عیماد عەلی : کێ ئەم رێکەوتنەی بەسەر یەکێتی و گۆڕاندا فەرز کرد ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەس ئینکاری ئەوە ناکات ، کە لە پارەوە قسەو باس لێرەو لەوێ لەسەر نزیک بونەوەی یەکێتی و گۆران دەکرا و ، زۆر جار گەرم دەبووەوە و ئینجا هەواڵەکان لەوبارەوە لەپردا نغرۆ بوون . لە لایەن چاودێرانەوە ؛ بە کارهێنانی ئەو دەنگۆیانە بە باڵۆن و بەکارهێنانی تەکتیکی ململانێی هەردوو لایان لەگەڵ پارتیدا حساب دەکرا . لە پرێکدا سەرجەم باڵ و ئەڵقەکانی نێو هەردوو حزب ، گۆران و یەکێتی ، کۆک بون لەسەر رێککەوتن و هەموو شتێک هەڵتۆقی ، ئێمەش وەک پێشتر پیرۆزباییان لێ دەکەین و بە هەنگاوێکی ستراتیجی راستی لەقەڵەم دەدەین ، نەک راوبۆچونمان لەم کاتەدا وابێت ، بەڵکو لە کاتێکدا ئەوان خەنجەریان لەیەک دەسوو و شمشێری روبەروبونەویان لە کەلان دەرهێنابوو و ئەسپی یەکتر قرکردنیان تاودەدا ، ئێمە باسی ئەرێنی هەماهەنگیانمان دەکرد ، تەنانەت زۆرێک لە سەرکردەکانیشیان لەو قسەو باسەمان بێزاربوون و ، تا ئەمرۆش هەر لەسەر ئەو بۆچونەین ، بەڵام .
دەکرێت لەم کاتەدا وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست کەوێت :
1 – لەم کاتەدا دەکرێت بزانین ئەو بارودۆخە خودی و بابەتیە چی بوون وای لێکردن لە ماوەیەکی زۆر پێوانەییدا بگەنە رێککەوتن و ، خێراییەکەی لەو هەنگاوانەی پێشتر بەدوور بوون ، کە لە ئاشتەوایی نیشتیمانی دا پێویستمان پێی بوو و ئەوان لەوبارەوە لەسەر پشتی کیسەڵ دەرۆیشتن ؟
2 – ئایا قەیرانە سیاسی و ئیداریەکەی هەرێم پاڵنەری سەرەکی بوون ، یان هەردوولا ناچار بوون بۆ خێراکردن لەم رێککەوتنە ؟
3 – هاوکێشە ناوچەیی و تەوەربەندیەکە چەند کاریگەری هەبووە لەسەر ئەم هەنگاوە و ، پاڵنەری ئەنتی کاریتری ئەم و ئەو نەبووە ، واتە هۆکاری تر لە پێناو ئامانجیتر ، کاری خۆی نەکردووە لەم بارەوە ، بەدوور لە خودی مەبەست و پشت پەردەی رێککەوتنەکە و ، هاوکێشەی گەورەتر لەئارادا نەبووە بۆ بەدیهێنانی ئەم رێککەوتنە ؟
4 – ئایا فشاری وڵاتانی زلهێز رۆڵی خۆی گێراوە ، یان روونتر بڵێین : بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە لە چوارچێوەی ناوچەکە و عیراق و بەرەنگاربونەوەی هەندێک هەنگاوی خودیانەی کورد دوور لە بۆچونی زلهێزەکان ، لەوبارەوە تا چەند رۆڵی خۆی گێراوە ؟
5 – نەخشەکێشانی سیاسی و جوگرافی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و مەبەست و نیاز لە بەدەستهێنانی گۆرانکاری ریشەیی لە لایەن وڵاتانی دەسەڵات بەدەستی جیهانی ، بە راستەخۆ بێت یان ناراستەوخۆ ، چەند کاریان تێدا کردووە ؟
6 – ئایا دامودەزگای هەواڵگری هیچ رۆڵی لەم بارەوە بینیوە ؟
7 – یان وەک زۆر کەس لەوباوەرەدایە ، خەڵکان و کەسانی دەسترۆیشتوی هەردوو لایان فەرزیان کردووە و وا کەوتۆتەوە ، کە ئەگەر نارازیبونیش هەبێت کەس نەوێرێت رایبەگەیەنێت و ، هەر رایەکی پێچەوانە لەسەر کەسایەتی و بۆچونی کەسە نارازیەکان بکەوێت و بێدەنگیان هەڵبژاردبێت . ئایا هەمووان توشی ئەمری واقیع بوون و ، بوار بۆ نارازیبون نەماوەتەوە ؟
ئەمە و چەندین پرسیاری تر کە وەڵام دانەوەی بۆ خەڵک پتەوی هەنگاوەکان و سەرکەوتن و پێشخستنی رێککەوتنەکە بۆ هەمووان روون دەکەنەوە و نیازەکان ئاشکرا دەکەن و ئاستی قازانجی گشتی لەم رێکەوتنەدا بۆ پرسی کوردستانمان ، دەردەخەن .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت