عیماد عەلی : مەسعود بارزانیش دەردەدڵی خۆی کردووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەڵێن لە گەڵ خۆیدا ( واتە خۆی و کەسە زۆر نزیکەکانی ) باس و خواسی دڵی خۆی دەربریوەو ، ئینجا لەگەڵ نزیکترین کەسی خۆیدا بە چرپەوە بە خەفەت و پەشیمانیەکی لوتبەرزانەوە و بە ئاهوناڵەیەکەوە ، هەڵە و کەموکورتیەکانی خۆی و دەسەڵاتی کوردستانی بۆ یەکەم جار دەرخستووە و ، هەر لەگەڵ خۆیدا دانی بەشکستهێنانی دەسەڵاتەکەی بە ناراستەوخۆ داناوە و ، تا دواجار فشاری نالەباری کوردستان و هەست بە خەتاکردن لە ناخیدا بە پەنگخواردویی ماوەتەوە ، کە لە دەرئەنجامی نەزانین لە بەرێوەبردنی کاری ستراتیجی میلەتێک و لەدەستدانی هەلێکی زێرین دروست بووە ، ئینجا کەوتۆتە باسکردنی دەربرینی راستیەکان و ئەو هۆکارانەی کە بەهەڵەدا بردونی و تەنگوچەڵەمەیەکی زۆر گەورەی بۆ میلەتیشی دروست کردووە و بەربەستی خستۆتەبەر رێگەی بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکەی کورد .
بە پێی خوێندنەوە و تێگەیشتنی خۆی و بیرو دیدی لە ئاست پێگە و شوێنی بنەماڵە لە خەباتی میلەتێکدا ، لێکدانەوەی بۆ مێژووی بنەماڵەکەی کردووە لە باوباپیرانیەوە تاوەکو ئەمرۆ و هەڵسەنگاندنی بۆ کردون ، ئەو پرسیارانەی وروژاندووە ، ئەگەر وا نەبوایە و خۆهەڵنەکوتانە چاڵی لەزەتی دەسەڵات و لادان لە بیرو فکر و رەفتاری سیاسیانەی رووت ، ئەوان ئێستا لەکوێ دەبوون و لە رێز و بینینی میلەت بۆ ئەوان لەچ پێگە و ئاستێکدا دەبوون ، بۆچی لە پیرۆزی و شکۆ و رۆڵ و قارەمانێتی مێژووی و پێگەی خۆی و بنەماڵەکەیان دراوە و بۆچی وەک زۆرینەی وڵاتانی جیهان وەک بنەماڵە کاریگەر و بە تواناکانیان ئەمانیش نەبوون بە هۆکاری دامەزراندی دەوڵەت بۆ کوردستان و ، ئێستا دەیانەوێت سەرکێشی بەو ئامانجەوە بکەن ، بۆچی لە دانانی بەردی بناغەی دەوڵەت سەرکەوتوو نەبوون و ، نەبوون بە مەرجەعیتی نەتەوەیی بۆ کورد و کوردستان ، تەنانەت وەک باوک و باپیرانی خۆی چەند رێزی تایبەتی و پێگەی پتەوی لەناو عەشیرەت و خەڵکەکە و زۆرینەی دێهاتی ناوچەکەیان و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لای خەڵکی کوردستان بە گشتی ، جێگەی تایبەتی و رێزی گەورەیان هەبوو ، ئێستا نەیانهێشتۆتەوە ، بۆچی تادێت زیاترئەو رێزەیان نامێنێت و بە ئاسانی بێ رێزیان پێ دەکرێت کە لە بیری ئەواندا نەبوو بگاتە ئەم رادەیە ، لە زەمانێک تێیدا خەڵکی کوردستان بە خۆرسکی و بێ هیچ فشار و بەرژەوەندیەک بە رێز و پێگەی تایبەتیەوە تەماشایان کردوون . باشە بۆ بەو رێگەیەوە نەرۆیشتوون کە بەهەمان تواناو پێگە و شوێنی بنیاتنانی مەرجەعیەتێکی پیرۆزیان لای خەڵک بە گشتی دروست نەکرووە و ، دوور لە ململانێی حزبی روخێنەری بێ رێزکەر کاریان نەکردووە ، لە جیاتی ئەوە خۆیان بە بەرێوەبردنی دەسەڵات و ململانێی سیاسیەوە سەرقاڵ کردووە ، باشە بۆچی شوێنێکی نەتەوەیی هەر هیچ نەبێت بەرێژەیەک هاوشانی هەمان شوێن و پێگە و رێزی سیستانی لای مەزهەبی شیعەکانیانیان بۆ خۆیان دروست نەکردووە . ئەگەر خەڵک بیرو فکر و عەقیدەی ئاینی و مەزهەبی و تەنانەت نەتەوەیی بە ناو و ئدیعای ئاینیەوە بۆ مەبەستی تایبەت بۆ میلەتەکەیان بەکارهێناوە ، بۆچی ئەمان بیریان لەوە نەکردۆتەوە و بە دەسەڵات و سەرقاڵکردنی خۆ بە پَیداویستیەکانی سیاسەت و ململانێی سیاسی و حزبی هیچ ئاورێکیان لە خۆشەویستی راستەقینەی جەماوەر و خەڵک و گردبونەوەی گەلی کوردستان لەدەوری خۆیان نەکردۆتەوە . لەوێشدا کۆمەڵێک پرسیاری لەخۆی کردووە :
1 – کێ بەم دەردەی بردووە و وای لە کورێکی بنەماڵەیەکی خەباتگێر کردووە کە گیرۆدەی دەستی ململانێی تەسکی حزبی و ناوچەیی بێت و لە فەرهەنگی کاری سیاسەتی حزبیدا خۆی بتوێنێتەوە ، بێ ئەوەی رۆژێک بیری لەوە کردبێتەوە لەوە باڵاتر بێت و هاوشانی مەرجەعیەتە گەورەکان لە ناو کورددا ئەو جێگەیە بۆ خۆی زامن بکات، رۆڵی چواردەورەکەی چون بووە لەم بارەوە کام سەرکردە هۆکار بووە چ لەناوخۆی حزبەکەی یان لە رکەبەرەکانی ، چەند خەتای رکەبەرەکانی بووە لەو دواکەوتنە مێژوییە و نزمبونەوەی پێگەکەی لە نێو خەڵکدا .
2 – دەکرا ببێت بە کەسایەتیەکی جیهانیی ئاشتیخواز ؟ یان گۆشبونی بە دەزگای هەواڵگری حزبی لە منداڵیەوە لە رووی پەروەردە و عەقڵیەت و مامەڵە و پەیوەندیە تایبەتیەکانە ئەو هەلەی بۆ نەهێشتۆتەوە کە بەرەو ئەو ئاقارە جوان و پیرۆزە بروات .
3 – بۆچی چووەتە گۆشەیەکەوە کە لە بواری کۆمەڵایەتی و دیدی خەڵک نزمی کردۆتەوە ، لە کاتێکدا دەیتوانی پلەو پایەیەکی مێژوویی باشی بۆخۆی تۆمار بکردایە دوور لە کاری حزبی تەسک ، یان هەر هیچ نەبێت لە کاری حزبی گۆشەگیر نەبووە و پلەیەکی دەسەڵاتی وەرگرتووە ، کە بەرپرسیارێتیەکی وای بەدەست بووە رۆژ لە دوای رۆژ لە کەسایەتی داوە و ، نزمی کردۆتەوە ، بۆچی سەرۆکایەتی هەرێم کەسایەتیەکەی بەو رادەیە نەهێشتۆتەوە .
ئەمە و چەندین گفتوگۆ لەگەڵخۆدا ، کەکاتی بەسەردا چووە و هیچ بەهایەکی نەماوە و پاشگەزبوونەوە لە ئاراستە و بۆچون و دیدەکان لەم کاتەدا هیچ دادێکی نادات خستویەتە دونیایەکی پەشیمانی بەڵام پاش بەسەرچونی کاتی تایبەتی چارەسەرکردنی ، ئەمەش دەردەڵی راستگۆیانە لەگەڵخۆدا .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت