فەوزی ڕەمزی : تۆ بڵێیت نامه‌یه‌كی ئەلبێرت ئاینشتاین هۆكار بووبێت بۆ ڕوخاندنی کۆماری کوردستان ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ، كه‌ مامۆستایه‌كی فیزیا له‌ زانكۆی سلێمانی ئه‌نجامی داوه‌ ، نامه‌یه‌كی ئه‌لبێرت ئانیشتاین زانای گه‌وره‌ی فیزیا ، هۆكار بووه‌ بۆ ڕوخاندنی كۆماری کوردستان ، كه‌ یه‌كه‌مین کۆماری كوردی بووه ‌. به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ كه‌ مامۆستا حسێن حسێنی ئه‌نجامیداوه‌ ، له‌و كاته‌دا كۆماره‌كه‌ به‌هۆی كشانه‌وه‌ی سوپای یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له‌ ئێران ڕوخاوه‌ . كشانه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ ، ئه‌لبێرت ئانیشتاین له‌ نامه‌یه‌كدا ، كه‌ بۆ كۆشكی سپی ناردووه‌ نهێنی دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ ئه‌مریكا ناردووه ‌. به‌هۆی ئه‌و نامه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌مریكا له‌ جه‌نگی جیهانی دوه‌مدا ، پێش هه‌موان ده‌توانێت چه‌كی ئه‌تۆمی دروستبكات و ، پاشان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كات ، گه‌ر له‌ ئێران نه‌كشێته‌وه‌ ئه‌وا به‌و چه‌كه‌ لێیده‌دات ، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌وه‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كشێته‌وه‌و ، كۆماری کوردستان و ئازربیجان ده‌ڕوخێن.

ده‌قی لێكۆڵینه‌وه‌ كه ‌: جەنگی جیهانی دووهەم بووبەهۆی ئەوەی بۆشایی دەسەڵات لەئێراندا دروست ببێت ، لەو جەنگەدا هەرچەند شای ئێران رایگەیاندبوو بێلایەنە ، بەڵام بێلایەنیەکەی لەبەرژەوەندی ئەڵماندا بوو، هەر بۆیە لەلایەن هاوپەیمانانەوە داگیرکرا ، باکوری ئێران لەلایەن سوپای سووری سۆڤییەتەوە و باشوریش لەلایەن بەریتانیاوە ، کوردستانی ئێران بوو بە دوو بەشەوە ـ بەشێکی سنەو کرماشان کەوتە دەست بەریتانیا و مهابادو ورمێ و دەوروبەری کەوتەدەست سۆڤییەت . لەکۆتایی جەنگەکەدا سەرانی هاوپەیمانان ( رۆزڤێڵت ، ستالین ، چەرچل ) چەند کۆبوونەوەیەکیان هەبوو، کە گرنگترینیان لە شاری تاران بوو ، لەو کۆبوونەوانەدا بڕیاریان لەسەر چارەنووسی جیهان لەدوای جەنگەکەدا ، بەپێی پەیماننامەی نێوانیان ئێران وڵاتی بێلایەن بوو ، نەدەبوو کەسیان دەستی بەسەردا بگرن ، بەڵام سۆڤییەت بەچەندین هۆکار تەماحی گەورەی لەسەر ئێران هەبوو ، هەربۆیە سۆڤییەتی لەجیاتی ئەوەی بکشێتەوە ( یان بۆ دوای کشانەوە ) کۆمارێکی لەئازەربایجان ( واتە لە تەورێز ) بەرپاکرد و هەموو مارکسیستەکانی ئێرانی تێتڕنجاند ، ئەم کۆمارە لەئازەربایجاندا هیچ مەقبولییەتێکی جەماوەری نەبوو ، دوای کشانەوەی سوپای سوورو هێرشی ئەرتەشی ئێران وەک بەفری بەهار توایەوە . فکری دروستبوونی کۆماری ئازەربایجان بوو بەهۆی ئەوەی هاوبیرانی کۆمەڵەی ژێ کاف ( کە لەژێرکاریگەری کۆمەلەی هیوا دروستببوون ) هانبدا کۆمارێکی لەو شێوە دامەزرێنن ، بۆ خەڵکێک ، کە دەیان ساڵە خەون بەحکومەتێکی کوردییەوە دەبینن ، سنوری دەسەڵاتی ئەم کۆمارە لەگەڕەکەکانی بەشی باکوری شاری سەقزدا کۆتایی پێدەهات ، هەرگیز نەیتوانی بگاتە قوڵایی کوردستانی رۆژهەڵات .
بۆچی سوپای سووری سۆڤیەتی کشایەوە ؟
زۆر دەگوترێت لەسەر هۆکاری کشانەوەکە ، بەڵام کاریگەرترین هۆکار ئۆلتیماتۆمی ئەمریکا بوو بەسۆڤیەت ( ئۆڵتیماتۆم بە مانای دوا پێشنیاری وڵاتێکە بۆ وڵاتێکی تر کە ئەگەر وەری نەگرێت ئەوا دەبێتە شەڕ ) ، ئەگەر نەکشیتەوە لێت دەدەم ! بەچی ؟ بە بۆمبی ئەتۆم ! ئەمریکا لەکۆتایی جەنگدا ببوو بەخاوەنی چەکی ئەتۆمیی ، زانستێک کە سەرەتا زانا ئەڵمانییەکان دۆزیبوویانەوە ، بەرنامەیەکی نهێنی لەئەڵمان بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمیی ، بە سەرپەرەشتی هایزەنبێرگ فیزیایی گەورەی ئەڵمانیی ”وێرنەر هایزەنبێرگ WERNER HEISENBERG 1901 – 1976 ” لەئارادابوو ، بەڵام لەبەدبەختی هیتلەر کاریگەرترین کەسەکانی ناو بەرنامەکە کەسانێکی دژە نازی بوون ، حەزیان لێنەبوو هیتلەر ببێت بەخاوەنی چەکی ناوەکیی ، بەڵام بوونی ئەم زانایانە لەئەڵمان هەندێک لەزانایانی دژە ئەلمانیی ، کە قوربانی دەستی نازی بوون نیگەران کرد . بۆیە زانا ئاینشتاین یان ” Albert Einstein 1879 – 1955” ناچارکرد نامەیەک بۆ رۆزڤێڵت بنوسێت و لەمەترسییەکانی چەکی ناوکیی ئەڵمانیی ئاگاداری بکاتەوە ، هەر ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئەمریکا بودجەیەکی تایبەتیی تەرخان بکات و پرۆگرامێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی چەکی ناوکیی بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە ، کە بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان ئەمریکا توانی لەکۆتایی جەنگەکەدا ببێت بەخاوەنی چەکەکەو بە بەکارهێنانی دەست باڵایی خۆی پیشانی هەموو جیهان بدات .
بەڵێ هۆکاری روخانی کۆماری کوردستان لەمهاباد ئۆلتیماتۆم بوو، ئولتیماتۆمێک پشتی دەبەست بەچەکی ناوکیی ، بەبێ نامەکەی ئاینشتاین ئەو چەکە وا خێرا دروستنەدەکرا .
داوای لێبوردن لە تۆڕی میدیای خەڵك دەکەم کە لەوانەیە دەسکاری نووسینەکەم کردبێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت