ئازاد ڕەفیق چالاک : بۆچی‌ پارتی‌ زویر و نیگه‌رانه‌ ؟.

ڕێككه‌وتنی‌ یه‌كێتی‌ و گۆڕان گۆمێكی‌ شڵه‌قاند ، كه‌ پڕبوو له‌ بێزاری‌ و بێ‌ ئومێدی‌ هاوڵاتیان و له‌ چه‌قبه‌ستنی‌ سیاسی‌ و گه‌مه‌ی‌ ناڕه‌وای‌ حیزبایه‌ت ی‌، كه‌ ده‌ویسترا ڕاستییه‌كان به‌ زۆری‌ زۆردار ئاوه‌ژو بكرێنه‌وه‌ و درێژه‌ به‌هه‌ڵه‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و ناعه‌داله‌تییه‌ گه‌وره‌كان بدرێ‌ و په‌رده‌پۆش بكرێن .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ و لایه‌نگرانی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ هۆكاری‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ مێژووی‌ هاوبه‌ش و نزیكی‌ دید و بۆچونیان له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم و خه‌باتی‌ هاوبه‌ش و ڕزگاربون له‌م دۆخه‌ چه‌ق به‌ستوه‌ سیاسییه ‌، به‌ڵام ده‌كرێ‌ هۆكارێكی‌ تری‌ كاریگه‌ر بۆ ڕێككه‌وتنی‌ ئه‌م دوولایه‌نه‌ ئه‌وه‌بێت ، كه‌ خودی‌ پارتی‌ ، گۆڕان و یه‌كێتی‌ گه‌یاندبێته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا له‌گه‌ڵ پارتی‌ ڕێكده‌كه‌ون ، كه‌متر حیسابیان بۆده‌كرێ‌ و مافی‌ خۆیان پێ‌ نادرێ‌ و گوێیان لێ‌ ناگیرێ‌ و به‌رده‌وام بچوكتر له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیان سه‌یر ده‌كرێن و به‌رده‌وامیش ده‌توانرێ‌ په‌راوێز بخرێن .
لوت به‌رزی‌ و عینادیی‌ سیاسی‌ پارتی‌ و تاكڕه‌وی‌ و ناژیرانه‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان ، ( پارتی‌ مه‌به‌ستی‌ بو بێت یان نا ) نامه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزبوو بۆ هه‌موولایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانیشه‌وه‌ ، كه‌ هه‌رحیزبێك نه‌چێته‌ ژێر ئیراده‌و ویستی‌ پارتیه‌وه‌ ، ئه‌واهه‌مان چاره‌نوسی به‌رپرسه‌كانی‌ گۆڕانی‌ ده‌بێت ، پارتی‌ ناڕاسته‌وخۆ به‌هه‌مووانی‌ وت ئه‌وه‌ی‌ بڕیار ده‌دات ده‌نگی‌ خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌ شه‌رعی‌ و فه‌رمییه‌كانی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ نین ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ته‌نها حیزبێك و ته‌نها سه‌ركرده‌یه‌كه‌ ئه‌و ماف و ڕۆڵه‌ی‌ هه‌یه‌ و هیچی‌ تر!!
به‌شێك له‌سه‌ران و كادرانی‌ پارتی‌ سه‌ره‌تا باسیان له‌وه‌ده‌كرد ، كه‌ ڕێككه‌وتنی‌ دوولایه‌نی‌ سیاسی‌ كارێكی‌ باشه‌و پارتی‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داخوازی‌ دوو حیزبدا بكات ، ئه‌وا بۆ ئه‌و ئاسانتره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك حیزب و یه‌ك داخوازیدا بكات ، واته‌ پارتی‌ باوك و دایكه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش هه‌رزه‌كاری‌ موزعیجن و داخوازیكانیشیان له‌ پارتیی‌ خاوه‌ن ماڵ ، ته‌واو نابێت !
كاردانه‌وه‌ و نیگه‌رانی‌ پارتی‌ زۆربه‌ڕونی‌ ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌رده‌خاته‌وه ‌، كه‌ پارتی‌ هیچ لایه‌نێكی‌ كوردی‌ به‌هێزی‌ ناوێ‌ و هیچ جۆره‌ شه‌راكه‌تێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ قبوڵ نیه‌ و كاتێكیش باسی‌ ” قبوڵكردنی‌ ته‌نها ئیراده‌ی‌ گه‌ل ده‌كات ” ، وه‌ك له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ( م . س ) هاتووه ‌. ئه‌وه‌ له‌بیرخۆی‌ ده‌باته‌وه ‌، كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ده‌نگۆی‌ پرۆسه‌ی‌ ته‌زویری‌ ڕێكخراو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ، پارتی‌ ته‌نها توانیوه‌تی‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ده‌ست بهێنی‌ و ئاشكراشه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ده‌رچووی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم جگه‌ له‌ پارتی‌ چ به‌پرۆژه‌ و چ به‌هه‌ڵوێست خوازیاری‌ سیستمی‌ په‌رله‌مانی‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ و ده‌ستوری‌ هه‌رێمن ، كه‌واته‌ ئیراده‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ، كه‌ پارتی‌ ئیدیعا و بانگه‌شه‌ی‌ بۆده‌كات كامه‌یه‌ و له‌ كوێیه‌ ؟!
به‌بۆچونی‌ به‌نده‌ ، پارتی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هێنانه‌كایه‌ی‌ گرژی‌ و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ ده‌وه‌ستێ‌ و ئاماده‌شه‌ ده‌ست بۆ هه‌موو موحه‌ره‌ماتێك به‌رێت و لاشی‌ گرنگ نابێت هه‌رێم و هاوڵاتیان سوودمه‌ند یا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن ، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌ بناسێ به‌رچاوی‌ لێڵ و تاریك نابێت و ده‌زانێت ، كه‌ هه‌ژاركردنی‌ هاوڵاتیان و ده‌ستبه‌سه‌راداگرتنی‌ قووت و موچه‌ی‌ خه‌ڵك و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ گشتی‌ و ڕكه‌به‌رایه‌تی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم و كوردانی‌ شۆڕشگێڕی‌ ئه‌مدیو و ئه‌ودیو ، ته‌سلیم بوون به‌لایه‌نه‌ ده‌ركییه‌كان پیشه‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌ بوه‌ و هه‌موو ئه‌وهه‌نگاوانه‌ش بێ‌ دوو دڵی‌ ده‌چنه‌خانه‌ی‌ دژایه‌تیكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی‌ كورد و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ ڕیفراندۆم و خه‌ونی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان ، كه‌ به‌رده‌وام به‌رپرسانی‌ پارتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆده‌كه‌ن و خۆیانكردۆته‌ تاكه‌ سوارچاكی‌ ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ !
گه‌ر پارتی‌ كه‌مێك به‌ته‌نگ دواڕۆژی‌ كورد و خه‌بات و خوێنی‌ شه‌هیدان و گه‌یشتن و به‌ئامانجه‌ له‌مێژینه‌كانی‌ بهاتایه‌ ، ده‌بوایه‌ خۆشخاڵی‌ خۆی‌ بۆ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ده‌ربڕیبایه‌ و ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌رفه‌ت بزانیبایه‌ و به‌په‌له‌ داوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی بكردایه‌ و هه‌رچی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كڕیزی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندایه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردایه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ و ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی‌ كه‌ باسی‌ ده‌كات و به‌كرده‌وه‌ش بیسه‌لماندایه‌ كه‌ پارتی خه‌مخۆری‌ گه‌له‌ نه‌ك كورسی‌ و سه‌رۆكایه‌تی‌ ، ئه‌وكات لای‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر سه‌یرده‌كراو ماوه‌ی‌ كورسیه‌ زێڕینه‌كه‌شی‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ هه‌مووان جارێكی‌ تر شه‌رعیه‌تی‌ پێ‌ ده‌به‌خشرایه‌وه ‌.
پارتی‌ ، له‌ماوه‌ ڕابردوودا بۆ خۆڵكردنه‌ چاوی‌ خه‌ڵك و ڕابواردن به‌سازان ، به‌رده‌وام داوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌ گۆڕان كردوه‌ ، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ زۆر به‌ڕوونی‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی‌ ده‌رخست كه‌ ” هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر گۆڕان نه‌گۆڕاوه ‌” و ئاماده‌ش نین هه‌ڵه‌كانیان ڕاست بكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌ی‌ كه‌ ئه‌مه‌ بیروڕای‌ پارتی‌ بووه‌ ، داوای‌ دانیشتن و كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ بۆ چ مه‌به‌ست و له‌پێناوی‌ چیدابووه‌ ؟ .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies