Fuad - Ibadi

 نەوزادی موهەندیس : كورد و بەغداد كامیان ئەویتر تەڵاق دەدات ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەساتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی 1921 وە كورد و هەرێمی كوردستانی ئێستا بەزۆرە ملێ‌ و بە نابەدڵی بە عێراقی عەرەبیەوە لكێنراوە و هیچ كات كورد بە خۆشی خۆی و بە ئومێدەوە ئەو لكاندنەی پێخۆش نەبوە و لێشی نەڕوانیوە . هەربۆیە هەمیشە و بە بەردەوامی لە ململانێیەكی سیاسی تونددا بوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد لە پاشاكانەوە تا سەرۆك كۆمارەكان بەدرێژایی 70 ساڵ تائەوكاتەی لە ساڵی 1991دا لە ئەنجامی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمانەوە بە یەكجاری بەشێكی هەرێمی كوردستان ڕزگاركراو پەڕلەمان و حكومەتێكی كوردی تیادا دامەزراو ئیدی لەو كاتەوە كورد ڕاستە دروشمی فیدڕاڵیەتی بەرزكردۆتەوە وەك ( خوێندنەوەیەكی واقعی ئەو قۆناغ و سەردەمە ) بۆ پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغداد و درێژەدان بەو نەریتە نامۆو قێزەونەی كە لەگەڵ بەغداد درێژە بە پەیوەندیەكانیان بدات.بەڵام جارێكی تریش لە ساڵی 2003دا و لە ئەنجامی ڕووخاندن و لەگۆڕنانی یەكجارەكی ڕژێمی بەعسی صدامی كورد ئەم جارەیان ( بەهەڵەیەكی سیاسی و باش نەخوێندنەوەی قۆناغەكە و هەڵنەسەنگاندنێكی ڕاست و دروست هێز و بازووەكانی خۆی و بەرامبەرەكانی ) بە نابەدڵی لەچوارچێوەی عێراقدا مایەوە و ئەوەی كە تاك بەتاكی كورد چاوەڕوانی بوون لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و جیابونەوە لە بەغداد نەكرا .
بۆیە ئەم 13 ساڵەی ڕابووردوو بۆ كورد ئێش و ئازارەكانی لەهەموو قۆناغەكان زیاتر بوە، چونكە بەناو دۆست و هاوپەیمانەكانی دوێنێی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە سونە و شیعە و توركومان و تەنانەت ئاشوری و كلدانەكانیشەوە كەهەموانیان سوودیان لە پێگەی ڕزگاركراوی كوردستان و سەروەت و سامانەكەی وەردەگرت، هەرهێندەی چوونە دەسەڵات و جێگە پێگەی خۆیان قایمكرد، هەموو چاكە و برایەتیەكی كوردیان لە بیر كرد و كەوتنە دوژمنایەتی و ڕەتكردنەوەی مافە ڕەواكانی كورد و هەوڵی بچوككردنەوە و بێهێزبون و لاوازكردنی كوردیان دەدا بە ئاشكرا و بەنهێنی و بە پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەكە .
ئاشكرایە كورد بەناچاری و بە دوودڵی و لە ژێر فشارە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەكەدا لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە بێئومێدبوون لە پشتیوانی بەناو دۆستەكانی مەسەلەی كورد كە هەمیشە ( دروشمی یەك و یەكگرتوی خاك و گەلانی عێراقیان دەدا بە گوێی كورددا ) ، وایكرد كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی بەناو فیدڕاڵ و پێكەوەكاركردنی سیاسی و پەڕلەمانی و دیموكراسیدا بمێنێتەوە .
ئەوەی دەركەوت و لەسەر زەمینەی واقع دەبینرێت ساڵ بە ساڵ پێگە و كاریگەری كورد لە بەغداد لاواز و بێهێز دەبێت و ماف و داخوازیە ڕەواكانی نەك جێبەجێناكرێن بەڵكو پشتگوێش دەخرێن . ئەوەتا مادەی 140 ی دەستور لە گۆڕنراوە و بودجە و مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران و موستەحەقاتی تری كوستان نادرێت و بەغداد بە ئاشكرا و بێشاردنەوە ماڵ جیایی دەكات و لە زۆر وێستگە و مەسەلەشدا لوتبەرز و لەخۆبایی دەڕوانێتە كورد وبێگوێدانە ڕاوبۆچونی كورد گۆڕانكاری دەكات و دەسەڵاتەكان كەم دەكاتەوە و … هتد . كە ئەمە بۆخۆی وادەخوێنرێتەوە كە بەغداد دەیەوێت هێواش هێواش كورد تەڵاق بدات و بۆ هەتاهەتاییە لێك جیاببنەوە و هەمیشە كورد بە چاوی دوژمن و ناحەز دەبینێت و هیچ كات پێی خۆش نیە لە بەغدادا ببینرێت و دەسەڵاتی هەبێت گەر بەناچاری نەبێت ( ئاشكراشە لەم بۆچونەدا هیچ جیاوازیەك نیە لە نێوان عەرەبی سونە و شیعەدا ) .
ئەوەی ماوە كە كورد لەبەرامبەر ئەم هەڵوێست و دووڕوویی و ساردوسڕیەی بەغداد چی بكات ؟ بەتایبەتیش دوای تۆخبونەوەی ململانێ سیاسیەكانی ناو ماڵی شیعەكان خۆیان لەلایەك و لەگەڵ سونەكان لەلایەكی تر ، كورد دەبێت دوای ڕووداوەكانی پەڕلەمانی عێراقی لە 30/4 دا چ هەڵوێستێكی هەبێت لە گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە بۆ بەغداد ؟ ئایا سووربونی بەغداد و دەسەڵاتدارانی شیعە لەسەر ملهوڕی و گوێنەدان بە داخوازی و مافەكانی كوردچی لێ‌ دەخوێنرێتەوە ؟ ئایا كورد دەتوانێت و لە پێگەیەكی بەهێزی سیاسی و ئابوری وەهادایە كە بڕیارە چارەنوسسازەكە بدات و لای خۆیەوە و تاك لایەنە بەغداد بۆ هەتاهەتایە تەڵاق بدات؟ئەگەرنا ئەی چارەسەر چییە ؟
ئاشكرایە لە ئێستادا كورد لەناو خۆی و لەماڵەكەی خۆیدا بێسەرو بەری و دوور لەیەك و بێمتمانەییەكی زۆری پێوەدیارە ، هەر ئەم دۆخەشە كە بۆتە هۆی لاوازبوونی پێگەی كورد لە بەغداد ، تاكورد لە هەرێمدا یەك و یەكگرتوو و یەكڕیز نەبێت هەرگیز بەرامبەر بەغداد بەهێز نابێت ، بەهێزبوونی كوردیش پەیوەستە بە چەسپاندنی دیموكراسی و شەراكەتی ڕاستەقینە و متمانەبەیەكتر و كاری پێكەوەی و شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی و گەڕانەوەی شەرعیەتە بۆ وێسگە و جومگەكانی دەسەڵات لە سەرۆكایەتی هەرێم و پەڕلەمان و حكومەت ، بەبێ‌ سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە هەڵوێستی سیاسی هەموان و دووركەوتنەوە لەخۆسەپاندن و قۆرخكاری سیاسی و ئابوری لە كوردستاندا ماڵی كورد بەهێز و پتەو نابێتەوە ، كورد بەم دۆخەی ئێستایەوە نەگەڕانەوەی باشترە بۆ بەغداد چونكە بەغداد باش لە دۆخی سیاسی و ئابوری و شڵەژانی ماڵی كوردی لە هەرێم تێگەیشتوە و دەزانێت چۆن و بۆچیش ئاوها مامەڵە لەگەڵ كورد و داخوازیەكانیدا دەكات ، و ئەم بێباكیەی شیعە و دەسەڵاتدارانی بەغداد بەرامبەر بەكورد ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە نیەتێكی ڕاستەقینەی چارەسەریان نیە بۆ كێشە و گرفتەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و ئەوان گەرەكیانە هەرێم ڕۆژێك زووترە جیابێتەوە و بێ‌ باكیشن و وایدەبینن كە میوانێكی ڕەزا قورسە لە ئەستۆیاندا ، بەداخیشەوە لە ئێستادا كورد لە پێگەیەكی بەهێزی سیاسی و ئابوریدا نیە كە بڕیاری جیابونەوە و تەڵاقدانی بەغداد بدات . بەڵام دەكرێت هەنگاویی جدی بنرێت بەئاڕاستەی شڵەقاندنی گۆمی مەنگی چەند مانگەی هەرێم و پڕۆسەی ئاشتبونەوە و ئاشتەوایی لەنێوان هەمواندا سازبدرێت و كێشە و گرفتەكان هێندە تۆخ نەكرێنەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی ئیجماعێكی سیاسی بدەن و كاری جدی یاسایی بكەن بۆ چێكردنی ڕیفراندۆم و لە یادی 100 ساڵی ڕێكەوتنامەی سایكس بیكۆ ( 16/5/1916) دا داواكاری پێشكەش بكەن بە نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ داواكردنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندیە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە . تەنها بەم ڕێكارانە هەرێم و كورد دەتوانێت بڕیارە چارەنوسسازەكە بدات و بۆ هەتاهەتاییە لە تەوقی ئەو هاوسەرگیریە سەپێنراوە لە گەڵ بەغداد خۆی ڕزگار بكات و تەڵاقی سیاسی و ئابوری پێبدات و بۆ ئایندەش وەك دوو دراوسێ‌ گەر یار و نەیاریش نەبن دەتوانن بێ‌ كێشە درێژە بە دۆستایەتی ودراوسێتی خۆیان بدەن . بەڵام هەرگیز ناتوانن بەم شێوەیەی ئێستا درێژە بەكاری پێكەوەیی بدەن لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا كە لە بنەمادا هیچ كامیان بڕوای ڕاستەقینە و كۆنكرێتیان پێی نەبوە و پێشی نابێت . و برایەتی كورد و عەرەبیش تەنها بۆ ئیستهیلاكی ناوخۆیی بەرزكراوەتەوە و ڕەگ و ڕیشەی سروشتی نیە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت