دژوار شیخانی : بێباکی لە قەیرانەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر لەگەل برینی بەشە بودجەی هەریمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بووە سەرەتایەک بو دروست بوونی قەیرانەکان بەهۆی سیاسەتی بە تالانبردنی لەلایەن دەسەلاتدارە گورگ ئاساکانی ئەم هەرێمەوە ئەویش لەبەر ئەوەی نەک تەنها حکومەتی بەغدا بەلکو تەواوی لایەنە سیاسیەکانی هەریم و هاولاتیانیش بەگشتی لەوە دلنیان کە داهاتی نەوت شەفاف نیە و گەندەلییەکی زوری تیدایە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە خەیالی خۆی سەرکەوتوو بووە لەم مەلەفە و هەولدان بۆ دروست کردنی ئابورییەکی سەربەخۆ. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چۆن دەتوانی باوەر بە حکومەتی ناوەند بهێنی لە کاتێکدا تەواوی حزبە سیاسیەکان و هاولاتیانی ئەم هەریمە وەک و روژی روناک لێیانەوە دیارە کە مەلەفی نەوت بە وورد و درشتیەوە ناروونە و تۆزقالیک شەفافیەتی تێدا بەدی ناکرێ و کەس ئاگای لە چۆنیەتی گرێبەست کردن و دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتەکەی نیە جگە لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکانیش کە من دلنیام تەنها وەکو رووکەش بەکار دەهێنریت بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم مەلەفە .
دواتر قەیرانی سیاسی و یاسایش هەرێمی کوردستانی گرتەوە ئەویش لە رێگای گەرانەوەی پرۆژە یاسای دەستوور بۆ پەرلەمان و ناکوکی لایەنە سیاسیەکان لەسەری و دروست کردنی لیژنەیەک بۆ دووبارە دارشتن و نوسینەوەی دەستووریکی مۆدێرن کە هەموو لایەنەکان لەسەری کۆک بن ، بەلام چونکە لەم ولاتەی ئیمەدا هەرشتێک بە لیژنە سپێردرا ئەوا بزانە هیچ دەرئەنجامێکی نابێت . بۆیە هەر لەگەل نزیک بوونەوەی تەواوبوونی وادە درێژکراوەکەی سەرۆکی هەرێم کاری ئەو لیژنەیەش تەواو بوو .
دواتر هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی پیشوو و بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە شیوەیەکی زور دیموکراسیانە و یاسایی لە ریگەی پێشکەش کردنی چەند پرۆژە یاسایەکەوە بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە بەشێوەیەک بوو تەواوی دەسەلاتەکانی ئەم هەرێمە لە دەستی تەنها کەسێکدا بوو بۆیە پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە و دووبارە دابەشکردنی دەسەلاتەکان بوو کە بە شێوەیەک بەدەربوو لە هەموو چاودێریەک . بەلام لە لایەن پارتییەوە وەکو هێڵی سوور سەیر کراو تەنانەت بە کودەتاش وەسفیان کرد وەک ئەوە وایە سەرۆکایەتی هەرێم بە تەنها لە لایەن ئەوانەوە تاپۆ کرا بێت بۆیە دەرئەنجامەکەی بەدەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان کۆتایی هات کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە ئەمەش وەکو فشاریک لە لایەن پارتییەوە بەرامبەر لایەنە سیاسیەکان بەکارهات ، کە ئەگەر هاتوو بە داواکاریەکانم رازی نەبن ئەوا پەرلەمان وحکومەت و تەواوی بنەما دیموکراسیەکانی ئەم ولاتە ئەخەینە ژێر پێلاوەکانمانەوە .
لەمەدا پارتی تەنها پیویستی بە بێ دەنگی لایەنەکان بوو بۆ ئەوەی بۆی ببێت بە ئەمری واقیع لەوەشدا سەرکەوتوو بوو ، چونکە هیچمان لە لایەنە سیاسیەکان نەبینی جگە لە دەرکردنی بەیاننامەی نارەزایی و ئیدانە کردن کە ئەمەش لای پارتی تورێکی قوراوی ناهێنیت . ئێستا قەیرانەکان گەیشتۆتە لوتکە پەرلەمان پەکخراوە و ناتوانێ چاودێری و لێپیچینەوە لە حکومەت بکات .
سەرۆکایەتی هەرێم وادەکەی تەواو بووە بە پێی یاساکەش ناتوانرێ ماوەکەی بۆ درێژ بکریتەوە و هەڵبژاردنیش ناکرێت چونکە پێویستی بە سازانی لایەنە سیاسیەکان هەیە لەسەر هەموارکردنی یاساکە چونکە سەرۆکی پێشوو ناتوانێ خۆی کاندید بکاتەوە کە ئەمەش لای پارتی قابیلی قبول نیە. لایەنەکانی تریش تاکو یاساکە هەموار نەکریتەوە ناچنە ژێر باری سەرۆکیکەوە کە هەموو دەسەلاتەکانی لە دەستی خۆیدا قۆرخ کردبێت .
حکومەتیش کاری ئێستای تەنها دوو شتە یەکەمیان وەکو دوکاندار نەوت ئەفرۆشێ و نیو موچە و چارەکە مووچەی سێ مانگ جارێک پێ دابین دەکات ، دووەمیان بلاوکردنەوەی هەوالی بە پەلە لە راگەیاندنەکان کە بەیانی مووچەی فلان وەزارەت و فلان دەستە دابەش دەکرێت کە ئیستاش وای لێهاتووە ئەم حکومەتە لەلایەن سادە ترین هاولاتی ئەم هەریمەوە ئەتوانریت بەریوە ببریت ، ئەمە جگە لە قەیرانەکانی تر کە هەر لەگەل لە دایک بوونی حکومەتە ساواکەی 25 سال لەمەو بەر گەورە دەبێت وەکو ئاو و کارەبا کە بە سادەترین خزمەتگوزاری دادەنریت .
دەسەلاتی دادوەریش هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ژێر هەیمەنەی حزبی و بەرپرسە بالاکانەوە هەر وەک چۆن ئەبینین کە رۆژانە دەیان و سەدان مەلەفی گەندەلی و بەهەدەردانی سامانی ئەم ولاتە بە بەلگەوە دەخرێتە روو کەچی لە ئاستیدا بێ دەنگە و هیچ دەسەلاتێکی نیە تەنها هەلویست لە پاشەکەوت کردنی مووچەکانیان وەردەگرن وەک چۆن بینیمان . بۆیە پرسیارە جەوهەریەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم هەموو بێ باکیەتان لە چیەبەرامبەر هەموو ئەم قەیرانانەی کە بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە یان لە بێ دەنگی خەلکە کە بەراستی جێگای پرسیارە چونکە ئێستا زۆرینەی هاولاتیانی ئەم هەریًمە لە دۆخێکی هەژاری سەختدان و رۆژ بە رۆژ خراپ تریش دەبێت کە دلنیام ئارامگرتنیشیان سنوری هەیە و رۆژێک نەوەیەک دێتە پێشەوە کە نەفرەت لە هەموو ئەو خەباتانەتان دەکات کە تەنها بۆ دەولەمەند بوون و تێر بوونی کەس و کارو بنەمالەکانتان هەولتان بۆ داوە یان لەوە بێ باکن خۆتان و مال و مندالتان خاوەنی رەگەزنامەی ولاتانی ئەوروپا و ئەمریکان هەر کاتێک خەلک لێتان راپەری خۆتان و پارە دزراوەکانتان ئەم ولاتە بەجێ بهێلن و لەوێ خەریکی بزنسمانی خۆتان بن . بۆیە لەگەل تێپەربوونی کات و هولدانتان بۆ بەردەوامیدان بە قەیرانەکان کە دلنیام لە بەرژەوەندی ئێوەدا نیە بۆمان دەردەکەوێت کە لە چی بێباک بوون .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت