فەوزی ڕەمزی : ئازاری 1975 .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باوکم ئۆقرە و ئارامی نەبوو ، هەر بە هەیوانەکەدا بە دڵێکی پڕ لە غەم و پەژارە و ڕەنگێکی پەڕیوەوە هەر دەهاتودەچوو ، جارجارەیش بە پەلە دەچووە ژوورەکەی خۆی و ڕادیۆ فلێپس ـەکەی دەگرتە دەست کە هەر لە پێنج شەش ئێستگە بەولاوە ، نەدەخرایە سەر هیچی دیکە ، ئەویش ؛ لەندەن ، مۆنتیکارلۆ ، دەنگی ئەمريكا ، ئیسرائیل . هەرچەندە جاروبار بۆ زاخاوی مێشك گوێمان لە ڕاديۆی کرماشان دەگرت بە تایبەت بەرنامەکانی ڕەوانشاد شوکروڵای بابان و خاتو پەروینی موشیر وەزیری بۆ گوێگرتن لەو شیعرە بە پێز و خۆشانەی کە دەیاندا بە گوێماندا . هەر لەو ڕاديۆيەوە ، دەنگوباس گەرمبوو كە كۆنگرەيەكی ئۆپك دەبەسترێت ( Organization of the Petroleum Exporting Countries )، (OPEC ) و سەرۆكانی وڵاتانی نەوت بەرهەمهێن بانگيشتكرێن ، لەوانەيش شای ئێران و سەددام حوسێن كە لەپاش چەند ڕۆژێكی كەم ڕێكەتنامەيەكی لەنێوان سەددام و شای ئێرانی لێكەتەوە . لە ڕاستيدا ، كەس نەما نەكەوێتە دڵەراوكێ و گێژاوێكی ناديار ، ناديار لە بوون و چارەنووس . لەو بڕوايەدام هەر يەكێك لە ئێمە تووشی لێكترازانێكی دەروونی بووبووين ، هەر خۆمان پرسمان بە خۆمان دەكرد و وەڵامی خۆمان دەدايەوە ، وەك بڵێيت بەرابەر ئاوێنەیەكيت و وينەكەت كەسێكی ديكە پيشاندەدات و لێيــدەپرسێت ؛ ئەری بەرەو كوێ ئێمە هەڵدەدیرێين ؟ وەڵام – هيچ ، كەس نازانێت .
پێدەچوو ئەوەی ڕێشمەی كاروانەكەمانی گرتبووە دەست ، هەر ئەو دەيزانی و بەس .
بەرهەرحاڵ ، لە ماڵی خۆمان ، لەم بگرەبەردە و تەمومژە تاريکەدا دەهاتين و دەچووين ، بەتايبەتی باوكی ڕەوانشادم كە هۆش و دڵودەروونی پڕبوو لە ڕووداوی دەردیسەر و نائومێدی لە چارەنووسی كورد . هەر بتبينابا ڕەنگی هەڵبزرکاو و لێوبەباریی تەواو پێوە دیاربوو . لەپڕ مامە عەلی والی بەگی دراوسێمان ( باوکی شەهید تایەری عەلی بەگ ) ئەميش بەوپەڕی پەژارە و داهێزييەكەوە خۆی کرد بە ماڵا . باوکمی دی لەبەر هەیوانەکە وەستابوو . لەبەر شپرزەيی و بێ هیچ سڵاوێك یەکسەر وتی : کاکە ڕەمزی ، هەموو شت تەواو ، ڕێکەوتنەکە مۆرکرا و دەستیان لە ئێمەیش بەردا …. خوا بە خێری بگێڕێت .
بە دەم هەنسکەوە هەردووکیان چوونە ژوورەوە و منیش چا و ئاوم بۆ بردن . هەر خێرا مامە عەلی بەگ گوتی ، چا و ئاوی چی دەهێنیت ، بۆ دڵ ماوە تا ئەوانە هەڵبگرێ .
بە هەرحاڵ ، دەرکەوت كە حەمە ڕەزا شای ئێران هەموو پێداویستییەکانی ئەو هەموو خەڵك و پێشمەرگانەی گرتبوە ئەستۆ ، ئەمەيش ديارە دەچێتە بازنەی بەرژەوەندی سياسەتەوە كە شا بزووتنەوەكەی وەك كارتێكی فشار بەكارهێنا و ئامانجەكەيشی بەشێوەيەكی ژيرانە پێکا و بە سەرانی كوردی بێ سەروبنی وت ؛ من هەتا ئێرە بۆتان بووم ، ئیتر کاری من تەواو ، بڕۆن چاری خۆتان بکەن .
جا گەلی براينە … ئەوەندەمان زانی سەرانی کورد قوشنەقەوە ، چەك سەربەرەوخوار بوونەوە و بە یەكجاری داڕوخان و هەرەسیان هێنا ، هیچیان پێ نەبوو کە بە گەلی کوردستان و پێشمەرگەکانی بڵێن تەنیا ئەوەندە نەبێت : ” کارەکەی ئێمە لێرەدا تەواو بوو ، هەرکەسە بچێتەوە نێو ماڵ و خێزانی خۆی . وەکو بڵێيت لە زەماوەنێكی حەوتشەو و حەوت ڕۆژدا بووبين و بە گەلێك سوپاس و پێزانين ماڵاوايی لە ميوانەكان بكرێت كە بچنەوە ماڵی خۆيان .
بەڵێ ، ئا بەم ديمەنە تراژيدييە ، سەركردەی كورد و سەرانی دەوروبەری ، بەبێ هێچ ڕوونكردنەوەيەك ، دەسبەرداری ئەو گیانفیدایانە بوون کە ساڵانێكی دوورودرێژ خۆیان بۆ بەختەکردن و ماڵ و منداڵ و سەروەت و سامانیان بۆ کردن بە قوربانی . هەزاران هەزار پێشمەرگەی قارەمان وەك ڕان و مێگەلی بێ شوان مانەوە و ئەمانيش وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچوون .
یاخوا کەس نەیبینێ ئەوەی من دیم ، بۆ خۆم لە بەر دەرکی سەرا وەستابووم و دەمڕوانی بزانم مام و برا و کەسوکار و برادەران نابینم تا بە هانایانەوە بچم . پۆل پۆل پێشمەرگە و خەڵکی بە خاوخێزانەوە ، هەموو پەژموردە و سیس و لاواز ، بە سواری تراکتۆر یا پیکاپ ، ڕوویان هەڵنەدەهات سەیری کەس بکەن ، تفەنگەکانیان لە بازگەکان لێ وەرگرتبوون یا ئەوەی پێشیبوو سەربەرەوخوار وەك دیلی جەنگ دەردەکەوت . و ڕوویان لە حەوشی سەرابوو .
نازانم ئەوە عزرائیل ، تۆ لەو کاتەدا لە کوێ بووی ، تا ڕۆحم بکێشیت ، فرمێسك وەك پلووسک بە ڕوومەتدا دەهاتە خوار ، سەیری هەر کەسێکت دەکرد هەر وەك من بە ناو گیانی تێدا بوو یا هەناسەی سواری یا….. یا هەر وەك باوکم لە ژوورەکەی خۆی بە هەڵتروشکاوییەوە لە گریان و ئاهوناڵە زیاتر هیچی بۆ نەمابۆوە .
بە هەر حاڵ ناخۆشی و ئازار و گرفتەکانی ژیان زۆر زۆرن و ڕەقن .. بەڵام هیچیان وێنەی ئەمەیان نەبوون .
شەوێك باوکم بانگی کردم و وتی ئەم شیعرەم لەسەرخۆ چەند جارێك بۆ بخوێنەرەوە .
کاغەزێکی پێدام کە سەرلەوحەی شیعرەکە نووسرابوو ” ئازاری 1975 .
منیش بە وردی دەسمپێکرد و هەر لەسەرەتاوە قوڵپی گریانی لێهەڵسا و هەر دەیکێشا بە ڕانیدا .
چەندین جار بۆم خوێندەوە تاوتاوە دەیوت بوەستە ، بیرێکی قووڵی دەکردەوە و ئەوجا دەیوت باشە دەسپێبکەرەوە تا وتی تەواو ئیتر بەسە لەوە زياتر دڵم بە بەريەوە نەما .
ئەزانی بۆ ئەو سەرلەوحەیەم داناوە ؟؟ تا دوو مانا ببەخشێت ، یەکێکیان بە مانەی ئێش وئازار ، ئەوی دیکە بە مانای مانگی ئازار ( مارت ) ی شوومەکەی ئەم ساڵە دێت .
ئەم هەڵبەستەی باوکم له سینەیەکی بێ غەل و غەشی پڕ لە ئازار و خەم و پەژارەوە هەڵدەقوڵێت کە بەرامبەر بەو هەرەسە لەناکاوەوە بوو کە هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و لەخۆبوردو یا کەسانی دڵسۆز و كوردستانپەروەر کە بە چاوتروكانێك هەمووی سڕایەوە و کۆتایی پێهات .
چەندين جار لەبەرخۆيەوە دەیوت ئاخر …. بۆ …؟
بۆچی ئاوا هەرەسمان هێنا ، هۆکار چی بوو؟
بۆچ ئەمانە هەموو بە قسەیەکی شا ـی ئێران ئاوا ڕووخان و پەرتەوازە بوون ؟

” ئازاری 1975 “

ئێش و ئازاری خه‌می تازه‌ که‌سێ ئه‌یزانێ
که‌ برینی ئه‌له‌می * کۆنی له‌ ساڕێژا بێ
ڕه‌ببی ئه‌م کورده‌ هه‌تا ماوه‌ ئیتر نه‌یبینێ
که‌ گڵۆڵه‌ی گه‌له‌که‌ی وا له‌ سه‌ره‌و لێژا بێ
ئه‌شکی وه‌ك خوێنی گه‌ش و ئاڵی پیاڵه‌ی چاوی
وه‌کو ماته‌م زه‌ده‌ به‌م پێیه‌ له‌سه‌ر ڕێژا بێ
هه‌لێ هه‌ڵکه‌وت و له‌ده‌س هات و به‌ فیڕۆ ده‌رچوو
مه‌رد ئه‌بێ بۆ هه‌لی ئاینده‌ له‌ ڕاوێژا بێ
یا ڕه‌ب ئه‌م کورده‌ فیداکاره‌ به ناحه‌ق تاکه‌ی
هه‌ر له‌ژێر زرموهووڕی قونبله‌ هاوێژا بێ
له‌ هه‌موو لاوه‌ له‌ ڕووی هێرشی جه‌یش و جاشا
وه‌ک سوپه‌ر سنگی له‌به‌ر گولـله‌ و ده‌سڕێژا بێ
حه‌یفه‌ عاله‌م هه‌موو سه‌ربه‌ست و که‌چی کوردی هه‌ژار
هه‌ر له‌ژێر چنگ و ده‌سی زاڵمی خونڕێژا بێ
یا وه‌کو جاشی عه‌ره‌ب جه‌یشی نهێنی عه‌جه‌میش
له‌ که‌مینگاهی ئیباده‌ی گه‌لی حه‌ق بێژا بێ
” هێزی کورد ئه‌ر نه‌ ئه‌بوو ، شاهی عه‌جه‌م ئه‌یتوانی
که‌ له‌سه‌ر شه‌تتی عه‌ره‌ب وا له‌ وت و وێژا بێ **
چی بڵێم له‌و که‌سه‌ تا دوێنێ له‌ ته‌ك مندا بوو
که‌چی له‌م ڕۆوه‌ له‌گه‌ڵ ناحه‌زی خونڕێژا بێ
” ڕه‌مزی ” ئه‌م کورده‌ که‌ خاوه‌ن حه‌قه‌ هه‌ر ئه‌یسێنێ
جا ئه‌گه‌ر مافی له‌ژێر بورجی گه‌لاوێژا بێ

بەڵام ” ڕەمزی ” لە تەك ئەوەشدا هەر بە هیواوە دەژی و هەرگیز ئیمانی بە ڕووخان و هەرەس نییە و هەر دەڕوانێتە ئاسۆ و چاوەڕێی ڕۆژی هات و دەستوبازووی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکات .
* ئەلەم: وشەیەکی عارەبییە و بە مانای ئێش و ئازار دێت .
** یەکێك لەو بەندانەی کە شای ئێران و سەددام حوسەین لە جەزایر لە سەری ڕێکەوتن ، مەسەلەی شط العرب و هێڵی ” تالهووك ” بوو واتە قووڵترین شوێن لە شط العرب/ دا .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت