ململانێکانی ناوخۆی حزبەکەوە توشی هات نەوەک لاوازبونی پێگەجەماوەرییەکەی ، چونکە یەکێتی هەروەکو هەڵگیرسێنەری شۆرشی نوێو حزبی شەهیدان هەمیشە پێگەو خۆشەویستی لای جەماوەر هەبوەو ، لەروی سیاسیو ئیدارەشدا هیچ کەسو لایەنێک ناتوانێت سەنگی یەکێتی کەمبکاتەوە ، بەم پێشنیارەی ئێمەش یەکێتی شوێنی شایستەی خۆی ئەگرێتەوە وەکو هێزێکی کاریگەری سەر گۆرەپانی سیاسی لەکوردستاندا .
جارێکیتر هیوادارم هەمو لایەنەکان بەجیددی ئەم پێشنیارە دیراسە بکەنو ئەگەر چی رێککەوتنیان بۆ ماویەکی کاتییە تا هەڵبژاردن ، بەڵام پێموایە بەم رێککەوتنە ئەتوانن کۆتایی بەم قەیرانە ئاڵۆزەی سیاسی بێنن و بە هەمو لایەکەوە بەسودوەرگرتن لەئەزمونەکانی ئەم قەیرانە جارێکیتر بەتەبایی وبرایەتی رو لەچاکسازییەکی راستەقینە بکەنوکەشتیەکەی میللەت بگەیەننە کەنارێکی ئارامەوە بۆ ئەوەی هەم خۆیانو هەم میللەتەکەشیان نەجاتیان بێت لەم قەیرانەی کەدرێژبونەوەی سەری هەمو لایەک ئەخوات .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت