بورهان شێخ ڕەئوف : کۆبوونەوەى لووتکەى ئەمریکاو کەنداو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە جارى دووەمە سەرۆکى ئەمریکا باراک ئۆباما لە دواى کۆبوونەوەکانى ساڵى پار لە گەڵ سەرکردەکانى کەنداو لە کامپ دیڤید ـی ئەمریکا ئەنجامدرا ئەمجارە لە ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعوودیە گرێ دەدرێت . لە دۆخێکى جیاوازتردا لەوەى پار چونکە دەوڵەتى ئیسلامى داعش بەشێکى زۆرى ئەو خاکانەى کە داگیرى کردبوو لە عێراق و شام لێ ی سەنراوەتەوە و عەرەبستانى سعوودیەش بە درووستکردنى هاوپەیمانى ئیسلامى هاوپەیمانى عەرەبى و یارمەتیدانى هێزەکانى شەرعیەت لە یەمەن بۆ گەڕانەوەى دەستەڵاتى حکومەت بۆ زۆربەى ناوچەکانى ژێر دستەڵاتى کودەتاچیەکان .

لە ساڵى ڕابردوودا کە ڕێکەوتنى ( 5 + 1 ) لە گەڵ ئێران واژۆکرا بووە مایەى نیگەرانیەکى فرە بۆ کەنداوییەکان لەم کۆبوونەوەى لووتکەدا سەرۆک ئۆباما دڵنییایى تەواوى پێدان و وتى ڕێکەوتنەکە لە بوارى ئەتۆمى ماناى ئەوەنیە ئێمە چاوپۆشى لە کردەوەکانى ئێران دەکەین لە دەستێوەردان لە کاروبارى وڵاتانى ناوچەکە وەکو سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و بەحرین و شوێنەکانى دى ، هەروەها دووپاتى ئەوەى کردەوە کە گومان و سەرنجى زۆریان هەیە لە ڕەفتارو جموجووڵەکانى ئێران بە تایبەتى ئەوەى تایبەتە بە ڕۆکێتە دوور هاوێژەکانى لە هەمان کاتدا ئەگەر سەرنجى بەیانى کۆتایى کۆبوونەوەکە بدەین زیاتر باس لە مەترسیەکانى ئێران دەکات بۆ سەر ئاسایشى ناوچەکە بە یارمەتیدانى گروپە تیرۆریستەکان و حزبوڵاى لوبنان و پێشمەرجى ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکان لە گەڵ ئێراندا ئەوەیە کە بەڵێنى ئەوەبدات دەستهەڵگرێت لە دەستێوەردانى کاروبارى ناوخۆى وڵاتانى ناوچەکە .
لەلایەکى ترەوە عەرەیستانى سعوودیە توانى لە ماوەى ڕابردوودا حزبوڵاى لوبنان وەکو ڕێکخراوێکى تیرۆریستى بناسێنێت ولە کۆبوونەوەى لووتکەى وڵاتانى ئیسلامیشدا لە ئەنقەرە سەرکۆنەى بکا کە هێزێکى سەربازى گرنگى هەیە و بەشدارى شەڕو ئاڵۆزیەکانى سوریایە و لە لوبنانیش ڕۆڵێکى دیاریان هەیە لە ڕووداوو پێشهاتەکانى ئەو ولاتەدا و دۆستى نزیکى ئێرانن .
ئەگەرچى کۆبوونەوەکە لە میدیاکاندا بە لووتکەى کەنداو و ئەمریکا ناوى برا بەڵام سەرکردایەتى لایەنى کەنداو لە لایەنە شا سەلمانى پادشاى عەرەبستانى سعوودیەوە کرا و هەرچەندە ئەوەى تێبینى کرا کە لە فڕۆکەخانە لە کاتى پێشوازیکردن لە سەرۆکى ئەمریکا باراک ئۆباما پادشا ى ئەو وڵاتە ئامادەى مەراسیمەکە نەبوو بەڵکو ئەمیرى ناوچەى ریاز پێشوازى لێکرد بەڵام خۆى پێشوازى لە سەرکردەمانى وڵاتانى کەنداو کرد کە بۆ هەمان مەبەست هاتبوون بۆیە هەندێک لە چاودێران بۆ نیگەرانیەکانى پێشووترى عەرەبستانى دەگێڕنەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنى ( 5+1 ) و ساردى پەیوەندى عەرەبستان و حزبى دیموکراتى ئەمریکا کە ئەمان سعوودیەکان زیاتر پەیوەندیان لە گەڵ کۆماریەکان خۆشترە .
لە هەمان کاتدا کۆبوونەوەى لووتکە کۆتایى بە کارەکانى هێنا بە بڕیاردانى شەش دەستپێشخەرى ئاسایش کە ئەوانیش ڕاهێنان و مانۆڕى سەربازى هاوبەش کە لە ئازارى ساڵى 2017 ئەنجام دەدرێت و گۆڕینەوەى زانیارى هەواڵگرى و دامەزراندنى سیستەمى ڕادارو بە ئاگاهێنانەوەى خێرا دژ بە ڕۆکیتى بالیستى ودەستپێشخەرى ئاسایشى زانیارى و هاریکارى دەریایى .
بەڵى لە دواى ئەو ڕاگەیاندنى دەستپێشخەرى و پێداگیرى لە سەر پاراستنى ئارامى و بەرژەوەندى وڵاتانى کەنداو لە لایەن ئەمریکاوە جارێکى تر ئەو بۆچوون و پێشبینیانەى هەندێک لە چاودێرانى دۆخى ناوچەکە دەڕەوێنێتەوە کە پێیان وابوو ئەو سێ بنەما گرنگەى کە پەیوەندیەکانى عەرەبستانى سعوودیەو ئەمریکا ى لە سەر بنیات نرابوو لە هەشتا ساڵى ڕابردوودا ئێستە هیچ فاکتەرێکیان بوونى نەماوە تاکوەکو پەیوەندیەکانیان درێژەپێبدەن ئەوانیش ئەمانەن :
1 – بەرگرتن بە شەپۆلى کۆمۆنستى و سۆڤیتى جاران .
2 – بەگژاچوونەوەى ڕژێمە نەتەوەیى عەرەبیەکانى جارانى وەکو میسرى عەبدولناسروعیراقى سەدام و لیبیاى قەزافى و سوریا کە دژایەتى ئیسرائیلیان دەکرد.
3 – نەوت کە ئەویش ئیستا وەکو جاران نەماوە
ئەگەر لە بۆچوونى ئەو چاودێرانە زیاتر وردبینەوە پێدراوەکانیش ئاماژەى ئەوەمان پێ دەدەن کە لە ئایندەى زۆر نزیکدا نا بەڵام لە قۆناغێکى تردا دەکرێت ڕۆڵى عەرەبستانى سعوودیە لە قاڵب بدرێت هەرچەندە ئیستە ئەو وڵاتە لە هەوڵى ئەوەدایە ڕابەرایەتى جیهانى عەرەبى بکات لە دواى ئەوەى ڕژێمە نەتەوەییە توند ڕەوەکان کەپێشتر ئاماژەم پێکردن بەر شەپۆلى گۆڕانکاریەکان کەوتن و میسریش لە دۆخێکى ئابورى وادا نیە جڵەوى ڕابەرایەتیەکە بگرێتەوە دەست .
ئاماژەکان بە کورتى خۆى لەوەدا دەبینێتەوە کە سەرۆک ئۆباما پاشگەز بووەوە لە سرەواندنى گورزى سەربازى ئاسمانى بۆ ڕژێمەکەى ئەسەد لە سووریا لە دواى ئەوەى هێڵى سوورى بەزاند وو چەکى کیمیاوى دژى ئۆپۆزەسیۆن بەکار هێنا و هەروەها واژۆکردنى ڕێکەوتنى ( 5+1 ) لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەى و هەروەها ئەو گفتوگۆ درێژەى سەرۆک ئۆباما لە گەڵ گۆڤارى ئەتڵانتیک سازى دابوو کە تێیدا عەرەبستانى سعوودیە تۆمەتبار دەکات بە بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕى وەهابى توندڕەو و هەروەها ئاماژەکردن بەوەى کە 15 لەو 19 کەسەى هێرشەکانى 11 سبتەمبەریانلە ساڵى 2001 جێبەجێکرد سعوودى بوون نەک ئێرانى و هەروەها داواکردن لە سعوودیە کە پێکبێت لە گەڵ ئێران و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بەش بکەن لە نێوان خۆیاندا ، لە کاتێکدا سعوودیەکان چاوەڕوانى پێچەوانەى ئەمە بوون کە خۆیان بەتەنها دەمڕاستى هەرێمەکە بن .
خاڵێکى تر کە زۆر هەستیارە ئەو پرۆژەى یاسایەیە کە لە کۆنگریسى ئەمریکا هەردوو پارت دیموکرات و کۆمارى پشتگیرى لێدەکەن ئەویش ئەوەیە کە کەسوکارى قوربانیەکانى 11 سبتەمبەر دەتوانن سکاڵا لە سەر عەرەبستانى سعوودیە تۆماربکەن لە دادگاکانى ئەمریکا داواى قەرەبوو لەو وڵاتەبکەن بە بیانووى ئەوەى ئەو وڵاتە پشتیوانى تیرۆرى کردووە ، هەرچەندە سەرۆک ئۆباما بەڵێنى ئەوەى داوە کە ڤیتۆى ئەو یاسایە بکات بەڵام وەکو ئاشکرایە لە دواى چەند مانگێکى تر ئۆباما کۆشکى سپى بەجێدێڵێت و کێ دەڵێت سەرۆکێکى تر پابەندى ئەو بەڵێنە دەبێت ؟
لە هەمانکاتدا سعوودیەکانیش هەڕەشەى ئەوە دەکەن کە ئەو 750 ملیار دۆلارەى کەلە بانکەکانى ئەمریکادایە بکشێننەوە ئەوەش گورزێکى گەورەیە بۆ ئابوورى ئەو وڵاتە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت