فەوزی ڕەمزی : ساڵ و ڕۆژمێری کوردی ـ عارەبی ـ زاینی ـ ئێرانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی یەکەم

لەسەر خواستی هەندێك لە هاوڕێ و ئازیزانم لە وڵاتی پڕ غوربەتم ، کە سویسرا یە ، داوای ئەویان لێکردم لەسەر ساڵنامە و ڕۆژمێری کوردی شتێك بڵاو بکەمەوە ، منیش بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوە ، توانیم ئەم بابەتە ببەستمەوە بەو چوار ساڵنامە بەربڵاوەی کە لە ناوچەکانی ” کوردستان ” دا بەکاردەهێنرێن . هیوادارم کە سوود بەخش بێت .

هۆکاری درووستبوونی وەرزەکانی ساڵ لەسەر گۆی زەوی Earth دەگەڕێتەوە بۆ لاری تەوەرەی زەوی لە کاتی خولاندنەوەییدا بە دەوری خۆردا Sun . گۆشەی کەوتنی تیشکی خۆر بۆ یەك جێگا لەسەر زەوی دەگۆڕێت لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە ، ئەمەیش دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ جیاوازی پلەی گەرما و کەش و هەوا لە گشت وەرزەکاندا .
ساڵی كوردی ، ساڵێكی هه‌تاوییه‌ ، واته‌ به‌گوێره‌ی سووڕی زه‌وی ـیە به‌ ده‌وری خۆردا . ژماره‌ی مانگه‌كان و ده‌ستپێك و كۆتاییی ساڵه‌كان و ساڵی گۆڕان بۆ ساڵی نوێ ، كتومت هه‌ر وه‌ك ساڵی ئێرانییه‌ . به‌ڵام دوو جیاوازیی گرنگ و سه‌ره‌كیی هه‌یه‌ كه‌ بریتین‌ له‌ :
1 – ڕۆژژمێری كوردی به‌پێچه‌وانه‌ی ڕۆژژمێری ئێرانی یە واتە كۆچی نییه‌ . به‌ڵكوو ساڵی 1 ی ڕۆژژمێری كوردی ئه‌و ساڵه‌یه‌ كه‌ ئیمپراتۆریی مه‌زنی ( ماد ) له‌ لایه‌ن پاشا ”  دیاكۆ  ” وه‌ دامه‌زرا . ئه‌ویش 700 ساڵ پێش له‌ زایین بوو . هەرچەندە ئەو ساڵە مشتومڕی مێژووی هەتا ئێستەیش لەسەرە .
2 – له‌ سه‌رده‌می ” كۆماری كوردستان ” ی شکۆمەند له‌ شاری مه‌هاباد ـ دا و لەسەر دەستی چەندین شارەزا و لێهاتوو کە هەر یەك لە ئێمە شانازییان پێوەدەکەین ، ناوی مانگه‌كان كران به‌ كوردی و تا ئێستەیش بە ستایشەوە پەیڕەو دەکرین .
ڕەوانشاد ” مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ” بەم شێوە جوان و ناسکە گوزارشت لە مانگە کوردییەکان دەکات و تا گشتمان بتوانین لە سینەماندا تۆماری بکەین و هەرگیز لە یادمان نەچێت :
نەورۆز ، گوڵان ، مانگی جۆزەردان ….. پووشپەڕ ، گەلاوێژ ، خەرمانانی جوان
ڕەزبەر ، خەزەلوەر ، سەرماوەز بەنام ….. بەفرەنبار ، ڕێبەند ، ڕەشەمێ ئەنجام
ناوی مانگە کوردییەکان لە چییەوە هاتووە
1 ـ خاکەلێوه ئەم ناوانەیشی هەیە ، نه‌ورۆز یا هەرمێ پشکوان یا ئاخەلێو یا ئاڤدار یشی پێدەوترێت ( مانگی یەکەمی بەهارە ) : خاکەلێوه لەو واتایەوه هاتووه ، که زەوی دەست بە بۆش و کلۆر ( واتە فشەڵ ) دەبێتەوە . خاك لێوەکانی دەکاتەوه هەتا گژوگیا و غونچه له خاك سەر دەربێنێ و مزگێنی بەهار و بووژانەوەی سروشت به خەڵك و گشت گیانلەبەران بدات . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە کۆرپەلەی سرووشتی دادەنێن . ئەم مانگە 31 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 21 ی مارتەوە دەسپێدەکات تا 20 ی نیسان درێژە دەکێشێت . خاکە لێوە واتە نەورۆز بەر کەلوی شەك یا کاوڕیا بەرخ یا پەزەکێوی  ( ARIES ) دەکەوێت .
2 ـ بانەمەڕ یا گوڵان یا شەستەباران یشی پێدەوترێت ، مانگی دووەمی بەهارە : واته مەڕ دەچێته بان و شوێنه دوورەکانی چیا . یان ڕەوانتر بڵێن ڕان و ماڵات و مێگەل دەتوانن شەوبەکێوبن لە نێو کێوان بمێننەوە و مۆڵدەن ، و به یاڵی چیا و کێواندا بە ئارەزووی خۆیان بلەوەڕێن ، چونکه خەمی گەڕانەوه یان بۆ ناو هۆڵ و چەپەر و ماڵیان نییه . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە کۆرپەلەی شیرەخۆری سرووشتی دادەنێن . ئەم مانگە 31 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 21 ی نیسانەوە دەسپێدەکات تا 21 ی ئایار درێژە دەکێشێت . ئەم مانگە بەر کەلوی گا ( TAURUS ) دەکەوێت .
3 – جۆزەردان یا باران بڕان یا بەختەباران یا جووتان یشی پێدەوترێت مانگی سێیەمی بەهارە : لەو مانگەدا ڕووی زەوی کە سەوزوشیناییە ، بە هۆی گەرمی خۆرەتاوەوە ، زەرد هەڵدەگەڕێ و جوانی بەهارییەکەی بە ڕووزەردی هاوین دەسپێرێ و گەنم و جۆ پێدەگەن و کامڵ دەبن و دروێنەیان لە هەندێ شوێن دەسپێدەکات . هەروەها لای هەندێك لە کەش ناسان بە منداڵی سرووشتی دادەنێن . ئەم مانگە 31 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 22 ی ئایارەوە دەسپێدەکات تا 21 ی حوزەیران درێژە دەکێشێت . ئەم مانگە بەر کەلوی جمگ یا دووانە ( GEMANI ) دەکەوێت .
4 – پووشپەڕ یا پووشکاڵ یا خێڤە یشی پێدەوترێت ، مانگی یەکەمی هاوینە :
یەکەم رۆژی چلەی هاوینه . لەم مانگەدا گژوگیا و گوڵ و پووش و پەڵاش زیاتر بەرەو بێ ڕەنگی و زەردهەڵگەراوی دەچن و تا دەبنه قەرسیل و قانگەلاشکه و بەدەم شنەی شەماڵ و ڕەشەبا و گێژەڵووکەوە دەم با دەدرێن . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە تازەپێ گەیشتووی سرووشتی دادەنێن .
ئەم مانگە 31 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 22 ی حوزەیرانەوە دەسپێدەکات تا 22 ی تەمووز درێژە دەکێشێت . ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی قرژاڵ ( CANCER ) .
5 – گەلاوێژ تەباخ ـ یشی پێدەوترێت ، دووەم مانگی وەرزی هاوینه : کاتێک 45 رۆژی تەواو لە هاوین بەسەردەچێ ، ئەستێرەیەکی ڕۆشن و جوان له شەوەزەنگدا ، له ئاسماندا هەڵدێت و رووناکییەکی بەهێز به تاریکی شەو دەبەخشێت . ئەو ئەستێره ساڵێ جارێك هەڵدێت و ئەویش له چل‌وپێنجەمین شەوی هاویندا دەردەکەوێت . لەناو کوردەوارییدا بەو دەرکەوتنە دەڵێن گەلاوێژ هەڵهات یا ئەنگووت یان گەلاوێژ کەوت . ئەوجا ئەوەی شایانە کە بوترێت کاتێ گەلاوێژ درەکەوێت ، هەربۆ ڕۆژەکەی دوایی بە تەواوی هەوا بە ڕۆژ بەرەو فێنکی دەچێت گەرمای خۆر لە گڕوتینی خۆی وردەوردە دەکەوێت ، و هەروەها رۆژەکان ڕوو لە کەمەبوونەوە دەکەن و شەوەکانیش ڕوو لە درێژ بوونەوە . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە لاوی سرووشتی دادەنێن . ئەم مانگە 31 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 23 ی تەمووزەوە دەسپێدەکات تا 22 ی ئاب درێژە دەکێشێت .
ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی شێر ( LEO ) .
6 – خەرمانان یا جۆخینان یا میوەگەنان یا زەخیران یا تیرمە – یشی پێدەوترێت سێیەم مانگی هاوینە . لەو مانگەدا خەله و خەرمان کۆماڵ دەکرێتەوه . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە هەرزە و تازەپێگەیشتووی سرووشتی دادەنێن . ئەم مانگە 31 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 23 ی ئابەوە دەسپێدەکات تا 22 ی ئەیلوول درێژە دەکێشێت .
ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی فەریك ( VIRGO ) .
7 – رەزبەر یا مشتاخان یا کەوچەرین ـ یشی پێدەوترێت . مشتاخان لە واتەی کاتی مێوژ و کشمیش و مێوەی وەك هەڵووژە و هەرمێ و قەیسی و ……. وشککردنە و هەڵگرتنیان وەك زەخیرەی زستان و یەکەم مانگی پاییزه : خەزان . هەر وەك له ناوەکەی ڕا دیاره ، به مانای هاتنی بەروبوو و بەرهەم هێنانی باخ و رەزه . لەم مانگەدا به گشتی هەموو جۆرەکانی ڕەزی ترێ یا میوە دەگاتێ و ئامادەی رنین و چنینەوە و بەرهەمهاتن دەبێت . زۆر جاریش لەم مانگەدا جوتیاران زەوییەکانیان دووبارە دەکێڵنەوە و چاندنی تۆوی تازەی بۆ ئامادە دەکەن . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە ئامانجی جووت بوونی سرووشتی دادەنێن . ئەم مانگە 30 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 23 ی ئەیلوولەوە دەسپێدەکات تا 22 ی تشرینی یەکەم درێژە دەکێشێت .
ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی تەرازوو ( LIBRA ) .
بەڵام ئەوەی لای کوردەواری باوە و دەڵێن ئەوەیە : نیشانەی هەواڵی هاتنی پایز وشکەسەرمامان بۆ دێنن ، ئەو پۆلە قاز و قولنگ و مەل و باڵندانەن کە شەوانە بەسەرماندا بە قیڕوقاڕ دەفڕن و کۆچ بەرەو گەرمەسێر دەکەن .
8 – خەزەڵوەر یا گەڵاڕێزان یا سەرپەڵە یا چریائێکی یا بەروبەز ـ یشی پێدەوترێت : دووەم مانگی پاییزه . لەو مانگەدا که سروشت زیز و زویر و ڕەنگزەردە و گەڵای دار ڕووی سەوزی و جوانی خۆیان لەدەسدەدەن و بەرەو زەردبوون دەچن . بەردەوام بای شەماڵ و کزەسەرما هەڵ دەکات و گەڵا‌ی دار و درەختەکان هەڵدەوەرێنێ . ئەوەی شایانە بەیانان سارد و سەرمایە ، شەخته و بەستەڵەك لە ئاخر و ئۆخرەکانی ئەو مانگەدا خۆ دەردەخن . ئەم مانگە 30 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 23 ی تشرینی یەکەمەوە دەسپێدەکات تا 21 ی تشرینی دووەم درێژە دەکێشێت .
ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی دووپشك ( SCORPIUS ) .
9 – سەرماوەز یا کەوبەدار یا چریادووێ ـیشی پێدەوترێت ( سێیەم مانگی پایزە ) . کاتێ بە تەواوی پەلك و گەڵای دار و دەوەن دەوەرێ ، زەوی چاوەڕوانی تەوژمی سەرما و سۆڵ و زوقمستانی زستانی ساردوسڕ دەکات . ڕۆژبەڕۆژ به پێشوازی زستانەوه دەچێ و تەڕ و تووشی دەست پێدەکات . باران به خوڕ دەبارێت و توڕەیی خۆی دەنوێنێت . جاری وایه چەند شەو و چەند رۆژ لەسەریەك دەبارێت . کێو و دۆڵ و دەشت و چیاکان وردەورده بەفر سپی پۆشیان دەکات . کۆتایی شەوی ئەو مانگه واته شەوی یەکەم رۆژی زستان لە ناوچەکەدا و لە ناو کوردەوارییدا بە شەوی یەڵدا دەناسریت و درێژترین شەوی ساڵ و کورترین ڕۆژ دەناسرێت .
ئەوجار له مانگی داهاتوودا شەوەکان دەست بە کەمبوونەوە دەکەن و ڕۆژیش بە درێژبوونەوە تا دەگاتە ناوەڕاستی هاوین. ئەم مانگە 30 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 22 یتشرینی دووەمەوە دەسپێدەکات تا 21 ی کانوونی یەکەم درێژە دەکێشێت .
ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی کەوان ( SAGITTARIUS ).
10 – بەفرەنباریا بەفربارائێکی/یشی پێدەوترێت ( یەکەمین مانگی زستانە ) ، کە نازناوی خۆی وەرگرتوە و بەفر و سەرماوسۆڵە . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە بەدەسهێنانی ئاگایی دادەنێن . ئەم مانگە 30 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 22 ی کانوونی یەکەمەوە دەسپێدەکات تا 20 ی کانوونی دووەم درێژە دەکێشێت. ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی گیسك ، گدێ ( CAPICORNUS ) .
11 – ڕێبەندان یا چەڵە یا بەفربارادوویی ـیشی پێدەوترێت ( دووەم مانگی زستانە ) و هەروەها لەبەر سەرماوسۆڵە و بەفر ، ڕێگە دەبەسترێت و هاتوچۆیش لە نێوان گوندەکان کەمتر دەبێتەوە . ئەم مانگە 30 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 21 ی کانوونی دووەمەوە دەسپێدەکات تا 19 ی شوبات درێژە دەکێشێت . دەکەوێتە کەلوی دۆلکە یا گۆزە ( AQUARIUS ) .
12 – ڕەشەمێ یا گەڵەمانگ یا بازەبەران ـیشی پێدەوترێت ( سێیەم مانگی زستانە ) و بەمانای ئیتر ئاژەڵ و گیانداران هۆشێکیان بەخۆیاندا دێتەوە و کورد واتەنی :  سەرپشتیان گەرمەبێتەوە و ماڵات کەڵدەگرن و خۆ ئامادەدەکەن بۆ زاوزێ و بەرەو بەهار ئامادەسازی دەکەن تا ڕزگاریان بێت لە چەپەر و تەویلەی تاریك و نووتەكی ماڵ . هەروەها لای هەندێك کەش ناسان بە بەخشین دادەنێن . ئەم مانگە 29 یا 30 ڕۆژی تەواوە و بەرامبەر بە ڕۆژمێری زاینی ئەوا لە 20 ی شوباتەوە دەسپێدەکات تا 20 ی مارت درێژە دەکێشێت . ئەم مانگە دەکەوێتە کەلوی نەهەنگ ( PISCES ) .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت