جیهاد موحەمەد : حیزبی ستەمکار و چەوسێنەر چاکسازی پێ ناکرێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ ئەوەی قسە فڕێنەدەین و بە ناو نەکەوین ، بە پێویستی دەزانم لە دروستبوون و پێکهاتەی حیزبەکانی کوردستان و لە هەڵگری دروشمی ” کوردایەتی ” یەکەیانەوە بچمە ناو بابەتەکەوە .

حیزبی سیاسی ئەو کۆمەڵە کەسەیە ، کە لە بارودۆخێکی دیاریکراوی کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا دیدگا و ئادیۆلۆجیەتێکی دیاریکراوی یەکگرتوویان هەیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی .

حیزبی سیاسی میتۆدێکی رێکخراوەیی و میکانیزمێک یان چەند میکانیزمێک پیادەدەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکەی .

لە ئەگەری بارودۆخێکی ستەمکاری و چەوسێنەرانەی نا دیموکرات و سەرکوتکەردا ، حیزبی سیاسی ناچار  پەنا دەباتە بەر خەباتی شۆرشی چەکداری وەک میکانزمێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی .

لە ئەگەری بوونی رەوش و بارودخێکی شارستانی دیموکراتیشدا حیزبی سیاسی وەک ئاسانترین و شییاوترین خەبات ، خەباتی سیاسیی و شارستانییانە لە رێگەی کێبڕکێیی هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانەوە خەبات دەکات بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسیی .

لە هەموو حاڵەتەکاندا ، حیزبی سیاسی پێویستی بە کۆمەڵێک پرنسیپی دیمکوراتییانە هەیە ، لەوانە بە کورتی :

ــ دیدگا و تیۆرییەکی روون و ئاشکرا ، دیدگا و تیۆرییەکی زانستی و فەلسەفییانە ، بۆ خۆ جیاکردنەوە لە شێوازی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی دیکە ؛ بۆ پیشاندانی تێڕوانیینە فەلسەفییە سیاسییەکەی لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانییدا و پیشاندانی بەرنامە سیاسییەکەی لەسەر ئەو بنەما دیموکراتیی و شارستانییە ؛ هەروەها بۆ پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕانە و سەردەمیانە کە بگونجێت لەگەڵ پرنسیپە دیموکراتییەکانی ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئۆرگانەکانی خودی خۆی و فێربوونیش بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لە کاتی حکومڕانییدا .

ــ جەماوەرگەرایی، حیزبی سیاسی بە بێ کۆکردنەوەی جەماوەرێک لە دەوروبەری دیدگا و بۆچوونە سیاسییەکانی و خەبات و تێکۆشانی ناتوانێت بگات بە ئامانجی سیاسی خۆی .

ــ کارکردن و خەباتکردن بە ئۆرگانیکیانە و چاندنی خۆشەویستی لە نێوان ئەندامانی خودی حیزبی سیاسی و دیسان لە نێوان حیزب و جەماوەرەکەیدا .

ــ متمانە و بروا دروستکردن بەوەی ، کە حیزبێکی دیموکرات و شارستانییە ، پێویستی بە کۆبوونەوەی گشتی و کۆنفرانس و کۆنگرە هەیە ، کە بە شێوازێکی دیموکراتیانە هەڵبژاردن پیادە دەکرێت بۆ گۆڕینی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئۆرگانەکانی ناو حیزب و سەرکردایەتیەکەی و خۆ نوێکردنەوە و بەرنامەرێژیی نوێ بە گوێرەی پێویستی گەشەی کۆمەڵایەتی و گەشەی کولتووری .

ــ دیالۆگکردن ، حیزبی سیاسی دیموکرات و شارستانیانە و سەردمیانە ، بۆ ئەوەی تووشی دۆگمایی و چەقبەستن نەبێت ، بەردەوام پێویستی بە دیالۆگ هەیە لە نێو ئۆرگانەکانیدا و دیسان لە نێوان حیزب و جەماوەرەکەیدا ، بۆ ئەوەی تاکەکانی حیزب هەست بە هاوبەشیکردنێکی راستەقینە بکەن و بە شکۆمەندیی و ڕێزەوە سەیر بکرێن، هەروەها بۆ ئەوەی دووربێت لە بڕیاردانی تاکڕەوی و سەپاندنی بیروبۆچوونی تاکە کەس .

ــ گۆڕینی شێوازی خەبات و تێکۆشان بە پێی گۆڕینی بارودۆخ و رەوشی کۆمەڵایەتی و سیاسی .

ئەگەر وردبینەوە لە پێکهاتن و دروستبوونی حیزبە سیاسییە کوردییەکانی کوردستان ، لە بارودۆخێکی ناهەموار و نا دیموکرات و چەوساندنەوە و ستەمکاریی دەسەڵاتە سیاسییە دیکتاتۆر و تۆتالیتارییەکاندا هاتوونەتە ئارەوە و دروستبوون . هەر بۆیە ئەم حیزبە کوردییانە پەنایان بۆ چک و شۆرش و بزووتنەوەی چەکداری بردوە دژی دەسەڵاتی چەوسێنەری نەتەوەیی و چینایەتی. پێکهاتەی بناغەیی ئەم حیزبانە هێز و بەکارهێنانی هێز و رووبەرووبوونەوەی هەرچ کۆسپ و تەگەرەیەکی سیاسیی بوونەتەوە بە بەکارهێنانی هێز و تۆڵەسەندنەوە . لەم بارودۆخە ناهەموارانەدا شۆڕش و مەسەلەی “کوردایەتی” زۆر جار ئاغایەک ، شێخێک، مەلایەک ، یان لە باشترین حاڵەتدا کۆمەڵە کەسێکی خوێندەوار حیزبێکیان دروستکردوە و بانگهێشتی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانیان کردووە ، کە ببن بە سوتەمەنی و چەک هەڵبگرن لە پێناوی ئازادی و رزگاریدا . بەڵام بە حوکمی بارودۆخی دواکەوتووانەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ، بە حوکمی نەخوێندەواری و ناهۆشیاریی ، بە حوکمی ناشۆرشگێڕێتی سەرکردە بە ناو شۆڕشگێرەکان لە ناو خودی حیزبەکاندا ، لە مامەڵەکردنی حیزب و سەرکردە ( شۆرشگێرەکاندا ) لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراودا ، کە سوتەمەنی و پشتیوانی شۆرش و بزووتنەوە ” کوردایەتیەکە ” بوون ، هیچ جۆرە پەیەوەندیەکی دیموکراتیانە و بنەمایەکی دیمکوراتیانە دروستنەبووە . بەردەوام حیزب و سەرکردە ( شۆرشگێرەکان ) فەرمانیان کردوە و خەڵكی ستەمدیدەش جێبەجێیان کردووە . لە لایەک خەڵکی ستەمدیدە حەز و ئارەزوویەکی زۆریان هەبووە بۆ رزگاری و ئازادی ، لە لایەکی دیکە مافی خۆیان نەناسیوە و نەیانزانیوە ، کە پێویستە هاوبەشبن لە شکۆمەندی رزگاریی و ئازادییدا ، پێویستە ئەمانیش هاوبەشبن لە بڕیارداندا ، پێویستە دیالۆگی بەردەوام هەبێت لە نێوان خۆیان و سەرکردە شۆرشگێرەکاندا . بۆیە خەڵک وەک سوتەمەنیەکی روت و قوت و بێ دەسەڵات ماوەتەوە و سەرکردە و حیزبەکانیش وەک دەسەڵاتدار و بڕیاردەر ماونەتەوە . ئەم بارودۆخە بووە بە پارادیمیەکی ستەمکاری و چەوسێنەر و نادیموکرات . ئەم حیزبە سیاسییانە ” ترسیان لە ئازادی” لە لای خەڵکە ستەمدیدە دروستکردووە ، بە راهێنانیان و رامکردنیان و مەلکەپێکردنیان بەوەی ، کە تەنها ئەم هێزانە دەتوانن سەرفراز و رزگاریان بکەن و خەڵکەکە خۆی هیچی لە دەستنایەت و هیچ نازانێت و تێناگەن لە سیاسەتکردن .

هیچ جۆرە پەروەردەیەکی شۆڕشگێرانە لە لایەن حیزبی سیاسیی کوردییەوە نە لە ناو حیزبەکە خۆیدا نە لە نێوان حیزب و خەڵکدا دروست نەبووە . حیزب ئەو بوونەوەرە عەجایەبە بووە، کە هەموو شت دەزانێت ، هەموو شت دەناسێت، هەموو چارەسەرییەکانی لە لایە ، بەڵام نە ئەندامانی ئۆرگانەکانی خوارەوەی سەرکردایەتی و خەڵک و حەشاماتە زۆر و زەوەندەکەی دەوربەریشیان هیچیان نەزانیوە و هیچ جۆرە پرس و رایەکیان پێ نەکراوە . تەنها فێری ئەوە کراون ئەگەر ئەم بوونەوەرە زەبەلاحە نەبێت ئەوە ماڵی هەموو کورد بە وێرانکراوی دەمێنێتەوە، هەر بۆیە بەردەوام ئەم بوونەوەرە زەبەلاحە بۆ ئەوەی خۆی بسەپێنێت حەزی بە دڕندەیی زیاتری حکومەتە فاشییەکەی عێراق کردووە . ئەو قسەیە زۆر ئاشکرا و دیارە کە وتوویانە ” ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر “.

حیزبی سیاسیی ، تاکە فریادرەس بووە ، سەرکردەکان بێ موراڵی سیاسیی بوون ، خۆ سەپێن و دیکتاتۆر بوون . دەیان نموونەمان لەسەر دیکتاتۆری ئەم سەرکردە و حیزبانە هەیە ، کە لێرەدا جێی نابێتەوە .

حیزبی سیاسیی کوردیی و ” کوردایەتییەکەیان ” خێڵەکی بوون ، بنەماڵەیی بوون . هەر لە ساڵی ١٩٦١ەوە کە یەکەم تەقەی بە ناو شۆرش دەستیپێکردووە ، هەموو ئاغا و دەرەبەگ و خاوەن موڵکەکانیان لە خۆیان کۆکردتەوە بۆ دژایەتیکردنی یاسای ( أصلاحی زراعي ) کە لە ساڵی ١٩٥٨ دا دەرچوو .

حیزبی سیایی کوردی و ” کوردایەتیەکەیان ” بەردەوام کلکایەتیان کردووە بۆ یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە ستەمکار و چەوسێنەری گەلی کورد بوون . حیزبە رۆهەڵاتییەکان بەردەوام رێکەوتنییان هەبووە لەگەڵ حکومەتی فاشی عێراقیدا . حیزبە کوردی و ” کوردایەتیەکەی ” کوردستانی باشوریش بەردەوام کلکایەتیان کردووە بۆ شای ئێران و حکومەتی رەگەزپەرستی ئێرانی .

حیزبە سیاسییەکانی ” کوردایەتی ” و هەڵگری دروشمی ” کوردستان یان نەمان ” ئەو حیزبە بە ناو دیموکراتانە بوون ، کە بەردەوام یەک کۆمەڵە کەسێک بە خۆیان و تاقە سەرۆکەکەیانەوە سەرکردایەتی هەتا هەتایی حیزب و شۆرش و بزووتنەوە شۆرشگێرێتیەکە بوون . جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان ، چەند ستەملێکراو بوون لە لایەن دەسەڵاتە شۆڤێنیست و دیکتاتۆرەکانەوە هێندەش چەوساوەی دەستی ئەو ( شۆرش و بزووتنەوە رزگاریخوازیانە ) بوون ، کە بە ناوی ئازادی و سەرفرازی ئەو خەڵکە ستەمدیدەیەوە دروستبوون و گەورەبوون و هاتوونەتە ئاراوە .

ئەم جۆرە لە پێکهاتەی حیزبی کوردی ، لە دەرفەتێکی بۆ رەخساودا ، کە گەڕانەوە ناو کوردستان، بە هەمان عەقڵیەت و بە هەمان دیدگایی ستەمکاری و خۆ بە زلزان و خەڵک بە بچووک تەماشاکردنەوە و بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێرییەوە خۆیان سەپاندەوە بەسەر جەماوەرێکی هەژار بە هەموو واتایە ، هەژار بە واتای ستملێکراو و چەوساوە ، هەژرا بە واتای نەخوێندەوار و ناهۆشیاری سیاسیی ، هەژار بە واتای تێشکاوی دەستی تاوانی ئەنفالی بەدناو و کیمیاباران و ٤٥٠٠ گوندی روخاو ، ژێرخانێکی ئابووری دەوڵەمەندی داڕوخاو، پەروەردەیەکی دۆگمای نەریتیی ، تەندروستییەکی دواکەوتوو ، لە سەرو هەموو ئەمانەوە کولتوورێکی دارزاوی دواکەوتووی سواو و باوی سەدان ساڵەی بەسەرچوو ، کە وا خەڵکی فێرکردوە و وا خەڵکی راهێناوە هەرچەندە حەز بە ئازادی بکەن بەڵام لە ئازدی بترسن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخە ناهەموارەکەدا رابهێنن .

حیزبە کوردییەکان و بە تایبەتی پارتی و یەکێتی توانیان کۆمەڵگای کوردی دابەشبکەن بەسەر حیزبەکاندا و هەموو کۆمەڵگا بکەن بە کۆمەڵگای حیزبیی .

حیزبە کوردییەکان پەرەیاندا بەو کولتوورە داڕزاوە دواکەوتووە سواوە بەسەرچووەی سەدان ساڵە تەمەن ، کە وەک مۆتەکە خۆی سەپاندبوو بەسەر خەڵکدا .

بە واتایەکی دیکە ئەم حیزبانە نەیانتوانی عەقڵیەتی شاخ و شۆرشەکەیان بگۆڕن بۆ عەقڵیەتێکی شارستانییانە و دیموکراتیانە. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتگەرایی و خۆ سەپاندن مۆدێلێکی باوی ناو کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان و ئەو وڵاتانەیە کە پێی دەوترێت جیهانی سێیەم . ئەم مۆدێلە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت چاکسازی بکات نە لە خۆیدا ، نە لەو قەیرانانەی کە دایانسەپاندووە بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا .

ئەم مۆدێلە لە سیاسەتکردن ، لە حوکمڕانی، کە هیچ جۆرە ئەخلاقێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی تێدا نییە ، مەگەر لە بنەڕەتەوە بگۆڕدرێت و لە کۆنگرەیەکی حیزبییدا بڕیارێکی بوێرانە بدەن لەسەر گۆڕینی کۆی ئۆرگانەکانی حیزبەکانیان و دیدگا و جیهانبینیەکەیان . دەنا مەحاڵە ئەو کەسانەی خۆیا بە بەرزتر و زاناتر و گەورەتر و فریادڕەس دەزانن ، لەگەڵ ئەمەشدا یەجگار دەوڵەمەند بوون بە دزی و جەردەیی بتوان هیچ جۆرە چاکسازییەک بکەن . مەگەر چاکسازییەکانیان تەنها وەک حەبێکی سەریەشە بۆ کەمکردنەوەی ئازار بۆ کاتێکی دیاریکراو و هیچی تر .

بە بڕوای من هەموو ئەو پرنسیپە دیموکراتیانەی ، کە پێیوستە بۆ حیزبێکی دیموکرات و شارستانییانە لەم حیزبانەدا بوونی نییە . جگە لەمەش لە حوکمڕانییەکەیاند ، بە دەسەڵاتگەرییەکەیان ، بە خۆ بە زلزانینیان و خۆ بە هەموو شتزانێک و بە بچووک تەماشکاردنی بەرامبەریش، بە دزی و جەردەییان ، بە نەزانین و نەخوێندەواریان، بە بنەماڵەیی و خێڵەکێتییەکەیان ، بە نادیموکراتیی و نادادپەروەرییان، بە کورسی پەرستییان، فەشەلیان هێنا و کولتووری کۆمەڵایەتی و سیاسییان لە کوردستاندا یەجگار بردە دواوە و هێندەی دیکە تاکی کوردیان تێکشکاند .

ئەم خاڵانەی خواریشەوە ئۆرگۆمێنت و بەڵگەی تەواون لەسەر ئەوەی کە ئەم حیزبانە چاکسازییان پێ ناکرێت .

* هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و حکومڕانی کوردستان ، یەکێتی نیشیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ، رابردوویان سیخناخە لە نادیموکراتیی و نادادپەروەریی و ستەمکاری و چەوساندنەوە .

* زیندانە نایاسییەکانیان ، کە پڕبووە لە ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی دەیان کەسی سیاسی .

* سەردەمی شاخیان، پڕبووە لە ستەمکاری و چەوساندنەوە و زوڵم وزۆر بەرامبەر بەو خەڵکە ڕەشورووتەی ، کە ببوون بە سوتەمەنی بۆ ئازادی رزگاری .

* تیڕۆر و پاکتاوکردنی ئەو سیاسیانەی رەخنەیان لێگرتوون و پێیان رازی نەبوون .

* شەڕە نەگریسەکانی ناو خۆیان کە هیچ بەرژەوەندی خەڵکی تێدا نەبووە .

* گەندەڵی و دزیکردن و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی و بە هەدەردانی دەیان ملیار دۆلاری داهات و بودجەی خەڵکی کوردستان .

* ئەم دوو حیزبە ، کە یەکێکیان هەڵگری ناونیشانی ( دیموکراتی و لیبراڵیەتە ) و ئەوی دیکەیان هەڵگری ناونیشانی ( سۆسیال دیموکراتە ) ، فڕیان بەسەر ئەم دوو ناونیشانەوە نییە و لە ناوەرۆکدا زۆر دوورن لێوەیان .

* دەستبردن بۆ چاکسازی راستەقیەن لانی کەم قەوارەی ئەم دوو حیزبە بچوک دەکاتەوە و ناورۆکێکی دادپەروەریی و دیموکراتیان پێدەبەخشێت ، ناکۆکە لەگەڵ فێربوونیان و راهاتنیان لەسەر قەوارەیەکی گەورە و هێزێکی میلیشیایی بۆ خۆ سەپاندن بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی کوردستاندا و گوێنەدان و بێ باکی لە ناوەرۆکە پوچەکەیان .

* لۆژیکی سیاسەتکردن لای ئەم دوو حیزبە ، ناوێکی گەورە و دێ یەکی وێرانە . هاتوچۆی شاندە سیاسییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپایە بۆ کوردستان و ئافەرین و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەوانە لەگەڵ بەرژەوەندییە بنەماڵییەکانی خۆیاندا ، نەک رەوش و بارودۆخی باشی خەڵکی کوردستان و پەروەردەی سەردەمیانە و تەندروستی باش وەک دوو بواری ستراتیژی و گرنگی خەڵکی کوردستان .

* نالۆژیکیە و ناچێت بە عەقڵدا ، بەڵکو گەمژەیی و بێ دەسەڵاتیشە ، چاوەڕوانی لە مرۆڤی ستەمکار ، هەروەها لە گروپ و حیزب و چینی سیاسیی ستەمکار و چەوسێنەر مرۆڤبوون و ئازادی و رزگاریبەخشبێت .

* ئەم دوو حیزبە و دەسەڵاتی سیاسیی لە کوردستاندا ، لە ماوەی ٢٥ ساڵدا نەیانتوانی گۆڕانکاری لە سیستمی پەروەردە نەریتیەکەدا بەرپابکەن و پەروەردەیەکی شۆڕشگێرانە دامەزرێنن ، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە پەروەردە نەریتیی و باوەکە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتگەرێتیەکەیاندا بمێنێتەوە . دامەزراندنی پەروەردەیەکی شۆڕشگێرانە و فەلسەفەیانە و سەردەمیانە پێویستی بە گۆرانکاری لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە ، کە ئەمە بە حیزب و دەسەڵاتی ستەمکار و چەوسێنەر ناکرێت . هەڵوەشاندنەوەی پێوەندیە کۆمەڵایەتیە ستەمکاریی و چەوسێنەرەکە ، کە کولتووری باو و نەریتی کردووە بە میکانزمێکی بەهێز بۆ مانەوەی خۆی و لە جێگەیدا دامەزراندنی پێوەندیەکی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانە و یەکسانانە پەروەردەیەکی فەلسەفیانە و شۆرشگێرانەی لێوە بەرهەمدێت ، کە مرۆڤی ئازاد و سەرفراز دروستدەکات و کۆمەڵگای پێشکەوتوو و سەردەمیانە و بیرکردنەوەی زانستیانە دەهێنێتە ئاراوە . ئەمەش مەحاڵە بە دەسەڵاتی ستەمکار و چەوسێنەر دروستبکرێت .

رزگاری و ئازادی کاتێک دێتە ئاراوە، کە مرۆڤە چەوساوە و ستەملیکراوەکان هاوکێشەکەی نێوان خۆیان و ستەمکارەکان و چەوسێنەرەکان هەڵبوەشێنەوە و لە جێگەید رەوش و بارودۆخێک دروستبکەن کە چەوساندنەوە و ستەمکاریی تێدا نەبێت . ئەمەش ئۆرگۆمێنتێکە کە پێمان دەڵێت ستەمکاران ناتوانن ئەم کارە بکەن .

بەڵکو ئەمە ئەرکی ستەملێکراوان و چەوسێنەرانە کە شۆرشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرپابکەن و گۆڕانکاری و رزگاری و ئازدی بۆ خۆیان و بۆ ستەمکاران و چەوسێنەرانیش بە بێ جیاوازی بهێننە ئاراوە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت