عیماد عەلی : دکتاتۆرەکان خەڵک ترسنۆک دەکەن ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە زەمانی هتلەر و ستالینیش چەندین چیرۆکی خەڵکی ئەو زەمانەمان لایە، کە چۆن لە ئازایەتی و بوێری کەس نەیتوانیوە رێگەیان لێ بگرێت ، کەچی لە رۆژگارێکدا دکتاتۆر زاڵ بووە تەنها لە هەوڵی مانەوەدا بوون و لە پێناو خۆپاراستن کونە مشکیان لێ بووە بە قەیسەری ، ئەمەش هەر وەک رۆژانی شەر وایە کە چۆن مرۆڤ هەموو شتێکی لەبیر دەچێت جگە لە هەوڵی مانەوە و هەر پەناگەیەکی ئارام دەبێتە جوانترین کۆشک لەسەر زەوی بۆ ئەو .
ئەمەش لەدەرئەنجامی وەزع و بیرکردنەوەی خودی کەسەکەیە لەو کاتەدا ، شەر وا لەخەڵکی ئاسایی دەکات کە هەموو شتێکی لەبیر بچێتەوە و تەنها پەیداکردنی ئامرازی مانەوە نەبێت .
هیچ گومانی تێدا نیە کە دکتاتۆرەکانیش ئەگەر بە خۆیان بێت یان راویژکارەکانیان ئەم وەزعەی خەڵکیان خوێندۆتەوە ، بۆیە لە رێرەوی ژیانی سیاسی خۆیاندا پەیرەوی ئەم بۆچونە دەکەن و وەزع و باروگوزەرانی ژیانی خەڵک بەرەو ئەم ئاراستەیە دەبەن ، یان بە بڵاوکردنەوە و فەرزکردنی باری نائارامی و سڵکردنەوەی خەڵک لەهەر چالاکیەکی سیاسی چاندنی ترس لەگیانی هاوڵاتی لە سزای دەزگا دەم کوتکەرەکانیان ، یان بە برسی کردن و ئیستغلال کردنی بژێوی ماڵ و منداڵیان .
ئەوەتا تەماشا کەن کەس هەیە نکوڵی لە بوێری و ئازایەتی و چاونەترسی خەڵکی کوردستان بکات ، چونکە دکتاتۆرەکەی بەغدا هێزی خۆی بەسەریدا نەشکا و ئامرازگەلێک هەبوون بۆ بەرەنگاربونەوەی و ، شۆرشێک هەبوو خەڵک بە ورە و باری بەرزی مەعنەویەوە پشتی پێ دەبەست ، هەمیشە گورزی کوشندەی لێ دەوەشاند و نەیتوانی ترس لە دەرونی خەڵک جێگیر بکات و دەستی نەگەیشتە ئەوەی باری ئازایەتی خەڵک بگۆرێت . بەڵام ئێوە تەماشای واقعی ئەم رۆژەی خەڵکی کوردستان بکەن کە بەرەو دکتاتۆریەت هەنگاو دەنێت ئەگەر لە ناوەراستیدا نەبێت ، لە هەر هەنگاوێکدا خەڵک هەزار و یەک حیساب دەکات و چاوەرێی دەستی حزبە رێگەی پیشان بدات و گەیشتۆتە رادەی ترس و رارایی و نیگەرانی بەدەوام و ، دەسەڵاتیش ئەمەی ئیستیغلال کردووە هیچ کارێک نیە سڵی لێبکاتەوە و یاری بە چارەنوس و نانو بژێوی خەڵک دەکات و خەڵکەکە وەک خۆکوشتنێکی لەسەرخۆ بەرگەی ئەم نەهامتیە دەگرن ، کە قەت لە زەمانی بەعسدا ئەمەیان قبوڵ نەدەکرد . بۆیە دکتاتۆرەکان ترس دروست دەکەن و خەڵک ترسنۆک دەکەن پێش ئەوەی هەر مامەڵەیەک لەگەڵ واقعی وڵاتەکەیاندا بکەن ، ئەوەتا بە تاکە کەسێک ژیانی ئەم خەڵکەی خستۆتە گەورەترین مەترسیەوە و ، هیچ چالاکیەک نابینیت وەک کاردانەوەیەکی گونجاو بۆ ئەم بارە نالەبارەی ئێستای کوردستان ، کە لە هیچ شوێنێکدا نیە و نەبووە تەنانەت کوردستانیش پێستر بە خۆیەوە نەیبینیوە ، بۆیە ترسنۆک کردنی خەڵک ئامانجێکی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانە بۆ زامنکردنی بەردەوامی دەسەڵاتدارێتی خۆیان .
دەسەڵاتی کوردستان لەم کارەی بەردەوام دەبێت و تا مابێت کار لەسەر بێ غیرەت کردنی خەڵک دەکات و کورد دەگەیەنێتە رادەی ترسنۆکی بەردەوام ، وەک چۆن سەرجەم دکتاتۆرەکانی جیهان ئەم ئامانجەیان پێکاوە ، دەتوانن بەردەوام بن ؟

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت