نەبەز گۆران : باڵی چایەكە و باڵی شەربەتەكە .

ببورن هەرچەند هەندێك لە هاوڕێيانم دەڵێن قسە بكە ، من هیچ پێمخۆشنییە لەسەر ( گەعدەكەی چاڤیلاند ) قسە بكەم . چونكە كە تۆ ( گەعدەت ) كرد دەبێت چاوەڕێی شەرە چەقۆش بكەیت . خۆ نەچوویت كارێكی هونەریی گەورە بكەیت ، ( بەهجەت یەحیا و عەدنان كەریم و … هتد ) بهێنیت تا چاوەرێی جیهانێكی ئارام و هونەر دۆست بیت .
عادەتەن ( گەعدە ) شەرە چەقۆ و تەقەشی تێدەكەوێت . سروشتی ئەو جۆرە لە وێرانكردنی هونەرە هەر ئاواییە. تۆ كە خۆت بەشێكی لە بەرهەم هێنانی توندوتیژی ، دەبێت لە شوێنێكیشدا لەگەڵیدا بەربكەویت . هەر ئەوەندە و قسەی دیكەی ناوێت .
دەمەوێت زۆر كۆمیدییانە وێنەی حیزبی كوردیی بكێشم . كە دەڵێم : حیزبی كوردیی ، مەبەستم كۆی حیزبەكانی ئەم باشورەییە .
هەمیشە باڵی دەسترۆیشتوو لەناو حیزبی كوردیدا بوونی هەیە . كە وتت باڵی دەسترۆیشتوو، یانی پارەكان ، ئۆتۆمبێلەكان ، خەز و بەزەكە هەمووی لەوێییە . جا مرۆڤی باشوریش وایلێكراوە هەڵپە بۆ پارە و خەزو بەز وێرانیكردووە و جگە لەوە خەونی تریی پێوە نەهڵێدراوە .
جارێكیان كادیرێكی دواكەوتووی حیزبێك وتی : باڵە دەسترۆیشتووەكانی حیزب ، دەتوانن هەمووشت بكەن ، تەنانەت دەتوانن ژیانیشت لێبسەننەوە .
بۆ نمونە : وەك گاڵتە پێكردنێك بە دونیای حیزبی كوردی باسی دوو دوكان دەكەم :
باڵە نارازییەكان .
گڕ گڕ هەڵدەسن ، چاپخانەیەكی گەڕو گول دادەنێن . شەكری چایخانەكە لەناو عەلاگەیەكی لۆچكراوی چڵكنداییە . چایچیەكان یەكی جگەرەیەك بە لێویانەوەیە و سەر و ریشیان تێكەڵبووە . مشتەرییەكانیان ئێمەین كە هیچ شوێنێكمان نیە ، كە دانیشتیین تا یەكی قۆرییەك چای نەخۆین هەڵناسیینەوە .
چایخانەی باڵە نارازییە داماوەكەش لە حەشمەت شارەوانی ، وێنەی پاڵەوانە نیشتیمانییەكان هەڵدەواسن ، ئێ‌ چیبكەن نەكا كتوپڕ باڵە دەسترۆیشتووەكە بە بیانووی تەجاوز بدات بەسەریاندا و تێكی بدات . بەڵام خوا هەڵناگرێت كوڕی زۆر باشن و كورسییەكانیان هێندە كۆنن گەر بە باشی لەسەرییان دانیشی ، زرمەت هەڵدەستێت . چەند كورسیت دەوێت لە خزمەتتدایيە ، نە پەرلەمان لەسەر كورسییەكانیان پەكدەخرێت ، نە لەبەر خاتری كورسییەك پەرلەمانتارەكان دەكەن پە چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ، نە لە بۆنەكاندا بەیاننامەی ناخۆش دەردەكەن و منەت بەسەر خەڵكا دەكەن .
لەناو چایخانەی باڵە نارازییەكەدا ، باس باسی بایكۆت و ، خراپی سیستەم و ، كرینی ( یاریزانی ) تازەیە بە نرخێكی هەرزات بۆ باڵەكە ! زۆر مەترسیش كەوتە سەر بازارەكەیان ، یەك عەرەبانەی نۆكاو یان شفتە دادەنێن و ، ئەو ناوە قەرەباڵغ دەبێتەوە و سەركردەی باڵەكە دڵخۆش دەبێت .
لە هەمووشی ناخۆشتر دایم لەتەنیشت چایخانانەی باڵە نارازییەكانەوە ، دوكانێكی سیدی ( گەعدە ) فرۆشتن خۆی قوت دەكاتەوە ، بەندی وا لێدەدەن هێندەی لقی چواری پارتی ئیزعاجە .
بەڵام باڵە دەست رۆشتیووەكە .
لە سوچەكەی سەرەوە بۆخۆی یەك شەربەت خانەی پاك و خاوێن دادەنێت . بە بۆنەی كردنەوەكەیەوە ئامادەیيە هەموومان ببات بۆ ( سیتەك ) بەس ئێمە ناچین ، چونكە مەبدەئین و چایخانەكە جێناهێڵین !
لەوێ‌ باس باسی ئەوەیە ، چۆن ملی یەكێك لە باڵە نارازییەكە بشكێنرێت . حوكومەت لەوێ‌ هیچ عەیبی نیە . باسی بایكۆت و شت هەر ناكرێت . چونكە بایكۆت ئەوەندە باشبوو ئەم ماوەیە نەیانهێشت خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان ، سەر ئێشە بۆ حوكومەت دروست بكەن .
لەو شەربەتخانەیەی باڵە دەسترۆیشتووەكە بۆنی عەتری شاگردەكان رۆژە رێك دەڕوات . هەر لە دوورەوە سەیری هەردوو كیان بكە ، چایخانەی باڵە نارازییەكە و شەربەتفرۆشی باڵە دەسترۆیشتووەكە ، یەكسەر ئەزانی كامیان تەنكەرە نەوتەكان ئاودیوو دەكات .
كاكە ئەو فەرماندە زل زلانە حەقی خۆیانە بێنە سەر تەلەفزیۆنەكان باسی نەوتەكە بكەن . هیچیان بۆنەماوەتەوە ئەو قسانە نەبێت . ئەوەی جاران بەسەریاندا دەڕژا گیراوەتەوە ، ئیتر بۆ خۆیان خەریكی شینی هەریسەكەن.
جا لەم كەین و بەینەدا كاتێك دەزانی یەكێك لە حیزبەكانی تر دێت ، لەو ناوە دوكانێكی پاقڵە فرۆشتن دادەنێت. برادەرێك دەیووت بۆ پاقڵە ؟
ئێ‌ منیشم گوتم : ئەمانە جگە لە شتی خراپ هیچیان هەیە بیدەن بەم خەڵكە ؟
شەوان لە میدیاكانەوە خەریكی قسەی سواوی بێكەڵكن و ، خەریكی پركردنی خەڵكن لەسەر توندو تیژی و لەناو هەر مرۆڤێكدا گورگێكیان دروستكردووە . كاتێكیش شتێك روودەدات خۆیان لێدەبێت پەپولە و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن !
وەلحاڵ بە چایخانە و شەربەتەكەدا دەزانم ، چ حیزبی كوردیی ، چ كۆمەڵگەی باشوور لە چ دۆخێكی بەدبەختیداییە بە دەست ئەمانەوە . لە گشتیشی ناخۆشتر كابرای نەخوێندەواری سەر بۆیاخ ، كە هێشتا نازانێت ئیمزای خۆی بكات و پەنجەمۆر دەكات . شەوان لە میدیاكانەوە ( هەڵبەت لە ستۆدیۆی مەملەكەتی ستایش و بێدەنگی ) یەوە خەریكی تاوتوێكردنی بارو دۆخەكەیە . بۆ بەیانیەكەشی قسە بێماناكانی زەختی هەندێك خەڵك هەڵدەسێنێت و ، لە چایخانەكە سەری ئێمەی پێدێشێنن . برادەرانی شەربەتی دەسترۆیشتوویش گاڵتەیان بەم باسانە دێت و بۆ خۆیان خەریكی كاسپی خۆیانن .
ئەوان بە بێدەنگ كاسپی دەكەن بەشەربەت و نەوت و ئیتر ئەو جۆرە شتانەوە . ئێمەش لەم خوارەوە بە دیار باڵە نارازییەكەوە ئەوەنە چایمان خوارد و خەمان خوارد بۆ ئەم دۆخە ، ناوسكمان رەش هەڵگەڕا .

– خوێنەری بەرێز هەندێكجار گاڵتەكردن بۆ تەفسیركردنی دۆخەكە ، زۆر باشترە لەوەی بە رژدی قسە بكەیت . چونكە هەموو شتێكیان لە ماناكانی خۆی داماڵیووە . ئیتر ئاوا .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت