کاوسێن بابەکر : بارزانی لەگەڵمان ڕاستگۆبوو . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بارزانی ڕاستگۆیانە قسەی دڵی خۆی پێووتین ، دەبێ مێژوو وابنوسرێتەوە کە لەسەردەمی مەسعود بارزانیداو لەسەردەستی ئەو ، کورد دوای چەندین سەدە چەوساندنەوەو داگیرکاری بە سەربەخۆیی و خۆی گەیشتوو و دەوڵەتی کوردی ڕاگەیاند!، دەبێ مێژوو ئەوەش بنوسێ ، کە پێداگری وجەختی مەسعود بارزانی بوو ، لەوساتە وەختەداکە هەم لەناوخۆ هێزەسیاسیەکان پشتیوانیان لێنەدەکرد وبەربەرەکانی دەکرا ، هەم دەوڵەتەکانی هاوسێ دژایەتیان دەکرد ، بەتایبەت ئێران وعێراق ! جائەگەر سەرکەوتووبوو و وڵاتان دانیان پێدا نا هیج گرفتێک نابێ و ئاهەنگ وشایی و  وێنەی بارزانی هەموو هۆڵ و باڵەخانەو کێڵگەو مەزراکان دادەپۆشن ، ئیدی مێژووش لەوبارەوە زۆرتر دەنوسێ ، خۆئەگەر خوانەکا ئەنجامەکەی باش نەبوو ، ئەوە دوژمنانی کورد و ناحەزانی ناوخۆ نەیان هێشت خەونی کورد لەسەردەستی بارزانی بێتەدی ، ئیدی مێژوو ، ڕەحم بەکەس ناکاو بەم شێوەیە بەدڵی بارزانی درێژە بە پێهەڵاگوتنەکانی وی و هەوڵە کەسیەکانی دەدا ، ئاگریش بەردەداتە خەرمانی خەباتی ئەوانی دی ، ئەگەر قەڵەمەکەی مێژوو ئەوکاتیش  هەر لەژێر سێبەری شمشێرەکەی ئەودابێ.

خۆزگەم دەخواست بارزانی ئەو پێداگری و جەختکردنەوەیەی لەسەر مەسەلەی ڕیفڕاندۆم بۆدەوڵەتی کوردی ، لۆژیکیانەتر و بەتەگبیرتر بوایەو ئێستا لەجیاتی ڕەخنە قسەمان لەسەر ڕەهەندە سیاسی و سەربازی  و دیپلۆماسی و هونەریەکانی بکردایە !  بەڵام ئەوەندەی لێی ڕادەمێنم ئەوەم بۆ یەکاڵانابێتەوە بۆچی بارزانی هێندەی قسەلەسەر ئەو مەسەلەیە دەکات نیو ئەوەندەش بەکردەوەو وەک پیاوەگەورەکانی مێژوو ، جۆرج واشنتن ، نیلسۆن ماندێلا ، نەخێر ، مام جەلال و بارزانی باوک ، لە شەڕی ناوخۆی نەوەدەکان و شەستەکاندا ، لەخۆبوردوانەو دڵگەورانەو دێموکراتانە باوەش بۆ پارتە یارو نەیارەکانی ناکاتەوەو لە ووڵات بەڕێوەبردنیشدا ، سەرقافڵەی چەسپاندنی قانوونی ووڵاتەکەی نابێ ، کە ئەو زیاتر لە 10 سالە کەسی یەکەمی ووڵاتەکەیەو هەمووان حسابی براگەورەیان بۆ کردووە ! کەچی بەداخەوە زۆرمان چاوەڕوان کردو کەمیشمان نەدی ! بەپێچوانەوە ئەو ئەوەندەی لەژێرکاریگەری کەسەکانی خوار خۆیەوەیەتی هێندە خوارەوە ناخاتە ژێرکاریگەری ڕاوبۆچوونەکانی خۆی ، لەلایەک و لەلایەکی تریش بەداخەوە ئەوەندەی وادەنوێنی کە هێشتا شەیدای ناوبانگ و گەرەورەییە کە ئەو لەبنەڕەتدا ئەگەر خۆگرتر و باوکانەتر کاری کردبا ناوبانگ و گەورەیی خۆیان دەهاتنە خزمەتی و پارتەکان لەسەر سینیەکی زێڕ پێشکەشیان دەکرد ، بەتایبەت لەئێستای بێ مام جەلال داو ، کەدەشبینین نەوشیروان هیچ تموحێکی پلەوپایەی نییە ، زۆریان لێدەکرد ، وەک چۆن عێراقیەکان ئاخ بۆ بێ مام جەلال هەڵدەخوازن .

ئاخر کاک مەسعود تۆ کە پارتە هاوبەشەکانت لەحکومەت و دەستەڵاتی سیاسیدا توڕەکردووەو هاوڕات نین ، تۆکە سەرۆکی پەرلەمانەکەت ڕاوناوەو پەرلەمانەکەت ئیفلیجکردووە ، تۆ کە حکومەتت پاڕچەکردووەو لەسەرلێواری لێکترازانەو بەدەست دەیان قەیران و نەخۆشیوە دەناڵێنێ و گەلەکەت بژێوی ڕۆژانەی پێ پەیدا ناکرێ وڕۆژدوای ڕۆژ لەچاڵی هەژاری نزیکتر دەبێتەوە وناڕازیە ، تۆ وحکومەتەکەت کەمووچەی پێشمەرگەو فەرمانبەرەکانت پێدابین ناکرێ و ئامادەشنین بیگۆڕن ، بۆ کێ ڕیفڕاندۆم دەکەی و بەکێی دەکەی ؟ کێ دەنگی پێدەداو کێ سەرپەرشتی دەکات ؟ ناترسی سندوقەکان بەبەتاڵی با بیانبات ؟ یان مێژوو بۆ ئەوحالەتەش قەڵەمەکەی ئامادەیە بنوسێ ؛  ئیدی هیچ گلەییەک لە کاک مەسعود و پارتی نەما هەموو هەوڵێکماندا ڕیفڕاندۆم بۆسەر بەخۆیی بکەین و میللەتی کورد بڕیاری خۆی بدا ، بەڵام ناحەزانی کوردو پارتەکانی وابەستەی بێگانە نەیان هێشت جێبەجێبکرێ و دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنین !!

کاک مەسعود ، دەوڵەتی کوردستان نەک کوردی خەونی هەموانە ، خەونی ئەوشەهیدە نەمرانەیە کەخۆیان لەپێناویدا بەختکرد ونەیان بینی ، خەونی سەرجەم ئەو پێشمەرگە دێرینانەیە کەلاوێتیان لەپێناویدا دانا ، خەونی ئەو کەمئەندام بوانەیە کە بۆبەدەستهێنانی ئەم دەوڵەتە بەدەست کەمئەندامیەوە دەناڵێنن ، خەونی هەموو پارتەسیاسی و ناسیاسەکانە ، لێگەڕێ باهەموان پێکەوە ئەم کارە بکەن باکارەکە بەتەگبیرو ڕاگۆڕینەوەبێ ، تۆ هیچت لەکیس ناچێ ، بێی و پەرلەمان بانگهێشت بکەیتەوە بۆ کۆبوونەوە ، بێی و سەرجەم پارتەسیاسەکان بانگ بکەی و هەموو دەستەڵاتێکیان پێ بدەی بۆ بەهێزکردنەوەی یەکڕیزی و ڕێکخستنەوەی ونێوماڵی کورد ، بەگۆڕین و چالاک کردنی حکومەتیشەوە ،.

کاک مەسعود دەستم دامێنت کاری تاکەکەسی سەرکەوتونابێ و وەرە هەموان لەسەر ئەم پرسەگرنگە کۆکەوە ، با شانازی بۆهەموان بێ وشکستیش بۆ هەموان ، لەشانازیەکە با بەشی شێربۆتۆبێ ، هەموومان پێکەوە لەکەشتیەکەداین سەرکەوتن و ژێرکەوتنمان پێکەوەیەو باپێکەوەبێ ، لەکۆتاییدا مێژوویەکیش هەیە دوور لەسێبەری شمشێر و لولەی تفەنگ دەنوسرێتەوە ، ڕەحمیش بەکەس ناکات .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت