فەوزی ڕەمزی : ڕەحمەت و زەحمەت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەوێك ئاغای گووندی ( س ) دەنێرێت بە دوای مامۆستای فێرگەی دێیەکەیدا و دەڵێت حەز بە دیدارتان دەکەم . مامۆستایش ڕوو لە دیوەخان دەکا و دەڕوانێت دووکەڵی جگەرە و سەبیل و ….

وای کردووە چاوچاو نابینێت و ڕەعییەت وەك ئەوەی لە کاتی نوێژ و ئەلتەحیات دا بن ، چۆکیان داداوە و گوێیان بۆ ئاغا شلکردووە …… سەرینە باگردێنییەکانی پاڵ ئاغا لەنگەریان پێ گرتووە ….
مامۆستا سڵاو لە حازری دەکات و ڕاستەوخۆ ئاغا بانگی دەکاتە لای خۆییەوە و دەکەونە دەمەتەقە و جارجارەیش دەنگی پێکەنینی ئاغا ژوورەکە پڕدەکات .
ئاغا بە مامۆستا دەڵێت : هیچ داواکارییەك یاخود پرسێکت هەیە بیکەیت ….
مامۆستا گیان بێ مننەت بە …. چی دەڵێت وەڵامی ڕاست و ڕەوانم بۆی هەیە …
ئەویش لە پەناوە پێی دەڵێت ئاخر خۆ عاجز نابیت !!!!! نا…. نا ….. فەرموو …..
قوربان لە دیوەخاندا چ شتێك وای لە جەنابتان کردبێت سینگت بگرێت و هەناسەت سوارکات ….
یا جارجارە خوێن بزێتە نێوچاوانتانەوە ؟
ئەمە پرسێکە لەوانەیە قەسدی سەری مامۆستا بێت …. بەڵام نا ….. .
ئاغا دوای بێدەنگیەکی قووڵ …. دەست بۆ دارجگەرە درێژکۆلەکەی بەر پشتێنەکەی دەبات کە خۆی بە دەستەکانی خۆی درووستی کردوون لە پەلکی دار بەڵاڵووکەی سەر گردەکەی بەرامبەریان و سیگارێکی پێوەدەکات و لەولاوە مامەوڵا هەر وەك کێچ ڕادەچەنی و چەرخەکەی بۆ لێدەدات و ئەوجا بە دەنگێکی گڕەوە داوای دوو دیشلەمەی خەستوخٶڵ بۆ هەردووکیان دەکات …….
مامۆستا گیان …. ڕێزی جەنابتان هێندەیە کە ناتوانم بێدەنگی هەڵبژێرم ….
ئەوەی ڕاستی بێت تەنیا و تەنیا شتێك کە هەناسە و سینگم دەگرێت لە دیوەخاندا ” پرس کردنە لێم و منیش لە ئاست ئەو پرسەدا هیچ وەڵامێکم پێ نەبێت ” خەریکە لە پێستی خۆم بێمە دەر …..
ئا ئا …. بەڵام کاکاغای برام هەموو جار دەیفەرموو …. لەم حاڵەتانەدا جارێ کەمێك خۆ بیدەنگ کەو ئەوجا چەند نەرمە کۆکەیەك بکەو وەڵامی پچڕپچر و سەیری ئەملائەولاو بکە و شتێك بێنەرەوە کە هیچ پەیوەندی بە باسەکەوە نەبێت و خۆ ئەگەر چەند درۆیەکی گونجاوی دەستدرووت پێبوو ئەوە باشتر…. خۆت دەزانیت ڕەعییەت و ڕووتە لە دیوەخاندا ، گەمژە و نەفام وهیچ نازانن ……..
ئەم باسەی بۆیان دەکەم هەر فڕیان پێوەی نابێت و ئەوجا گرنگ ئەوەیە خزمان و کوڕەکانم خێرا بارەکەڵا و ئەشهەدوو لێدەن و باسێك بە ناو باسەکەمدا دەکەن و ڕەعیەتیش ئاغاکەی خۆیان زۆر بە شارەزا و لێهاتوو سیاسی دەدەنە قەڵەم .
هەروەها جارجارە ئەو جۆرە پرسانە ، بە جۆرێك دەهریم دەکەن ، ئاگا و ئارامم نامێنێت و خوێن لە نێوچاوانم دەزێ و ئەوجا وەك شەستەبارانی بەهار بە سریاندا دەڕژێم و دووچاری چەندین و چەندین زەحمەت و سوخرەیان دەکەم .
لێرەدا با ئەو باسە کۆتایی بێت ….
هیچ شتێك هێندەی نەبوونی وەڵام بۆ مرۆڤ ترسناك نییە .
هەندی مرۆڤ ( یان با ڕاستر بڵێن کاربەدەست و دەسەڵاتدار ) کە دووچاری پرس و گرفتی هەستیار و جەرگبڕ دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا هیچ ڕێگەچارەیەك و وەڵامێکی ڕاست و ڕەوانی بۆ بەرامبەر پێ نەبێت ، تەنیا و تەنیا پینەوپەڕۆ و درۆودەلەسە کردن نەبێت ……
ئەوا تووشی گەورەترین شکست و شەرمەزاری دەبێت و ئەوجا هەڵە بە هەڵە چارەسەردەکات و شکست دوای شکست چاوەڕێی بەرنامەکانیان دەکات ….. تا دەگاتە ئەوەی کە وشەی ” ڕەحمەت ” ی شەستەبارانی بەهار کە یەزدانی میهرەبان بەسەر زەوی و مرۆڤدا دەیبارێنێت …. بگۆڕێتە سەر بارگرانی و چەرمەسەری و ئازار و سوخرە و ” زەحمەت “…… بەڵێ زەحمەت
درۆی قەبە و زلی پفهەڵدراو کە ناجێتە گیرفانەوە و پارەی لەتە نانێك ناکاتو هەزارانی بە پوولێك ….
نازانم ئەو جۆرە کەسانە ( کاربەدەست و دەسەڵاتدار ) بە چ ڕوویەکەوە دەچنە بەردەم ئەو شاعیرانەی کە هەتا فەوتی خێریان کرد هەر هاوار و فوغانیان لە دەست ناتەبایی و خۆفڕۆشی و دزی و گەندەڵی و …. و…. و…… بوو ، چۆن سەیری ڕووخساریان دەکەن !
هەزاران ڕەحمەت لە گۆڕی دانایان و شاعیرانی کۆچکردوومان کە بە چەندین شیعری نایاب …. کە هەر وشەیەکیان یاقووت و مەرجان لە ئاستدا بێ ‌ڕەونەقە ……. و هەڵبەستییان داناوە …..
ئەوەتا ” مەولەوی ” شای شاعیرانی ناسك زمان ئاوا دەفەرموێت :
من لە زێی ” زەحمەت ” نوقتەم ئەکڕان
ئەو بە ڕێی ” ڕەحەت ” دا مێشی ئەڕییان
یان دەفەرموێت :
” زەحمەت ” و ” ڕەحمەت ” نوقتەیان فەرق بوو
هەر ئەو نوقتەیە وا لەمن تەوق بوو
بە ڕاستی ئەمانە ” زەحمەت ” ن نەك ” ڕەحمەت ” وەك هەندێ باسیان لێوەدەکەن .
یان نیوە دێڕی شیعرێکی شێخ ڕەزای تاڵەبانی کە دەربارەی زۆڵم و زۆری سوڵتان عەبدوولحەمیدی عوسمانی گوتوویەتی و دەفەرموێت :
” وەما ئورسیلتە ئیللا ” زەحمەتەن ” للعالەمین ” .
ئیتر ئەوەندە بەسە ….. هەزاران ڕەحمەت لە تۆ ئەی پیرەمێردی نەمر کە فەرمووتە ” ئەو کەسە کەسە کە ئەلفێکی بەسە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت