شێرزاد شێخانی : سڵاو لەرۆژنامەنوسە ئازاكان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمرۆژانەدا یادی رۆژنامەنوسی كوردیمان كردەوە ، دوای 118 ساڵ پێویستە هەڵوەستیەك بكەین لەبارەی رۆڵو كاریگەری رۆژنامەی كوردی لەسەر كۆمەڵگاو كاروانی خەباتی رزگاریخوازی میللەتەكەمانو ، بەتایبەتیش روداوەكانی دوای قۆناغی خەباتی شاخو دامەزراندنی كیانی سەربەخۆییمان كە لەدروستكردنی هەرێمی كوردستاندا خۆی دەنوێنێ .

هەڵبەت دامەزراندنی یەكەم رۆژنامەی كوردی لەلایەن رۆڵەكانی بەدرخانەوە لەوڵاتێكی عەرەبی وەكو میسرو لەسەردەمیكی زۆر سەختی خەباتی نەتەوەیی كورددا ، هەنگاوێكی بوێرانە بو .. راستە ئەو سەردەمە ، سەردەمی سەرهەڵدانی زۆربەی رۆژنامەكانی وڵاتانی عەرەبی بو ، بەڵام بۆ میللەتێكی ژێردەستەی وەكو كورد لەو سەردەمەدا كە خاوەن دەوڵەت و كیانی سەربەخۆی خۆی نەبوەو تەنانەت هیچ مافێكی نەتەوەیی سروشتیشی پێ رەوا نەبینراوەو خاكەكەشی داگییر كراوە ، هەنگاوێكی مەزن بوەو ، مایەی شانازییەكی مێژوییە بۆ كورد .

بەدرێژایی تەمەنی رۆژنامەگەری كوردیشەوە كەمن ئەوانەی جێپەنجەیان دیار بێت بەسەر كاروانی خەباتی رۆژنامەگەری كوردییەوە ، جگە لە پاڵەوانە سەرتاكانی بەدرخانییەكان ، كەسانێكی تریش بەلام زۆر كەم رۆڵیان هەبوە لەبەردەوام بون و پێشخستنی رۆژنامەی كوردی لەدیارترینیان پیرەمێردی نەمرو بەشێك لە ئەدیب و  نوسەرو شاعیرو رۆشنبیری تر كە رۆژنامەگەری رایانیكێشایە لای خۆی  هەر یەكەو بەپێی رۆلی خۆی شانازییەكی پێبەخشرا .

لەسەدەی رابردوودا رۆلی رۆژنامەگەری كوردی بەحوكمی دابەشبونی خاكی كوردستان بەسەر چوار وڵاتی داگییركەرەوەو ژێردەستبونی میللەتەكەش بەحوكمی دیكتاتورو شوفینیزمەكانەوەو نەبونی ئازادییەكی ئەوتۆ بۆ گەشەكردنی رۆژنامەی كوردی ، رۆلی رۆژنامەگەری كوردی زۆر لاواز كردبو . بەشێكی زۆریش لەرۆژنامە كوردییەكان لە سەدەی رابردوادا كەوتبونە ژێر كاریگەری خیتابی سیاسی هێزە كوردییەكانەوە بەرۆژنامەكانی سەردەمی شاخیشەوە ، بۆیە مۆركی حیزبایەتی بەدرێژایی سەدەی رابردو بەسەر رۆژنامەگەری كوردییدا دیارو بەرچاو بوە ، بەڵام شۆڕشی راستەقینەی رۆژنامەگەری كوردی پیموایە لەسەرەتای سەدەی نوێدا دەستی پێكرد كاتێك رۆژنامەی ” هاوڵاتی ” بەجهودی بەشێك لە قەڵەمە ئازاكانەوە هاتە مەیدانو ، شۆرشێكی دروستكرد .

دەركردنی رۆژنامەی ” هاوڵاتی” لەسەردەمێكدا بو كە كوردستان بەگشتی كەوتبوە ژێركاریگەری ململانێیەكی توندی حزبایەتی تەسكەوەو ، خیتابی راگەیاندن بەدابینكردنی ئیمكانیاتێكی زەبەلاحیشەوە تەرخانكرابو بۆ خزمەتی حزبو درێژەدان بەململانێیە سیاسییەكانەوە ، دەرچونی ” هاوڵاتی ” لەم رۆژگارەدا سەرەتایەك بو بۆ شۆرشێكی مەزن لەكاروانی رۆژنامەگەری كوردیدا ، هاوڵاتی كە وەكو رۆژنامەیەكی ئەهلی خۆی ناساند بو بەهەوینی دروستبونی فەزایەكی تەندروست لەبەردەم گەشەكردنی رۆژنامەگەریدا ، بەدوای ئەویش چەندین گۆڤارو رۆژنامەی تری سەربەخۆو ئەهلی وتەنانەت كەناڵی ئاسمانیش هاتنە مەیدانەكە،بۆیە ناكرێ رۆڵو كاریگەری رۆژنامەی هاوڵاتی لەبیر بكرێت كە بو بە خاڵێكی وەرچەرخان لەمێژووی رۆژنامەگەری كوردیدا .

ئێمە كاتێك پەیكەری كەڵە نوسەرو شاعیرانمان لەباخچەی شارەكاندا نمایش ئەكەین وەكو رێزلێنانێك بۆ رۆڵو بەرهەمەكانیان ، ئەبێت لەتەك پەیكەری نالی و مەحوی ومیقداد بەدرخاندا پەیكەر بۆ تاریق فاتیح وكەمال رەئوفیش دروستبكەین و لەدیارترین گۆڕەپانەكانی كوردستاندا پیشانی خەڵكی بدەین ، چونكە ئەوان بونە سەرقافلەی رۆژنامەگەری ئازاد لەكوردستان ، كە رۆڵێكی یەكجار گرنگی هەبوە لەراستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمدا .

رژێمە دیكتاتۆرەكان هەمیشە لەئازادی رۆژنامەگەریدا ترساون ، تەنانەت گۆبلزی وەزیری پروپاگندەی نازییەكانی سەردەمی هیتلەر وتویەتی” كاتێك گوێم لەوشەی ئازادی ئەبێت،دەست بۆ دەمانچەكەم ئەبەم”.بەدرێژایی حوكمی دیكتاتۆرییەت لەعیراقو ئێستاش لەلایەن هەندێ حیزبی دەسەڵاتەوە هەمیشە كاریان بۆ كپكردنی دەنگە ئازادەكان كردوە ، لەتەك ئەوەشدا هەوڵێكی زۆریان داوە بەسامانی میللەتەوە ویژدانو قەڵەمی هەندێ رۆژنامەنوسان بكڕن ، ئەگەر تا ئێستا سەركوتو بوبن ، بەڵام ئەمڕۆ بەبونی دەیان مینبەری ئازادی وەكو” لڤین ، شاربریس ، سپی میدیا،رای میللەت ، كەناڵی ئێن ئار تی ” و … هتد ، دەسەڵات بۆی ناچێتە سەر سیاسەتی دەمكوتكردن و زەوتكردنی ئازادییەكان بەردەوامی پێبدات ، بەو هەمو بودجە زەبەللاحەی بەردەستیشیانەوە بەرۆژنامە حزبیە ئیكسپاریەكانیانشیان ناتوانن جارێكیتر میللەت چەواشە بكەن ، چونكە رۆژنامەی ئازادو ئازا ئەمرۆ لەسەنگەری روبەروبونەوەدایە .

لەكۆتاییدا ئەو دروشمە وەك نمونەیەك ئەهێنمەوە كە دەڵێ  :  كەم بژی كەڵ بژی ” ئەمە رێك ئەو دروشمەیە كەلەسەر رۆژنامەی ” هاوڵاتی ” دا بەرجەستە بو ، چونكە ئەو بەبەراورد لەگەڵ رۆژنامەكانی دەسەڵاتو سێبەرەكانیشی كەم ژیا بەڵام كەڵ ژیا  .

لەیادی رۆژنامەگەری كوردیدا سەری رێز دائەنوێنم بۆ ئەوانەی رۆژنامەی هاوڵاتیان هێنایە بەرهەم ، درود بۆ گیانی پاڵەوانە راستەقیینەكانی رۆژنامەگەری كوردی وشەهیدانی قەڵەم وەك سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و كاوە گەرمیانی ، كە ئەوانبیش” كەم ژیان بەڵام كەڵ ژیان “..

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت