ئەلیزابێس مارتینز – ئارنۆڵدۆ گارسیا : نیولیبڕالیزم چییە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێناسەیەکی کورت

نوسینی : ئەلیزابێس مارتینز – ئارنۆڵدۆ گارسیا .. لە ” Corp Watch ” بڵاوکراوەتەوە .

بە کوردیکردنی : ئەحمەد ڕەزا

 ” نیو – لیبڕالیزم ” کۆمەڵێک سیاسەتی ئابورییە ، لە دەوروبەری 25 ساڵی ڕابردوودا ، بە بەرفراوانیی بڵاوبووەوە . وێڕای دەگمەنیی بەکارهێنانی زاراوەکە بە تایبەت لە ئەمەریکا ، بەڵام کاریگەرێتییەکانی لیبڕالیزمی نوێ ڕونن ؛ بە شێوەیەک هەژاران هەژارتر ئەکات و دەوڵەمەندەکانیش دەڵەمەندتر .

 ئەکرێت مەبەست لە لیبڕالیزم ئاماژە بێ بۆ ئایدیای سیاسیی ، ئابوریی ، تەنانەت ئاینییش . لە سیاسەتی ئەمەرییدا لیبڕالیزم ستراتیژێکی ئەگرتەخۆ بە ئامانجی نەمانی ململانێی چینایەتیی بوو ، پێشکەش بە هەژاران و چینی کرێکاران ئەکرا بەوەی ڕێچکەیەکی پێشکەوتنخوازانەیە بە بەراورد لەگەڵ ڕێچکەی پارێزگارەکان یان ڕاستڕەوەکان . کاتێ سیاسییە ڕاستڕەوەکان ئەیانوت ڕقیان لە  ” لیبڕالییەکان ” ە ، – مەبەستیان لە جۆرە سیاسییەکەی لیبڕاڵییەکان بوو- و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ لیبڕالیزمی ئابورییدا نەبوو ، کە نیولیبڕالیزمی لە خۆ گرتووە . وشەی  ”  نوێ ” واتە ئێمە لە بەردەم جۆرێکی تازەی لیبڕالیزمداین . ئەی کەواتە جۆرە کۆنەکەی چییە ؟ قوتابخانەی لیبڕالیزمی ئابوریی لە ئەوروپا لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی ئابوریناسی سکۆتلەندیی ” ئادەم سمیس ” ” سامانی نەتەوەکان ” ـەوە لە ساڵی 1776 ناوی دەرکرد . ئە و کەسانێکی تریش بانگەشەی دەست تێوەرنەدانی حکومەتیان ئەکرد لە کاروباری ئابورییدا . کۆت لەسەر پرۆسەی پیشەسازیی نەمێنێت ، هیچ بەربەستێک لەبەردەمی بازرگانیدا نەمێنێت ، واتە ڕەسم یان تاریفەی گومرگیی . وتی بازرگانیی ئازاد باشترین هۆکاری گەشەکردنی ئابوریی هەر دەوڵەتێکە . ئەم ئایدیایە ” لیبڕاڵ / سەربەستیخواز ” ە ،  بەمانای دژە ڕکێف گرتن دێت . ئەم پراکتیزە کردنەی ڕێچکەی تاکگەرایە ، پرۆژە ” سەربەست ” ـەکان و پێشبڕکێی ” سەربەست ” ـی هاندا ؛ ئەمەش مانای ئەوەیە سەرمایەدارەکان سەربەستن لەوەی بە هەر ڕێگەیەک قازانجی زۆر بەدەست ئەهێنن .

 لیبڕالیزم لە هەردوو سەدەی 1800  و 1900 بەرقەرار بوو ، تا داکشانە مەزنەکەی 1930 ، بوو بە هۆی ئەوەی جۆن ماینارد کینزی ئابوریناس ، تیۆرێکی داناو پێشبڕکێی لیبڕالیزمی کرد وەک باشترین سیاسەتی کاپیتاڵیزم . لە کرۆکدا وتی : تەوزیفکردنی تەواوەتی پێویستییە بۆ گەشەی کاپیتالیزم ، ئەمەش بە دەست تێوەردانی حکومەتەکان و بانکە ناوەندییەکان نەبێت سەرناگرێت . چەند حکومەتێک کاریان لەسەر بیرۆکەکانی کردو بیرۆکەی دەست تێوەردانی حکومەت بۆ بەرژەوەندیی گشتیی ڕەواجی پەیداکرد .

 بەڵام قەیرانی ئەم 25  ساڵەی دوایی ، کە بە چونەوەیەکی تێکڕای قازانج ئەناسرێتەوە ، خزمەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کرد بە ژیاندنەوەی لیبڕالیزمی ئابوریی . ئەوەش کردی بە لیبڕالیزمێکی تازە . ئێستاش لە سایەی گڵۆبالیزمی بە پەلە بۆ گەیشتن بە ئابوریی کاپیتاڵیزم ، نیولیبڕالیزم لەسەر ئاستێکی جیهانیی تەشەنەی کردووە .

سیما سەرەکییەکانی نیولیبڕالیزم :

1 – دەست بەسەراگرتنی بازاڕ : هەڵگرتنی هەموو ئەو ڕێگیرییانەی کە حکومەتەکان بەسەر پرۆژە تایبەتەکاندا سەپاندوویانە ، جا هەر لێکەوتەیەکی کۆمەڵایەتیی و زیانێک لە هەڵگرتنی ئەم ڕێگیرییانە بکەوێتەوە . کرانەوەی زیاتر بەسەر بازرگانیی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیدا . کەمکردنەوەی کرێی کار ، هەڵوەشاندنەوەی سەندیکاکانی کرێکاران و پەراوێزخستنی مافی کرێکاران ، کە بە چەندین ساڵی تێکۆشان بەدەستیان هێنا . دەست تێوەرنەدان بۆ ڕێکخستنی نرخ . ڕێگە خۆشکردنی تەواو بۆ جوڵەی سەرمایەکان و شمەک و خزمەتگوزاریی . بۆ ئەوەی قەناعەت بکەین ئەم کارە باشە بۆ ئێمە ، ئەڵێن : بازاڕێکی ناڕێکخراوباشترین هۆکارە بۆ گەشەکردنی ئابوریی ، کە لە کۆتاییدا سوودمەند ئەبێت بۆ هەمووان .

2 – کەمکردنەوەی خەرجیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان : وەک پەروەردەو چاودێریی تەندروستیی ، کەمکردنەوەی خەرجیی بیمەی کۆمەڵایەتیی و چاککردنەوەی ڕێگاوبان و پردەکان و خزمەتگوزاریی ئاوی پاک و کارەبا ، لە ژێر ناوی سنوردانان بۆ ڕۆڵی حکومەت . هەرچۆنێک بێ ، پاڵپشتیی حکومیی و ڕووە گەشەکانی باجیان بۆ کارە بازرگانییەکان قەدەغە نەکرد .

3 – ڕزگارکردن : کەمکردنەوەی ڕۆڵی حکومەت لە هەر شتێکدا ببێتە مایەی کەمکردنەوەی قازانج ، تەنانەت ئەوەی کە تایبەتیشە بە هەڕەشەی ژینگەیی و دڵنیایی پیشەسازیی .

4 – بە کەرتی تایبەتکردن : فرۆشتنی پرۆژەو کەل و پەل و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە سەرمایەدارەکان . ئەمە فرۆشتنی بانک و پیشەسازییە سەرەکییەکان و هێڵی شەمەندەفەرو کارەباو خوێندنگەو نەخۆشخانەکان و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش ئەگرێتەوە . سەرەڕای ئەوەی فرۆشتنەکە بە بیانوی گەڕان بە شوێن لێوەشاوەیی کارگێڕییەوە ئەکرێ ، بەڵام بە کەرتی تایبەتکردن بووە بە هۆی کەڵەکەکردنی زۆرترین چەقی سامان لە دەستی سەرمایەدارەکاندا ، جەماوەریش ناچارکراوە بە پێدانی زۆرترین بەرامبەر بە پێداویستییەکانی .

5 – لەناوبردنی چەمکی ” بەرژەوەندیی گشتیی ” یان کۆمەڵگە ـ پاشان گۆڕینی بە زاراوەی ” لێپرسراوێتیی تاکگەراو فشار خستنە سەر توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگە بە مەبەستی ئەوەی خۆیان بگەڕێن و دوای چارەسەرکردنی کێشە تایبەتەکانیان بکەون ، وەک کێشەی نەبوونی چاودێریی تەندروستیی و فێرکردن و بیمەی کۆمەڵایەتیی ، گەر شکستیشیان هێنا لە دۆزینەوەی چارەسەردا ، گلەییان ڕوو بە ڕوو ئەبێتەوەو بە ” تەممەڵ ” دائەنرێن .

 لە سەرانسەری جیهاندا دامەزراوەی گەورەی دارایی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانکی نێودەوڵەتیی ” دوو ئەژدیها گەورەکە و” دەستیان کردووە بە سەپاندنی نیولیبڕالیزم . نیولیبڕالیزم ئەمەریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیرکردووە . یەکەمین نمونەی پراکتیک کردنی لە وڵاتی چیللی بوو ( بە هۆی ئابوریناسی زانکۆی شیکاگۆ میڵتن فرێدمانەوە ) ، ئەمەش پاش ئەو کودەتایە هات ، کە Cia پاڵپشتی بوو دژی سیلڤادۆر ئەلێندی ساڵی 1973 ، چەند دەوڵەتێکی تریش بە دوای چیللیدا هاتن ، بەڵام خراپترین دەرەنجامی لە مەکسکۆ بوو . بە جۆرێک کرێی کار %40  تا %50  کەمکرایەوە لە ساڵی یەکەمداو تێچوونی بژێوییش بەرز بووەوە بۆ %80 .. نزیکەی 20.000 بیست هەزار کۆمپانیای ناوەندو بچوک تێکشکان و حکومەتیش 1000 کۆمپانیای موڵکی حکومەتی کرد بە کەرتی تایبەت . یەکێک لە لێکۆڵیارەکان ئەڵێت :  نیولیبڕالیزم مانای ئیمپریالیزمی نوێیە بۆ ئەمەریکای لاتین .

 لیبڕالیزمی نوێ بەرنامەی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشدا خاپور کرد ؛ هێرش ئەکاتە سەر مافەکانی کرێکاران ” بە کرێکارە کۆچبەرەکانیشەوە “؛ لە بودجەی بەرنامەی کۆمەڵایەتیش ئەبڕێت . لیبڕالە نوێکان کار لەسەر ڕەتکردنەوەی مافی ژنان و مناڵان و ئەو شوێنەوارە نێگەتیفانەش ئەکەن ، کە مەترسییە بۆ سەر گۆی زەوی . هەوڵی پەلکێشکردنی ئێمەش ئەوەیە بەوەی کە ئەڵێن :   بەمە حکومەت بەرۆکمان بەرئەدات ، سوودمەندانی لیبڕالیزمی نوێ ، چەند کەسێکی کەمن لە جیهاندا ، بەڵام زۆرینەی ڕەهای دانیشتوان ، جگە لە ئەندێشە ” معاناة ‘ زیاتر هیچیان دەست ناکەوێت .. ئەندێشەیەک بێ هیچ دەسکەوتێک لە 60  ساڵی ڕابردوودا ، ئەندێشەیەکی بێ کۆتایی .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە بگەیەنە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت