دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : دەوڵەتى کوردى خەونى هەمووانە نەک  شاعیران .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەیاڵى زانستى

لاتان سەیرنەبێت ئەگەر بڵێم لەم دواییەدا بەووشەى سیاسەت وسیاسى توشى هەستیارى ( حەساسیەت ) ئەبم هەربۆیە خۆم بەدووردەگرم لەناوبردنى ئەم دەستەواژەیە ، هەڵبەتە وشەى سیاسەت وسیاسى هەردوو بەرە دژبەیەکەکە بەباش وخراپ ئەگرێتەوە ، بەسیاسەتمەدارو سیاسەتبازیشەوە ، سیاسەمەدارەکان مێژووى مرۆڤایەتى ئەخوڵقێنن وسیاسەتبازەکانیش مێژووى دژە مرۆڤایەتى  .

لەترسى ئەوەى توشى هەستیارى ( حەساسیەت ) نەبم بەگوێبیستنى هەواڵە سەیروسەمەرە سیاسی ، کۆمەڵایەتى ، زانستى ، ئابوورى وداراییەکانى کوردستان ، سێ حەبى حەساسیەتم (هەستیارى) بەیەکەوە خوارد ئەوەندە گێژى کردم خەونم بەدەوڵەتى کوردیەوە بینى ، بەڵام ئەو دەوڵەتەنا کەسیاسى وحیزبە کوردستانیەکانى ئێستا بانگەشەى بۆئەکەن ! بەڵکو ئەو دەوڵەتەى خەونى هەمووانە .

 هەرچەندە ئەم خەونە خەیاڵکى زانستیە بەڵام گشت کات خەیاڵەزانستیەکان هاتوونەتەدى ، تا ئەم خەونە بەڕاستى دێتەدى خەونى هەموومانە نەک بەتەنیا شاعیران ! .

 لەخەونەکەمدا هیچکام لەم حیزب وبەرپرسانەى ئێستاى کوردستان نەمابوون ، هاوڵاتى سادە لەبەرپرسەکان ئارام وئاسوودەتر بوون ، کەس باسى سەروەریەکانى ڕابردووى نەدەکرد ، هاوڵاتى وبەرپرسان ڕزگاریان ببوو لە عقدەى وەبیرهێنانەوەى ڕووداوە ناخۆش ودڵتەزێنەکان !، وشەى شەهید وئەنفال تەنیا لەقاموس ومۆزەخانەکاندا مابوون ! بەڵام  هەموو مافێکیان پارێزراو بوو وەک هەرتاکێکى کۆمەڵگا ، شوێنێک نەمابوو بەناوى منظمە ،مەڵبەند ، لق و  … تاد ، ڕێزوحورمەت گەڕابۆوە بۆ زانست وزانکۆکان ، بیدعەى پاشەکەوتکردنى مووچە (چارەکەمووچەو نیومووچە)  نەمابوو ، دەوڵەتەکە بەناو دەوڵەتى کوردى بوو لەڕاستیدا عەقڵیەتى خەڵکى هزرى بنەماڵەو خێل ونەتەوە وئایدۆلۆجیاشى بەزاندبوو ، خەڵک وەک مرۆڤ بیرى دەکردەو دەژیا ، خەڵکى ( کوردوکەمایەتیەکان ) بەگشت بیروبۆچوونە دینى ، مەزهەبى وئایدۆلۆجیە جیاوازەکان ڕێزیان لەیەکتر دەگرت ، بۆ ژیانێکى پرئاسودەو خۆشگوزەرانى کاریان دەکرد . 

لەمیانەى قسەکردنم لەگەڵ هاوڵاتیەکى سادە سەرسوڕمانى خۆمم دەربڕى لەگەیشتن بەو ئاستە سیاسى ، ئابوورى ،  کۆمەڵایەتى وزانستیەى تێدابوون ! باسى بنەماکانى بەدەوڵەتبوون وقەیرانە یەک لەدواى یەکەکانى ئێستاى کوردستانم بۆکرد ، باسى ئەو هەوڵانەى ئێستاى شارەزایان وخەڵکیم کرد بۆ دەربازبوون لەقەیرانە دروستکراوەکان ، باسى لێکۆلینەوەو بۆچونەکانى خۆمم بۆکرد سەبارەت بەکۆمەڵگاى کوردى ئێستا کەکۆمەڵگایەکى پاش زەبر بووە بەئیمتیاز ، باسى زنجیرە نوسینەکانى کۆمەڵگاى پاش زەبرم بۆکرد (هاوڵاتى ، سەرمایەدار ، ڕۆشنیر ، رۆژنامەنووس ، نوخبە ، سەرۆک وبەرپرس و  … تاد ، بەعەقڵیەتى پاش زەبر ) پەروەردەکردنى کۆمەڵگاشم بەگشت چینەکانیەوە بەتاکە چارەسەر زانیوە  .

زۆر بەسادەیى وهێمنى ووتى بەڵى ڕاستە بارودۆخى سیاسى ، ئابوورى ، کۆمەڵایەتى وزانستى ئێمە  زۆر لەوەى ئێستا باسى دەکەیت خراپتربوو ، ئازادى ومافەکانى مرۆڤ درۆیەکى جوانى بەرپرس وبەناو سیاسیەکانمان بوون ، بەڵێ وەک باستکرد کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکى پاش زەبربوو بەئیمتیاز ، وامانزانى بەسەرلەنوێ پەروەردەکردنى تاک ڕزگارمان ئەببێت لەو عەقڵیەتە نەخۆشە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر ئەبوو ! ..ئەزانى بۆ …لەپەرۆشى بۆ باسکردنى بابەتەکە نەیهێشت بڵیم بۆ ؟  بەردەوامبوو لەقسەکردنەکەو ووتى لەبەر ئەوەى عەقڵیەتى  بەناو سیاسى وبەرپرسەکان وەک خۆى مابوو !  کەسیش نەى ئەویرا ئەو ڕاستیە بدرکێنێت لەترسى ژیانى خۆى ! با عەقڵیەت وهزرو فیکرى کۆمەڵگاش بگۆڕێت ، لەنەگۆرینى عەقڵیەتى بەرپرس وسیاسیەکان هەموو هەوڵەکان نەزۆکن ، بەهەشتێک بۆخۆیان ونەوەو بنەماڵەکانیان ئەخوڵقێنین جەهەنەمێکیش  بۆ هاوڵاتى ، بۆیە بیرمان لەدروستکردنى ئامێرى کات  ( Time machine)  کردەوە بۆ گەرانەوە وپێشخستى کات تاڕزگارمان ببێت لەعەقڵیەتى پاش زەبرى بەرپرس وبەناو سیاسیەکان وپێشهاتە ناخۆش ودڵتەزێنەکان  .

دواى گەڕانەوەى کات بۆ ڕابردویەکى دوور واتا بۆ چەند وەچەیەک پێش لەدایکبوونى بەناو سیاسى وبەرپرسە باڵاکانمان توانیمان لەڕێى  سەرلەنوى پەروەردەکردنیان ڕزگاریان بکەین لەعەقڵیەتى پاش زەبرى دەروونى وفیزیکى ، تابتوانن هزرى بنەماڵەو خێل ونەتەوە وئایدۆلۆجیا وەلانێین ، وەک مرۆڤ بیربکەنەوە وهەڵوێستەبکەن لەپێناو بونیادنانى ژیانێکى پڕئاسوودەو خۆشگوزەرانى بۆ گشت خەڵکى ، نەک بەتەنیا بۆ نەوەو بنەماڵەو خێڵ ، بێ ئەوەى یەک دڵۆپ خوێن لەلوتى تاکێکى کۆمەڵگا وبەرپرسێک بڕژێت  ، ئابەم شێوەیە توانیمان دەوڵەتى کوردى سەرلەنوێ  ڕابگەیەینینەوە ، نەک بەتەنیا کورد بەڵکو توانیمان کەمایەتیەکانیش لەنارەحەتى ژیان بپارێزین وسەرلەنوێ ماناى ژیان پێناسە بکەینەوە  ، لەبوونى عەقڵیەت وهزرى بنەماڵەو خێڵ دەوڵەتى کوردى دۆزەخ بوو بۆ هاوڵاتى وخاک ونیشتمان  .

بەداخەوە پیش ئەوەى بپرسم چۆن ئەو ئامیرى کاتەتان  ( Time machine)  دروستکرد خەبەریانکردمەوە بۆ ئەوەى بڕوم بۆدەوامى ڕۆژانەى نەخۆشخانە .

تاکە ڕاستى خەونەکەى من : ئەم ڕاستیە دڵتەزێنە ترسناکەیە !، پێویستە زۆربەى هەرە زۆرى سیاسى وبەرپرسان سەرلەنوێ خۆیان پەروردە بکەنەوە (((  تکایە سیاسیەکان ، بەرپرسەکان سەرلەنوێ خۆتان پەروەردە بکەنەوە)))  چونکە لەنەبوونى ئامیرى کاتدا  ( Time machine) بۆ گەڕانەوە  بۆ ڕابردوو هیچیترمان پێناکرێت  ، کات یانى بەردەوامبوونى ژیانى ئادەمیزاد  ، تاکات بمێنیت ژیان وگۆڕانکاریەکانى بەردەوام دەبێت ، بەڵام بەنەمانى ژیانى ئێمەوئێوە کات لەناوناچێت ، هەربۆیە بەبەردەوامبوونى کات ژیانى نەوەکانى دواى ئێمەو ئێوە دەستپێدەکات  بەبوون نەبوونى ئێمەو ئێوە ،  تکایە، تکایە، تکایە سەرلەنوێ ژیان وخۆشگوزەرانى پێناسەبکەنەوە ، نەک لەبەر ئێمەو نەوەکانمان بەڵکو لەبەر خۆتان ونەوەکانتان  .

ئایا ئێوە ئەزانن خەڵکى ئەم وڵاتە بەچ فۆرمێک وێناتان ئەکات ؟ بەداخەوە ئەوەى من لێى دڵنیام ئەو وێنە جوانە درەوشاوەیەنییە کەلەخەیاڵى خۆتاندایە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت