مەحمود عەبدوڵا : زمانی ئاماژە ، یان زێدەڕۆیی لێکدانەوەو هەڵواسینی تیۆر بەدەقدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر تەفسیری موفەسیرەکان نەبێت ، هەمودەقێک دەمرێت ، واتە دەق خۆراکی زیندومانەوەی لەتەفسیر وەردەگرێت ، ئەو معجیزانەی تەفسیر دروستی دەکەن زۆرجار بۆ خەلکی عەوام کاریگەریان لەخودی دەق زیاترە ، چونکە معجیزەکانی تەفسیر پشت بەزانست دەبەستن و ، تیۆریەکی زانستی دەبەنەوە سەر دەقێکی ئەفسانەیی . یەکێک لە کێشەکانی ئەو تێکەڵ کێشکردنەی دەق و تیۆری زانستی ئەوەیە کەدەق خامۆشە تا ئەوکاتەی تیۆرێک لەدایک دەبێت و دەستبەجێ موفەسیرەکان وەک مناڵی دەق ناوی دەنێن ، لە ڕێگەی زمانی ئاماژەوە گەر نەڵێین زمانی چەواشەکردن . بۆچی ؟ چونکە موفەسیرەکان ناتوانن ئاماژەکەیان پێش تیۆر بخەن ، هەمیشە ئاماژەکان لەدوای تیۆرە زانستیەکانەوە دێن ، کەواتە نەمری دەق پەیوەستە بەم بەیەکەوە بەستنەوەیەی تیۆرودەق . ئەگەرنا دەق ماوەیەکی زەمەنی هەیەو ئیتر ئەویش دەمرێت ، دەقیش قۆناغی ژیانی هەیەو پیر دەبێت و پاشان دەمرێت ، گەر بەهۆی تەفسیرەوە ماکیاج نەکرێت ناشیرین دەبێت و کەس تاقەتی بینین و بیستنی نامێنێت .
هەموو دەقە پیرۆزەکانیش تائەوکاتە دەتوانن بەپیرۆزی و بەنەمری بمێننەوە کەتایبەت دەکرێن بە نوخبەیەکی دیاریکراو بۆئەوەی بەئارەزویی خۆیان , وەک دەقێکی لاستیکی بیان هێڵنەوەو ڕایان کێشن . ئەم تایبەتکردنەی دەقەکان وادەکات هەموکەسێک نەتوانێت لێکدانەوەیان بۆبکات ، یاخود نەهێڵرێت هەموکەسێک لێکدانەوەیان بۆبکات بۆئەوەی دەق وەک پەرجو بمێنێتەوە . لەئاینەکانی تریشدا ئەم تایبەتکردنەی لێکدانەوەو تەفسیرکردنە هەبووە ، واتا شتێک نییە تایبەت بێت بەیەک ئاین وەک ئاینی ئیسلام ، بەنمونە تا لۆتەر ئینجیلی وەرنەگێڕا ئاینی مەسیحیش تایبەت بوو بەکەسانێکی دیاری کراوو بەئارەزوویخۆیان لێکیان ئەدایەوە و کەسی تر بۆی نەبوو تەفسیرێکی جیاواز بۆدەقەکان بکات ، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆئەوەی زیاتر خەڵک چەواشە بکەن . ئێستا ئیسلامیەکان دەڵێن : دەبێت ئەوکەسەی بۆچونی لەسەردەقەکان هەیە دەبێت ڕاستەوخۆ لەو زمانەی دەقەکەی پێنوسراوە واتاکە وەربگریت و پاشان ئەتوانی بۆچونت هەبێت ، ئەمە جگە لە قۆرغکردنی دەق بۆ نوخبەیەکی دیاریکراو هیچ شتێکی تر نییە ، ئەوە یەکەم فلتەرە کەدایدەنێن ، خۆئەگەر یەکێک ئەو زمانەش بزانێت و راستەوخۆ لە دەقەکەوە بۆچونەکانی هەڵبهێنجێت ئەوکاتە کە رەخنە لەدەق دەگرێت بەکارفرو مولحید ناوزەدی دەکەن کە ئەمەیان دوا فلتەرە . لەهەمانکاتدا ئاساییە کەسێک باوەر بەدەق بکات و بە پیرۆزی دابنێت ئەگەر لێشی تێنەگات , چونکە ئەوکەسانە کەمتر سەر ئێشە بۆ موفەسیرو دەقەکان دروست دەکەن . بەهەر حاڵ من پێم وایە موفەسیرەکان زیادەرەوی دەکەن لە تەفسیری دەقەکاندا بۆئەوەی لەگەڵ سەردەمەکاندا بگونجێت ,. یاخود ئایەتێک دەکەن بەئاماژە بۆ تیۆریەکی زانستی وەک ئەم ئایەتانە ” أفرأيتم النار التي تورون أأنتم أنشأتم شجرتها أم نحن المنشئون ” واتاکەی بەم شێوەیەیە ” ئایا ئێوە سەرنجی ئەو ئاگرە نادەن کەدای دەگیرسێنن لەجۆرەها سەرچاوە .. چییە ؟چۆنە ؟ ” ئایا ئێوە دارەکەتان دروستکردووە یان ئێمە بەدیهێنەرین ؟”. بەڵام ئەم ئایەتانە دەکەنە ئاماژە بۆ بیردۆزی دروستبونی نەوت و دەڵێن : ئاماژەیە بۆ ژێروژور بونی دارستانەکان و بونیان بەنەوت . پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر تیۆری دروست بونی نەوت نەبوایە چۆن ئەم ئاماژە ئەدۆزرایەوە ، یاخود ئاماژە دەبوو بۆچی ؟
ئینجا دوای هەموشتێک بە بۆچونێکی نامەنتیقی وەڵامی ئەوانە ئەدەنەوە کە ڕەخنە لەدەق دەگرن ، دەپرسن چۆن تۆ خۆت بەراست ئەزانی لەکاتێکدا ملیارێک خەڵک باوەڕیان بەم دەقانەهەیە باشە ئەوان نازانن سەدا هەشتای کۆمەڵگاکان عەوامە ، ئەی نازانن ئەوەندەش خەڵک بڕوای بەئەفسانە هەیە . پێش فەلسەفەو ئاین و پەیدابونی پێغەمبەرایەتی ئەفسانە هەبوو ، ئەفسانەکان ئاینی کۆمەڵگا بوون و ژیان لەچوارچێوەی ئەفسانەدا ڕێکخرابوو ، ئایادەکرێت ئەگەر لەناو ئەوانەی بڕوایان بەئەفسانە هەبوو یەکێک پێچەوانە بیری کردبوایەوە بمان وتبایە ئەوکەسەهەڵەیە ، مادام ملیۆنان کەس باوەریان بەئەفسانە هەیە ؟ کاتێک پێغەمبەر هات وتیان شێتە لە بەرئەوەی تەنیا بوو ! یان ئەیان وت ئەمەی تۆ ئەفسانەی پێشینانە بەڵام ئێستا باوەری ئەو تاکە کەسە هی ملیار کەسێکە ! ئەی ناکرێت لەم کۆمەڵگایەدا ئەو کەسەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو پێچەوانەی هەموان بیردەکاتەوە سبەی بە ملیۆنان کەس هەمان بۆچونیان هە بێت ؟ .
دەوترێت لەکۆمەڵگایەکدا کەهەمویان شێت بن و یەکێک عاقڵ ، ئەوا ئەم یەکەیان وەک شێت دێتە بەرچاو ، لە بەر ئەوە ژمارە پێوەر نییە بۆ ڕاستی مەسەلەیەک .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت