Barzani-Barak

شێرزاد شێخانی : سەرۆكەكانی دونیا لەخزمەت بارزانیدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەمێكە ئەمەوێ لەسەر بابەتی سەردانی وەفدو كەسایەتییەكانی جیهان بۆ كوردستان وتارێك بنوسم ، بەڵام هەموجاری دوامئەخست . هۆكاری دواخستنەكەش لەبەر ئەوەبو ئەمجورە هاتنو رۆشتنی وەفدە بیانییەكانو سەردانی سەركردەكانی كورد بەلای منەوە زۆر ئاسایی بوە،هەڵبەت لەوڵاتێكدا سەرۆكی دەسەڵات بەبێ دیاریكردنی سیفەتەكەی ئایا سەرۆكی هەرێمە یا حكومەت ، تەنانەت سەرۆكی حزبیش بێت ، خەڵك دێنە سەردانی ، ئەوەتا بەرێز صالح موسلیم كە هیچ سیفەتێكی سەرۆكایەتیشی نیە بەڵام زلهێزەكانی دونیا ئەیبینن و داوەتیشی ئەكەنە وڵاتەكانیان ، هەروا سەلاحەدین دەمیرتاشیش كە تەنها هاوسەرۆكی حزبیكە داوەتی وڵاتە گەورەكانی دونیا ئەكرێت ، ئەمجۆرە پەیوەندی دروستكردنە بۆ كاری سیاسی و بەرژەوەندی وڵاتان كارێكی زۆر ئاساییە . بەڵام هەندێ كەس دیارە بەمەبەست ئەیانەوێ ئەم پەیوەندییانە زیاد لەحەد گەورە بكەن ، ئەوەیش بەمەبەستی خۆفشكردنەوەو جوانكردنی سیما ناشرینیەكانیان بەتایبەتیش لای حزبێكی وەكو پارتی وبارزانیدا .

هاوڕێیەكم ساڵانێك بەر لەئیستا باڵویزی عیراق بو لەیەكێك لەوڵاتە ئەوروپییەكاندا ، كاتێك بەهەر ئیجازەیەك بهاتایەوە كوردستان ئەبوایە پێش چونە ماڵەوە سەردانی مەسعود بەرزانی بكردایە لەمەسیف . كاتێك لێمپرسی كەتۆ سەفیری عیراقیت بەئیجازە دێیتەوە كوردستان ، بۆچی ئەبێ سەردانی مەسعود بەرزانی بكەی ، وەڵامی دامەوە ” ئەوە فەرمانی حزبە . هەر كەسێك لەئێمە بێتەوە ، ئەبێت سەردانی بەرزانی بكات ، تەنانەت وەفدە بیانییەكانیش كاتێك دێنە كوردستان ئەبێ سەردانی هەردو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بدەن ، ئەمەش بۆ ئەوەی حەساسیات دروست نەبێت .

ئەو روداوە لەسەردەمی مانگی هەنگوێنی پارتی و یەكێتی و رێكەوتنە ستراتیژییەكەی نیوانیان بو ، وا دیارە ئەو برادەرە كەخۆی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بو بەفەرمانی حزبەكەی ئەو سەردانەی كردبو . وا دیارە خودی بەرزانی و حزبەكەشی ئەم سەردانانەیان پێخۆشە بۆ ئەوەی پروپاگندەی بۆ بكەن و رۆڵی بەگەورەیی پیشانبدرێت ، ئەوەتا یەكێك لەكۆیلەكانی پارتی تەرویجی ئەوە ئەكات گوایە بەرزانی بۆتە سەركردەیەكی جیهانی بۆیە مەسئولانی دونیا سەردانی ئەكەن ، قەڵەمە بەكریگیراوەكانیشیان هەوڵی ئەوە ئەدەن بارزانیمان لێبكەنە غاندی و نیلسۆن ماندێلای لەگەڵ ئەوەی بەرزانی بەدرێژایی تەمەنی حەفتا ساڵەییەوە بۆ سەعاتێكیش تاڵیو سوێری زیندانە تاریكەكەكانی نەبینیوە ، بەڵام كۆیلەكانی ئەیانەوێ شانی لەشانی خەباتگێرێكی مەزنی وەكو ماندیلا بدەن .

یەكێك لەكادیرە پێشكەوتوەكانی پارتی كۆمێنتێكی بۆم نوسیوە لەسەر بابەتێكم لەلاپەرەی تایبەتی خۆم لەفەیسبوكداو پێم ئەڵێ : ئەری كاكەبرا تۆ بەو ئاخری عومرەوە بۆ وا سەرت لەخوت شێواندووە هەی نەگبەت.ئەو سەرۆكەی تۆ باسی دەكەی سكرتێری نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمریكا و یەكێتی ئەوروبا و عەرشو عروشی دنیا بەسەرۆكی دەزانن و دێنە  ” خزمەتی  .  تۆی داماوی كەس نەناس چیت و لەكوێوە دیاری و كێ (….) بە كڵاوت دەپیوی هەر لەخوتەوە ئاگرت گرتووە . دە دانیشە داماو  .

نازانم ئەو ئامۆژگارییەی كۆیلەیەكی پارتی بۆ داماوێكی وەكو من هەرەشەیە لێمئەكات ، یاخود لە دڵسۆزییەتی بۆمن نەبادا بكەومەبەر رەشەبایەكی توڕەی پاراستنی حزبەكەیەوە ؟.

ئەم كۆیلانەی پارتی ئەگەر ئێستا لێیان بپرسی ” ئەی بۆچی هەردو وەزیری دەرەوەو بەرگری ئەمەریكا كە لەمدواییانەدا سەردانی بەغدایان كردو ، نەهاتنە خزمەت بارزانی لەهەولیرو مەراسیمی وەلائیان بۆ جەنابی سەرۆك دوپات بكەنەوە وەكو سەركردەیەكی گەورەی جیهانی” هەڵبەت وەلامیان نییە بۆ ئەم پرسیارە .

بەهەرحاڵ كارەساتی دروستبونی دیكتاتۆر لەهەر سوچێكی دونیادا بێت ، هۆكارەكەی بونی ئەمجۆرە كۆیلانەن ، ئەو كەئەڵی ” سەرۆكی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا دێنە ” خزمەت ” بەرزانیەوە ، ئەمەیە ” خواندنی مرۆڤ  . خۆ تۆ ئەگەر بەمشێوەیە بەشانوباڵی غەفور مەخموریشا هەڵبدەی ئەویش بەیانی لەخەو هەڵئەسێتو خۆی ئەكات بەفیرعەونو ئەڵێ :  من خوای گەورەتانم . لەقورئانی پیرۆزدا خوای گەورە ئەفەرموێ : ان النفس لامارة بالسو‌‌ء ” كەواتە هیچ دیكتاتۆرێك لەخوڕا دروست نابێت ئەگەر ژینگەی دەوروپشتی هاوكار  نەبێت .

داماوێكی وەكو من بەدرێژایی تەمەنم قەڵەمەكەم نەخستۆتە خزمەتی هیچ دیكتاتۆرێكەوە ، بەم ئاخیری عومرەشم ئامادە نیم قەڵەمەكەم بفرۆشم ، هەمو هەوڵو تێكۆشانو رەخنەگرتنم لەپارتی و سەرۆك و سەركردەكانی تەنها لەبەر ئەو مەینەتییانە بوە كە بەسەر میللەتەكەمیانا هێناوە ، لەبەر ئەوە بوە كە لەرێرەوی خەبات لەپێناو میللەتدا لایانداوەو وەكو دوژمن بگرە خراپتریش لەدوژمنە سەرسەختەكان یاری بەموقەدەراتی ئەم میللەتەوە ئەكەن . خۆیان خستۆتە بەرەی دوژمنانی گەلەوە بەدژایەتیكردنی هەمو خەباتگێڕانی چوار پارچەكەی كوردستانەوە . میللەتیان روتاند نانیان بڕی ، سامانەكەشیان بەفیڕۆدا ، ئەوە خەریكە ئەرزەكەشی ئەفرۆشن ، لەم وەزعەدا ناكرێت خاوەن قەڵەمە پاكەكان بیّدەنگی لێبكەن نەعامەئاسا سەریان بخەنە ژێرگلەوە ئەو هەمو تاوانەی پارتی وسەركردەكەی نەبینن ، یا وەكو كۆیلەو قەڵەمە خۆفرۆشەكان جوانكاری بۆ دەموچاوە ناشرینەكانیان بكەن .

بۆیە لەم مینبەرەوە داوا لەو بەرێزەی كادیری پێشكەوتوی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەكەم كەناوی ( ئاریان فەرەج ) ـە ئەگەر خۆی بەرۆرشنبیرو نوسەروپارتییەكی دڵسۆزیش ئەزانێت با بێتە بەرامبەرم لەسەر شاشەی هەر تەلەفزیۆنێكی ئەیەوێت بكەوینە موناقەشەیەكی هێمنانە لەسەر رۆڵو سیاسەتەكانی بەرزانی و پارتەكەی ، ئەگەر ئەو ئەوەندە دڵسۆزو بەوەفایە بۆ سەرۆكەكەی باجورئەت پەیا بكاتو بێتە مەیدانی گفتوگۆیەكی رۆشنبیرانە لەگەڵ مندا ، نەوەك نوسینەوەی دوسێ دێری ” مدفوع الاجر ” لەفەیسبوكەكەم ، با لەبەرچاوی هەمو دونیا موناقەشەی ئەو سیاسەت و هەڵوێستانەی پارتی و سەرۆكەكەی بكەینو راستی هەمو  مەسەلەكان بخەینە بەردەم رای گشتی و بیكەین بەحەكەم لەمنوانماندا ، ئەگەر ئەو بردیەوە یاخوا موبارەكی بێت ، ئەوسا منیش ئیعتراف بەرۆڵی مەزنی مەسعود بەرزانی ئەكەم وەكو سەرۆكێكی رێزداری كوردستان ، ئەگەر نا بابچێت هەقی ئەو دو دێرەی نوسیبوی لەئاغاكانی وەربگرێتەوە ، ئیتر ئەوەنەش خۆی نەكاتە دەمراستی حزبێك كە وەكو دكتۆر مەریوانی قانیع فەرموی  : لەگەڵ سێبەرەكەی خۆشیدا كێشەی هەیە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت