فەوزی ڕەمزی : ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر دەربارەی پێشەوا قازی موحەمەد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو بابەتەی کە کاتی خۆی بڵاومکردبۆوە ” ئەی پێشەوا بە یادت سوێندەخۆم ” ناسیاوێکم لە شارەوە کورتە نامەیکی نووسیبوو دەڵێت : خۆ پێشەوا قازی موحەمەدیش هەر مەلایەك بوو وەك مەلاکانی دیکە ، خۆ لەوانەیە ئەویش بڕوای هەر وەك ئەوان بووبێت و بە هیچ بنەمایەکی دیموکراتی و مافی ژنان و زۆر شتی دیکە باوەڕی نەبووبێت . 

بۆیە منیش بە ئەرکی خۆمم زانی و وەك وەفایەك بەرامبەر پێشەوا ئەم چەند ڕاستیانە بنووسم و بڵێم : کە لەو باوەڕەدام چەند دەنکێکە لە خەرمانی پڕ بەرەکەتی ئەو مێرخاسە :
هەرچەندە پێشەوا لە بنەماڵەیەکی بەنێوبانگ و ناوداری ئاینی بوو ، بەڵام لە تەك ئەوەیشدا لە ڕووی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی و بەتەنگەوەهاتنی گەلەکەیەوە ، پلە و پایە و سەنگێکی تایبەتی بێ هاوتای هەبوو لە نێو خەڵك و ناوچەکەدا و کەس نکوولی لەوە ناکات . کاتێك شەرەفی پێشەوا و سەرۆک کۆماریی پێبڕا ، بە هیچ شێوەك جیاوازیی نەکرد لە نێوان ئاین و ئوولی و ئاینزاکانی دیکەدا ، ئەمەیش تەواو ڕەنگی دابۆوە لە نێو گشت هەڤاڵانی و دەستەی باڵای بەڕێوەبەری کۆماردا . هەرچەندە لەو ناوچەیەدا ، کریستیان و جوو ، یەزیدی و شیعە مەزەب و پەیڕەوانی ”’ مەلا سادقی زەند ” هەبوون کە خۆیان بە توێژێکی ئوولی جیاواز دادەنا و زیاتر لە ناوچەی نەغەدە و پیرانشاردا بوونیان هەبوو . کریستیان ( عیسایی ) و جووەکان ( موسایی ) ڕێزێکی تایبەتیان لە پێشەوا دەگرت و بە پشتوپەنای خۆیانیان دەزانی ، بۆ ئەم بابەتەیش زۆر بە پێویستم زانی کە ئەم باسە بگێڕمەوە . ” بۆ دادگایی کردنی پێشەوا ، وا پێویستی دەکرد کە 20 هەزار تومان وەك پێشەکی لە دادگا دابنێت ، لەو سەرودەمانەدا ئەو بڕە پارەیە بە هەموو کەس دابین نەدەکرا و بە بنەماڵەی قازیانیش کۆنەدەکرایەوە . ( مینا خانمی ) هاوسەری پێشەوا ، لەبەر بێ توانایی ، بڕیاردەدات کە ڕوو لە ناسیاوێکی خۆشەویستی پێشەوا بکات کە پیاوێکی مووسایی بوو ، لە ڕێگای چوونیدا تووشی دەبێت بە تووش مووساییەکی دیکە کە دۆستایەتییەکی ئەوتۆی نابێت لە گەڵ پێشەوادا . پاش سڵاو ، زۆر بە ڕێزەوە بە میناخانم دەڵێت : پەژارە دیاری لە بەرچاوانم ، ئەویش پاش کەمێك وەستان دەڵێت : دەمەوێت بچم بۆ ماڵی بەڕێز فڵان ، ئەویش یەکسەر مەردانە دێتە گۆ و دەڵێت : ئەوە بۆ پارە دەچێت ، ئەی من چیم، نابێت بچیت و هەر ئێستا پێم بڵی و چەنتان پێویستە تا بۆتانی بێنم . ئەوەش بزانە گەر بووتان ، بمدەنەوە و گەر نا گەردنتان خۆش و ئازاد بێت ، ئێمە قازی وەك باوکی خۆمان سەیردەکەین و گەورەی هەموومانە . ئەم هەڵوێستە ئەوە دەگەیەنێت کە پێشەوا و کاربەدەستانی کۆمار بە هیچ شێوەیەك جیاوازیان نەکردووە ، خۆ کاتێك کە سەیری ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی کە لەو ماوە کورتەی کۆماردا دەرچوون گەواهی نەك هەر ئەوە بەڵکو چەندین و چەندین دەدەن لە یەکسانپەیڕەویی و ڕەوایی حوکمفەرماییەکەیدا .
بە پێی لێدوانی هەندێك لە شارەزایانی ئەو سەرودەمانە کە هێشتا لە ژیاندا ماون و بە وەفادارییەوە باس لە پێشەوا دەکەن و و یان ئەوانەی بە شەرەفەوە چوونە ڕیزی نەمرانەوە دەڵێن : پێشەوا بە هەموو مانایەك گوڵێك بوو لە نێو بیاباندا ”. یان دەڵێن : لە ئاست پێشەوادا شەهامەت و غیرەت و ئازایەتی و لەخۆبوردەیی و ڕاستگۆیی و وەفاداری و ….. ئەستۆکەچ بوون .
بەڕێزان ، دەمەوێت هەمان ئەو نووسینەی برای بەڕێز و نیشتمانپەروەر و پەڕاگەندەی دەستی زوڵم و تاوان ، مامۆستا ” عەزیزی ئەحمەدی ” وەك خۆی بنووسمەوە کە دەربارەی پێشەوا بۆ بەندەی ڕەوانکردوە بە سوپاسێکی بێ ئەندازەوە بەرامبەر نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی و وەفای بێکۆتای بەڕێزیان بەرامبەر پێشەوا :
هیندێك شت له‌باره‌ی گه‌وره‌یی پێشه‌وا ، ده‌خه‌مه‌خزمه‌ت جه‌نابتان ، پێشه‌كی داوای لێبوردنت لێ ده‌كه‌م من له‌وراسایه‌دانیم پێشنیار بۆ جه‌نابتان بنوسم وه‌كوو ئاگاداریه‌ك ، پێشه‌وا ده‌ستوریدا یه‌كێتی ژنان پێكبێ و هەروەها ژنان له‌ خوێندن بێ به‌ش نه‌كرێن و قوتابخانەی بۆ ژنان كرده‌وه‌ و له‌ هه‌ردوكیاندا مینا خانمی هاوسه‌ری پێشەو‌ا تێیداپێشەنگ بوو . پێشه‌وا ده‌ستوریدا سالێ دوجار بۆ قوتابیانی قوتابخانه‌كان یه‌ك جۆر به‌رگ بكڕێ به‌ئیمكاناتی كۆماری كوردستان بۆئه‌وه‌ی مندالی هه‌ژاران هه‌ست به‌ كه‌می نه‌كه‌ن له‌به‌رابه‌ر مندالی خاوه‌ن سامان وپاره‌دا. پێشەوا پێش دادگای نیزامی ده‌یزانی ئیعدام ده‌كرێ ، به‌لام ئاماده‌ نه‌بوو نیشتیمان و میلله‌تی خۆی به‌جێ بهێڵی ، ڕوسه‌كان شه‌ش ماشینیان بۆ ئاماده‌ كرد بوون به‌ماڵ و منداڵه‌وه‌ بیگوازنه‌وه‌ بۆ شوره‌وی ، ئه‌مریكا و ئینگلیزه‌كان ئاماده‌ بون په‌نا به‌ری بده‌نێ ، مه‌لیكی عراق له‌رێگه‌ی شێخه‌كانی زینوێ داوایان لێكرد بچێته‌ لای عراقیه‌كان ، ئه‌گه‌ر پێشه‌وا لەفكری ژیانی خۆی دابا زۆر ئاسان ده‌یتوانی وه‌كوو جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری سه‌رۆك کۆماری ئازه‌ربایجان ، وڵات و میلله‌تی خۆی به‌قه‌زاو قه‌ده‌ر بسپێری ، به‌رویشتنی پیشه‌وه‌ری هه‌زاران كه‌س له‌ئازه‌ر بایجان كوژران ، تالان و برۆ و كوشت و كوشتار بوو به‌ ‌به‌شی ئازه‌ریه‌كان . به‌لام پێشه‌وا گیانی خۆی كرده‌ فیدای خه‌لكی كوردستان .
دوای لەنێوبردنی كۆماری كوردستان و ئازه‌ربایجان ” حەمە ڕەزا شا ” لەگه‌ل كۆڕی ئه‌فسه‌رێكی زۆر نیزیك له‌بنه‌ماله‌ی په‌هله‌وی به‌ناوی ” حوسەینی فه‌ردوست ”، سه‌ردانی شاری ته‌ورێز ده‌كەن ، ئازه‌ریه‌كان پێشوازیه‌كی زۆرگه‌رم و بێ وێنەیان له‌ حەمە ڕەزاشا کرد ، ئەوجا کاربەدەستان دەیبەنە شوێنی ئەو هه‌موو چەک و جبه‌خانه‌یەی کە شوورەوی بۆ جەعفەر پێشەوی و هەڤاڵانی ناردبوون وەك کۆمەك و پشتیوانی بۆیان و كه‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ناو سندوقدا ده‌بن و ده‌ستیان تا ئەو کاتی سەردانە لێ نه‌درابوو ، هه‌ر وه‌ها گەورەترین مزگێنی له‌ناو بردنی گشت فیداییه‌كانیشیان پێ ڕادەگەیەنن .
دوای ئازه‌ر بایجان شا دەیەوێت سه‌ردانی مه‌هاباد بكات ، كه‌ ده‌گاته‌ ناو شاری مه‌هاباد هیچ كه‌س له‌دانیشتوانی شار به‌ده‌ره‌وه‌ نابن و ناچنە پێشوازی تا ده‌گاته‌ سه‌ربازخانه‌ی مەهاباد ، ته‌نانه‌ت سه‌ربازخانه‌ش ئاگاداری هاتنی شا نابن ، كه‌ ده‌گه‌نه‌ ناو‌ سه‌ربازخانه‌ ئه‌فسه‌رێکی سه‌ربازخانەکە‌ ده‌یه‌وێ بە هاواری بژی شاهەنشا و وا ئەعلاحەزرەت لێرەیە و لە نێوماندایە گشت سەربازەکانی دیکە ئاگاداربکاتەوە ، به‌لام شا بۆ خۆی به‌رگری لێده‌كات و ناهێڵێت هیچ دەنگ بکات . سه‌عاتێك له‌سه‌ر بازخانەکە‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ، كه‌دێنه‌ده‌ر و ده‌گه‌نه‌ گۆڕەپانی چوارچرا و دەڕوانن کە هیچ کەسی لێ نییە بۆ پێشوازی و له‌وێ تەنیا دارێك بە زەویدا چه‌قیوه ،‌ شا ڕوو دەکاتە حوسەین و دەڵێت : ده‌زانیت ئێره‌ كوێیه‌ ؟ ئەویش ده‌لێ نه‌خێر قوربان ، شا ده‌ڵێت ئێره‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ قازی موحەمه‌دی لێ له‌دار دراوه‌ ، ئه‌وداره‌ چەقیوەیش مانای وایه‌ کورد و مه‌هابادیەکان تۆڵه‌ی قازی موحەمه‌د له‌ من ده‌ستێننه‌وه‌ . هەمدیش دەڵێت : خۆ دیت ئەو پێشوازیە گەرمەی ئازەرییەکان بۆ من چۆن بوو ، خۆ دیت پێشوازی كورده‌كان / یش بۆ من چۆن بوو ؟ ( تەواو ) .
بەڵام من هەر هێندە دەڵێم : کاتێك پێشەوا هاوسەری خۆی بکاتە پێشەنگ تا هانی ژنانی ناوچەکە بدات بۆ خوێندن یا بۆ هاتنەکۆڕی خەبات و تێکۆشان شانبەشانی پیاوان ، ئایا بۆ ئەو سەردەمە ئەمە بە هێند وەرناگیرێت ، خۆ ئێستا و لەم چەرخی 21 دا کەسانێك هەن تەنیا هەر لەبەر داب و نەریتی تایبەت بە خۆیان ، کەس ناتوانێت ڕوخساری هاوسەر و منداڵە مێینەکانیان ببینێت و بزانێت ئایا جوانن ، باڵا بەرزن ، شۆخ و شەنگن ……… مرۆڤن یاخود پەری . دوور لە خواست و حەزوئارەزووی خۆیان لە قوژبن و جێگەیەکی تایبەتمەندا حەشاریان داون و جل و بەرگی تایبەتیان بێ لەبەردادەکەن ، بەڵام کە دێتە سەر قسەوباسان ، ئەوا دیمەکراتخواز و مافی ئافرەت پەرستی عەیارە 24 پێیان ناگات .
ئەی ئەگەر خۆشەویستی و ڕێزدانان نەبێت بۆ پێشەوا ، بۆ کەس نەچوو بۆ پێشوازیکردن لە شا ؟
نامەوێ زۆر بچمە ئەو باسەوە چونکە لە توانای کەسێکی وەك مندا نییە و لێکۆڵەری بە توانای دەوێت تا لەسەر پێشەوا یا هەر سەرکردەیەکی بە ئەمەك بۆ گەل و نیشتمان بنووسن .
هۆکاری ئەمەنەیش هەر مۆرکی حیزبایەتی وایکردوە کە فڵان فەرامۆش بکرێت و یان سەرخرێت و زیاد لە قەوارەی خۆی پێداهەڵبدرێت و مێژوو چەواشە بکرێت . لە ماوەی ئەم حوکمی هەرێمەدا دەتوانرا چەندین زانکار ڕەوانەی زانکۆ بەنێوبانگی وڵاتانی وەك ئینگلستان یا فەرەنسا یا ڕوسیا یا ئەڵمانیا یا ئەمریکا ….. بکرانایە تا لە بابەت کوردەوە شت کۆبکەنەوە …. کەچی هەر خەریکی یەکتر سڕینەوە و دوژمنایەتی یەکتر و سامان کۆکردنەوەن …… هەزاران ئەفسوس بۆ ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو ئەمانەدا خۆیان بەختکرد .
بەڵێ ئەمە ئەو کورتە وەڵامە بو ، کە لە سینەمدا هەر گینگڵی دەخوارد کە بۆ ئەو برادەرە بەڕێزەی بنێرم و دەڵێم : ئا ئەمە بوو پێشەوا ، ئائەمەبوو قازی موحەمەد .

بە کلیكێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت