نەبەز گۆران : ئاسنگەرەكەی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەمەوێت لەم نووسینەدا قسە لەسەر نمونەیەكی نوێ‌ بكەم . نمونەیەك كە لەناو حیزبی كوردییدا كەمە . بەڵام لە تەنیشت ئەم نمونەیەوە دوو جۆر خوێندنەوە بوونی هەیە ، لە هەر دوو جۆرەكەدا ، بەشێوەیەكی خێرا بەسەریدا گوزەر دەكەم .

لە مێژووی نوێی حیزبی كوردییدا ، لە ساڵەكانی شەستەوە تاكو ئێستا ، جگە لە نەوشیروان مستەفا كە خۆی لوتكەی دەسەڵات بووە و ، لە هەمان كاتیشدا قەڵەمێكی رەخنە گربووە ، چ بۆ ناوخۆی حیزب ، چ بۆ دەرەوەی حیزب ، نمونەی دیكە وەك ئەو بە روونی و بە بەردەوامی نابینرێت . یەكێك لە جیاوازییە بنەرەتییەكانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ سیاسییە باڵادەستەكانی حیزبی كوردییدا ، ئەوەیە ، كە ئەم پیاوە ، تەنها بەشێك نییە لە دروستكردنی مێژوو ، تەنها بەشێك نییە لە دەسەڵات ، بەڵكو ، بەشێكیشە لەو زمانی رەخنەیەی لە خودی خۆی و ناوخۆی حیزب و ، لە دەرەوەی حیزب دروست دەبێت . پاش ئەو ئیدی نمونەی وا نابینرێت جێگای وەستانبێت لەسەری . گەر هەشبووبێت ، نمونەی زۆر كاتی بوون كە جێگای تێڕامان نین .
لە مەسەلەی ژن دا ، نمونەمان نییە . تا ئەم دوایانەی كە یەكێك لە كچەكانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەردەكەوێت . ئەم نمونەیە ، ئەشتوانرێت وەك دیاردەیەك سەیربكرێت . دیاردەیەك كە لەناو یەكێتیدا نەوشیروان مستەفا رژێنەری ئاوەكەیەتی . هەڵبەتە ئەم نمونانە لە مێژووی پارتیدا ، نە دەیانبینی و نە دروستیش دەبن . چونكە سروشتی حیزبی پارتی لەو سروشتەیە ، یان لەگەڵم دەبیت ، یان لە دەرەوەم دەبیت . ناكرێت كائینێكی رەخنەگربیت لە ناوەوەی حیزب و لەناو پارتیش بیت . چونكە رێگەت نابێتەوە . لەسەر ئەم دۆخە نوكتەیەك هەیە دەڵێت :
جارێكیان مەسعود بارزانی لە زەعیم عەلی دەپرسێت :
تۆ كتێب دەخوێنیتەوە ؟
ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت : نەخێر ئەزبەنی !
بارزانیش دەپرسێتەوە : بۆچی ناخوێنیتەوە؟
زەعیم عەلیش دەڵێت : ئاخر ئەزبەنی ئەگەر كتێب بخوێنمەوە ، ناتوانم لەگەڵ ئێوەبم !”
ئەما ، بۆ یەكێتیی بە پێی سروشتەكەی جیاوازە . ئێستا یەكێك لە كچەكانی مامۆستا ئێبراهیم ئەحمەد كە ( شاناز) ە . لە تەنیشت ئەوەدا لەناو خێزانێكی دەسەڵاتدارداییە ، قەڵەمێكی بەدەستەوەیە و بووەتە جێی سەرنجی میدیاكان . بەرێزان یەكێك لەو هۆكارانەی میدیاكان زۆر گرنگی بە بابەتەكانی ئەم خانمە ئەدەن ئەوەیە ، كە خۆی لەناو خێزانی دەسەڵاتداییە و رەخنەگریشە لە حیزبەكەی خۆی و دەرەوەی حیزبەكەی خۆشی ، بۆ میدیاكانیش ئەمە بوەتە جێی سەرنج .
تا ئەو شوێنەی ژنێكی رەخنەگرە لەناوخۆی حیزب و لە دەرەوەی حیزب ، بۆ ئێمە مانانی بڕوابوون بە رەخنەگرتن ، كارێكی خراپ نیە . لێ‌، لەو شوێنەی ئیدی ئەركی سیاسیی خۆی و شوێنەكەی خۆی لەبیردەچێت و دەبێتە ئاسنگەرێك ، جێگای جۆرێكی دیكە خوێندنەوەیە .
ئەشێت زۆر ئاساییی بێت ، كەسێكی رۆژنامەنووسی چەشنی من ، بەهەمان دونیابینی و رەخنەگرتنەوە ، سەیری هەموو لایەك بكەم . ڤەلێ‌ ، ڕەنگە بۆ كەسێك كە خۆی لەناو خێزانێك بێت كە خێزانەكە خودی دەسەڵات بێت ، جۆرێكی كەبێت . بۆیە بە خێزانی تاڵەبانی و خێزانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێم : خێزان . لەبەرئەوەی نامەوێت ئەو هەڵەیە بكەم ، كە كۆمەڵێك كەسی روكەش گەرا بە بنەماڵە ناویان دێنن . چونكە بنەماڵە ترادسیۆنی هەیە ، بەڵام خێزان عادەتی هەیە . هەر بەم دوو جیاوازییە بنەرەتیە دەتوانی خێزان و بنەماڵە لەیەك جیابكەیتەوە . هێشتا ماڵی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و ماڵی تاڵەبانی نەبوون بە بنەماڵە ، چونكە ترادسیۆنیان نیە و لە دۆخی عادەتدان . كاتێك دەبنە بنەماڵە قۆناغی عادەت تێپەرێنن و ببنە خاوەنی ترادسیۆن .
بەهەرحاڵ . ئێستا قۆناغی سەدە كلاسیكیەكان نییە ، هەموو ئاسنێكی خوار پێویستی بە چەكوش بێت بۆ راستكردنەوە . ئاسنگەری باش ئەوەیە ، كوورەكەی خۆی گەرم بكات ، بەهێمنی ئاسنەكان بتوێنێتەوە و بیرژێنێتە ناو ئەو قاڵبەی خۆی دەیەوێت . پاشان ئەو شتەی لێدروستبكات كە خۆی مەبەستیەتی .
بەڵام ، ئەگەر ئاسنگەرەكە هەر ئاسنێكی بەرچاو كەوت تۆزێك خوارە و چەكوشێكی لێدا ، یان هەر بزمارێكی بینی تۆزێك خوارە و بەچەكوش لێیدا ، ئەوكات ئەشێت ئەو بزمارانە هەندێكی بچنەوە بەگیانی خۆیدا و ئازاری پێبگەیەنن . خێزانی دەسەڵاتدار وەك دیمەنی شانۆگەری وایە ، هەر ئەكتەرە و دەوری خۆی هەیە . دەرهێنەری شانۆگەرییەكە ناهێڵێت یەكێك لە ئەكتەرەكان جوڵەی ئەوانی كە بخاتە بەر تیری جوڵەكانی خۆی و ، شانۆگەرییەكە بە ئاراستەی پێچەوانە كۆتایی بێت . ئەكتەری باشیش ئەوەیە ، دەورەكەی خۆی بە جۆرێگ بگێڕێت هەم خۆی جێی سەرنج بێت ، هەم ببێتە هاوكار بۆ ئەكتەرەكەی تەنیشتیشی .
گەر رەخنەگرتن و دونیابینیەكی جیاواز لای شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وەك دیاردەیەكی نوێ لەناو خێزانی دەسەڵاتداردا سەیربكرێت ، بەتایبەت لەناو ژنی دەسەڵاتداردا . دیوەكەی دیكەی ئەوەیە ، لە هەموو سات و لە هەموو شوێنێكدا پێویست بەوە نیە ، هەمان چەكوشی پێبێت ، چونكە لە سیاسەتدا جوڵەكان جیازاترن لە دونیای نووسین . رەنگە سروشتی خودی یەكێتیی ئەوە بێت ، دەنگی جیاواز و بیركردنەوەی جیاواز لەناودابن . بەڵام سروشتی حیزب ئەوە نیە هەموو چارەسەرەكان ، یان رێگا راستەكان بە چەكوش بدۆزرێنەوە .
حیزبی كوردیی ئەم دیمەنەیە : ئەوەی دوێنێ‌ برادەرمان بوون ، ئەمرۆ نامان ناسن . ئەوانەی دوێنێ‌ دوژمنمان بوون ، ئەمڕۆ نزیكترین دۆستەكانمانن . سیاسیی سەركەوتوو ئەوەیە ، لەم جیهانە شێواوەی حیزبدا ، ڕێگای تایبەت بەخۆی هەبێت . بەڵام ، دور لەو قەوزاییەی كە لەناو میدیادا گەشەی پێدەدرێت . مەبەستەكەی من ئەوەیە : وەك دیاردەیەكی رەخنەگرتن لە خۆی و لە دەرەوە ، هەوڵی ئەو خانمە لە شوێنی خۆیدا بارستایی خۆی هەیە . لێ‌ ، لەو شوێنەی هەموو شت بە چەكوش چارەسەر بكرێت ، ئیدی وەستانێكی دیكەی و خوێندنەوەیەكی دیكەی پێویستە .
خوێنەری بەرێز : من زۆرجار لە رێنووسی كوردییدا ، پەیرەوی لە مامۆستایان ، ( باڵدار ) و ( پیرە مێرد ) و ( ئیبراهیم ئەحمەد ) دەكەم . بەڵام بۆكچەكەی نازانم ، ئەوەشیان بابەتێكی ترە و نووسینی دیكەی دەوێت !

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت