عیماد عەلی : ئایا دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران قازانجی بۆ پرسی کورد هەبوو ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

با وا دانێین سبەی دوو سبەی گۆران و یەکێتی یەکدەگرن و ، وەک یەک رێکخراوی سیاسی لەگەڵ واقعی نوێی کوردستاندا مامەڵە دەکەن پەیرەوی بۆچونی خۆیان دەکەن . پرسیارەکە لەوێدا دروست بووە و ، بە تایبەتی رۆشنبیران لەم چەند رۆژەدا جەختی لەسەر دەکەنەوە ، ئەوەیە ؛ ئایا دەمەزراندنی گۆران زەرورەت بوو ، یان قازانجی چی بوو، لەوەش تۆختر قسە دەکرێت ، لە روانگەی تەسکبینیەوە ، رێککەوتنەکەی ئەمرۆیان لەگەڵ یەکێتی بە گەرانەوە بۆ خاڵی سفر باس دەکرێت .
جارێک لە رووی زانستیەوە وەریگرین ، هیچ رێرەوێک گەر بەئاراستەی راست بروات بێت یان هەڵە ناگەرێتەوە شوێنی سفری خۆی ، جا بەیەکگرتنەوەی گۆران و یەکێتیش ئەو حزبە بە هەمان ناوەخن و روکەش دروست نابێتەوە کە پێش دامەزراندنی گۆران هەبوو ، ئەو پێکهاتە فکری و سیاسی و رێبازەش بەهەمان ریتم ناگەرێتەوە ، من وەک رای خۆم بە شێوەیەک دەیبینم کە باشتر لە جاران و لە رووی سڵ کردن لە رایگشتی و بۆچونی خەڵک و هەژمونی بەرامبەر ، زیاتر حساباتی خۆیان دەکەن ، ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوە مەحاڵە بگەرێنەوە هەمان شێوەی کاری رێکخستن و خۆبەستنەوە بە بارەگا و پشتگوێخستنی بەرژەوەندی خەڵک ، بە تایبەتی لە بەرامبەردا رکابەرێکی ناتەندروست کاری خۆی بەسەرخەڵکدا فەرز دەکات و بەهەر شێوەیەک بێت جا بەزۆر و ستەم بێت یان بە تەرهیب و تەرغیب لەسەر بەرێوەبردنی کاروبای دەسەڵات بۆ دوو دەیەیە لەسەر یەک ریتم بەردەوامە و بەرژەوەندی خەڵک لە دوا خەمەکانیەتی .
بۆیە ، ئەگەر بگەرێینەوە بۆ ئەسڵی مەبەسەتمان ، دەڵێین : دامەزراندنی گۆران قازانج گەلێکی بۆ پرسی کوردستان هەبوو ئەگەر لە بنەرەتیشدا لەوانەیە بۆ ئەو مەبەستەش دانەمزرابێت و هۆکاری بچوک پاڵنەری سەرەکی هەنگاوی یەکەمی دامەزراندنی بێت ، وەک ئەوەی کوردە حەیاتەکەی خۆمان هەمیشە زاتیەت زاڵ بوبێت بەسەریدا ، با بزانین چۆن :
1 – بە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران ئاوی مەنگی پەنگخواردوی کارلێکەکانی سیاسەتی حزبە سەرەکیەکان شڵەقاو رکابەری دووانەی گۆری بۆ فرەیی و ، لەوبەینەدا بواری بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی رەخنەی ئاشکرا و نیشاندانی رێگە چەوتەکانی دەسەڵات کە وەک بت سەیر دەکران کرایەوە .
2 – هەر حزبەو لای خۆیەوە رادەی جەماوەرێتی و رێژەی خۆی زانی و خەڵکی نارازی بە پێی بەرژەوەندی تەسک بێت یان بە پشت بەستن بە بیروباوەر و قەناعەتی فکری ( کە ئەمە زۆر کەمە ) رێگەی خۆی هەڵبژارد و رێژەی خەڵەکە بێ لایەنەکە بۆ هەمووان دەرکەوت .
3 – بوارێکی رەخساند بۆ خەڵکانێک لەوانەش زۆرێک لە رۆشنبیران ، کە لە مەیدانەکەدا پەرشو بڵاوبوون، لە گۆرانکاریە تازەکەدا و لەو ناوەدا پێگەیەکی نزیک لە خۆیان دۆزیەوە .
4 – بواری بۆ هەندێک لە نەوەی نوێ لەرەوتی سیاسیی کوردستاندا رەخساند هەرچەند بە رێژەیەکی کەم بێت بەشداری سەرکردایەتی کردنی حزبە سیاسیەکان بکەن کە قۆرخ کرابون .
5 – ئەو هەل و بوارەی کەمکردەوە، کە بۆ فکر و حزب و لایەنە رادیکاڵە فەندەمیتاڵەکان رەخسابوو ، بۆ ئەوەی زۆرێک لە گەنجان لە خشتەبەرن و ، لە رێزی بزوتنەوەی گۆراندا خۆیان بینیوە و لە رکابەری و ململانێدا خۆیان تێر کرد ، ئەگینا دەکرا بۆکاری نامۆ ئیستغلال بکرابانایە .
6 – هەوڵی گۆرینی جۆری کێبرکێی سیاسی درا و تا رادەیەک لایەنی خودپارێزی رووبەرووی ئەمری واقیع کردەوە ، کە هەر هیچ نەبێت بۆچون و بیرکردنەوەی ئەندامان و لایەنگرانی خۆی لەبەرچاوبگرێت .
ئەمە و چەندین قازانجی بچوک لە سەرجەم رووەکانەوە هەبوو، کە لە کات و ئان وساتی خۆیدا بوو بێ ئەوەی تێبینیی بکەین ، بەڵام سەلبیاتەکانی هەرچەند کەم بوون بەدەرکەوتن و زوو ئاشکرا بوون ، زەقترینیان : خۆهەڵواسینی هەلپەرستان بەم رێکخراوە بێ گوێدانە هیچ بیر و فکر و مەبدەئێک لە پێناو ئامانجی تاکەکەسی خۆیان ، بێ ئەوەی یەک زەرە بۆچونێکی گشتیان هەبێت و تەنانەت بزوتنەوەکەیان بۆ مەبەستی شەخسی بەکارهێناو هەندێک جار توشی تەنگوچەڵەمەشیان کرد بە رەفتار و قسە و لێدوانی نابەجێ و لە بەرامبەردا لە نێو یەکێتیش زۆرێک ئەو ناکۆکیەیان بەهەلزانی بۆ بەدەستهێنانی مەرامی خۆیان لە خۆبردنە پێشەوە دا .
بەڵام دەکرێت ئێستا بپرسین بەم رێککەوتنە و تا رادەی یەکگرتنی یەکێتی و گۆران قازانجەکەی لە کوێدایە ؟ ئەمە دەبێت پەیوەست بە واقعی ئەمرۆ و ئەو گۆرانکاریەکانە و پێویستیەکانی ململانێ سیاسیەکەی کوردستان ، هەڵسەنگاندن بۆی بکرێت، نەک بە پستبەستن بەوەی کۆمەڵێک خەڵک بوون لە یەکێتی جیابوونەوە و ئێستا دەگەرێنەوە، نەخێر .
جارێک یەکێتی لەم وەزعەدا ئەو یەکێتیە نیە کە لە کاتی جیابونەوەی گۆراندا بوو ، لێرەدا نامەوێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم ، بۆ کادرانی خۆیان جێدەهێڵم و لەهەمان کاتدا گۆرانیش وەک سەرەتای دامەزراندنی خۆی نیە و هەروەها ئەمەش بۆ کادرانی گۆران جێدەهێلم هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن . بەڵام لێرەدا قازانجەکانی ریککەوتن و تەنانەت یەکگرتنی یەکێتی و گۆراندا دەشێت دەربخەم ، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، کە ئەمانەن :
1 – وەزعی ئێستای کوردستان لە حاڵەتێکدایە کە پێویست دەکات لەمپەرێک لە بەردەم نیاز و بۆچونی تاکرەوی بگیرێت و تاوەکو بەدەمیەوە ماوە بەربەستێک لەبەرامبەر دیکاتۆریەت و بیری نابەجێی دواکەوتویی سیاسی دابنرێت ، بەهەر یەک لەمانە بە جیا ناکرێت .
2 – وەزعی سیاسی گۆران و یەکێتی گەیشتۆتە بارێک کە بە لەیەک دوورییان قازانج بێـت بۆ کزبونی توانا و کاریگەریان لەسەر رەوتی سیاسی کوردستان ، ئەمەش لە قازانجی لایەنی سێیەمی موحافزکارە .
3 – پێکەوەییان پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ بەهێزکردنی توانا و قورساییان لەپێناو گوتنی وشەی نا بۆ کاری ستراتیجی نابەجێ ، کە لایەنی سێیەم بێ گوێدانە هیچ زەمینەیەکی لەبار و لە پێناو بەرژەوەندی تەسک دەیەوێت موزایەدەی پێوە بکات و سەرکێشیەکەی لەسەر حسابی گەل بکەوێتەوە .
4 – بواری خودی بابەتی رەخسیاوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیەکی گونجاو و تەبا لە نێو هەردو حزب گۆران و یەکێتی بە یەکگرتوویی دروست بێت ، کە لە ئاست پێویستیەکانی ئەم سەردەمەدا بێت ، بۆ ململانێی دروست لەگەڵ لایەنی موحافزکاری دووەمدا .
5 – بە یەکگرتنی یەکێتی و گۆران لەم کاتەدا ، پاش ئەو ململانێیە سەختە لەسەر ئەرزی ، واقیع خۆگونجاندنێک و عەقڵانیەتیەک لە مامەڵەی کادرانیان دروست دەکات بۆ روانین بۆ شتی لەوە گەورەتر و رەفتاری بەرامبەر و ، لەوانەیە کادرێک و سەرکردەیەک بۆ شتی زاتی رووی نارازی دەربخات ، بەڵام لافاوی هەنگاوە راستیەکان پوش و پەڵاش وەلادەخات و و ، ئەگەر زەمینەکە و سیاسەتەکان بە جوانی بکرێن و بگەن ، بێ هیچ هەوڵێک رەوتەکە مەساری خۆی دەگرێت و لادانەکانیش راستدەکرێنەوە و هەر بیرێکی شاز نوقم دەبێت و رێگە لە ئامرازە لارەکان دەبرێت .
6 – گرنگترین پاڵنەر بۆ تەنانەت یەکگرتنی یەکێتی و گۆران خۆ ژیانەوەیە و کەوتنە سەر رێگەیەکی راستی واقعیە بۆ رۆژگاری ئەمرۆ، کە رای گشتی و گوشارەی کۆی بیری خەڵک پێویستی پێدەکات لەم ئان و ساتەدا .
7 – ئەوەی راشکاو بێت و باس بکرێت ، کە تۆ بە تەنها هیچت پێنەکرێت لە هەنگاوی ستراتیجی راست یان کەمت پێ بکرێت و نەتوانیت هەژمونی فشارەکانی بەرانبەر بگریت ، بۆچی بەخۆدا نەچیتەوە و هێزێکی لەبار دروست بکەیت و بارەکە راست بکەریتەوە .
بۆیە ، هەرچەند لە روانگەیەکی تەسکەوە بیر بکرێتەوە لەوانەیە یەکگرتن بە گەرانەوە دابنرێت بەڵام من لە قەناعەتێکی تەواوی خۆمەوە وای دەبینیم کە لە رووی ستراتیجی پێویستیەکانی ئەم کاتە و ئەو گۆرانکاریانەی روویدا لە کاتی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران تا ئەمرۆ و ئەو پێشهاتانەی دروست بوون و ئەو مامەڵەیەی لایەنی بەرامبەر و لەخۆباییبون و بوغراییە و گوێنەدانە هیچ عورف و یاساو شەریعەتێک، ئەگەر بە یەکگرتنی ئەم دوو هێزە لەمپەری بۆ دانەنرێت ، تاکۆتایی بەردەوام دەبێت و کاروانی پرۆسەی سیاسی کوردستان لەسەر هەڵە رۆیشتن و تاکرەوی و گوێنەدانە بەرژەوەندی خەڵک بەردەوام دەبێت ، بۆیە نزیکبونەوەی گۆران و یەکێتی تا رادەی یەکگرتن بۆ بەرژەوەندیە باڵاکە نەک شتی ورد ، قازانج بەخشە . بۆیە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران چەند قازانجی بە رەوتی سیاسی گەیان لە بارودۆخێیکی لەو چەشنەی ئەو کاتەدا، لەم هەلومەرجەشدا یەکگرتنەوەی لەگەڵ یەکێتیدا بەو رادەیە قازانج بەخش دەبێت ، هەرچەند لە ناوەرۆکیشدا ئەم هەنگاوانەی هەردوولا پێشوەختە ئەو مەبەستەی تێدا نەبێت و واقیعەکە فەرزی کردبێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت