کاوسێن بابەکر : کاک نەوشیروان هاتەوە بەڵام ….

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاتنەوەو نەهاتنەوەی کاک نۆشیروان کرابووە مەتەڵێک و لەلایەک نەهاتنەوەی والێکدەدرایەوە کەوا نهێنیەکی گەورەی تێدایەو لەوێ شتێکی گرنگی بەدەستەوەیە ، لەلایەکی تر هاتنەوەی وا لێکدەدرێتەوە کە بەفوویەک هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات ! دژەکانیشی ڕۆیشتنی بە هەڵاتنوو هاتنەوەی بە ناچاری و بێ ئومێدی لەدووربوون و نزیک بوون لێک دەدەنەوە !
من پێموایە ئەم ڕۆیشتن و درەنگ هاتنەوەی هیچ نییە جگە لە بێهیوایی بە چارەسەرکردنی کێشەکان ، لێرەبوونی خۆشی و ئێمەش دەزانین هیچ کاریگەریەکی نەدەبوو مادام ئیرادەیەک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ، کاتێ پارتی هەر بۆ زەوق و زۆر بەئاسانی ڕێگە لەسەرۆکی پەرلەمان ، کە بەرزترین دەستەڵاتی یاسادانانە دەگرێ و ئیفلیچ و گێڕی دەکات . کاتێ ، وەزیرەکانی بۆدەنێرنەوە ماڵەوە بێ هیچ متمانە لێسەندنەوەیەکی قانوونی ! کێ و چۆن دەتوانێ ئەم بارە ناقانوونیە ڕاست دەکاتەوە ؟ دیارە جگە لە پارتی ، کەئەویش نایکات ! لێرەدا کاک نەوشیروان دەیتوانی چی بکات و بۆچی بهاتایەتەوە ؟ چ هەوڵێک سەرکردەکانی گۆڕان و یەکێتی و پارتەکانی تر نەیانداوە بۆ ئاسییکردنەوەی دۆخەکەو ئەو لێرەبا دەیدا ؟
ئێستاش ، کە هاتۆتەوە وەک هەر سەرکردەیەکی تری یەکێتی ، یان گۆڕان دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ و هیچی تر . نەدارحەسای سحری پێیەونە لەبەر خاتری ئەویش پارتی لەکەلی شەیتان دێتەخوارەوە . مەگەر لەبەرنامەو دروشمەکانی بزووتنەوەکەی دابشکێنێ و میکاڤیلیانە لەپێناوی ئامانجەکاندا قوربانی بە بەرنامەو پرەنسیپەکانی بدات و [ ئامانج بیانوو بۆ ئامڕاز دێنێتەوە ] بگرێتەبەر .
ئەوەی کەم یا زیاد ئەو پیاوە بناسێ دەزانێ هەرگیز یاری بە باوەڕو بەرنامەکانی ناکات . کەواتە هیوا هەڵواسینی زیاد لەڕادە بەکاک نەوشیروان جگە لە خۆخەڵاتاندن و سەرخستنە ژێر لم زیاتر هیچی تر نییەو نیشاندانیشی وەک فریادڕەس باری شانی هێندەی تر قورس دەکات . دەزانم بەرنامەو بیرۆکەی پێیە بۆ چارەسەری کێشەکان و ڕێکخستنەوەی نێوماڵ کورد ، بەڵام بەهاوکاری هەموان دەتوانێ جارێکی تر گۆمەکە بشڵەقێنێ ، لێگەڕێن بەپێی هەلومەرجەکەو پێداویستی هەنگاو هەڵبێنی و کاتی ئەوەش هاتووە پارتی دۆخەکە باشتر بخوێنێتەوەو لە کەلی شەیتان بێتەخوارەوە و بارەکە ڕاست کاتەوەو لەگەڵ گۆڕان و سێ پارتەکەی تر دانیشێ و جدیانەتر کار بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکومەت بخاتەوە سەر پێ ! بەتایبەت ئێستا کە لەدەروازەی گۆڕانکاریەکانداین کە زۆر بەخێرایی کات تێدەپەڕێ و ئەگەرێکی زۆر نزیکە ڕووداوەکان جوگرافیای سیاسی ناوچەکە جارێکی تر بگۆڕن . ئامادەبوونی ئێمە بەیەکگرتوویی مەرجی بنەڕەتی قۆستنەوەی ئەنجامەکانە بۆ قازانجی گەلەکەمان .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت