Imad-Ali-003

عیماد عەلی : پێشتریش وتمان خۆمان نەبێت ئەمریکا دادمان نادات .

چەندین جار وتمان هیچ باوەرتان بە خود و سیاسەتی ئەمریکا نەبێت ، نەک تەنها دژی کورد بێت ، بەڵکو مۆرکی تایبەتی خۆی و بیرو فەلسەفەو بۆچون سیاسەتی ئەم وڵاتە لە باورداری و عەقڵیەت و رەفتاریدا چ لە پەیوەندیە دیبلۆماسیەکاندا یان لە سیاسەتی گشتگیری تایبەتی خۆیدا لەسەر ئەوە بەندە کە تەنها و تەنها بۆخۆژێین و پێداویستیەکانی سەرمایەوە پابەند و هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و ویژدان و بەها و بۆچونی جێگیری لانیە ، ئەمەش نەک بە خواستی خۆی بێت بەڵکو جەهەری بیری سەرمایەداری لەمەزیاتری پێ نیە و تەنها ئەمە دەخوازێت ، ئەگەر بە وردی و تێرامینَکی قوڵەوە لە خودی سستمەکە و مێژووەکەی بروانپن . بەڵێ ، بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی وڵاتەکەیە هەموو شتێک دیاریدەکات و سەرجەم بەها و نەریتێکی مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پێی خودپەرستیەوە ، ئەمەش نەک وەک بینەرێکی رۆژهەڵاتی بە سۆزو دابونەریتی ئێرەوە سەیری بکەین ، بەڵکو بە بیرکردنەیوەیەکی رەقوتەقی بیری رووت و چۆنە نێو رەهەندەکانی بریی سەرمایەداریەوە بیخوێنینەوە ، جا ئەگەر لە ئان و ساتێکدا بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی لەگەڵ بۆچونێکی کاتی یان بەردەوامی گەل و وڵاتیکدا یەکیگرتبێت ، ئەوە واتای ئەوە ناگەیەنێت ، سەرمایەداری مافی گەلان و حەقخواراوان لەبەرچاو دەگرێت و تیچروانی ن و دیدە مرۆڤدۆستیەکەی گۆرانکاری بەسەرداهاتووە ولە جەوهەری بیرو فکر و فەلسەفە و سیستمی خۆی پاشگەزبۆتەوە ، ئەمە تا رادەیەک بۆ زۆرینەی وڵاتانی سەرمایەداری دەگونجێت نەگ ئەمریکا بە تەنها ، ئەگەر ئەمریکا بە خۆی لە لوتکەی ئەو بێ بنەما جێگیرانە بێت کە خەڵکی رۆژهەڵات باورەیان پێیەتی ئەمەیە سروشتی بەرێوەچونی سیستمی سەرمایەداری لەسەر ئەرزی واقیع .
بۆیە بۆ کوردی خاوەن قوربانی و فیڵ لێکراوی سەد ساڵەو ژێردەستەیی عەقڵی دواکەوتوی وڵاتانی ناوچەکە ، چ چاورەوانیەکی لە ئەمریکایەک بێت کە هیچ کێشەیەکی نیە بەناوی بەرژەوەندی کوردەوە بێت لەدەرەوەی سیاسەتە دیاریکراوە زۆر وردەکان خۆی لەم ناوچەیەدا نەبێت ؛ بۆیە :
1 – وەک پێشتر باسمان کرد و قسەکانمان بە ڕای کۆمۆنیست و کۆنەچەپە پەرگیرەکانیان لەقەڵەم دان ، ئەمرۆ دووبارەی دەکەینەوە ، بە زەردەخەنەیەکی سیاسیانەی روکەشی بەرپرسێکی ئەمریکی و یارمەتیەکی بچوکی دیبلۆماسی یان سەربازی ئەملاو ئەولای ئەمریکا باوەر نەکەن ، بەتایبەتی لە شەری داعش وا فەرزی کردووە لە رۆژئاوای کوردستاندا و ، ئەو جوڵە و هەنگاوە کورتمەو دایانە بە ستراتیجی ئەمریکا نەناسن و ، تەنها لە نێوان توخمەکانی هاوکێشەی خۆیدا لەناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و ، هەر کاتێک زەرورەتی ئەو هەنگاوە نەما یان پێویستی بە جێگۆرکێ بوو ، لە چرکەیەکدا پشت لە هەموو شتێک دەکات و بێ شەرمانە کلکی دەکات بەناوگەڵیدا و دەیقوچونێنێت هەموو یارمەتیدانێکی حکومەت گەلانی لەبیر دەچێت ، ئەمە سروشتی سیستمێکی سەرمایەداری بەرژەوەندخوازیە کە لە رێرەوی سیاسەتی رۆژانەدا وردی دەکاتەوە نەک تەنها تایبەتمەند بێت بە ئەمریکاو و بەس ، بەڵام کە خودی ئەمریکا لە سەرووی ئەو فکر و سیاسەت و فەلسەفەوە بێت و هەوڵی بڵاوکردنەوەی بدات و بانگەشەی بۆ بکات و بە هەموو توانایەکیەوە جیهانی پێ سەرقاڵ بکات، دیارە کرۆکی ئەو سیستمە لە کیانی ئەودا چەق دەبەستێت و هەردوکیان بەیەکەوە لکاون .
2 – لە رووی کردەوەییەوە ، ئەمریکا هیچ باکی بەوە نیە کە لە رووی مرۆڤایەتیەوە چی روودەدات ئەگەر ، زۆرجار فرمێسکی تیمساحیانەی بۆدەرێژێت ، ئەویش تەنها بۆ چەواشەکاریە و لە شوێنێکدا دەیکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکانی لەوبارەوە نەکەونە مەترسیەوە ، ئەگینا گەورەترین پێشێلکاری لەسەرجەم بارەکانەوە کرابێت و پەیوەندی بە بەرژەوەندیە حسابکراوەکانی خۆیەوە نەبێت هیچ نوتقی لێوە نایەت و نەهاتووە ، کەس هەیە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی کەنداوی عەرەب بە گشتی و پاشایەتی سعودیە بە تایبەتی و هەموو چینە چەوساوەکانی دونیاو بەردەوامی ناحەقی لە ئاستیاندا نەزانێت و ، میلەتی کوردیش نزیکترین نمونەیە ، کە تا دوێنی بەلایدا نەچوو سبەینێش جیاوازیەکی ئەوتۆی تێدا نابینین .
3 – زۆر کەس هەن باس لە دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە دەکەن و لەوناوەدا گوایە دەشێت لەبەر خاتری زوڵملێکراوی چەندین ساڵەی کورد و بە نیازی ئەمریکا وابکات لە قازانجی کورددا بکەوێتەوە و ، ئەوانە خەریکە لە خۆشیدا گەشکە بکەن . دەڵێم : تاوەکو ئەمرۆش بە روونی دەرنەکوتووە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ گۆرینی نەخشەیە یان نا ، بەڵکو ئەوەی بۆ بکرێت لە رووی پاراستنی هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائل و مامەڵە کردن لەگەڵ تیرۆر و نەهێشتنی زاڵبونی بەرژەوەندیی روسیا و چین لەوە زیاتر لەم ناوچەیە و نەهێشتنی بڵاوبونەوەی چەکی کۆکوژ نەبێت هیچ خاڵێکی تر ناخوێنێتەوە . ئەگەر ئەو ئامانجانە لە دوورەوە وەک خۆی و وا لە ئەمرۆدا بۆی چووەتە سەر دابینی بکات ، هیچ رەفتارێک لە قازانجی کورد نانێت ئەگەر لەگەڵ ئەوانەدا نەیەتەوە، یان کاریگەری کورد لەوبارەوە نەبێت ، تەنها بە مامەڵەی سیاسی دیانخاتە ژێر رکێفی داواکاریەکانی خۆیەوە ، بێ ئەوەی هیچ فشاریکێ ئەوتۆ بەکاربێنێت .
4 – بۆیە ، کە ئێستا بەکارهێنانی سێکتەری ئابووری تەنها لە پێناو رێرەوگۆرینی هەنگاوی سیاسی جێگەی هەنگاوی عەسکەری زەمانی پێشتری گرتۆتەوە و جیهانگیریی وای لە ئەم وڵاتە زلهێزە کردووە لە دوورەوە چۆک بە زۆر وڵاتانی بێ توانا بدات چ جای میلەتێک و قەوارەیەکی نارەسمی وەک هەرێمی کوردستان و میلەتەکەمان لە رۆژئاوای کوردستاندا .
5 – ئەمە ئەگەر بەرامبەر بە وڵاتێکی ناوخۆ تۆکمە و توندوتۆڵ وابێت ، بەڵام لە گەڵ هەرێمی کوردستانی پر لە گێرمە و کێشەو ناکۆکی و شڵەژان و پر لە قەیران و گەندەڵی هەر باس ناکرێت ، کەچۆن بە ئاسانی دەتوانێت یاری خۆی بکات و یاریشی پێ بکات .
6 – سروشتی سیتمێکی سیاسی سەرمایەداری وا خۆ فەرز دەکات ، کە لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی تر خۆی بژێنێت و ئەگینا لەو سیتمی گواستراوە و لەرزۆکەی نێو دونیای مرۆڤایەتی و نەبونی هیچ پاڵنەرێکی راست و دروست و پتەو بۆ گەشەدان بەخۆی ، بێگومان ئەگەر لەو فێڵ و تەڵەکە سیاسی و ئابووریانە خۆی دوور بخاتەوە ، ناچار دەبێت بۆ قۆناغێکی تر لە دونیای مرۆڤایەتیدا هەنگاو بنێت و ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو کۆمەڵە کەس و کۆمپانیاو هێزانە نیە کە بەو ژمارە کەمەوە هەموو موقەدارتی مۆرڤایەتیان بەدەستەوەیە ، دەبێت چاوەرێی رێگری گەورە بین .
7 – نەزانینی خوێندنەوەی بەرامبەر لە رووی سیستم و بیرو سیاسەت و پەینەبردن بە کونوکەلەبەری بەرژەوەندی بەرامبەرەکەت ، وات لێدەکات هەمیشە لەدەرباردا کەوتبیت و تکای سواڵێک بکەیت ، وەک چۆن ئێستای هەرێم لە نێوان هەولێر و ئەنکەرە تەراتێنیانە و بۆ دەستماچکردنی ئەمریکا چاوەرێی دەستی واشنتون دەکەن قسەیەکی خێریان بۆ بکات ، لە رێی خودا نەک خۆیان فەرزکردبێت بەڵکو لە پێگەو قورسایی بەرلە چەند ساڵی پێشویی خۆیشیان دابێت و نزم کردبێتەوە؛ بێگومان بە ململانێ و نەزانی و شەروشۆری بەرژەوەندخوازی تەسکی کەسی و حزبی نێوخۆیی کوردستان و خودی خۆیانەوە .
لەم رۆژەدا کە زیاتر بۆ هەمووان دەرکەوت ، ئەمریکا تاسەر لەگَەڵتدا نیە ، ئەوەتا لەبەغدایە و حکومەتی هەرێم ملکەچ دەکات بروات بۆ لای ئەو و بڵێت تۆ دێی بۆ ناوەند و ئێرە جێگەی بینینی تۆیە نەک وەک پێشتر لەپاش هەر سەردانێکی بەغدا بە خۆمان رێگەی هەولێرمان گرتەبەر ، ئەمەش هۆکاری بابەتی خۆی هەیە پێویست ناکات بە درێژی لێرەدا باسی بکەین .
8 – سەرلێدەرنەکردنی خودی کورد لە چۆنێتی رۆیشتن لەسەر دوو رێرەو و بەرنەدانی هەردووکیان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی ، وای لە حکومەتی هەرێم کردووە کە چارەنوسی خۆی بخاتە دەستی تاکە لایەنێکی بەرژەوەنخواز و بێ ویژدانی سیاسی و فکری و ئەخلاقی لە لایەک و ، سوکرکردنەوەی قورسایی خودی و پێگەی خۆی لە ئاست ناوچەکە و تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ ماوەیەکی کورتی پێش ئێستای لەلایەکی ترەوە ، ئەگەری شکستی یەکجارەکی بۆ خۆی زیاتر کردووە . دیارە دەسەڵاتێکی بەم جۆرە عەقڵیەتە کە بە دڵی هێزی دەرەکی بێت لە پێناو بە ئاسانی زاڵبون و کارپێکردنیان و هەر جارێک بیانەوێت ئاوها وەک ئەمرۆ بێ منەت بن لێیان هەر لە سەردەستی ئەو بیرو سیستمە بێ ئەخلاقە گەورەیە لەناودەچێت و ، ئۆباڵی دەرئەنجامەکەشی دەکەوێتە سەر ئەوەی بەم شێوەیە دروستیکردوە . لەولاوە سەری سەرمایەداری هیچ باکی نیە و ، جیهان لەسەر دەستی خۆی بە فرتوفێڵ و بێ ویژانی سەرمایەداری دەبات بەرێوە .
9 – لەم چەند رۆژەدا جوڵانەوەیەکی لەو بابەتەم بینی ؛ واتە دوو رێرەوگیری ، بۆنی ئەوەی لێدەهات کە تازە هەستیان بە کڵۆڵی حوکمی ئەم هەرێمە کردووە و وا ئێستا هەندێک جموجوڵی هەمەجۆری واتە مراوەغەی سیاسی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریدا دەکەن و ، کەچی ئەمەش درەنگوەختە و لە حاڵەتێکدایە کە تۆ لە گۆشەیەکی لاوازیدا قەتیس بووی و بەرامبەرەکەشت باوەرت پێ ناکات و ، دەزانێت پاش دەنگ دەرچون هیچ هەوڵێک بۆ خەفەکردنی ئابروچونەکە دادت نادات .
بۆیە دەڵێم ئەمرۆ واقعە سیاسیەکە بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە ، ئەگەر پروشەی سەلبیاتەکانی ئێرە نەگەیەننە ئەوێ و بەدەردی خۆیان نەبەن ، وەک بۆ چەندین مانگ دەچێت هەوڵی ئەوە دەدەن ، چ بە پاڵپشتی دەرەکی یان لەبەر بەرژەوەندخوازی حزبی و نەرجسیەت و تەماعی شەخسی نەفامانە هەندێک بەناو سەرکردە . وا پێویست دەکات کوردانی رۆژئاوا پەند لە هەرێمی کوردستان و مامەڵە ئەمریکا لەگەڵیدا بگرن و ئەو کەلێنانە پر بکەنەوە کە لەوبارەوە لەوانەیە لەماوەیەکی تردا دروست ببێت ئەمریکا بتوانێت وەک هەرێمی کوردستانیان لێ بکات و چارەسەریش زۆر و هیچ شتێک مەحاڵ نیە ، بۆیە :
1 – مامەڵە لەگەڵ چەندین تەوەردا بکەن و لەونێوەندەدا یاری هەونەری خۆیان بکەن و بە یەکجاری پشت بە یەک لایەنی دەرەکی نەبەستن و ، ئەوەیان لەبەرچاو بێت، بەتایبەتی ئەمریکا لە چرکەیەکدا هەمو شتێک دادەرمێنێت ئەگەر بچوکترین بەرژەوەندیی ئەوە بخوازێت .
2 – هەوڵدانی بەگوروتین بۆ مانەوەی تۆکمەیی ناوخۆ و ، بەهیچ شێوەیەک لەم کاتەدا بە رەونەقی باقوبریقی دیموکراسی روکەش و ئیدعای ئەمریکانە فریو نەخۆن و بە هەر نرخێک بێت و،بە پستگوێخستنی هەر تانەوتەشەرێک لەوبابەتەوە ماڵی خۆیان قایم بکەن و نەهێڵن بە هەر بەهانە و قسەیەکی رەنگاورەنگەوە ئەو کەلێنە دروست بکەن ، کە تائێستا لەوێدا دروست نەبووە سەرەرای هەوڵی دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوەیان ، تا ئێرە بەسەرکەوتویی هێناویانە .
3 – هەوڵی پتەوکردنی باری ئابووری و پشتبەستن بە خودئیکتفای شۆرشگێرانە و نەهێشتنی بڵاوبونەوەی لەزەتی دەسەڵات و پارە و ئیمتیاز کە لە کردەوەکانی وڵاتانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان فێری ئەم کردەوەیە نەبن و بەم دەردەیان نەبەن .
4 – مانەوەی کوردانی رۆژ ئاوا لەسەر پەروەردەی شۆرشگێری و فیداکاری بۆ چەندین ساڵی تر و ، نەهێڵن ئەوانەی لێرەدا واتە لە هەرێمی کوردستان وانەی تیۆری و عەمەلیان لەو بارە ماڵوێرانکەرەوە وەرگرتووە ، بەڵێ نەهێڵن بچنە نێو دەسەڵاتی ئەوێ و رێگەیان لێ بگرن رۆژئاواش بەو پاشکۆیانەی ئێرە تێکبدەن و ئەزمونەکەی ئەوێ وەک ئێرە بەم درەدەبەرن .
من لێرەدا ئەوەندە دەڵێم ، کە بەهەموو شێوەیەک دەستم لەم ئەزمونەی هەرێمی کوردستان شۆردۆتەوە و تەنها ئومێدێکم بەوەیە کە کورد راست بکاتەوە کوردانی باکوور و رۆژئاوان بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی و نەهێشتنی کاریگەریە سەلبیەکەی سەرمایەداری جیهانی و زوڵم و زۆری بەرژەوەندخوازانەی ئەو بە راستەخۆ بێت یان ناراستەخۆ لەسەر حیسابی میلەتی بێکەس و کەم دەرامەتی وەک کورد .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت