شێرزاد شێخانی : جیابونەوەی دوای جیابونەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای كۆتاهاتنی سێ ویلایەتەكەی مەسعود بارزانی و نەبونی هیچ دەربەستێكی یاسایی بۆ مانەوەی لەسەر كورسی سەرۆكایەتیدا ، وەكو عادەتی خۆی پارتی كەوتە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەم پرسە یاساییە .. بەقوتكردنەوەی چەندین كێشەو قەیرانی سیاسی و گوزەرانی ، كە هەموشیان دەستكردی خۆیەتی كەوتە هەوڵێكی چڕوپڕ لەمبارەیەوە .. ئەمجۆرە سیاسەتانە لای زۆربەی رژێمە دیكتاتۆرەكانی دونیا كارێكی ئاساییە كاتێك دەسەڵاتەكانیان روبەروی قەیرانی یاسایی ئەبنەوە ، بەعەرەبی بەمە ئەڵێن : تسویق الازمات . واتە كە تۆ كێشەیەكت هەبو پێت چارەسەر نەكرا ، كێشەی تر دروستبكە تا ئەوەی پێشتر لەبیر ببرێتەوە ، نمونەی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانی رژێمی سەدام لەعیراقدا بەڵگەی راستەقینەی ئەم سیاسەتەیە.. سەدام ویستی لەرێگەی مەشغوڵكردنی میللەتەكەی بەشەڕو جەنگەوە پرسی دیموكراتی لەبیريان بباتەوە بۆیە زیرەكانە دروشمی ” كل شی من أجل المعركە ” ببوە دروشمێكی چەواشەكەرانە بۆ لەخشتەبردنی میللەت . ئێستا هەمان سیاسەت و دروشمەكانی بەعس لەلایەن مەسعود بارزانی و حزبەكەی دەقاودەق دوبارە ئەبنەوە بەوەی ” هەرێم لە شەڕی داعشدایە ” نابێت پرسی دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات و ويلایەتی سەرۆك باسبكرێت ، چونكە كوردستان پێویستی بەسەرۆكێكی بەهێزە جگە لەمەسعود بارزانی كەسیتر نیە ئەم جەنگە بەڕێوە ببات … بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین ئەبینین پرسی ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بۆتە گەرمترین باسی رۆژەڤ لەلایەن پارتیی و میدیاكانی بەتایبەت دوای كۆتاهاتنی ویلایەتەكانی بارزانی و شەرعیەت نەمانی لەپۆستەكەیدا .

ئەگەر مەسەلەی ریفراندۆم بۆ زانینی رای میللەت بێت سەبارەت بەسەربەخۆیی ، میللەتی كورد لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005 دا رای خۆی و بریاری خۆیدا ، كەئەیەوێت سەربەخۆ بێت ، ئەوسا 98% دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا ، پێویست بەوە ناكات جارێكی تر ریفراندۆم بكرێت و لەم قەیرانی داراییەدا دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان بكرێت ، بەڵام ئەمە یارییەكە پارتی بەكات ئەیكات بۆ سەرقاڵکردنی میللەت و حزبەكان ، چونكە پارتی زۆرباش ئەزانێ كەوا هیچ كوردێك و حزبێك نیە لەگەل سەربەخۆیی میللەتەكەی نەبێت ، ئەو ئەیەوێ‌ بەم پرسەوە چەندین ئامانج بەدەست بێنێت :

1 – لەبیربردنەوەی پرسی كوتاهاتنی ویلایەتەكەی بارزانی .

2 – ئیحراجكردنی حزبەكانی كوردستان ئەگەر هاتو لەگەل ئەوە نەبون لەم ساتەوەختەدا ریفراندۆم بكرێت و دواتر وەسفكردنیان بەخائین و خۆفرۆش .

3 – پیشاندانی پارتی و مەسعود بارزانی وەكو پاڵەوانی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ .

لەچەندین قۆناغی جیادا فرسەت بۆ كورد هەڵكەوتوە دەوڵەتی سەربەخۆی رابگەیەنێت ، بەڵام هەمیشە پارتی وەكو دەسەڵاتی یەكەم رێگربوە لەم بارەیەوە .. بۆ نمونە :

لەدوای راپەین بەماوەیەكی كەم مەسعود بارزانی گەشتێكی دەرەوەی كوردستانیكرد ، كاتێك گەرایەوە لەچەندین وتاری جەماوەریدا تەئكیدی لەوە ئەكردەوە كەوا هیچ پشتگیرییەكی دەوڵەتانی دونیا بۆ كورد نییە ، ئەوەی هەیە تەنها پشتگیرییەكی ئینسانیە . ئەوكات لەبەر نەبونی پشتگیری نێودەوڵەتی بارزانی داوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كردو جورئەتی ئەوەی نەبو ئیعلانی دەوڵەت بكات ، ئێستاش هەمان هەڵوێستی وڵاتان دژی دامەزراندنی دەوڵەتە ، ئەمریكا بەبارزانی وتووە بگەڕێوە بەغدا كێشەكانت لەگەڵیان چارەسەر بكە ، ئەوەتا بریارە پەرلەمانتارەكانیش بگەرێنێتەوە ئەو عیراقەی بەلای خۆیانەوە روخاوەو كۆتایی پێهاتوە .

دوای چەند مانگێك لەدامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان بریاری فیدرالی لەكوردستاندا درا . ئەو كاتی رژێمی سەدام لەبەرزرترین پلەی لاوازیو بێدەسەڵاتیدا بو .. ئەوسا هێلی 36 و پاراستنی لەلایەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە لەئارادابو ، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگایان نەئەدا سەدام بەهیچ شێوەیەك پەلاماری كوردستان بدات ، هەلێكی زۆرباش رێكەوتبو لەجیاتی راگەیاندنی فدرالی دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنرێت  ، ئەویش نەكرا .

لەدوای روخانی رژێمی سەدام لە2003 وئازادكردنی كەركوكیش جارێكیتر فرسەت رێكەوت كورد بریاری خۆی بدات، بەڵام وەكو بینیمان مەسعود بارزانی بەرەو بەغدا بەرێكەوت لەوێش بەشداری دارشتنی دەستوری دەوڵەتێكی یەكگرتوی لەگەڵ بەغدا كرد.

لەگەڵ هاتنی داعش و داگییركردنی موسڵ و ناوچەیەكی فراوان لەپارێزگاكانی ( تكریت و رومادی و دیالە ) و پێشرەویكردنی بەرەو بەغدا ، جارێكی تر فرسەت هاتە پێشەوە بۆ ئەوەی كورد بریاری شۆرشگێرانەی خۆی بدات ، بەڵام مەسعود بارزانی بۆ پەردەپۆشكردنی كۆتایی دەسەڵاتەكەی و راكێشانی سۆزی وڵاتان ، پێشمەرگەی خستە ناو شەڕێكی بەوەكالەتەوە كە رۆژانە خوێنی میللەتەكەمان ئەرژێت لەپێناو پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا ، له كاتێكدا ئەوان ئامادە نین یەك سەربازی خۆیان بنێرنە شەڕی داعشەوە كە ئەمرۆ بۆتە هەرەشە بەسەر هەمو جیهانداو كوڕی كورد بەكوشت ئەدەن .

ئەم هەمو فرسەتانەمان لەكیس چو ، ئێستاش هیچ پشتگیریەكی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی نیە ، وەزعی ناوخۆشمان ئەوەندە لەبارنییە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی ، بۆیە پرسیارەكە لێرەد ئەوەیە ، ئایا ئەگەر هاتو بارزانی پێداگیریكرد لەریفراندۆم و دواتریش بریاری دامەزراندنی دەوڵەتی دا ، وەزعی ناوخۆ بایی ئەوەندە لەبارە كە هەمو حزبەكان هاوكارو یەكگرتوبن بۆ پارێزگاری لەم دەوڵەتە ؟؟ پرسیاری لەمەش گەورەتر ئەوەیە : ئایا مەسعود بارزانی ، كە ئەبێتە پاڵەوانی دامەزراندنی دەوڵەت ، ئامادەیە دەستبەرداری سەرۆكایەتی ئەم دەوڵەتە بێت ؟؟.. من گومانم هەیە ، چونكە مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەی لەبەردەم میللەتەكەیدا سوێندی یاسایی خوارد كەوا ببێتە پارێزەری یەكریزی میللەت و خاكی نیشتمان و رێز لەیاساكان بگرێت ، ئێستا نە رێز لەیاسا ئەگرێت و نە كاریش بۆ یەكریزی میللەتەكەی ئەكات ، نیوەی خاكی نیشتمانەكەشی فرۆشتۆتە كۆمپانیاكانی نەوتەوە ، كەواتە چەندی خۆی بڕوای بەو سوێندە هەبوە ، ئێمەش ئەوەندە بروا بەو بەڵێنەی ئەكەین كەدای بە پەیامنیری مۆنیتەرەوە كاتێ وتی من نابم بەسەرۆكی ئەو دەوڵەتە تازەيە .

مانەوەی مەسعود بارزانی لەسەرۆكایەتی دەوڵەتی داهاتو ، یا هەر یەكێك لەبنەماڵەكەی واتای دابەشبونێكی تری هەرێمی كوردستانە ، رونتر واتای جیابونەوەى ئیدارەی سلێمانیە دوای جیابونەوەی كوردستان لەعیراقەوە ، چونكە ئەم حزبو لایەنانەی كوردستان بەهیچ شێوەیەك ئامادە نین تا هەتا لەژێر حوكمی بنەماڵەی بارزانیدا بن ، ئەسڵەن كلتوری سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری زۆنی سەوز و زۆنی زەرد بەقەدەر ئاسمان و رێسمان جیاوازییان هەیە . بەدرێژایی 25 ساڵی رابردوش پارتی و سەرۆكەكەی نەیانتوانیوە بۆ میللەت بسەلمەێنن كەوا خەمخۆری زۆنی سەوز بونەو تا ئەمرۆش نەیانتوانیوە پێگەیەكی بەهێزیان هەبێت لەم زۆنەدا .

لەكۆتاییبدا ئەڵێم جیابونەوەی كوردستان لەعیراق ، جیابونەویەكی تری بەدواوە دێ ت، ئەویش جیاكردنەوەی ئیدارەی زۆنی سەوزە ، چونكە بەراستی و بەتەجروبەی چارەكە سەدەی رابردوا سەلمێندرا كەوا ژیان لەژێر سایەی ئالی بارزاندا زۆر زەحمەتە بۆ كەسانی ئازاد كە بەكۆیلەبون رازی نابنو ناچنەوە ژێر حوكمی دیكتاتۆرییانەی هیچ كەسێكەوە ، چونكە ئەوان ئازادن ..

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێكانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت